٢٦\٦\٢٠١٢
سڵاو.. کابینەی نوێی حکومەت!
١

سەرکەش
هەر چەند ساڵ جارێک، ئاڵ
و گۆڕ لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی باشووری
کوردستان، پێک دێ، ئەمە دیاردەیەکی شارستان و تەندرووستە، کەس ناتوانێ
نکۆڵی لێبکا!
بەڵام چ ئاڵ و گۆڕێک؟ ئاڵ و گۆڕ بە چ ئاوایەک؟
ئەگەر چاودێری سیاسی بەئاگا وورد سەرنج بدا، ئەم ئاڵ و گۆڕە نە وەک ئەو
ئاڵ و گۆڕانە وایە کە ڕۆژانە لە سەر ئاستی دونیا، بە سەر سیستێمی سیاسی
ووڵاتانی جۆراو جۆری پێشکەوتوو دادێ و ناسنامەیەکی دیموکراسی دەدا بە
پرۆسەکە.
بەڵکە ئاڵ و گۆڕ، لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان زۆرتر
ڕووخسارێکی جودا و نامۆی ئاڵ و گۆڕی سیاسیە، بە پێچەوانەی گۆڕانکارییە
کۆمەڵایەتی و سیاسی و ژیارییەکانی ئیرۆی دونیا و دەڤەرەکەیە، پرۆسەی
ئاڵوگۆڕ پراکتیزەی داب و نەریتێکی کۆن، گەندەڵ، پرتوکاوە، کە پتر
لە
پرۆسەی ژن بەژنە دەچێ. پرۆسەی ژن بەژن پەیڕەوێکی کۆنی باب و باپیران
بووە لە کۆمەڵگا خێڵەکییەکان٢.
سەرەڕای ئەم حەمکە ڕاستیانەی سەرەوەش، هەردوو پارتی دەسەڵاتدار بۆ
هێشتنەوەی جڵەوی فەرمانڕەوای لەدەست خۆیان، بۆ پاراستنی پۆستەکانی
حکومەت و پەرلەمان بۆ خۆیان، هەمیشە ڕیکلام بۆ ئەم پەیڕەوە، شەرمئامێزە،
دزێوە دەکەن، وەک نموونە و ئەزموونی تاقانە، وەک ستانداردێکی داهێنراوی
دیموکراسی نوێ، بێ وێنە، بەرز دەینرخێنن.
ئەم سیناریۆ شکستخواردووە لە فەرهەنگی سیاسی پارتەکانی دەسەڵات بە (ڕێککەوتن/
تەوافقی سیاسی) ناسراوە، هەر چەند ساڵ جارێ بە سووکە دەسکارییەک
دەهێنرتەوە سەر شانۆ، بازاڕی سیاسەتی پێ گەرم دەکرێ! بەپێی پرنسیپەکانی
ئەم گەمە سیاسییە، وەک داشی دامە یاری بە ئەندامانی پارتەکانیان دەکەن
بە لادان، جێگۆڕکێی کورسی و پۆستەکانیان.
ئەم بەزم و ڕەزمە سیاسییە پتر بۆ چاوبەستەکێی ڕای گستی و خەفەکردنی
دەنگی شەقامی کوردییە. کە لەڕاستیدا ئەتک کردنی سیمای گەش و شارستانی
دیموکراسی یە، لە پێناو پاوانکردنی دەسەڵات، هاوکات دیکتاتۆریەتە لە
بەرگی دیموکراسی دا، دەنا گۆڕانی کابینەکان، زۆرتر وەک گەپجاڕی دەچێ،
تا چوونی کابینەیەک و هاتنی کابینەیەکی نوێ٣.
لە واری پراکتیکی پوچەڵی و بێکەڵکی ئەم سیاسەتە هاوشێوەی گیر و
گرفتەکانی ژن بەژنە، هەموو گۆڕین و گٶڕانکارییەکی بنەڕەتی شەپرە و
ئیفلیج دەکا، چۆن هەر لابردنێک، هەر جێگۆڕکێیەک دەبێ (بەرامبەر)ی هەبێ،
دەبێ لای بەرامبەر دژایەتی نەبێ، دەنا یەکسەر (ڕیسەکە دەبێتەوە خوری)
لە ئەنجامدا کۆسپ و تەگەرەی (بەرامبەر) دێتە ڕێ، ڕێگیری و پێگیری وەک
یەک و بەرامبەر دەبن، ئیتر خولانەوە لە بۆشایی و گەڕانەوە بۆ خاڵی زیرۆ.
لە سێبەری وەها سیاسەتێک، وەزیرێک دەسەڵاتی لادان و گۆڕین و
سەرکۆنەکردنی جێگر و کاربەدەستانی وەزارەتەکەی نابێ، سەر تا خواری
فەرمانگە، ڕێکخراوە بەناو دیموکراسییەکانی حزب، بوار و کایە سیاسی
یەکانی کۆمەڵگا یەک بە دوای یەک گیرۆدە و گرفتاری ئەم پرنسیپەی ژن بە
ژنەیە دەبن، پرسێکی ساڵانەی وەک بودجە دەچێتە کێوی قاف و لە چار
نەهاتوو.
پەتای ئەم دەردە سیاسیە، کەم تا زۆر، مینا تەونی جاڵجاڵۆک دام و
دەزگاکانی دەسەڵات لە بەغداشی لە پەل پۆ خستوە، وەک پێشمەرجی ژن بەژن
تا پۆستی سەرۆککۆمار هی ینک بێ، دەبێ پۆستی سەرۆکی هەرێم هی پدک بێ! بۆ
دانانی پۆستی وەزارەتە باڵاکان و جێگرەکانیش و ڕێککەوتنەکانیش، یاسا و
بڕیارەکانیش هەروا.
ئەوەی جێگای لێهورد بوونەوەیە ئەم دوو پارتە بە هەر نرخێک بێ دەبێ
جڵەوی فەرمانڕەوایەتی هەر لەدەست خۆیان بێ، ئیتر گرنگ نییە بە شەڕ و
کاولکاری، بە یەکتر قڕکردن و هێنانی سوپای بەعس و سوپای پاسداران بۆ
سەر یەکتر، یا بە دۆزینەوەی ئەم جۆرە، فرت و فێڵانەی بە ناو ئاڵ و گۆڕ،
دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، خەڵکی ئەم دەڤەرەش دەبێ ئۆقرە و ئارام بگرن،
لێفەی ئەیوب بەخۆ دادەن، لە بازنەی داخراو خولبخۆنەوە سڵاو لە کابینەی
نوێ کەن.
________________________________________________________
١. ئەم بابەتە کە دەبوو ٨/٤/٢٠١٢لە سەروبەندی پێکهاتنی بەناو کابینەی
نوێ بڵاوکرێتەوە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێکی تایبەت بە خۆم دواکەوت،
ئێستاش کە بالۆرەی کابینەی نوێ ڕۆژانە بنێشتەخۆشکەی میدیاکانی دەسەڵاتە،
بڵاوکردنەوەی زۆر بێتام نابێ.
٢. ژن بەژنە ئەگەر لە کۆمەڵگای کوردستان پێشینە و ڕەگ و ڕیشەیەکی
مێژوویی هەبووبێ، ئەوا لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، خەریکە بەتەواوی دەبێتە
کەلەپوور و شوێنەواری بەجارێ کوێر دەبێتەوە، بۆ نەوەی نوێی سەردەمی
تویتەر و فەیس بوکیش ئەم دابە
یەکجار نامۆ و بێگانە دەنوێنێ. بەڵام
ڕێککەوتننامە ستراتیژییەکەی پدک و ینک گیانێکی نوێ و جل و بەرگێکی
مۆدێرنی لەبەرکردووە و لە پرۆسەی سیاسی پەیڕەوی دەکا.
٣. هاوپۆلێکی ئامادەییم بۆی گێڕامەوە جارێ لەگەڵ باوکی چوو بوون بۆ ئەوی
شەرواڵ و کورتەکێکی بۆ دروست کرێ لای بەرگ درووێکی هاوڕێی باوکی، دوای
تاوێ دانیشتن چای خواردنەوە، کە خەریک بوون هەڵسن، بە چرپە لە باوکی
گەیاندبوو کەی پێوانەی دەگرێ، ئەو بیری دەکردەوە کە وەک بەرگدرووێکی
مۆدێرن، کار بە یاسا و ڕێساکانی بەرگدروویی دەکا، کەچی بەرگدرووی
چەمبەڵی خەمساردانە گوتبووی، بڕۆ کەرە من گوێزعەیاری بۆت دەکەم، واتە
هەر بە ئەندازەی چاو!! ئەگەر ئەمڕۆ خەڵکی باشووری کوردستانیش منگە
منگێک بکەن لەسەر ئەم پرۆسە سیاسییەی ئاڵ و گۆڕکردنی کابینەکانی حکومەت،
پارتەکانی دەسەڵات هەمان شێوە ڕەفتار دەکەن، گاڵتە بە پرنسیپە شارستانی
و مۆدێرنەکانی فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
٢١\٦\٢٠١٢
- ئوپسالای سوید
ماڵپهڕی کهریم سهرکهش
|