په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

سلێمانى: شارى مەلوول و داخراو،
شارى دڵتەنگى و تینووى هەتاو.

خوێندنەوەى سۆسیۆلۆژیى بۆ شارى سلێمانى2009

   
توێژەرى کۆمەڵایەتى:

حەمەى ئەحمەد رەسوڵ

- بەشی یەکەم -


شارى سلێمانى گەورەبوون و فراوانبوونى گوندى مەڵکەندییە و مێژووى دامەزراندنى دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1784، ئەوەش بە گواستنەوەى میرنشینى بابان لە قەڵاچوالانەوە بۆ ئەو ڕووبەر و پانتاییە، سەرەتاش مەحمود پاشا لە بەرى ڕۆژئاواى گوندەوە سەرایەک دادەمەزرێنێ کە ببێتە ماڵێکى گەورە بۆ شوێنى حەوانەوە و وێستگەیەکى نزیک و زیندوو لە هەموو شتەکانەوە، یان جۆرێک لە کاروانسەرا بۆ میوانان و تەنانەت چەند جێگەیەکیش وەک گرتووخانە بۆ هەموو ئەو کەسانەى لە ڕێ دەردەچن یان بە خواستى کۆمەڵ ناجووڵێنەوە.. دواتر ئیبراهیم پاشا کە برازاى مەحمود پاشا بووە هەر لە پەڕى ڕۆژئاواوە بیر لە فراوانکردن و گەورەکردنى ناوچەکە دەکاتەوە و خەڵکێکى زۆر بانگهێشت دەکات بێنە شارى تازەوە. بێگومان بیرکردنەوە لە دامەزراندنى ئەو شارە کە هێشتا بەتەواوى ساغ نەبۆتەوە کە لەسەر پاشماوەى شارێکى دێرینتر بونیادنرابێت، بەڵام بوونى چەند خەسڵەتێک پاڵپشت بوون بۆ ئەو گەورەکردنەى تا خەڵکانێکى وەهاش بانگهێشت بکرێن بۆ نیشتەجێبوون تیایدا و هەڵبەتە دەبێت زەمینەیەکى لەبار ڕێخۆشکەریش بووبێت لەو پێناوەدا کە ئەویش بە پلەى یەکەمین بوونى کانى و کارێزەکانە تاوەکو وەک ئاوەدانییەک تەماشاى کرابێت، بوونى ئەو ئاوە زۆر و سەرچاوانە بۆ ئەودەمە تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین باش بووە بۆ دانیشتووانەکەى، هەروەها لەڕێى ڕێڕەوى سەربەرەوخواریانەوە توانیویانە بەگەڕخستنى ئاشەکان لە ئەستۆ بگرن لەوانیشەوە ئاوى بەکارهێنراو بەمەبەستى دروستکردنى سابوون کە ئەمەش بە گەڕەکى سابوونکەران ناسراوە، چونکە پێشتر بۆ پاککردنەوە و شتنى قاپ و قاچاغ و بەڕە و قاڵیى تەنها پشت بە ئەسپۆن بەستراوە و لە ئاردەکەشى خۆشتن و پاککردنەوەى جەستە.. پاشان دواتریش بیر لە داپۆشینى شیوەکان دەکرێتەوە کە ڕێڕەوى زێراب و پاشماوەکان بە سەر بەتاڵى نەمێننەوە، ئەمەش دوابەدواى دوچاربوونى دانیشتوان بە چەندەها نەخۆشى و دەرد و پەتا و بڵاوبوونەوەى میکرۆب بیرى لێکراوەتەوە کە کاتێکى زۆر درەنگوەخت بووە و نزیکەى سەدە و چارەکە سەدەیەک هاتووە وەختێک شار بەدەست فەرمانڕەوایى عوسمانلییەوە بووە، بۆخۆى نەخۆشییەکانى گوولیى و گەڕیى گردێکیان بەناویشەوە ناونراوە کە دواتر بە گردى گوڵان و پاشان بە گردى مامەیارەى ئێستا دەناسرێت لە نزیک کارێزى وەستا شەریفەوە و نزیک لە دێى کانى دڕکە کە سوڵتانى عوسمانى بەخشیویەتى بە کەسێتى مامەیارە بەهۆى ئازایەتى و چاپووکییەوە لە جەنگەى شەڕى دژ بە عوسمانیەکاندا، واتە بەر لە هاتنى عوسمانییەکان بۆ شار و کۆتایى هێنان بە میرنشینەکە. بونیادنانى شار بەپێودانگى ئەو وەختە گوندێکى گەورە بووە و لە ئێستادا ناتوانین پێى بڵێین شار و ئاوەدانى، پێدەچێت هیچ شارێکى کوردستان بە شار ناوزەد نەکرێن ئەویش لەبەر هۆیەکى زۆر زەق و ئاشکرا کە ئەویش نەبوونى ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەکانە، شار ئەگەر ڕووبارى پێدا ڕەتنەبێت ناکرێت لە ئەندازە مەدەنیەکەیدا بە شار لە قەڵەمى بدەین.. هەربۆیە پاش زەمەنێکى دوورودرێژ ئینجا بیر لە دروستکردنى بەنداو دەکرێتەوە و بە پلەى یەکەمین شارى سلێمانى پشت بە ئاوى دووکان دەبەستێت، ئەو ئاوەى کە وشکەساڵییەک ڕووى تێبکات دوچارى گرفت دەبێوەک ئەوەى لەم ساڵەدا بینیمان، ئەمەش سەرەڕاى بوونى ئاوى سەرچنار و تانجەرۆ کە ڕوویان لە کەمییە و شار ناتوانێت لە ئێستادا تەواو پشتیان پێ ببەستێت. لایەنێکى دیکەى بوونى ئاو یاخود ڕووبار لە چۆنێتى ژیانیش ڕەنگدەداتەوە، لە بیرکردنەوە و لە بونیادى کەسێتیى و تاکەکانى کۆمەڵگەدا کارلێکى ڕاستەوخۆ و بەڵکو ئەکتیڤیشى هەیە، جۆرێک لەو داخرانى دەروون و شەرمەى لە ناخى تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردى و بەتایبەتى ئەم شارەدا چێنراوە بۆ نەبوونى ئەو ڕەگەزە بنەڕەتییە دەگەڕێتەوە. ژینگە ڕۆڵێکى ئەوتۆى هەیە لە پێکهاتەى کەسێتیدا، لە ڕووە سایکۆلۆژییەکەیەوە چەندەها کاریگەریى خۆى هەیە، وەک نمونەى پێش دەستیش چەپاندن و سەرکوتکردنەوەى ڕەمەک و غەریزە مرۆییەکان، چونکە لە مناڵییەوە بینینى جەستە و لەشولارى ڕەگەزى بەرامبەر لەڕێى چوونە سەر ڕۆخ و کەنارى ڕووبارەوە ڕێڕەوە سروشتییەکەى وەردەگرێت و ئاسۆکانى بینین فراوان دەکات نەک پێکهاتەیەک کە شاخ نشین سەرسەختییان لە هەناودا بڕێژێت. شاخ هاوڕێیەکى ئەزەلى کوردە و پشتوپەنایەکى تۆکمە، ترسى لەناوچوون شاخ ڕەواندوویەتیەوە هەربۆیە لە سەرجەم ساتە ناهەموارەکاندا کە هەموو تەمەنەکانە شاخ و بنارە دوورە دەستەکان هێماى مانەوە بوون لە ژیاندا.


ئەم شێوە ناسروشتییە واى کردووە کەسێتیى کورد هەمیشە بەو چاوەوە بڕوانێتە خۆى کە ناکامڵە و بۆشایى و کەلێنى گەورە لە هەست و نەستیدا بێت.. لەوێشەوە سەیر نییە کە ڕۆژانە ڕووبەڕووى کامێراى چاوەکان دەبینەوە لە تەماشاکردنى یەکتردا، پێدەچێت هیچ میللەتێک هێندەى ئێمە نەڕواننە ڕوخسار و بەژن و باڵاى یەکترى کە بەشێوەیەکى زێدەڕۆ سەیرى یەکتر دەکەین.. ئەمە شتێکە بێ خواستى خۆمان دەقمان پێوە گرتووە و هەمیشە لە چاوەکان کە چاوەدێریمان دەکەن سڵ دەکەینەوە، هەر ئەو خووە درێژخایەنەشە کە ڕاهاتن لەسەرى هەموو جومگەکانى ژیانى تەنیوین، زۆرینە بۆ ئەو شوێنانە ناچن کە چۆڵ و پڕ لە هەواى پاک بێت، لەسەر شەقامەکان پێمان خۆشە بۆ هەتایە قەرەباڵغى و ڕۆژى حەشر بێت، تەنانەت چوونمان بۆ هاوینەهەوار و سەیرانگەکانیش لەو دیدگایە بەدەر نین و بێ بینینى یەکترى تام لە سروشت و دەنگ و ڕەنگەکانى ناکەین، ئەمەش لە زێدەڕۆیى بەتینماندایە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکەدا کە دەخالەتى بێمەرجى بەخشیووە، گەڕان بەدواى ژیار و شارستانى هەر میللەتێک هونەر و تەلارسازیى پێوەرەى سەرەکین، ژیارى کورد ژیارێکى دەستەجەمعى لێک ئاڵاوە بەتەرزى تەسبیح و ملوانکە، لە تەلارسازیدا ماڵەکان و خانووەکان پاڵیان وەبەر یەکدى داوە و خاوەنى ئەو پەندەین کە دەڵێت: ئەوەى لە گەلە دابڕێت گورگ دەیخوات، کە ئەمەش بەدەرخستنى لایەنە کۆمەڵایەتییەکەیە و شتێک لە ترسى ئاشکرامان بۆ دەخاتە ڕوو، هەروەها لە هەڵپەڕکێ و فۆلکلۆرماندا سەماى تاکە کەسیى سەربەخۆ یان لەگەڵ ڕەگەزى بەرامبەردا بوونى نییە لامان بەڵکو ئەوەى هەیە هەڵپەڕکێى کوردییە کە لەوێشدا دەستەجەمعى و بە کۆ ئەو پرۆسەیە بەئەنجام دەگەیەنین، ئەم دوو ناسنامەى شارستانییە لە سیاسەتیشماندا بەڕوونى دەبینرێتەوە، حیزبەکانیش بە تەنها ناتوانن بەڕێوەبردن لە ئەستۆ بگرن و کارى هەرەوەزیى و جەماوەریى جینەکانى پێکهێناوین. ئاوڕنەدانەوە لەم فاکتەر و هۆکارە بنەڕەتیانە نەشکاندنى توێکڵەکانمانە و بەشێوە سروشتییەکەى ناپەڕینەوە بەرەو کۆمەڵگەیەکى مەدەنى، هۆکارى ئاوڕنەدانەوەش دیسانەوە بۆ خەسڵەتە پێوە لکاوەکانمان دەرفەت نەبوونێکى زەمەنییە کە هۆکارەکانى بۆ سیاسەت و ڕەوشى جەنگ و شەڕوشۆڕ و ماڵوێرانیى و بەرگرى بووە لەپێناوى مانەوەدا، واتە ئێمە هێندەى جیهانە دەرەکییە دژوارەکە دیدگا و ڕوانینەکانى بردووین هێندە نەپەرژاوین بەپێى پێویست بینگەکانمان بۆ جیهانە ناوەکییەکانمان بگوێزینەوە و هێشتان ناهاوسەنگى هەردوو جیهانەکەش بە چاوى ئاسایى دەبینرێت کە زۆر لێک دوورن و ژیان بەو چەشنە ناڕواتە پێشەوە کە بەدیهێنەرى هیوا و ئاواتى هەمووانە.


تاریکبوون و زوو چوونە ماڵەوە.


ئەم نەریتە پێدەچێت هەر لە زووەوە دوابەدواى نوێژى خەوتنان پەیڕەو کرابێت، زوو خەوتنى شەوان و بەیانیان زوو لە خەو هەستان، ڕۆژ بۆ کارکردن و شەو بۆ حەوانەوە، هەموو ئەمانە شتێک لە دابەشکردنى کاتەکانى تێدا دەردەکەوێت وەک کاتەکانى ژیانى پەلەوەر و ئاژەڵەکان، بەڵام دیسانەوە داخرانێکى دیکەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە ژیانمان جگە لە چۆنێتى ژیان ڕووبەرێکى دیکەى بۆ خۆراکە ڕۆحییەکان نەهێشتبێتەوە، تەنها ئەو ژیانە بێت کە دابینکردنى بژێوى و مانەوەى تێدا بەرقەرار بووبێت نەک تێرکردنى مەیل و ئارەزووە مرۆییەکان، شەو لاى ئێمە بە سفربوونەوەى هەموو شتەکانە، قەڵاى مێردانە و هیچى دیکە، دەشێت کۆڕى بەزم و گۆرانى و شەوانى گوێ ئاگردان هەموو هەبووبن، وەلێ ئەوانەش دیسانەوە لە چوارچێوەى ماڵەکان و دیوەخانەکاندا بوون کە بۆ هەمووان نەبووە، واتە هەمووان پێکەوە چوونە دەرەوەیان پەیڕەو نەکردووە ئەوەندەى بەپێى دیدەنییەکان هاتوون، لە ناسیاوى و خزمایەتى و بەسەرکردنەوەدا ئەو ڕێڕەوەى وەرگرتووە، یان مقۆمقۆى نهێنى کە بە ڕۆژى ڕووناک نەبینرێن، لەمەشدا بارودۆخە دژوارەکە کاریگەریى ڕاستەوخۆى هەبووە، بەڵام کە لایەنەکانى ژیان بۆخۆى سنووردار کرابێت لەو ئارەزووە سەرەتاییانەدا هۆکارى یەکەمینە و بۆ ژیانە سەرەتاییە داخراوەکە دەگەڕێتەوە. ترس لە تارماییەکانى شەو، ئەمەش بەشێوەى بڕوامەندیى ئایینى نا کە جۆرێکى دیکەى ترسە لە خێو و جنۆکە و ئەو شتانە، کە بوونیان لە دەروونى مرۆڤى وەک ئێمەدا هەبووە و هەیە، بەڵکو تارمایى بەماناى ناحەزان و دوژمنان و گورز وەشاندنیان لە تاریکى شەودا، واتە شەو هێماى نێگەتیڤى لەخۆیدا هەڵگرتووە و مرۆڤى کورد زۆرینەى سەردەمەکان لەسەر هەستەکانیان خەوتوون، دز و جەردە و پیاو خراپ و کڵۆمکردنى دەرگاکان نەریتێکە لە نەبوونى متمانەوە سەرچاوەى گرتووە.. شەو تاریکییە، تاریکیش بەماناى نەزانین هاتووە لە کەلتوورماندا، بەماناى پێنەزانینى شتە نادیارەکان، ئەو نادیارانەى هەڕەشە دەکەن و نابینرێن.. پێدەچێت کورد ئاشنایەتییەکەى لەگەڵ ڕووناکى و دژ بە تاریکى بۆ دێرینتر بگەڕێتەوە، لە زەردەشت و ئاگر پەرستییەوە هاوڕێى ڕووناکییەکانین، ئەگەر لە ئەفسانە فیرعەونییەکاندا شەڕى ئەژدیها و خۆر دەستنیشان بکەین ئەوا چاوگەکەى بۆ لافاوەکەى نوح دەگەڕێتەوە، نوح لەلاى بەڕێزێکى وەک ( سابیر کەلهوڕیى ) بە نوێ ئاخ لێکدەدرێتەوە و پێى وایە خودى زەردەشتە، واتە خاکى نوێ لە پاش لافاوى گەورەوە و ئاڤێستاش بەماناى ئاو وەستان، ئاو هەرگیز ناوەستێ و ئەوەى دەوەستێ یان هەڵکشانى ڕووەو داکشان دەچێت لافاو و سێڵاو و شەپۆلى دەریایە، یاسا و ڕێسا و شەریعەتى ئاڤێستا ئاکامى ئەو لافاوەیە کە چل ڕۆژ و و چل شەو زریان و بارانى بەلێزمە دادەکا و هەورى ڕەش و پڕ خۆر و ئاسمان دەشارێتەوە بەپێى تۆمارى یەکێک لە خێڵەکان لە کتێبى نهێنى کۆنترین مێژووى ( گەڕبۆفسکى )دا.. شەڕى تاریکى یان ئەژدیها لەگەڵ خۆردا بۆ ئەو لافاوە دەگەڕێتەوە کە ڕاستەقینە ڕوویداوە. ئاگرپەرستى هێمایەکە بۆ خۆرى بەتین کە لە پاش تۆفانەکەوە دەردەکەوێتەوە و لاى زەردەشتییەکان بە ڕەگەزى ئاگر خۆى دەنوێنێ، ڕەنگە پەڕینەوەى ئەم بیروباوەڕە کاریگەریى خۆى لەسەر فیرعەونییەکان جێهێشتبێت چونکە نەک وەک ئەفسانە بەڵکو وەک ژینگەى گەرمى میسر و شوێنە جوگرافییەکەى پێدەچێت ڕەگەزى خۆر بۆ ئایینى زەردەشتى بگەڕێتەوە زیاتر، لەبەرئەوەى کوردى چیانشین لە کوێستانەکاندا ژیاوە و ئاگر ڕۆڵێکى ئەوتۆى هەبووە لەلاى بەمەبەستى گەرمبوونەوە، هەروەها وەک ئاماژەشمان پێدا لە پاش تۆفانەکەوە ئیتر ئاگرپەرستن/ خۆرپەرستن لە بیروباوەڕدا ڕەگى داکوتیووە.


کورد هەمیشە گەیشتن بە ڕۆژى خۆى وەک خۆرى کوردیى لێکداوەتەوە، لە ئاڵاکەشدا خۆرى ئامادە بوونى هەیە، هەرلەوێشەوە ڕۆژى نوێ بە نەورۆز و گەڕانەوەى هێماى ئاگر دەستگیر دەکاتەوە. ئاگر و ڕووناکى دژ بە تاریکین و هەڵبەتە هەموو بوونیش لەو دوو خەسڵەتە پێکهاتوون. تاریکى شوێنگەى نادیارەکانە و کەسێتیى کورد سڵى لێدەکاتەوە.. شارى سلێمانى لەدواى هاتنى عوسمانلى و ئینگلیز و سەردەمى پاشایەتى، دواتر کۆماریى و ڕژێمى بەعسەوە بێ خواستى خۆى جارێکى دیکە سڵى لە تاریکى و شەو کردۆتەوە، بارودۆخێکى نائارام وایکردووە بە ڕۆژى ڕووناک خەڵک بترسن نەک شەوەکانیش، هەمیشە بەپێى ئارامییەکانیش جووڵە و خواستەکان سەریانهەڵداوە و چوونى ژنان و پیاوان بۆ سینەماکان تاوەکو بەر لە هەڵگیرساندنى شەڕى عێراق و ئێران هەبوون، بوونى شەڕى پارتیزانى و تەقوهوڕى شەوانە ناوبەناو ئەو شتانەشى کەم دەکردەوە و ئیتر ساتەکانى فیراریى و هەڵاتن لە سەربازیى هێندەیتر جموجۆڵەکانیان دەخنکاند. نەریتى زوو دوکان و بازاڕ هەڵگرتن و پەلەکردن بەرەو کونجى ماڵەوە ئێستاش بەڕوونى دیارە و تەنها ئەوەندەیە هەندێ لە سوپەرمارکێتەکان، ناوبەناو بوونى شانۆ و کۆنسێرت لە شەواندا خەڵکیان خستۆتە جووڵەوە، دەنا ئەو بزاوتنەى هەیە هەر سەردانى یەکترییە و لە هاوینانیشدا پارکى ئازادى و دوورکەوتنەوە لە شار، هەڵبەتە لەڕاستیدا شوێنێک نییە شەوان لە ئامێز بگرێت وەک چۆن ئەو شوێنانەش نین ڕۆژەکانیشیان ئاسوودە کردبێتەوە، خەڵکى ئەم شارە هەمیشە سەرى زمان و بنى زمانیان وشەى بێتاقەتییە، بەڵام ئەوەش وەک وتمان زەمینەى فشۆڵ و ئاوڕنەدانەوەى شایستە لە شارەکە ئەوەى پێ بەخشیون، هەموو کەسێک لەم ژیانى هاودەمەدا تامەزرۆى خۆشییەکانە، تینووى بینینى ئەو شتانەن کە دەروون ئاسودە دەکەن، بەڵام کە جیهانە دەرەکییەکە جیاوازییەکى زۆرى هەبێت لەگەڵ مەیلى جیهانە ناوەکییەکان، بێگومان ئەو مەیلانەش نامێنن و دەپوکێنەوە لە بنەڕەتیشدا هەموو شتە زۆر سادەکانى ژیانن، ئیتر لەو سۆنگەیەوە داخران چۆن پانتاییەکان ناتەنێتەوە؟! چۆنیش تاکەکانى کۆمەڵگە وەڕس و بێزار نابن، ناتۆرێن لەو شارەى شوێنێکى وەهاى نەبێت دڵەکان تێیدا ئۆخەى بکەن!!


ژنان و پۆشینى عەباى ڕەش.


سەروەختێکى زۆرە ژنان و ئافرەتانى شار عەباى ڕەش دەدەن بەسەریاندا، سەربارى پۆشینى جلوبەرگى کوردى، یان دزداشە و ماکسى و ئەوەى بە بەرگى مۆدەش ناسراوە، بەو عەبا ڕەشانە خۆیان دادەپۆشن و لە شوێنە گشتییەکان و ناو بازاڕ و چوونە دەرەوەیاندا پەیڕەوى دەکەن. بێگومان وشەى عەبا عەرەبییە و ئەم دابونەریتە نەک بەتەنها ژنانى هەموو عێراق بەڵکو زۆر لە وڵاتە عەرەبى و ئیسلامییەکانیش پەیڕەویان کردووە و هێشتان وەکو خوو و ڕاهاتنێک بەکاریدەهێنن. سەرەتاى ئەم نەریتەش لەگەڵ هاتنى ئینگلیز و فەڕەنسییەکان بۆ ئەم وڵاتانە پەیدابووە، بەهاوشانى پەچە و داپۆشینى ڕوخسار، واتە نەریتى عەباى ڕەش کە ئێستا ژنان و ئافرەتان لەسەرى دەڕۆن پێشتر بێ پەچە و چارشێو نەبووە، لاى ئێمە شێوەى پەچەکان پارچە قوماشێکى ڕەشى تەنک بووە، لاى میسرییەکان یان سورییەکان قوماشێک یان تۆڕێکى ڕەش بوون لە شێوەى سێگۆشەیەکى درشتدا بەچەشنى شەبەکەیەکى ڕەش کە تەواو ڕوخسار داناپۆشێت ئەوەندەى شتێک لە دەموچاو دەگۆڕێت، لاى ئێمە سادە و لاى نەتەوەکانى تر ڕازاونەتەوە بە مووروو یان ئاڵتوون و پەلکى شۆڕ و چاوەکانیان نەشاردۆتەوە بەڵکو تەنها دەمولووت و بوونى ڕایەڵێکى دەزوولەیى بەسەر لووتدا. زۆر لە ڕۆژهەڵاتناسەکان کە ڕاپۆرت و بیرەوەریى خۆیان لە گەشتى ئەم ناوچانەدا تۆمارکردووە دەستنیشانى ئەو خاڵە بەرچاوانە دەکەن کە لەناو میللەتى کوردا و بەتایبەتیش لە شارى سلێمانیدا ژنان شانبەشانى پیاوان لە کۆڕ و دیوەخاناندا ئامادەگییان هەبووە و هەرگیز گۆشەگیر و تەریک نەبوون، بەشێوەیەکى دیموکراسییانە ژنان ڕێگەپێدراو بوون لە مەجلیس و قسەوباسدا بەشدارى بکەن هەروەک چۆن لە ناو کێڵگە و هەرەوەزیشدا کاریان کردووە و سەربارى کارەکانى خۆشیان یارمەتى پیاوانیشیان داوە لە ئیشى گران و بەرهەمهێناندا. ئەو گۆڕانەى وایکردووە ئیتر ئافرەت لەناو مەجلیسدا دانەنیشێ یان پەچە بدا و بێ داپۆشینى بەژن و باڵاى بە بەرگى ئاساییەوە نەبینرێن، شاعیران و گۆرانیبێژانى ناڕەحەت کردووە و لەو پێناوەدا گەلێک هەوڵیانداوە ئەو نەریتە بشکێنن و بە شەرم لێکدراوەتەوە، شیعر و گۆرانى وەک ( پەچەت فڕێدە چ وادەى شەرمە) یان ( شەرمى پێ ناوێ پەچەکەت لادە) دەبینین لە قۆناغى دواتردا وەک شەرمێک بینراوە و هەرگیز ئەو فاکتەر و هۆکارانەیان دەستنیشان نەکردووە کە لەپشت ئەم نەریتە باوەوە وەستاونەتەوە.. وەک وتمان پێشتر ئافرەتانى کورد تا ڕادەیەکى باش ئازاد بوون و هێندەش پیاوان بەرامبەریان کەللەڕەق و نادیموکراسى نەبوون، وەلێ پێ بەپێى هاتنى ئینگلیز ئیتر بارودۆخەکە ئاراستەیەکى دیکەى وەرگرتووە و ئافرەتانیش لەو گۆڕانکارییانەدا یەکەمین کەس بوون گۆڕان کاریگەریى هەبووە لەسەریان. تەنانەت گەڕان بەدواى سەربەستى ژنانیشدا دەتوانین ئاماژە بەو ئافرەتە سەماکەرانە بدەین کە لە زەمانى عوسمانییەکاندا هەبوون، لە ئەسحابە سپى سێ ئافرەتى تورک لەسەر شانۆ سەمایان کردووە لەو وەختەشدا کە زۆر لەمێژ بووە و مەمالیکیش موسڵمان بوون، بەڵام سەربارى ئەزموونى دیموکراسى و پێشکەوتنى وڵاتێکى وەکو بەریتانیاى گەورە دەبینین لەبرى کردنەوەى ئاسۆکان و بەخشینى سەربەستییەکى بێوێنە دەرگاکان دادەخرێن و ژنان زەبرێکى نێگەتیڤیان وەبەردەکەوێت. ئینگلیز و کردەوە ناجۆرەکانى مێجەرسۆن هێندەیتر شارەکەیان خپ کردووە و بە کردنەوەى دوکانى مەیفرۆشیى و تیاترۆخانە بەشێوەى نائاشکرا، کە هەم مەست و بەدمەستانى دروست کردووە و ژنان لەوە سڵەمیونەتەوە کە سەرخۆشە ئینگلیز و تەنانەت هاوشارییەکانیش پەلاماریان بدەن، هەڵبەتە دەشێت شتێکى وەها ڕوویدابێت پێشتر تاوەکو بەو چاوەوە ڕوانیبێتیانە مەیخۆرەکان دەنا پێشبینیکردن لەخۆوە پەیدا نابێت، هەروەها کردنەوەى تیاترۆخانە کە ئافرەتى لەشفرۆشى تێدا بووە و شێوەى ڕوانینى ئینگلیزەکان بۆ ژنان و کچانى شار بەو پێوەر و پێودانگانە، هەموو ئەمانە هۆکارگەلێک بوون بۆئەوەى ئیتر ژنان خۆیان لەپشت دەمامک و داپۆشینەوە بشارنەوە نەک بکەونە بەر نیگا نێگەتیڤەکان، بەتایبەتیش هەموو ئەو ئافرەتانەى جوان و سەرنجڕاکێش بوون و چاوى ئینگلیزەکان بەرامبەریان زۆرتر کراونەتەوە.. پەچە و عەبا ئیتر لەو وەختەوە بووەتە نەریتێکى باو و تا ئێستاش پەیڕەو دەکرێت، بۆ نمونە هێشتا لە شارى زاخۆدا ژنان و ئافرەتان پەچە دەدەن و لەناو بازاڕدا دیمەنیان ماوە.


ئەو پێشێلکردنى سەربەستییە کاردانەوەیەک بووە نەک کردە و کار، پەیڕەوکردنیشى لەلایەن ژنانەوە بۆ خۆپاراستن بووە نەک شەرم و داخران و گەڕانەوە بەپێى بیروباوەڕى ئایینى، ئەگەرچى ئایین ئاراستەکانى بەو شێوەیە سێبەرەکانى درێژکردۆتەوە و ڕێوڕەسمى نوێژکردن و حەجکردن و زۆر لە سرووتە ئایینییەکان لەسەر داپۆشینى لەشولار دامەزراون بەتایبەتیش سەر و پرچ و ڕوخسارى ڕەگەزى مێینە، یاخود پەیڕەوکردنى لە سەروەختى ئیمامى عەلییەوە و کاریگەریى ڕاستەوخۆى لەسەر فارسەکان، وەلێ بەپێى پەڕینەوەش بووبێت یان لەلایەن پیاوانى ئایینییەوە ئەو وانانە ئامانجێکى ڕاستەوخۆیان مەرام بووبێت، چونکە لەو داپۆشینەدا لایەنێکى دیکەى ئایینیش دەستنیشان دەکرێت، ئەویش ئەوەیە بەو خۆداپۆشینە چینەکان بوونیان نامێنێت و هەژاران و دەوڵەمەندەکان وەک یەک ڕوودەکەنە خواوەند، واتە یەکسانبوونى ئافرەتان تا لە ڕواڵەتدا هیچ جیاوازییەکى چینایەتى نەمێنێ، لەبەرئەوەى ژنان زێڕ و ئاڵتوونێکى زۆر دەکەن بەخۆیاندا و تەنها لەڕێى جلوبەرگەوە ئەو جیاوازییە بەرچاوەیان وەدەرناکەوێت ئەوەندەى خشڵ و زێڕ دەیگەیەنن.. لاى کورد و لەم شارەدا دیسانەوە ئەو نەریت و ڕەفتارە لە دەسپێکدا هێندە توند نەبووە لەسەریان و تەنها لە کاتى نوێژ و ڕۆژوودا، چوونە سەر مەزارى شێخان و پیاوچاکان و مزگەوتەکاندا پەیڕەوکراوە ئەوەش هەرگیز بەماناى حیجاب نەهاتووە یان پەچەدان و شاردنەوەى هەموو جەستە، بەڵکو کاریگەریى نێگەتیڤى ئینگلیزەکان ئەو ڕێیەیان خۆشکردووە، واتە بێ خواستى خۆیان، بێئەوەى ئارەزووى بکەن بەسەریاندا سەپاوە ئەو ڕێیە بگرنە بەر.. پێویستە لێرەشدا ئاماژە بە لایەنێکى دیکەى ئەم نەریتە بەربڵاوە بدەین، ئەویش ئەوەیە لە کاتى سەفەربەلک و شەڕى جیهانى یەکەمدا، شار برسێتییەکى بێوێنەى بەخۆوە بینیووە و سەربارى نەخۆشیى کەسانێکى زۆر لە برسێتیدا مردوون و تا هاتنى ئینگلیزیش هێشتان لاشەى مردووەکان لێرەولەێ ماونەتەوە و کەسێک تەنانەت شارەوانیش نەیپەرژاوەتە سەر ناشتنیان، لەو سەروەختە دژوار و نالەبارەدا ئافرەتانێک بۆ تێرکردنى خۆیان و مناڵەکانیان پەنایان وەبەر لەشفرۆشى بردووە و لەو چاوگەوە نانەسکییان چنگ کەوتووە، پاش ئەو قۆناغە پێدەچێت هێشتان وەک خوویەک لەسەر ئەو کارەیان مابنەوە و لەو ڕەوشەدا یەکەم کەس بووبن خۆیان داپۆشیبێت بە عەبا و پەچەى ڕەش بۆخاترى ئەوەى نەناسرێنەوە و بە سەربەستى کوێیان بوێت بۆى بڕۆن.. لەم خاڵەشدا مەبەست لەو مەیلەیە کە ئەو جۆرە کەسانە هەیانبووە و بەخواست و پێى خۆیان چوونەتە لاى ئینگلیزەکان و شتێک لە ڕوانینى ئەوانیشیان گۆڕیووە سەبارەت بە تەماشاکردنى ژنانى شار کە پێیان وابێت تامەزرۆى ئازادین هەربۆیە ئەو نەریتەیان گرتۆتە بەر و بەو شێوەیە خۆیان لە چاوى کەسوکاریان دەشارنەوە، واتە دروستکردنى دیوارێک بۆخۆیان وەک پشتوپەنا. دیاردەکان لەخۆیانەوە سەرهەڵنادەن و چەندین هۆکار لەودیویانەوە ئامادەگییان هەیە، ئێمە لێرەدا شتەکان دەخەینە پێش چاو کە هەبوون و هەن، لەوێشەوە پیشاندانەوەى ئەو نەریتانەى کە پەیڕوەیان دەکەینەوە بێئەوەى هیچ لەبارەشیانەوە بزانین، ئەمەش بۆخۆى نەزانینە و بێ خواستى خۆمان ناسنامەیەکى هەڵەشیان بۆ خوڵقاندووین کە پێناسى ڕاستەقینەمان نییە لە بنەڕەتدا.


شار و پیشە دەستییەکان.


لەناو شارى سلێمانیدا جگە لە کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانى بەروبوومى کشتوکاڵیى لە هەموو وەرزەکاندا، خاوەنى چەندین پیشەى دەستى بووە و بەرهەمگەلێکى باشى هەبووە ئەمەش بەپێى پێداویستییەکانى ژیانى هاودەم، دروستکردنى سابوون و ناوهێنانى گەڕەکێک بە ناویەوە بۆخۆى پیشاندەرەوەى ئەو دەستڕەنگینى و بوونە کۆمەڵایەتییەیە. سەرەتا لەڕێى هەناردەى بەرووبوومە کشتوکاڵییەکانەوە و گێڕانەوە و هێنانەوەى پێداویستى و کەرەستەکانەوە جموجۆڵێکى باشى بەخۆوە بینیووە، کاروانچییان هەر بە ڕێى چوون و هاتنەوە بوون و ئامرازى گەیاندن و گواستنەوەش بە وڵاخ بووە، ئەو پیشە دەستییانەى کە لە شاردا بوون ڕەنگە پێویست نەکات هەموویان بێنینەوە بەر باس، وەلێ دروستکردنى چەک و تەقەمەنى لەخۆیدا ئاستى باڵا و کارامەیى خەڵکى شار وەدەردەخات کە گەیشتوونەتە پلەیەکى شیاو.. لە ساڵانى 1900 – 1902 دا توانیویانە بڕنەو و ساچمەزەنگ و شەش ئاگرە و یانزەتیر و قپاقلى و دەمانچەى دوولوولەیى و چەندان تفەنگى هەمەجۆر دروست بکەن و ببێتە جێى سەرنجى عوسمانلى و سوڵتان عەبدولحەمیدیش، ئەمە جگە لە شێوە هونەرییەکانى ڕازاندنەوە و بەخشینى هونەرێکیش بە دروستکراوە پیشەییەکان. ئەوەى ئێستا بۆ ئەم شارە ماوەتەوە چەند پیشەیەکن کە ڕووەو کەمبوونەوە و لەناوچوون دەچن و وەختە نەمێنن، بەهۆى هێنانى کاڵاى بیانییەوە کە دڕى بە هەموو شتەکان داوە و شوێنێکى نەهێشتۆتەوە بۆ مۆرکى ناوخۆیى و بەڵکو داخرانى ئەو کارگە کەمانەش کە لە شاردا هەبوون.. پیشە دەستییەکان چیتر ڕەواجیان نەماوە و جگە لە هیلاکى و دڵساردبوونەوەى پیشەوەران شتێکى دیکە بوونى ئەوان و شارى پێوە وابەستە نییە.. ئەمەش لە گۆشە ڕوونەکەیدا داماڵینى کیان و بەرهەمى مرۆییە و مرۆڤگەلێکمان هەیە بێ بەرهەم و بەکاربەرى کاڵا و شمەکە بیانییەکان کە لەڕێى بازرگانانەوە دێنە ناوخۆوە، وەلێ بەکاربەرێکى خراپیش لە بەکارهێنانى کەرەستە هەمەجۆرەکاندا، بێ دروستکردنى پەیوەندییەکى ڕۆحى و ئۆرگانیى لە دەروونى تاکەکانى کۆمەڵگەدا.


پیشە دەستییەکان وەک وتمان نامێنن و کارگەى دارتاشیى و بەرگدوورینەکان گازینۆ و چایخانەیەکان جێیان گرتوونەوە، چونکە پیشەوەرانیش کە داواکاریى لەسەر کاڵاکانیان بەرەو کەمبوونەوە پەل بکوتێ ناچار بۆ بەدەستهێنانى بژێوى ژیانیان بیر لە دابینکردنى ژیانى ڕۆژانەیان دەکەنەوە و پیشەکانیش دەچنە خانەکانى مێژووەوە و بیردەچنەوە.. شار ئەگەر پێى بوترێت شار و لە لادێکان جودا بکرێتەوە، خەسڵەتى دامودەزگاکان بەتەنها خاڵى جیاکارى نییە ئەوەندەى بوونى زەمینەیەکى یتەوە کە قاچەکانى لەسەر ڕابگرێت.. یەکێک لەو زەمینانە بوونى پیشە و کارگە و دروستکردنە، میللەت ئەگەر نەتوانێت بەرهەم بهێنێت ناشتوانێت نە خۆى نە وەچەى داهاتووشى بێنێتە کایەوە، وەک تارمایى فیگەرى کەسێتییە بێبەرهەمەکان دەڕۆن و دەجووڵێنەوە لەودیو هەموو خەسڵەتەکانى ژیار و بوونە کۆمەڵایەتییەکەوە، لێرەشەوە وابەستەبوونى تاک بە خاکەوە چیتر پابەندیى بەخۆوە ناگرێ و بەڵکو زەمینەى نالەبار سەرهەڵگرتنى ئەو لاو و گەنجانەشى بەدوادا دێن کە نیشتمان جێبێڵن، لەبەرئەوەى چ شتێک نییە لەسەرى بووەستنەوە و بە هەواوە قاچەکانیان هەڵواسراوە. پیشەو بەرهەم و پێشکەشکردنى وزەکانى ناوەوە لە دروستبوون و باڵابوونى کەسێتیشدا ڕۆڵێکى ئەوتۆى هەیە، مرۆڤ کە بەرهەمى نەبوو مرۆڤێکى داخراوە و پەیوەندییەکانى بە جیهانى دەرەکییەوە شیرازەکەى لەبەریەک هەڵدەوەشێتەوە. بە بەراوردیش بە ساڵانى پێشوو، بەتایبەتیش لە دواى ساڵانى هەشتاکانى هەزارەى بیستەمەوە، نەک کەسێتیى خاوەنى بەرهەم و سێبەرى خۆى بوو، بەڵکو مناڵانیش لە گەمە و یارییە میللى و ناوخۆییەکانیاندا دروستکەرى پێداویستییەکانیان بوون، مناڵى ئێستاى سەردەمى گڵۆباڵیزە هیچ کارەیە و بەکاربەرێکى زۆر خراپى کەلوپەلەکانیشن، مناڵان ئەو یارییانەى دێتە ناو دەستیانەوە هەرزوو تێکیدەشکێنن و وەک جاران پارێزگارییان لێناکەن، ئەمە نەک لە بەربڵاوى گەیشتنى شتەکان بۆ نێو دەستیان، بەڵکو چ پەیوەندییەکى ڕۆحى و فیزیکیش نەماوە لەنێوان خۆیان و ئامراز و کەرەستەکاندا، مناڵ ئەگەر خۆى شتەکان دروست بکات هەست بەو بوونەش دەکات کە هەیەتى، بەڵام دەبینین لەبرى ئەو پەیوەندییە داخران دەروونى ئەوانیشى تەنیووە، لێرەوە توندوتیژیى جیهانى ناوەوە بەرەوڕووى جیهانى دەرەوە دەکرێتەوە، لەوێشەوە بۆ ترازانى پەیوەندییە سروشتییەکانى نێو کۆمەڵ و دابڕانى مرۆ لە دەوروبەرەکەى کە ئەمەش شتێکە ڕوون و ئاشکرایە و بە ڕۆژى ڕووناک ئاکامەکانى دەبینینەوە.. کۆمەڵگە بێ بەرهەم بمێنێتەوە و ڕۆڵى بەرچاوى ئیتر لەکیس بچێت دەبێت چ داهاتوویەکیش بچنێتەوە کە ئەندێشەکردنى جگە لە کارەسات و دژواریى چیدیکە نییە!!


گەورەبوونى شار.


ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یەکەمین بانگهێشتى ئیبراهیم پاشا کە داواى لە کوردەکانى دەوروبەر و گوندنشینان کردووە بێنە شارى تازەوە، شارى سلێمانى، هەڵبەتە لەو پێناوەدا بووە کە پایتەختى میرنشینەکەیان بگوێزنەوە بۆ سلێمانى و خەڵکان لەو پایتەختەدا نیشتەجێ ببن، هەروەها گەورەبوون لەخۆ بگرێ و ببێتە مەڵبەندێکى گەشەسەندوو، بێگومان ئاراستەکردنى ڕەخنەش لە ئێستاوە بۆ ئەو مێژووە پێدەچێت شتێک لە بەرچاونەگرتن و بەرەو ڕووبوونەوەى ئاکام بێت بۆ ڕابردوو و ناکرێت لەسەر ئاکامەکان هەوڵە سەرەتاییەکان پوچ بکەینەوە، وەلێ لەهەمان کاتیشدا دەپرسین چ جۆرە گەورەبوونێک؟! ئایا کۆمەڵگەیەکى کشتوکاڵیى کە مۆرکى گوندى پێوەیە دەشێت شاریش هەر بەو کایەیە پێى بڵێین شار و ئەگەر وەکو لادێکان هەمان کار بکاتەوە و هەمان خەسڵەتى هەبێت ئەى بۆ جیاوازییەکانى نێوانیان چى؟! ئەم ڕەخنەیە ئەوەندەى ئاراستەى ئێستایەک دەکرێت هێندە دوێنێ قەرزاربار ناکاتەوە، ئەو دوێنێیەى لە ئێستا گەشەسەندووتر بووە و تاکەکانى کۆمەڵگە هەموو پیشەوەر بوون و لەسەر ناردنە دەرەوەى شمەک و هێنانى کەلوپەل ژیاون، ئەو دوێنێیە ئەگەر دواکەوتووش بووبێت، لە ساتەوەختى خۆیدا لەچاو ئێستادا زۆر پێشکەوتووتر و زێتریش خاوەن خەسڵەتەکانى خۆى بووە.. دامەزراندنى شار لەسەر پیشە دەگیرسێتەوە، گۆڕینى پیشەیەکى سەرەتایى بۆ پیشەیەکى زانستى و هونەریى و دیسان پێشکەوتووتر، ئەگەر گوندەکان مەڵبەندى بەرهەمهێنانى بەروبوومى کشتوکاڵیى بن ئەوا شارەکان بەرهەمهێنەرى پیشەسازین، بێ کارگەکان و بێ دروستکراوێکى پیشەیى و میکانیکى ناتوانین بەو شتە بڵێین شار کە وەکو لادێکان بێ و تەنها بە زۆروبۆریى دانیشتوانى ناسنامەى شار لەخۆ بگرێت.


گۆڕینى کار بۆخۆى گۆڕینى خەسڵەتە بنەڕەتییەکانە و هەنوکە بە شارە پێشکەوتووەکانى جیهان دەناسرێنەوە، شارە پێشکەوتووەکان یەکەم و دوایین جاریش بۆ خەسڵەتى پیشەسازییەکى زانستى دەگەڕێتەوە نەک دامودەزگا حکومییەکان، نەک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و نەک زۆریى دانیشتووانى ئەو شارانەش، شار لە کورتترین پێناسیدا دەتوانین بە بەرهەمهێن ناوى بەرین و پێگەشى لەو جوگرافیایەى تێیدایە و کاریگەریشى لەسەر وڵات و کیشوەر و جیهانیش.. بەڵام ئێمە لەم ساتەوەختەشدا بەو پێودانگانە دیسانەوە شارى خۆمان ڕەخنە ناکەینەوە ئەوەندەى بەراوردى دەکەین لەگەڵ قۆناغێکى سەرەتایى شارى ئاساییدا. شارى سلێمانى کە پێشوەخت خاوەنى چەندین کارگە بووە و هەنوکە کارگەیەکى کەم و ئەهلیش بەخۆوە دەبینێ، نەیتوانیووە بۆشاییە بەرچاوەکانى ژیان بشارێتەوە، ئەو شارەى هیچ بەرهەمێکى ناوخۆیى نییە و هەموو شتەکانى لە دەرەوە دێنێت، شارێکى بەکاربەر و جێى تاقیکردنەوەى هەموو جۆرە کاڵاکانە و وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ڕەنگدانەوەیەکى ڕاستەخۆى هەیە لە دروسبوونى کەسێتیدا. لە ئێستادا شتێکمان نییە پێى بڵێین شار و چ شتێکیشمان نەماوە دیسانەوە بە گوند ناوزەدى بکەین، کۆمەڵگەیەکە لە دەرەوەى پێناسە و ناسنامەکان، وەلێ گەورەبوون و فراوانکردنى کە لەم ناونیشانەوە کارى ئێمەیە لەسەرى بدوێین، دیسانەوە گەورەبوونێکى ناشایستە و نەگونجاوە، وەک دارێکى زڕ هەر گەورە دەبێ و پەڵ دەهاوێ و ناشزانرێت بۆ چ شتێک ئەو گەورەبوونە لەخۆ دەگرێ و ئایندەشى بەچى دەگات!!..
کێ دەیەوێت بێتە شارەوە و چوارگۆشەیەکى تێدا داگیر بکات یاسایەک نییە ڕێى لێبگرێ و ڕێشى پێبدات، بەڵکو لە دەرەوەى بەرنامە و پلانەکانە و لە ڕووە یاساییەکەشەوە لەودیو یاساکانى شاردایە، ئەگەر زەبرى سیاسەتى داگیرکارانەى پێشوو لەسەر گەلى کورد شیرازەکەى وەها لەبەر یەک هەڵوەشاندبێتەوە بهێنینە پێش چاو، لێ لە سنوورێکدا، لە قۆناغێکدا پێویستە ئاوڕى شیاوى لێبدرێتەوە و کەسانى پسپۆڕ و شارەزا کارى تێدا بکەن و بە ئاراستەیەکى تەندروستدا بیبەن، بەڵام بەداخەوە وەک وتمان پلان لە خاڵى سفرى سارددا بەستوویەتى و گرژە یاخود مەلۆتکەش نییە. وەک دەبینین لە ئێستادا شار گەورە دەبێت، ئەم گەورەبوونەش تەنها زۆربوونى خانووى نیشتەجێبوونى هاوڵاتیانە نەک گەورەکردنى شیاو و ئاسۆ فراوانیى بۆ کردنەوەى شتى نوێ، هەر گەڕەکە بۆ خۆى خاوەنى نەخۆشخانەى گەشەسەندوو نییە، بازاڕى پێویست نییە و وەک دەبینین هەموو خەڵکى شار سەلەنوێ دەڕژێنەوە بۆ جەرگەى شارەکەى ئیبراهیم پاشا و بۆ بەدەستهێنانى کەلوپەلە پێویستەکانیان بەرەو بازاڕى گەورەى تێکچڕژاو دەکشێنەوە، واتە هاتنى گەڕەکە نوێیەکانیش بەتەرزى کۆنەکان هەموو دێنەوە بۆ گوندە خنجیلانەکەى جاران و هیچ لە مەسەلەش نەگۆڕاوە، بەڵکو بە کردەیەکى بێئاگایانەش دیسانەوە ئەو ئاپۆرە زۆرە پەلکێش کراوەتەوە بۆ جەرگەى شار، شوێنە دێرینەکان دەڕووخێنرێن و ئەپارتمان و تەلارى بڵند و سەرکەش دێنە جێگەیان، جەرگەى شارى خنجیلانە بووەتە جەرگەى بازرگانیى و بەناوى نۆژەنکردنەوە ناسنامە دێرین و مێژووییەکەش سڕدراوەتەوە، ئەمەش کارێکى تابڵێى هەڵەیە و هەرگیز نەبووە بە مێژووى ئێستاکە مێژووى دێرین لەبەین بچێ و لەگۆڕ بنرێت.. لە دوێنێدا ئەگەر زانیارییەکان لە قۆناغى کاڵدا بووبن، ئێستاکە باس لە کۆمەڵگەى مەدەنى و شارستانى و گڵۆباڵیزە و مۆدێرن دەکرێت، ئاگایى ئێستا ئاگاییەکە لە نائاگاییدا دەژى، گەورەبوونیش جگە لە هەڵئاوساندن و پف بوونەوە چیدیکە نییە و بەڵکو شارێکیشە پانتایى یادەوەرییەکانیشى لێداماڵراوە و لەسەر ڕووبەرێک ڕەشکراوەتەوە وەک شقلى و پقلى مناڵان، هێڵى پێکداچووى ئەو مناڵانەى هێشتا نەچوونەتە قوتابخانە!!


شار و نەبوونى کار.


وەک وتمان خەسڵەتى بنەڕەتى شار ( کار ) دەستنیشانى دەکات و بەپێى کار و ئیش شار لە شارۆچکە و لادێ جیادەکرێتەوە، شارى سلێمانى چەشنى شارانى دیکەى کوردنشین هێشتان خاوەنى تایبەتمەندیى شار و پێکهاتە شارستانییەکانیان نین، ئەم شارە هەروەکو ئاماژەمان پێدا لە ڕابردوویدا خاوەنى پیشە دەستییەکان و بەرهەمى خۆیى بووە و هەنوکەش ئەو تایبەتمەندەى لەدەست داوە.. بێ بەرنامە و پلانێکى زانستى گەورەبوونیش بەخۆوە دەبینێ و هەمووان لەسەر چاوگێکى نادیار تیایدا نیشتەجێن، موچەخۆرانى دامودەزگاکان نەبێت چ شتێکى دیکە نییە پێى لەسەر ڕاگیر بکات و تەنها بازاڕى ساغکردنەوەى شمەکە بیانییەکانە.. پەنجەشمان خستە سەر ئەو لایەنەى چ جۆرە بەکاربەرێکى کاڵا و کەلوپەلەکانیشە، لەم میانەشدا هەڵبەتە هێنانى شمەکى دەرەوە و فرۆشتنەوەشى بە خەڵکى شارەکە، ڕۆیشتن و چوونە دەرەوەى پارەوپوولێکى زۆریش بەرەو وڵاتان و هێنانەوەى ئەو پێداویستییانەى کە ئەمڕۆ شیاوى بوون بە پێویستییەکانن کە لەسەریان ڕاهاتووین. واتە بازاڕێکى کراوە بۆ هەمووان و ئەم بازاڕەش هەڵبەتە زۆر جار بەناوى بازاڕى ئازادەوە ناوزەد دەکرێ و لەو ڕێیەشەوە جۆرە سەربەستییەکى داوەتە نرخ و بەهاى شمەکەکان کە هەر کەسە و ئازاد و سەربەست، بێ سڵەمینەوە و بوونى یاسایەکى سەقامگیر و پابەند بە ئابوورى کوردستانەوە کاڵاکانیان ساغ دەکەنەوە و چەندین نرخ و بەهاى هەمەجۆر دەبینرێت لەسەر هەمان شمەکە دیاریکراوەکان و هەڵبەتە لەم پێناوەشدا شتى باش و خراپ بوونى بۆ پەیدا بووە.. ئەمەش لەو پێودانگەوە دەوڵەمەند و خاوەن سامانەکان دەڕۆستى کڕینى شتە باشەکانیان هەیە و نەداران و هەژارانیش، چینى ناوەندیش شتە کەم بەها و هەرزانەکان.. پێشتر باسمان لەوە کرد لەگەڵ گەورەبوونى شاریشدا هێشتا خەڵکانى دوور لە بازاڕ و تازە هاتووەکانیش، دەوروبەر و شوێنە دوورەکان لە جەرگەى شارەکەوە دیسانەوە دەڕژێنەوە بۆ ئەو جەرگەیە، بێگومان هۆکارى سەرەکیش بوونى نرخێکى هەرزانترى شتەکانە وەک لە شوێنە دوورەکان. شمەک و خۆراک و کەلوپەل و پێداویستییەکان هەمیشە لە جەرگەى بازاڕدا هەرزانترن وەک لە گەڕەکە دوورەدەستەکانى، ئەمەش بەهۆى نەبوونى کارەوەیە نرخەکان وەها دروست بوون و جیاوازى هەیە لەنێوانیاندا، ئەوەى کاسپى دەکات و خاوەن دوکانێکى گەڕەکێکە، لە چەقى بازاڕدا شتەکان دەکڕێ و دواتر لاى خۆى نرخى دەخاتە سەر، ئەگەر ئەوە نەکات ئیدى بێ ئیش دەمێنێتەوە و بەڵکو کار و ئیش بوونى نامێنێت، وەک ئەوەى کرێى ئوتمبێل و پاسەکان کە یەک کرێى بارکردنى کاڵاکانى خۆیەتى لە هەمووان وەربگرێتەوە.. خەڵکى شاریش هەمیشە گلەیى و گازندەیان لەو کارەیە و تەنانەت دەسەڵات و حکومەتیش تا ئێستا نەیتوانیووە سنوور و یاسایەکى بنەڕِەتى بۆ ئەو ڕەوشە بدۆزێتەوە. نەبوونى کار وایکردووە ئیش و بیرکردنەوە لە پرۆژەى نوێ چپەدوو و نهێنى وەمێنێ تا کەس ئاگاى لێ نەبێت، هەمووان وەختێک بیر لە کارێکى نوێ دەکەنەوە، هەڵبەتە ئەمەش دیسانەوە هەر هێنانى شمەک و کاڵاى نوێترە، نایانەوێت کەسێکى دیکە دەرک بەوە بکات و لەگەڵ جووڵە و کارکردنیشیدا، دیسانەوە زۆرینە چاوى لێدەکەن و هەمان کار پەیڕەو دەکەنەوە، کار و کاسپى تەنها شتێکى کاتییە و ماوەیەک بڕ دەکات، دواتر شتى دیکە دێنە جێگەیان و سەرەتاش وەک ئاماژەمان پێدا شتێکە بەدزییەوە دەکرێت ئینجا هەمووان هەمان کار دەکەنەوە.. یرکردنەوە لە کار کە ئەوەندەى لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندییە تایبەتییەکانە و مسۆگەرکردنى بژێوى ژیانە هێندە بۆ خزمەتکردن و پێشخستن نییە، شارێک کە زەمینەى ئیشى تێدا هەر بەم شێوەیە بێت بێگومان لەوە خراپتریش ڕووى تێدەکا و دیاردەى ناوازەش بەخۆوە دەبینێت.


جۆرى کار لەم شارەدا، وەک شارانى دیکە، بەتەرزى ڕاوکردنە، تەپکەنانەوە و یاساى جەنگەڵى پێوە دیارە ئەوەندەى کۆمەڵگەیەکى مەدەنیى و شارستانیى، کڕینى خۆراک و میوە و سەوزە پیشاندانى هەرە جوان و باشەکانە و لەکاتى فرۆشتنیشدا ساغکردنەوەى شتە خراپەکان، واتە پیشاندانى باش بۆ ڕاکێشانى سەرنجەکان و پێدانى قەڵب و نابووت بە بەرامبەر وەک فاریزە دانان و پڕکردنەوەى شیعرێک بە وشەهایەک کە پێویست نەکەن.. بۆ نمونە تەماتەیەکى جوان پیشاندەدرێ و نمایش دەکرێت، بەڵام لەکاتى فرۆشتنیدا تەماتەى گەنیو و خراپ پاشکۆى پێویستن و چەندەها دەنگ و زایەڵە و پرتەوبۆڵەى لێدەبێتەوە بە هاوشانى سوێندە ناپێویستەکان.. لە یەک کاتدا چەندەها ئاست هەیە لە هەموو شتەکاندا، کامەیان لە هەمووانیش باشتر و گرانترە دیسانەوە مافى هەڵبژاردن ناداتەوە بە کڕیار، ئەوەى سەیرترین شتە، هەڵبژاردنى هەموو پێویستییەکانە بە ئارەزووى خۆت، وەلێ خۆراک و خواردەمەنى کە لایەنى تەندروستى تێدایە و لە ڕووە پێویستەکەوە پێشێلکردنى هەق و مافەکانە، لە شارێکدا بۆت هەیە پێڵاو هەڵبژێریت بەڵام بۆت نییە ئەوەى دەیخۆیت بە مەیلى خۆت بیکڕیت، لە دوکانەکان، لەسەر عەرەبانە دەستگێڕەکان، بۆت نییە هەڵبژێریت و وەڵامى ئەوەت چنگ دەکەوێت کە لە عەلوەکە وەها وەریانگرتووە، ئەوێش بەرپرسیار بکەیتەوە دەیخەنەوە وێزەى جوتیارانەوە کە ئەوانیش وەها باش و خراپ پێکەوە هەڵدەڕێژن، لێرەدا هیچ یاسایەک بوونى نییە و کێشەیەکى بەردەوام و نەبڕاوەى هەمووانە.. لێرەشەوە نەبوونى متمانە بە یەکترى، نەمانى ڕێز و خۆشەویستى سەرهەڵدەدات لەناو کۆمەڵگەدا، ئیتر هەموو بەهاکان دادەماڵرێن و بەرژەوەندى جێیان دەگرێتەوە، ترازانى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکە توندوتیژیشى لێدەکەوێتەوە، لە بازاڕێکى بەناو بازاڕدا هەزاران فرتوفێڵ و قۆڵبڕین و تەڵکەبازیى بکرێ و دەمارى مل و هەموو جەستەى تێدا گرژ ببێت، نیگارى ڕاوشکاریى بەرجەستە بکاتەوە و ئەمڕۆ هەموو زەمەنێکى ڕەها بێ و سبەى لەبەرچاو نەگیرێت، دەبێت چ ئایندەیەک ئەو کۆمەڵگەیە بەرەو مەدەنیى پەلکێش بکات؟! هەرچەندە ئەوەى بێماناترین شتە تێیدا مرۆڤە و هیچ حسابێکى بۆ ناکرێت، لەو چرکەساتانەشدا کە هەرگیز چرکە ڕاستەقینەکان نین و کەس لەو چرکەیەدا ناژى کە دەیبینێت، ئیتر چ ئەمڕۆیەک تۆمار ببێ تا ئایندەشى لێ پێک بێت!