په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٢\٢٠١٣

سکۆلاریزم تەنیا جودابوونی دینە لە دەوڵەت و هیچی دیکە!

عوسمان رەحمانی    


لە سکۆلاریزمدا عەدالەتی کۆمەڵاێەتی دابین و دەستەبەر نابێت. لە سکۆلاریسمدا کۆتایی بە هەڵاواردنی نێوان ژن و پیاو ناێەت. سکۆلاریسم مسۆگەری دێموکراسی راستەقینە و یەکسانی نێوان ژن و پیاو ناکات.


دیارە لە سەر سکۆلاریسم خەڵکانێکی زۆر شی کاری و لێکۆڵینەوەێان کردوە و هەر کەسە و بە پێی توانا و زانیاری خۆی، یان بە پێی ڕوانگەی فکری و جیهانبینی و ئاراستەی بەرژەوەندی چیناێەتی خۆی، سکۆلاریسمی پێناسە کردوە. بۆ زیاتر ڕۆ چون بە مانای سکۆلاریسمدا و زیاتر تێگەشتن لەم چەمکە سیاسی و فکریە، خراپ نیە ئێمەش لێکدانەوەیەکی هەرچەندە کورتیش بێ لە سەر بکەین و پێکەوە خوێندنەوەێەکی بابەتیانە و بەڵگەمەندی بۆ بکەین. بێگومان وشەکان هەر کامەێان خاوەنی کەسایەتی خۆیانن و لە بوارە جۆاوجۆرەکان و ئوسلوبە جۆراجۆرەکاندا مانای جۆراوجۆری خۆێان هەیە. سکۆلارسمیش یەکێکە لەم وشانە کە زیاتر ٢ لاێان بە خۆیەوە دەگرێ. یەکەم لاێەنی تاک، دوهەم لاێەنی سیاسی. لە بابەت لاێەنی تاکەوە، کاتێک کە دەڵێین فڵانە کەس سکۆلارە، ماناکەی ئەوەێە کە ئەو کەسە ئینسانیکی ماتریالیستە "دونیایی". یانی باوەڕی بە دونیاێەکی دیکە نیە و دینەکان و خوداکان بە دروستکراوی خودی ئینسانەکانن دەزانێ. لێرەدا دەبێ ئەمەمان لە بیر نەچێت کە سکۆلار بون بەو مانێە نیە کە "بێدینە" چونکە هەمو دینەکان ماوەرای سروشتی نین، یان ئاسمانی نین. هەر وەها سکۆلار بون بە مانای دژی دین بون نیە. ئینسانێکی سکۆلار هەم دەتوانێ دژی دین بێت و نەبێت، بە هەمان شێوە دیندارێک دەتونێ دژی دین بێت یان نەبێت. بۆ نمونە محمد پێغەمبەری ئیسلام هەم دیندار بو هەم دژی دین. محمد لە دژی دینەکانی دیکە شەڕی کرد و خەڵکانێکی زۆری لێ کوشتن. هەروەها ئیسلامیە ئەخوانەکان و ئیسلامیەکان بە گشتی دژی دینەکانی دیکەن و جیهادیان لە دژ کردون و دەیکەن.


سکۆلار بونی کەسێک بە مانای دژی دین بونی ئەو کەسە نیە، بەڵکو بە مانای بێ باوەڕ بونیەتی بە خودایەک کە بونی دونیایی و مادی نیە. بابەتی سکۆلاریسم لە چوارچێوەی تاک یان کەسیدا هێندە گرنگ و باس هەڵگر نیە، چونکە وشەی هاوتای سکۆلار زۆرن و ڕونتریش وەک بێ خودا، بێ ئیمان، بێ باوەڕ و هەتا دوایی.


سکۆلاریسم زیاتر لە باری سیاسیەوە گرنگی هەیە و جێگای تێڕامان و سەرنج و هەڵوێستە. بۆ نمونە حکومەتی سکۆلار تەنها بەرانبەر بە حکومەتی دینی مانا دەدات. یانی ئەگەر دەسەڵات و حکومەتی دینی نەبواێەت، سکۆلاریسم سەری هەڵ نەدەدا و هیچ پێویست نەبو کە کەس سکۆلار بێت، یان حکومەتی سکۆلار پێک بهێنرێت. حکومەتی سکۆلار یان سکۆلاریسم بۆ وەلا نانی دەسەڵاتی دینی هێنراوەتە گۆڕپانی سیاسیەوە.


لە حکومەتی دینیدا، بۆ نمونە لە حکومەتێکی ئیسلامیدا دامەزراوەی دین و دەوڵەت یەکێکن، یانی داڕشتنی یاساکان و شیوەی ئیدارە کردن و بڕیاردانەکانی حکومەت بە پێی یاسا دینیەکان و لە لاێان پسپۆرانی دینی و مەلاکان و لە ڕوی دەقی تەفسیرە دینیەکانەوە بەڕیوە دەبرێ.


بۆ نمونە وای دابنین کە پارلەمانی وڵاتێکی ئیسلامی دەیهەوێ بڕیار بدا کە دڵداری یان هاوجنس بازی ئازاد بکا یان نەیکا. لەم حکومەتەدا کە لەسەر بنەمای شەرعی ئیسلام یاساکانی دارێژراوە، بۆ بڕیاردان لەم بارەیەوە پرس بە نوێنەرانی پارلەمان ناکرێت، بەڵکو ڕێنوێنیەکانی ئیمامان و فتوادەرانی ئیسلامی و وڕێنەکانی دز و تاڵانچیەکانی عەرەبستانی سعودی و حەدیس و ئایەتی قورئانی ڕەچاو دەکەن. نوێنەرانی پارلەمان ئەگەر بیانەوێ لە سەر ئەم بابەتە لەگەڵ یەکتر مناقشە بکەن، مناقشەکەیان لە سەر ئەوەیە کە کام پیاوی عەرەبی ئیسلامی بیر و ڕای چی بوە یان چی نەبوە، یان ئەوەیکە تەفسیری کامە مەرجەعی ئیسلامی چی دەڵێ و چی ناڵێ. لە حکومەتێکی ئیسلامیدا مەرجەع و بریادەر دین و شەرعی ئیسلامە و پارلەمان و نوێنەران هیچکارەن و تەنها خەڵکانێکی مشەخۆر و سەرباری کۆمەڵگان. ئەمە نەک هەر لە یاسا و پارلەماندا، بەڵکو دین خۆی لە بچوکترین مەسەلەکانی ژیانی شەخسی و تاک و کۆمەڵایەتیدا هەڵدەقورتێنێ.


لە حکومەتێکی دینیدا هیچ ئینسانێک ئازاد نیە و دەبێ ملکەچی شەریعەتی ئیسلام بێت، ئەگینا کافر و شەیتانە و سزاکەی لە قورئان دیاری کراوە کە مەرگە. لە ئیسلامدا یەک نەفەر دەبێتە نوێنەری خودا و نەێاران و ڕەخنەگرانی دەبنە دوژمنی خودا. بە پێی شەریعەتی ئیسلام نوێنەری خودا بەرحەقە و هەمو خەڵک یان دەبێ ملکەچی بن یان ناحەقن و دەبێ نابود بکرێن.


لە حکومەتێ سکۆلاردا، چینی چەوساوە بە گشتی و بەتایبەتی ژنان ناگەن بە ئازادی و یەکسانی. چەوساندنەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان و بە دەستی دەوڵەت هەر دەمێنێت. تەنها شتێک کە لە حکومەتی سکۆلاردا هەڵدەوەشێتەوە و بێ دەسەڵات دەکرێ، دین و یاساکانی شەریعەتە. لە حکومەتی سکۆلاردا ئیتر ڕا و بۆچون و فتوای ئەم فەقێ و ئەو ئایەتوڵا و ئەم مەرجەعی دین و حەدیس و مەدیسانە بە تەواوی وەڵا دەنرێن و کاریان پێ ناکرێت. لە پارلەمانی حکومەتی سکۆلاردا نوێنەران ئەگەر بیانەوێ یاسایەک پەسەند بکەن یان لەسەر هەمان مەسەلەی هاوجنسگەرایی و زەواجی هاوجنسباز، پێکەوە باس و خواست بکەن، سەرچاەکان و دەلیلەکانی ئەوان نوسراوەکان و تەفسیرە دینیەکان نیە! بەڵکو باس لە سەر زەرەر و زیان و سودی شتە جوروجۆرەکانە بۆ ئینسان و کۆمەڵگا. بەم شێوەێە هەر حکومەتێک کە تێیدا دین سەرچاوەی یاسا دانان نیە و وەک سەلمێندراوێکی موتڵەق چاو لە دین ناکرێت، ئەو حکومەتە حکومەتێکی سکۆلارە.


لە حکومەتێکی سکۆلاردا ئازادی و عەدالەت و مافی یەکسانی ئینسانەکان بەتایبەتی مافی یەکسانی ژنان و پیاوان دابین و دەستەبەر نابێت. هەڵاواردنی ڕەگەزی و چینایەتی هەر بەردەوامە و تەنانەت پیاوسالاریش ڕێشە کێش نابێت. بۆ نمونە هەر ئێستا زۆربەی حکومەتەکانی دونیا سکۆلارن و دین و شەریعەتی دینی سەرچاوەی یاسا دانان و بڕیاردانیان نیە. حکومەتی پاشایەتی لە ئێران، حکومەتی سەدام حوسەین، حکومەتی تورکیە، حکومەتە ئوروپیەکان و ئەمریکا و ئەمریکای لاتین و ئوسترالیا و... حکومەتی سکۆلار بون و هەن. هەر ئێستا لەم حکومەتانەدا ئاستی گەندەڵەی و بێکاری و ناعەدالەتی و ژن کوشتن و تەعەدا و تاوان بە ڕادەێەک بەرز بوەتەوە کە کۆمەڵانی خەڵکی ئەم وڵاتانە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و رۆژانە لەگەڵ پۆلیسی سەرکوتی ئەو حکومەت سکۆلارانەدا بەرەوڕو دەبن.


خاڵێکی دیکە کە جێگای سەرنج و شی کردنەوەیە، ئەوەێە کە حکومەتێکی سکۆلار لەگەڵ حکومەتێکی لائیک یان هەمان بێدیندا جیاوازی هەێە. بۆ نمونە حکومەتە ئوروپیەکان سکۆلارن ولائیک نین. یانی دژی دین نین و هیچ پرۆژە و بەرنامەیەکیان بۆ دژایەتی کردنی دین نیە. هەر کاتێک دەوڵەتێکی سکۆلار بیهەوێ لە دژی دامەزراوە دینیەکان دەست بە خەبات و دژایەتی بکا و ڕێگای هەر جۆرە هەڵسوڕانێک لە بەڕیوە چونی مەراسم و بۆنە و هەڵسوڕانی ئایینی بگرێت، ئەوکاتە ئیتر سکۆلار نیە و دەبێتە حکومەتێکی لائێک واتا بێدین.


ئەگەر زۆرینەی خەڵکی ئامریکا دیندارن و مەسیحێن، بەڵام حکومتی ئەو وڵاتە حکومەتێکی سکۆلارە و دین لە دەوڵەت جیایە. لە ئامریکا کتێبی ئینجیل سەرچاوەی یاسا دانان نیە و بە پێی شەریعەتی مەسیح وڵات بەڕێوە ناچێت. لە ئامریکا سەرکۆمار دەتوانێ باوەڕی بە مەسیح یان هەر دینێکی دیکە هەبێت و ئەمە باوەڕی کەسیی ئەوە و بۆی نیە لە یاسا دانان و بڕیاراتی دیکەدا بەکاری بێنێت.


بە کورتی سکۆلاریزم بریتیە لە جیا بونی دین لە دەوڵەت و سیاسەت و یاساکانی بەڕیو بردنی کۆمەڵگا. لە سکۆلاریسمدا کێشە چینایەتی و هەڵاواردنە رەگەزیەکان ڕیشە کێش نابن و بەردەوامن. تەنها لە سوسیالیسم دا کۆتایی بە چەوسانەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان و هەڵاواردنی ڕەگەزی دێت. تاوەکو ناوەندەکان و ئامرازەکانی بەرهەم هێنان لە دەست مڵکاێەتی تایبەتیدا بن، ئەم کێشە و ستەم و ناعەدالەتیانە بەردەوامە. بەڵام لە سوسیالیسمدا مڵکاێەتی تایبەتی هەڵدەوەشێتەوە و دەبێتە گشتی. لە سوسیالیسمدا ئینسان پێوەری نرخە نەک ژن و پیاو و دین و قەومیەت. لە سوسیالیسمدا ژن و پیاو لە کار و موچە و مافی وەک و بەرابەر بەهرەمندن.

 

 

osman_r@hotmail.no

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک