په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٩\٢٠١٠

سڵاو لە دەرسیم دیبەگەیی و نەفرەت لە ئەنفالچییەکان.


رابەر رەشید   


بەر لەهەر شتێک دەڵێم: سوپاس بۆ کاک (دەرسیم دیبەگەیی) کە بووە هۆی نووسینی ئەم چەند دێڕە کەمە لەسەر ئەوانەی شەرەفی کوردیان بەخشییە بەعسییەکان و ئێستاش سەرکردایەتیی سیاسیی لە باشووری کوردستان و حزبەکانیان داکۆکییان لێدەکەن و بۆیان بوونەتە باوان.. هەروەکو جاری جاران!!


ئاخر ئەگەر کەسێک تۆزقاڵێک ویژدانی مرۆڤایەتی لە گیاندا هەبێ و شەرم لە مێژووی خۆی بکات، ئەوا بەر لەهەر کەسێک پێویستە (موستەشاری فەوجە ئەنفالچییەکان - کە چاکیان تێدا نەبووە -، فەرماندەی مەفرەزە خاسەکان و تەواری و زۆرینەی جاشەکان و زۆربەی هەرە زۆری موختارەکان و زۆرێکیتری کاربەدەستانی ئەو سەردەمەی بەعس) دەبێ بە دەستی خۆیان پەتی مەرگی ریسوایی بۆ خۆیان هەڵدەن، ئەگەرنا با بێدەنگ بن و ریسوا و زەلیلانە باسی کوردبوونی خۆیان نەکەن، چونکە ئەگەر کوردبوون - بەمانا شۆڕشگێڕێتییەکەی کوردایەتی، نەک ئەم گاڵتەجاڕییەی ئێستا لە باشووری کوردستان بەناوی کوردایەتی لای هەندێک پەیڕەوو پیادە دەکرێت، ئەگەر کوردبوون و کوردایەتی وەهایە، هەر لە ئێستاوە هەزارجار حاشا لە کوردبوونی خۆم رادەگەیەنم و نەفرەتیش لەو مێژووە دەکەم کە منی وەکو کوردێک کردە (رابەر رەشید). ئەمە نە هەڵچوونێکی دەروونیی کاتییەو نە کەفوکوڵێک و نە (رستەی شۆڕشگێڕانە)شە، بەڵکو راستییەکی حاشا هەڵنەگرەو وەکو کوردێکی مرۆڤ ناتوانم خۆمی لێ ببوێرم.


لەمڕۆژانەی پێشوودا لە زۆربەی ماڵپەڕەکاندا روونکردنەوەیەکی حیزبی رزگاری کوردستانیشم خوێندنەوە کە کاک (رێکار ئەحمەد) سکرتێرییەتی، گوایە ئەوانیش لە ئەنجامی بڵاوکردنەوەی وێنەی جاشێک هەڕەشەی دادگایان لێکراوە!!.


جارێ بەر لەهەر شتێک نازانم چۆن خەڵکانێکی لەوجۆرە زاخی ئەوە دەکەن، چاوببڕنە چاوی مێژووی خەباتی (رێکار ئەحمەد)و رێکارییەکانیتر؟! ئەوانەی تەواوی مێژووی تەمەنی خۆیان کردە قوربانی هەڵوێستە نەگۆڕەکانیان - هەرچەندە هیوادارم ئەمە وەکو بەشانوباڵ هەڵدانی کەس لێم وەرنەگیرێت، چونکە ئەمە حەقیقەتە-.


من ئەم هەڕەشانە وا دەبینم کە موستەشارێک بێت و شەرم لەخۆی نەکات و هەڕەشەی دادگا لە (دەرسیم دیبەگەیی و عەلی مەحمود)و ئەوانیتر بکات و خۆیشی بە خاوەن هەق بزانێت، لەوەی ناویان زڕاندووە!!، کام ناوزڕاندنێک، بۆ ناویان ماوە، تا بزڕێت؟!!


ئەرێ خەڵکینە بۆ خاتری خوا (پێڵاو)ەکانی ئەو سەراسیمە و رووتەڵانەی ناوم هێنان، چەندان هەنگاو لەسەر سەری ئەو زەڕنەقووتە خائین و خۆفرۆشانەوە نین کە (ئایشێ)ی کچە گەرمیانیی گوندی (چەورێ)ی گەرمیان و دەیان هەزار هاوشێوەی (ئایشێ)یان کردە خۆراکی دڕندایەتی بەعسییەکان و دۆڕاندنی شەرەفی خۆیان بە (بارک الله)یەک و ئێستا دێن باسی رزگارکردنی هەندێک کەسی کوردمان بۆ دەکەن؟!!!


دڵنیام نە ئەوانەی ئەمڕۆ جڵەوکێشی لە ئامێزگرتنی ئەنفالچییەکان دەکەن و بەناوی حزب و بزووتنەوەی جۆراوجۆرەوە داڵدەیان دەدەن، سبەینێ خاوەنی هیچ بن، چونکە ئەوەی بۆ دەسکەوتێکی کاتی - لە تاکێکەوە تا کۆمەڵگایەک و حزبێک- داکۆکی لە خائینانی میللەتەکەی بکات، هەرگیز مێژوو بەزەیی پێدانایەتەوە، سەدام و هاوشێوەکانیشی باشترین بەڵگەی ئەو زەلیلییەن.


سڵاو لە دەرسیم و سەرجەم دەرسیمییەکانی ئەم نیشتیمانە هەتککراوە!!
نەفرەت لە ئەنفالچییەکان و ئەوانەی بە پاساوی جۆراوجۆریش جورئەتی داڵدەدانیان دەدەن.

 

کەرکوک
rabersaley@yahoo.com