١٤\١١\٢٠١٠
سلێمانی لە بەر
نەفرەتی مێژوودا.

سەعید عارف باپیر
- بەشی یەکەم -
{ وەکو تاراوگەنشینێک،
لەنێوان ئێرەو شاری زادگاکەم دا،
لە تەمەنی مێژویی و جوانی و ڕەنگ و بۆیان دا،
ھەمیشە لەبەر ئازاری بەراوردێکدام .
(بەرواورد) ناوی سزایەکە ، تەنھا کەسی ڕەھەندە و تەریو
لە سوێ و کسپەی ئازارەکانی تێ دەگات،
ئەوەی بۆ تێ گەیشتنی ھەموانە تەنھا وێنە بەراوردیەکانە
، ھەوڵ دەدەم بیکەم بە زمانێک لەدامێنەوە !! }
لەزمانی ئینگلیزی دا ووشەی (ھۆم) بە دوو شوێن دەوترێت ، بە(ماڵ)ی
تاکەکەس ، ھەروەھا بە(نیشتمان) یش دەوتریت ، کۆکراوەی ماڵ و زادگایە
، ( ماڵ) و (زادگا) لە پێکھاتەی دەرونی تاکدا زۆر گرنگە ،کەسی تەریو ،
یان دورە زادگا ، سنوری ئەو دوانەی لا دەسڕرێتەوە ، خانەیان دەبێت
بەیەک ، نیشتمان و زادگا دەخزێتە ناو ماڵیەوە و بگرە دەزێتە ناو ھەمو
شتێک و ھەناویشی دەگرێتەوە . ھەرکاتێک ئەو بەشە لە ستراکتۆری تاک دا
کەوتە بەر مەترسی تێکدان ،باری دەرونی و سایکۆی کەسەکەش توشی پارسەنگ
تێک چون و سەرگەردانی دەبێت .( بێ ماڵ ) و لانەواز ، دەبێتە جێی
سەرنجی زۆر ، توشی بزر بونی ڕێز دەبێت ، کورد لەمێژەگوتویەتی :
(ھەرچەند ، ئە تۆ لە نەوەی زاڵی
ھیچ ڕێزت نیە ، چونکە بێ ماڵی)
(بێلانە) ـ ھۆم لێس ـ لە ڕۆژئاوادا ،ناویکی تایبەتە بۆ کەسانێکی
دەستەوسان و کەوتوی نێوشەقام و پەراوێزەکانی کۆمەڵگە .
زوربەی تاراوگەنشینان پارسەنگی دەرونی خۆیان بەکێشی شوێنی زادگا
وشارەکەیان ھاوتا دەکەنەوە . بۆ خۆم یەکێکم لەو زۆرینەیە .
پشوی گەڕانەوەی نێوان ساڵە دورەکانی گەڕانەوە بۆ نیشتمان ، بەھەموو
ئەرک وگرانی سەفەرەوە ، شەماڵی ھەناسەیەکن ، سینەی تەنگی غەریبی
دەبوژێنێتەوە .
گەڕان بە شەقام و چایخانەو کۆنە قوتابخانەو سینەماو شوێنە لاوەکی و
لەبیر کراوەکانی تری شاردا ، دۆزینەوەی خودە لە دوای سەرابی تاراوگە.
وەکو کۆرپەیەکی برسی بەدوای سینە گۆی دایک دا، لە ھەڵپەی گەڕانێک دای
بەدوای نۆستاڵجیای یادەکان دا .
ھەموو شارێک شێوازو پێناسەی خۆی ھەیە ، ئەگەر ئەوانە بەھەر ناوێکی
تازەکردنەوەو مۆدێرنیزەکردنەوە شیوێنران ، پوچ دەبنەوە لەھەموو
مانایەک.
ئەوەی مایەی نیگەرانیە ،واھەنوکە شوین بەشوێن ئەو جێگایانەی شار
دەشێوێنرێت ، بەجۆرێک ، ئیتر وابڕاوات ، ئەوێ (سلێمانی) ناناسینەوە .
ئێستا شار لەسایەی پەیدا بونی چینێکی ھەڵتۆقیو لە سیاسی تازەبازرگان ،
یان بازرگانی تازە پیاکەوتو ، جگە لە ھەڵخڕاندنی پارە و سامان ،
شۆردراونەتەوە لەھە موو ھەستێکی تری مرۆڤانە ، مێژوو ڕەوشتێکە ،کەس
لەوانە لای لێ ناکاتەوە .
وەکو ئامرازێکی نەفرەتی بۆ مەرامی پول، بە پێی پرنسیپی ((ئەونانە نانە
، ئەمڕۆ لەخوانە )) ، وارو وێخی شوینەواری پێشوی شار لەبن دەردەھێنن ،
بەشەو بە ڕۆژ سەرقاڵی ئەتک کردنی مێژوو یاداوەری دانیشتوانی سادەی ئەو
شارەن .
ئاخۆ ( سلێمانی)یەکی تەمەن دووسەدو بیست و شەش ساڵی ، لە سەرەتاوە بۆ
ئێستا چی لێ ماوەتەوە ، بەتایبەت لەسایەی ئەم قۆناغ گۆڕیە بێ دایک و
باوکەدا ، چیتری لێ دەمێنێتەوە .
ــ ١ ــ
( ستۆکھۆڵم) لەئەسکەندەناڤیادا ، شارێکی جوانە ، لەدەستە خوشکێکی
دورگەیی سەوزو پڕ درەخت پێک ھاتوە ، لە نێوان ئاوی دەریاکانی باکوردا ،
بەناوی شارێکی جوان تر لەباشوری ئەوروپا و لەئیتالیادا ، پێی دەڵێن :
((ڤینیسیای باکور )) .
لە ساڵەکانی پەنجای یەکەمی سەدەی پێشودا ، بەھۆی گەشەی ئابوری یەوە
(لەسوید)دا ((*)) گۆڕانێک لە
نوێ کردنەوە و مۆدێرنیزە ، لەھەموو ڕویەکی ساختمانی ژیانەوە بەرپابوو
،(تەلار سازی) یش بەشێک بوو لەو گۆڕانە نوێ یە.
ماستەرپلانی (ستۆکھۆڵم)ی پایتەخت بەشی سەرەکی بەرکەوت بوو ، لە پرۆژەی
(ملیۆن لێگنھێت) ــ شوقە ــ کەسوشیال دیموکراتەکان جێ بەجێ یان کرد بۆ
نیشتەجی کردن، لەنێوان پەنجاو شەستەکانی سەدەی پێشودا ، نەخشەی
ڕیگاوبان و تیرمیناڵی سەرەکی و مێترۆدروستکردن و ژێرخانی نوێی ئابوری
لەوێدا بەچری جێبەجێ کرا ، نوێ کردنەوەی (گەملەستان)
((**))یش لە ناوەندی شاردا لە
بەر ئەو نوێ کردنەوە یەدا بوون .
بەڵام ئاخۆ مۆدێرنیزەکردنی (تەلارسازی) چۆن بەوێدا گوزەری کرد؟
کۆمەڵێک ڕۆشنبیرو ھونەرمەندو شوێنەوارناس و چالاکڤانی سەربە بە پارتە
سیاسی یەکان ، کەوتنە نوسین و کەمپێن کردن دژی تێکدانی ناوەندی شار ،
کە لە بازاڕو گەڕەک و کەنیسەو باخو کۆشکەکانی دەسەڵاتدارو پاشا و
کارمەندی ناودار و یاسایی و ھونەرمەندوخەلکی ڕەشۆکی دێرینی ئەوێ پێکھات
بوو یادگاری سەردەمی جیاواز بوون ، لە سەرەتای دروست بونی شارەکە
لەلایەن بازرگانێکەوە بۆ سەردەمی (گوستاڤ ڤەسا)ی بنیات نەری نەیشنی
سویدو ، یەکەم وەجاخی پاشایەتی ئێستای ووڵاتەکە لە سەرو پێنج سەدساڵی
پێش ئێستا و تادەگات بەم سەردەمە نزیکە .
بەھەرحاڵ ئەو کەسانە لەو ڕۆژەدا لە زۆرانبازی خۆیان و مۆدیرنیزەکاران
دا توانیان (گەملستان)ی ناوەندی شار بپارێزن لەتێکدان .
بەراوردی دوو ڕوداوی ئەو ساتانە بە ھاوشێوەکانی لای خۆمان لەم
سەردەمانەدا ، بەشێکن لە دۆزەخی بەراوردکاری :
* * *
دروست کرنی تەلاری ڕیکستاگ (پەرلەمان) لە ١٨٩٧ــ ١٩٠٥ دا . دواتریش
بۆدروست کردنی گەراجێک لە بەردەمی دا ، لە ھەڵکەندنی بناغەکەی دا
بەستی دیوارێکی کۆن دەرکەوت ، تەنھا ئەوە بووە ھۆی وەستانی پڕۆژەکە و
گوێزرایەوە بۆلایەکی دوور تر .
ئێستا بەستە دیوارەکە لەجێی خۆیدا ، کراوە بەمۆزەخانەیەک و
بەڕونکردنەوە ئارکۆلۆژیەکانی ، ڕۆژانە بینەرانێکی ھەمەجۆر پارە دەدەن
بەبینینی ، بە سەلیقەی ھونەری بەو پەڕی چێژەوە مێژووی بنیاتنانی
شارەکەیان پێ دەگەیەنرێت .
* * *
ھەموو کەسێکی ئەو شارە ناوی( مانگرتنی بێورک)ەکان دەزانێت ، (ــ
بــێۆرک ــ ناوی جۆرە چنارێکە لەسوید ) ئەو مانگرتنە لە پێناوی چەند
بڕە درەختێکدابوون لەدەم کۆنەشاردا ، بەھۆی مانگرتنی خەڵکەکە بەدەوری
دارەکانو ھەندێکیان چونەسەردارەکان بۆ بەرگری کردن لە بڕینەوەیان ،
تائەوەی توانیان، کۆمپانیای میترۆسازە کە ناچاربکەن نەخشەکەیان بگۆڕن
بە خەرجیەکی گران تر دەروازەیەکی گرنگی شەمەندەفەری (میترۆ)یی بۆ
چەندین مەتری دوورتر پێ گوێزرایەوە لەپێناوی چەند لقە چنارێک دا ، وەکو
یاداوەری نە وەیەک و ڕیزی درەخت و ژینگە . ئیستا لە (گونگسیە گۆرن ــ
باخچەی پاشاـ ) کافتریایەک لە بن ئەو دارانەدایە خەلک و خوا قاوە ی لێ
ھەڵدەقوڕێنێت وا دارەکانیش گەورەبون و بەرەو پیر بوون دەچن .
ئێستا خەڵکی ئەو شارە ، بەھای ڕاستەقینەی ھەوڵەکانیان دەچننەوە ، کە چی
نرخێکی مێژووی و تۆریستی و ئابوریان سەندۆتەوە ، خۆیان و ھەموو
تۆریستێکی بیگانە سەرگەرم دەکات بە ئەفسونی جوانیەک کە تێکەڵە لە
نەسیمی ڕابوردو بەجوانیەکانی سەردەم ،( گەملستان)ی ئێستا ، گەوھەری
تاجی (ڤینیسیای باکور)ە.
ــ ٢ ــ
لە روداوێکی ھاوشێوەی یەکەم دا ، لە بناغەدانەوەی ئاپارتمانە نوێ یەکەی
جێگەی دەبۆکە و لەسەر بنیاتی جێگەی مەعاریفی کۆن کە دەکاتە بەرامبەر
مزگەوتی گەورە، شوینەوارگەلێک دەرکەوت بوون ، ھیچی کەمتر نەبوو لە
دیواری شوینەواری مێژوییەکەی ژێر ئاپارتمانی ڕیکستاگ لە ستۆکھۆڵم ،جگە
لەناڕەزایی مامۆستا (عەبدول ڕەقیب یوسف) ھیچی وای بەدوادا نەھات
لەکەسانی تر ، نرخ وبەھای شوێنەوارەکە وەکو مێژوی شار لە لای
دەسەڵاتدارەکانی ، حسابی لەتێ تەرسەقولی بۆنەکرا .
بە سەرو دەر کردن لەمێژووی (سلێمانی) ئەو شوێنە ،قشڵەیەکی سەربازی بووە
لە سەرەتای دروست کردنی شارەکەدا لەلایەن( مەحمود پاشای) مامی
(ئیبراھیم پاشا)ی بنیاتنەرەوە دروست کراوە لەسەر داوای والی موسڵ بۆ
پاراستنی کاروانە بازرگانییەکانی شاری (موسڵ) و (ھەولێر) و دواتریش
جێگەی ناوەندی کۆبونەوەی جەماوەری و سەربازی میرنشینەکە بووە ، کە
لەمداوییانەدا (گەرماوی قشڵە)ی لی مابوەوە ، کە بە پایەی داتاشراوی
بەردینی زۆر ھونەریانە دروست کرابوون تا لەناوەندی حەفتاکاندا
ڕوخاندنیان بۆ ئاپارتمانێک کەتائەم نزیکەبەناتەواوی ماوەتەو تەواو
نەکراوە پێی دەڵێن بینای دەبۆکە.
دروست کردنی ئاپارتمانەکەی ئێستاش ، تەواو کردنی سڕینەوەکانی دەسەڵاتی
پێشو بو بۆ شوینەواری مێژویی شار .
ژانی خەمەکەی لەوەدایە ، ئەم جارەیان لەسەردەمی دەسەڵاتی کەسێک دا جێ
بەجێ کرا ، خۆی کوڕی بنەماڵەیەکی بنەڕەتی شارەو شوێنی ئومێدی زیندو
کردنەوە و بوژانەوەی گیانی ڕەسەنی شارەکەیە .
* * *
لەبەرامبەر بەراوردی دوەمیش دا :
بۆ نەھێستنی سەوزایی و یادێکی گرنگی تری مێژووی نەورۆز ، پشتی گردی
گوڵان و بەنزیکی کاریزی( وەستا شەریف ) و درەختەکانی کە مەنزڵگای
سەیران و نەورۆز کردنی حاجی تۆفیقی (پیرەمێرد) بووە ، ھەم وەک جێگەی
سەیرانگاو پڕدرەخت و ئاوی خەلکی و ھەم وەک یادگاری شوینەواری بیرمەندو
نوسەرو شاعیرو ڕۆشەنبیر و کەسێک کە دروسکەری ترادیشونی جەژنێکی
سیمبۆلی نەتەوەیی (نەورۆز)ە ، دواتریش کردویەتی بە نزرگە و ئارامگای
مردنی بەپاڵ ئارامگای (مامەیارە)ی پیری دڵخۆشکەری منداڵان و
پەروەدەکاریان کە ھاوشێوەی (سانتا کرۆس) ە بە جەوھەرو ڕواڵەتی کوردیانە
، ئەم شوینە چەندین جار گرنگ تربوو لە و چەند لقە چنارە بیۆرکانەی
کونگسیەگۆردنی ستۆکھۆڵم .
دەسەڵاتی ڕەشی دژبەنەتەوی بەعس گردی گوڵان و دەوروبەری ، وەکو زەوی
نیشتەجی بون دابەش کرد بەسەر سەربازە دیلکراوەکانی( قادسیەی سەدام) داو
کران بەخانوو جادەو بان بۆ شێواندن و نەھێشتنی ئەو ژینگەو شوینەواری
پیرامونی نەتەوەییە .
- بەشی دووەم و کۆتایی -
ــ ٣ ــ
ئەگەرکەسێک ( گەشتەکەی ڕیچ) بە دیقەتەوە بخوێنێتەوە گیانی بەو شارە
تێکەل بوبێت ، چونکە(سلێمانی) تایبەت مەندیەکی خۆی ھەیە بۆ تیکەڵ بوون
بەڕۆحی کەسە نیشتەجێ بووەکانی ، با لە بنچینەش دا خەڵکی ئەوێ نەبن .
ئەو کتێبە چاوێکت پی دەبەخشێت بۆ بینی شارێک ، کە تەنھا سی وشەش ساڵ
تەمەنی بەڕێکردووە ، بۆ دۆزینەوەی پەیکەری شارێک سەدو نەوەد ساڵی تر یش
دەتگەڕێنێتەوە بۆ خەونێکی پڕ لە ئەفسون .
کاتێک بێدار دەبیتەوە ، گومان ناکەیت پاشماوەی ھیچ شوێن و جێگا و
کەرسەو خشتێک و لە پاشماوەی دێرینی شار مابێتەوە ، کە چی خێزان ھەیە
بەچەند نەوە و پشتێک ((***))
دەگاتەوە سەر بنیات نانی شارەکە .
لە بەدبەختی یەکی سەرەتای دا ، کاتێک ئاغای (ڕیچ) لە(مەحمود پاشا)
دەپرسێت : (( ئاخۆ بۆچی کۆشکێکی شایستە بۆ خۆی دروست ناکات لە جیاتی
ئەم خانووە سادەیەی ئێستای؟)) .
پاشا لەوەڵامی دا ، دەڵێت : (( چی دروست بکەم ، سبەینێ تورک و عەجەم
ھەڵدە کوتنەسەرم و ھەموی دەکەن بە خۆراکی ئاگر ، دەبێت داخی لەدوا بخۆم
)).
(کلۆدیۆس جیمس ڕیچ) لە تۆمارەکەی دا ، بین دەنێت بە ماڵی میرو سەراو
دەستەودایەرەی نزیکی و مزگەوت وگەرما و بازاڕی بازرگانی و پیشەگەری و
کاروانسەراخان و گەرماو خانوی گەڕەک و ژمارەی دانیشتوان و بە ڕێژەی
جیاوازی ئاین و نەتەوەیەوە ، ئەوەی جێی سەرنجە نەخشەیی دێرینی شارە .
بەووردیەکی سەردەمیانە ناوەندی شاری تیا دەست نیشان کردووە ، لە نێوان
سەرای ئێستا بۆ بەر مزگەوتی گەورە کە لە ماڵی میرو دەستو دایەرە
نزیکەکانی پێکھاتوون لەبەردەمەوە ،لە ئێستاد شوێنی سینەما رەشێد بۆ سەر
مەعاریفی کۆن بازاڕی دەبۆکە و حەمامی قشڵەی کۆن کە دوبارەو لەم
دەمەداھەمو ئەوانەش ڕوخێنراونەتەوە .
نەخشەی شار لەو دەمەدا لە شێوەی کاسە گوڵێک دا بووە ، گەڕەکو شوینەکانی
تر وەکو گوڵپەرە بەگۆشە جیاوازەکانی لە کاسەکەیەوە دەرچون ،لە دامێنەوە
بەرەو خواری مزگەوتی گەورەوە ڕووەو گڵە زەردەو بەرانان گەڕەکەکانی
حەوشی گەورە بۆ مەدانی کا و بەرەو خوارتری بۆ سەرشەقام وجولەکان
ھەرلەسەرەتاوە ئاوەڕۆی سەرداپۆشراوی بۆ دروستکراوە بازاڕەکانی وەسمان
پاشاو نەقیب و تادەگات بە خانەقالەدیوی سەرویەوەن و دیوی خواروشی
چوارباخ و دەشتی وەیس و دێی ئابڵاخبووە . لە سەروی مالی میرەوە ڕووەو
دۆڵەڕوت و پیرەمەگروون گەرەکی شیخانو کانی ئاسکان بووە کەشوینی یاری
جریدبازی و کەوشەک و یاریە گۆڕەپانیەکانی تر بووە . سەرچنار لە دوور
ترولە گۆشەی ڕۆژئاوادا ئەو ڕوکارەدا بووە ، کە( ریچ) پێش گەیشتنی
بەسلێمانی ماوەک لەوێ لای داوە .
لەسەراوئەوناوەندەوە ڕووە ئەزمڕ بەگۆشەیەکی تر دەردەچێت بە گەرەکەکانی
پیر مەسورو حاجی حان دا تا دەگات بەمەڵکەندی . دیسان لە سەراوە بە
گۆشەیەکی تر ڕووەو گویژە بە رەوسابونکەران و مزگەوتەکانی سەید حەسەن و
گەرماوی موفتی و مزگەوتی حاجی شێخ ئەمین و مزگەوتەکۆنەکانی تری
سابونکەراندا، دوا تر پێش ئەوەی دیسان بگەڕێتەوە بۆ تەواو کردنی گۆشەی
با٣٦٠بازنەی و بۆ سەر یەکەم جێی باسمان کرد ، دەرچوی گوڵپەرێکی تر
لەکاسەگوڵەکە ڕووە گردی سەیوان بە شەقامی بەرئەسحابەسپی کە سەرچیمەن و
گەرەکی سەرگۆل و دەرگەزێن دا دەڕوات کەل نێوانیان دا گەڕەکەکانی
قەزازەکان کەمزگەتە کۆنەکانی ھەمزاغاو شێخ بابەعەلی تەکیە و تادەگات بە
گەڕەکی عیساییەکان ((گاوران)) بەکەنیسە کلدانیەکەیەوە ، کە لە سەرویەوە
بە مزگەوتی تەکیە ڕوتە دەنوسێتەوە بە دوابەشەی کۆتایی گەرەکی
سابونکەران .
گوڵان (گردی مامەیارە) لەگۆشەیدا وگردی گاوران ، وەکو گۆڕستانی
عیساییەکان ، گردی سەیوان، وەکو گۆڕستانی موسوڵمانانی شار ، بەدرێژی
ھەموو ڕۆژھەڵاتی شارەکەدا درێژ بۆتەوە کە لەبەر دەمیدا گەڕەکی
سەرکارێزو بەسەرشەقام و بەرخانەقاومزگەوتە خانەقاو مەلاعەلی و
سەرشەقام و مزگەوتی مەلاحسەینی پیسکەندی و تادەگات بە گەڕەکی چوارباخ و
جولەکان بە کەنیشتەکان و ماڵە موساییەکان بەھونەری بیناسازیە
تایبەتیەکەیەوە تادەگات بە کانی مەلاناو ودەشت وباخەکانی کە شوێنی
گەشتی پشوی شەموانی موساییەکان بووە ، شوینی ساز کردنی کەپرەشینەی
ھاوینانی جووەکان ، (خواردنەوی دەشت ) و کەجۆرە سەیرانێکی تایبەتی
سلێمانی یە بنچینەی لەوە دەچێت لە کلتوری سەیرانی شەموانی
موساییەکانەوە ھات بێت .
گەشتەکەی (ریچ)ە لەنێوان دێڕەکانی دا چاوێکم ئەداتێ توانایەکی ئەفسونی
ھەیە بە گوزەری مێژویی شاردا ، تۆش ئازادی لەم بینینەو زیاتریشی تیا
بەدی بکەیتەوە .
* * *
کارێزکەندی کارێکی پڕ بایەخ بەبرەو بووە((****))
، مزگەوتە کارێزدارەکانی شار گرنگترین دیاردەی ئەو سەردەمەن ، تا
ئێستاکەش بەجۆرێک ماونەتەوە ، بەوەدەناسرێنەوە . ئەو مزگەتانە باشترین
خالەکانی ناسینەوەی نەخەشەی دێرینی شارن . ئاین لەو کاتانە زیاترین
نفوزی مەعەنەوەی ھەبووە ، لەو سۆنگەیەوە شوینی گرنگ بۆ مزگەوت تەرخان
کراوەو بەکارێز کەند ئاوی بۆ ڕاکێشراوە ، کەسانی دەوڵەمەندو سامنداری
ئەو کاتە لەڕێی ئاین و بە دروست کردنی مزگەوت وشکۆی مادی و مەعنەوی
خۆیان خستۆتەڕوو .
نەک لە (سلێمانی )، بەڵکو لە ھەموو شارە موسوڵمان نشینەکان
((*****)) .
جیاواز لەدیوە ئاینی یەکەی ئەو مزگە وتانە ، چونکە تەنھا شوێنێکن لە
مێژوی سەرودوسەدساڵی تەمەنی ئەو شارەوە مابێتنەوە . بە خاڵی جومگەیی
پەیکەری دێرینی بنەرەتی شارە دەژمێررێن ، دەتوانرێت لەڕێی
دەستنیشانکردن و لێکوڵینەوەی ھەمەلایەنەی ئە شوێنانەوەنەخشەو ساختمانی
دێرینی شارەکە بەئاسانی زیندوو بکرێتەوە . بەدوای دا بتوانڕیت وێنەکانی
تری باری فەرھەنگی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابوری و کلتوری و ھونەری و
ھەموو ڕووەکانی تری ژیانی تیا دەستنیشان بکرێتەوە ، ھەندێک لە خەوشو
کەمو کورتی مێژوی لاوازو کەچو کورتی نەتەوەیی کوردیشی پێدابپۆشرێتەوە .
ئاخۆ چی لەو مزگەتانەکران ؟!!
مزگەوتی(سەید حەسەن) لە سابونکەران کە عەبدولڕەحمان پاشا سەرپەرشتاری
بووە و ، کە خوێندنگەی (نالی) بووە ، لەگەڵ مزگەتی( قامیشان) لە
کانێسکان و مزگەوتی تەکیە ڕوتە ، لەنێوان سابونکەران و گەرەکی گاوران
دا ، ھەرسێکیان لە سەردەمی بەعس دا کران بەشوقەو ئاساری کۆنیان تا
ڕادەیەکی زۆرلێ سڕرایەوە ، ھەروەھا مزگەوتی مفتی چاومار، کەبێخودو مفتی
مامۆتاییان تیا کردووە لە پشتی چاخانەی شەعبی ئێستاوە ، کەتێک درا ھەر
نەکرایەوە بەمزگەت و بوو بازاڕ ، کەلەو ماوانەدا پێ یان دەگوت بازاڕی
جەوازەکە ، ھەندێ مزگەوتی تری سەردەمە کۆنەکانی کەلێرەدا بەسەرم
نەکردۆتەوە لەبەر تەنگەبەری بوارو کزی یادم .
شوینەکۆنەکانی تریش وەکو بازاڕی (وەسمان پاشا) ھەر لەو سەردەمەدا
لەشەوێکدا سوتا کەمۆرکی پلانی پێوەدیار بوو ،دیسان کرا بە بینایەکی
سەقەت و شوینەواری پێشینەی وون کرا .
ئەم باسە بە توێژیەوەیەکی ووردی زانستی ئەندازیاری و مێژوناسیانە ی
سەرومڕ تێر دەکرێت ، نەک بە نوسنێکی سەرچیغ و یادی کۆڵەوارو کزی
ڕەھەندەیی .
* * *
ئێستاش ، لەسایەی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی دا ، شوینەوارە مێژوو
ناوەندیەکانی تری ئەم شارە بەردەوام وێران دەکرێن و دەسڕر ێنەوە .
وەکو گەڕەکە کۆنەکانی قەزازە کان و گاوران و سابونکەران و سەرشەقام
وجولەکان کە بەجۆری بیناسازی (سنەیی) زوربەی بە سەلیقەو لێزانی
وەستاکانی ئەوێ دروست کرابون ، لە باشترین بەڵگەکانی ھاو فەرھەنگی و
ھاوچێژی ھونەری نێوان دوو شاری دەستەخوشک ، لەدوو پارچەی کوردستان دا ،
ڕۆژبەڕۆژ ئاسەواری ئەو بەڵگانە دەسڕرێنەوە ، جیاواز لە شارەکانی
ڕۆژھەڵاتی وەکو قاھیرەو دیمەشق و شوینەکانی تر لە رۆژئاوادا کە لێرەدا
لە بژاردن نایەن و بەدەسەڵاتی دەوڵەت و خەڵک دەپارێزرێن ،بەڵام
دەسەڵاتی کوردی لێرە و لەو وێرانکاری و ئەنفالکردنی مێژوو ەدا تاڵە
مویەکی نالەقێنێ و مێشیک میوانی نی یە . ھەنوکە لەوانەشیان تێ پەڕاندوە
، ھەروەکو ئەم بارزگانە سیاسیانە سوێندیان خواردبێت بستێک جێگا بۆ
مێژوو نەھێڵنەوە . بەڕوخاندنی قوتابخانەو سینەماکان و چایخانەو
شوینانی تری کەمانایەک دەبەخشن بە سەربورد ژیان و پێکھاتەوە دەرونی
کەسەکانی لەمێژووی نزیک تردا .
بەدۆخێک لە مێژوویان ھەڵپێچاوە ، لەو گیاندارە دەچن کەلە ھەروکوێ یەک
گەڵاو چرۆیەکی مێژوو شین بچێتەوە ، بە دان و قەپ دەیپچڕن یان بە سم و
پێ یەکانیان دەیچڕوسێننەوە .
ــ ٤ ــ
لە ڕووی ئەم بێ چارەییانەوە ، ڕوداوێکم دێتەوە داد :
لە دوای ڕاپەڕین ، لە سەرەتایئاوەدانکردنەوەی دێ ئەنفال کراوەکان و
، لە ناوچەی شارباژێر و لەدێی (چنگیان ) دا ،لە بناغەسازی خانوەکان دا
ھەندێ کوپەی گەورە دەردکەوت بون کە خۆڵەمێش وئێسکو پروسکی مردووی تێدا
بوو ، جاری تریش لە بۆنەی ترد الەو کوپانەدەرکەوت بوون و خەڵکی ئاسایی
ناوچەکە لەکۆنەوە بەو کوپانە ، دەڵێن : (کوپەگاور)ی و زۆر گوێ یان پی
نادەن و بە پاچو بێڵ تێکیان دەشکێنن بو ھەندێ متو مورو یان تەوقەی سەرو
پرچ و بابەتی تری لە شێوەی دەرزی و دلێوان دا ،دواتر پارچەی شکاوی
کوپەکان بەبێ دەربەستی فڕێ دەدەن.
مامۆستا ((عەبدول ڕەقیب یوسف)) م شک دەبرد ، وەکو پسپۆڕ و خەمخۆری ئەو
بابەتە . لەدوی دەگەڕام ، تا لەبەر چاخانەی شەعب دا دیمەوە و پرسم پێ
کرد ، ئاخۆ چی بکرێت بۆ چارەسەرێکی باشتر ؟
گوتی : (( باشترین شت ، ئەوەیە گڵی زیاتریان بەسەردا بکرێتەوە بۆ ئەوەی
بەیەکجاری وون ببنەوە )).
وەڵامەکەی مامۆستام پێ نامۆ بوو !!
گوتم : (( بۆچی مامۆستا ؟! خۆ میللەتانی تر بە ئەرک و پارەیەکی زۆر
شارەزاو پسپۆڕی کارامە دەگرن بۆ دۆزینەوە و دەرھێنانی ئەو شتانە ،
ئێستا کە دۆزراونەتەوە ، تۆ تەگبیری دوبارە وونکردنەوەی دەکەیتەوە
!!)).
گوتی : { تۆ بزانە !! ئەو کۆپانە ھی پێش پەیدا بونی ئیسلامن
،(ئەشکانیەکان) بەو جۆرە مردویان ناشتووە ، ھەزاران ساڵە لە و خاکەدا
ماونەتەوە و پارێزراون . ئەگەر ئێستا نەک بەو جۆرە ، بەڵکو بەساغیش
دەربھێنرێت . ئەوا وەکو ماڵی دزی، لەناو دا نامێننەوە ، بە ھەرزان و
تاڵان بە ووڵاتی دەرو جیران دەفرۆشرێنەوە . نەوەڵا !! باشترە بەو جۆرە
وونی بکەیتەوە ، بەڵکو لەسەردەمێکی گونجاوتردا دەربخرێنەوە و بە جوانی
و ڕیزی مێژوییانەوە بپارێزرێن . چونکە ئەم کاتە لە خراپترین و
تاریکترین سەردەمی شوێنەوارە مێژویی یەکانە .}
کە پشتی تێ کردم و بەجێ ی ھێشتم ، لە ڕاستی و خورتی وەڵامە تاڵەکەی
بزەیەکی تاڵترم گرت بوو .
ئێستاو پاش نزیکەی بیست ساڵ ، بەھەمان ھەستەوە دەڵێم:
سڵاو لە یادت ، مامۆستای بەڕیزی شارەزا و نائومێد !!
_________________________
پەراوێزەکان:
*
بەھۆی پەرەسەندنی پێشەسازی بەرھەم ھێنانی
ئاسن و پۆڵاوە ، کە باشترین جۆرەکانی پۆڵای جیھانی لە وڵاتی سوید
بەرھەم دەھێنرێت و دروست کردنی (بۆڵبرین) کەداھێنراوێکی سویدی یە بۆ
جوڵە میکانیکیەکان ، بون بە ھۆی دروست بونی (قۆناغگوێزی) ڕووەو ژیانی
مۆدێرن و ڕەفاھی کۆمەڵایەتی ، کە جیاوازە لە( قۆناغ گوێزی) لای خۆمان
کەبە ھۆی تێڕژانی (پێترۆ دۆلار)ەوە پاش گۆڕانە کتو پڕو دراماتیکیەکەی
٢٠٠٣وە لەسەرەنجامی ڕوخاندنی ڕژێمی پێشووەوە لەسایەی ھێزەکانی ئەمریکاو
ھاوپەیمانەکانی دا.
**
کەسێک لەئێستاکەدا ، بێتە (ستۆکھۆڵم) ڕاستەوخۆ ڕیی دەچێتە (گەمڵستان)
واتە ــ کۆنە شار ــ ، چونکە تێرمیناڵی سەرەکی لە دەم ئەو دورگە یەدایە
و کوردی گوتەنی بووە بە (بانە) و سەری ھەموو ڕێگاکانی دەرەکی وناوەکی
دەچێتەوە سەرئەوێ ، ئێستاکە یەکێکە لە شوینە جوان و نایابەکانی ئەو
شارە .
خەڵکی شارەکەش لەھەر شوێن و گەڕەکێکی ترەوە بچن بەرەو ئەوێ ، عادەتی لە
ئاخاوتنی نێوان خۆیان دا کورتیان کردۆتەوە و دەڵین : دەچین بۆ (ستان )
چونکە ھەر ئەوێ ، بە بنەڕەتی شار دەزانن . ــ دیارە پەیوەندیەکی بە
پاشناوی (ستان)ی زمانی کوردیەوە ھەیە کەلە خێزانی زمانی ھیندو ئۆرپین
ــ.
*** (مام
فەرەجی گەڕەدێ) ، لە نێوان ساڵانی(١٨٥٦ـ ١٩٦٩)دا ژیاوە ، وەکو
باپیرەیەک لەو تەمەنە درەنگەی دا بۆ چاخانەیەکی کۆنی (سابونکەران )
دەستگریم دەکرد ، ھێزی بیرو زەینی تا مردن بڕی کرد ، یاداوەری باوکی
خۆی دەگەڕاندەوە بۆ نزیک سەرەتای دروست بونی شارەکە و خۆشی دەست
پێکردنی نفوزو دەسەڵاتی شێخانی دوای دەسەڵاتی بابانەکان بە ووردی لەبیر
بوو ، لە گێڕانەوەکانی باوکی بۆ کۆتایی شە ستەکانی مەرگی خۆی پڕاو پڕی
مێژوویەکی شارو ناچەکە بوو .
****
کارێز، بەھۆی ئەوە کە شوێنی سلێمانی لە
ھەورازو تەلانیەک پێک ھاتووە ئاوی ئەو سەردەمەی بەشێوەی کاریز بۆ
ڕاکێشراوە ، ئەوەش بەو جۆرەیە لە بناری بەرزایی شارەوە بیری ئاو
لێدراوە ، لە شوێنی بەئاو گەیشتنیدا بەشێوی لەغەمی ئاسۆیی ڕاکێشراوە
وەکو تونیلێکی بچوک وبەبەر گۆڕیجەڕێژکراوە تا لە دامیەیک سەری
دەرھێناوە بەئاوی سازگاری بیرەکەوە و ەکو کارێزێک ، لەو سەردەمەدا
وەستاکانی ئەو کارە پێ یان گوتراوە (کارێزکەند) ئیشێکی بەبرەو بووە لەو
سەردەمەداو بەرامبەر بەکاری لولەکێشی ئاوی خوارنەوەی ئەم سەردەمە
وەستاوەتەوە .
*****
لە بەراوردی مزگەوتەکانی ئەستەمبوڵەوە ، بە کەنیسەکانی ڕۆژئاوا ،ھەست
بەھاو سەنگی و جوانی ھونەری بیناسازی ڕۆژھەڵاتی دەکەیت ، لە ئاوێتە
بونی ھونەری ڕۆمانی قوتیەکانی ڕۆژئاوا لەگەڵ تەرزی ھونەری تەلارسازی
ڕۆژھەڵاتی ، لەوێوە تێدەگەیت ساماندارو دەسەڵاتداری ئەو شارە جگە لە
سوڵتانەکان ، چۆن بە دروست مزگەوت ڕوی شکۆی سامان و دەسەڵاتی خۆیان
خستۆتە ڕوو .بوون بەپێناسەیەکی کرنگی شارەکە ، من بەئەزمونی خۆم ، لە
کۆتایی ساڵی ١٩٩٨ ی لە سەفەری بەرەو تاراوگەم دا بەھۆی نەخشەی جێگای
ئەو مزگەوتانەوە ، کە لە ئەوقافی کۆنی عوسمانی یەوە بەجێما وە ، باشتر
شوێنەکانی ئەوشارەم بۆ دەدۆزرایەوە ، وەک لە نەخشە تۆریستیەکەی کە
پێشووتر پێم بوو .
٢٢\١٠\٢٠١٠
ماڵپهڕی سهعید عارف باپیر
|