په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠٢٦

سلێمان قاسمیانی(کاکە)

دەنگی شیعری شۆڕشگێرانە لە گەرووی تێکۆشانی چینایەتیدا.

عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

 

سلێمان قاسمیانی(کاکە)؛ یەکێکە لە دەنگە شیعرییە سۆشیالیستەکان کە لە جەرگەی شۆڕشی ئێراندا هاتە مەیدانی خەباتی چینایەتی لە کوردستان. کاکە بە چەک و وشە لە سەنگەردابوو. بەچەک وەک بازووی پۆڵایینی چینی کرێکار، پێشمەرگەیەکی کۆڵنەدەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بوو و بە وشەش وەک شاعیر و نووسەری چینایەتی و بەرگریکەرێکی سەرسەخت و ماندوونەناسێکی بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار هەڵسوڕاو بوو. کاکە هەر بەتەنها شاعیر نەبوو، بەڵکو ڕۆژنامەنووسێکی چالاک و لەهەمان کاتیشدا چالاکوانێک بووە دژ بە ستەم و توندوتیژی سەر ژنان و منداڵان. (کاکە)ی شاعیر بەبڕوایەکی قووڵ بە مارکسیزم چاکی لێدەکات بە لادا و دەکەوێتە هەنگاونان بۆ سەرکەوتن بەسەر پەیژەکانی خەبات. کاکە وەک شاعیرێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکانییەوە لە هەوڵی بەرجەستەکردنەوەی شیعری پرۆلیتاری بووە لە کوردستان.


سلێمان قاسمیانی(کاکە) وەک شاعیر.


کاتێک ڕاپەڕینی جەماوەری ١٩٧٩ دژی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران سەریهەڵدا، ئەودەم کاکەی شاعیر تەمەنی بیست ساڵان بوو. هەر ئەو ڕۆژانە وەک شاعیرێکی گەنج بە نووسین و خویندنەوەی شیعری شۆڕشگێڕانەش بەشداری ئەو ڕاپەڕین و خەباتە دەکات. کاکە لەجەرگەی ئەو خەباتەدا قاڵ دەبێتەوە و ئاسۆی نووسینی ڕووناکتر و شێلگیرانەتر دەردەکەوێت. تا سەرەنجام لەسەر ڕەوتی ئەدەبی کرێکاریی دەگیرسێتەوە. ئیتر لەو ڕۆژەوە تا ئێستا کاکەی شاعیر بەردەوام شیعر و نووسینەکانی لەبەرژەوەندی چینایەتی کارگەراندا نووسیوە و دەنووسێت.
هە‌رچی ڕۆژە
لە كارگە‌ی پۆڵا تاوێنا
خوێن دە‌کە‌مە ڕە‌گی پۆڵا و
نانێك، دوو نان دە‌بە‌مە‌وە‌!
گیان دە‌بە‌خشم
بە ماشین و بە كە‌رە‌سە و كارگە‌کان و
زە‌ڕڕە زە‌ڕڕە دە‌توێمە‌وە‌
مە‌رگ بۆ خۆم دە‌نێمە‌وە‌!
بزە و تروسکە‌ و ئاسایش‌
حە‌ز و هێز و تین و توانم
دە‌بە‌م، دە‌یکە‌مە ناوجە‌رگی
بێبە‌زە‌یی و بزە‌ی پارە و...
دە‌رگای گریە و ڕە‌نج و مە‌ینە‌ت
لە خۆم و گشت کە‌سوكارم دە‌کە‌مە‌وە‌!
(١)

سلێمان قاسمیانی(کاکە) گەرچی زوو کوردستانی جێهێشت و چووە وڵاتی سوید، هەر لەپەیوەندیدا بوو لەگەڵ کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و خەباتی چینایەتی لە کوردستان. ئەو لە سویدیش بە شیعر لەسەر ڕێچکەی شیعری کرێکاریی بەردەوام بوو.

من کۆڵبەرم، ژینە بارم
ژینی مناڵ، کەس و کارم
چی بازگەیە، چەمە، کێوە
دەبڕم، دیسانیش نەدارم
نانم لە زارئەژدیهاداس
داری دارایە نەیارم
ئەستێرەی ئاسمان دەزانن
بۆ پشوویەک بێقەرارم.
(٢)

ئیتلزامی چینایەتی شیعر لای کاکە، ئیلتزامە بە خەبات لەپێناو ئامانجە بەرزەکانی ئینسان. ئەمەش شوناسی شیعریی و ئاوێنەی ناسینەوەی پەیامی چینایەتی ئەدەبە لای کاکە و هەموو ئەو ئەدیبانەی کە لەو گۆشەنیگایەوە دەڕواننە ئەدەبی کرێکاریی.

سلێمان قاسمیانی (کاکە) وەک ڕۆژنامەنووس.


سلێمان قاسمیانی(کاکە) جگە لە نووسینی شیعر، لەبواری ڕۆژنامەگەریدا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە. کاکە سەرنووسەری گۆڤاری هانا(خوولی یەکەم) لە ١٩٩٥ تا ٢٠٠٣ لەئەستۆ دەگرێت. گۆڤاری هانا هەر تەنها گۆڤارێک نەبوو، بەڵکو پرۆژەیەکی مەعریفی چینایەتی بوو. جگە لە دەرکردنی گۆڤارەکە، کتێبیشی بۆ نووسەران چاپ دەکرد. خوولی دووەمی گۆڤاری هانا لە ٢٠١٦ وە دەست پێدەکات و هەشت ژمارەی گۆڤاری هانا دەرچووە. (٣)کاکە جگە لە گۆڤاری هانا و چاپکردنی کتێب، سایتی گۆڤاری هانا بەڕێوە دەبات و لەهەمان کاتیشدا ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هاناش بەڕێوە دەبات.(٤) لە وڵاتی سویدیش کاکە بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سەرنووسەری گۆڤاری (مناڵان بەر لە هەموو شتێک) بە زمانی سویدی بووە.(٥)

سلێمان قاسمیانی(کاکە) و شیعری منداڵان.

کاکەی شاعیر لەبواری نووسینی شیعری منداڵاندا هەوڵی خۆی داوە. نامیلکەی (ئاو و هەتاو) کە ١٠ شیعری منداڵان لەخۆ دەگرێت، هەوڵێکی شاعیرە بۆ بەشداریکردن لەو جیهانە بێگەردەی منداڵان.

پێستی مرۆڤ سوور بێ یان ڕەش
سپی یان زەرد تار بێ یان گەش
ئینسان هەر ئینسانە گیانە
ناگۆڕی بەهۆی ڕەنگی لەش

بەیەک چاو دەڕوانێتە خەڵک
ئینسانی ئازاد و دڵپاک
دڵی لیدەدا بۆ گشت کەس
شادی گشتی دەوێ نە تاک.
(٦)

شاعیر پێچەوانەی زۆربەی ئەو شاعیرانەی شیعر بۆ منداڵان دەنووسن، بە دیدگایەکی پێشکەوتووخوازانەوە بنەما پەروەردەییەکانی شیعر بە سادەترین شێوە و بە زمانێکی جوان دەیخاتە بەرچاو منداڵانی چاوگەش.


ئەنجام.


لەکۆتاییدا سلێمان قاسمیانی(کاکە)ی شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسی پێشکەوتووخواز(*)، لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ژیانیدا و لەڕێگەی شیعرەوە بەشداری ڕاپەڕینی جەماوەری ساڵی ١٩٧٩ ی ئێران دەبێت و دواتر لەڕیزەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بە وشە و چەک خەبات دەکات دژ بە ستەم و نایەکسانی کۆمەڵگە. دوای گەیشتنیشی بە ئەوروپا هەر بەردەوام دەبێت و چەندین کتێب بەزمانەکانی کوردی و فارسی و سویدی بەچاپ دەگەێنێت. گۆڤاری هانا بە دوو خوولی جیاواز دەردەکات و دەبێتە سەرنووسەر. سایتی گۆڤاری هانا بەڕێوە دەبات و ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هانا دادەزرێنێت و بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک سەرنووسەری گۆڤارێکی منداڵان بە زمانی سویدی لەئەستۆ دەگریت.

(*)سلێمان قاسمیانی (کاکە) ی شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە ساڵی ١٩٥٩ ی زایینی لە شاری سەردەشت، لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارە تەواو کرد و دوو ساڵ لە دانشسەرای ڕاهێنانی مامۆستای قۆتابخانەی سەرەتایی لە شاری "نەغەدە" دەرسی خوێند و دوایی وەکوو مامۆستای سەرەتایی لە دێهاتەکانی سەردەشت دەستی بە کار کرد. لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری ١٩٧٩ دژی دەسەلاتی پاشایەتی، کاکەش چووە ناو کۆڕی ڕاپەرینەوە و بە نووسین و خویندنەوەی شیعری شۆرشگێرانەش بەشداری خەباتەکە بوو. دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، چالاکی ئەدەبی و کۆمەلایەتی کاکە بۆ ئازادی و بەرابەری پەرەی سەند و چووە ناو ریزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٤ەوە کاکە لە سوید دەژی. ساڵی ١٩٩٥ خوێندنی باڵای کۆمەڵناسی لە سوید تەواو کرد و لەو کاتەوە لە مەیدانی پێشگیری و کۆتایی هێنان بە توندوتیژی نامووسی، کاری کردووە. ساڵی ٢٠٠٦ خەڵاتی "رێکخراوی بیرەوەری فادیمە"ی لە سوید پێشکەش کرا بۆ ڕێزگرتن لە چالاکی بەربڵاوی لە کۆمەڵگای سویدی دژ بە کولتووری نامووسپەرستانە و ژنکوژی. هەر لە سەرەتای لاوێتیدا دەستی بە نووسینی شیعر کرد.لە نێو ڕیزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا زۆرێک لە شیعرەکانی دەم بە دەم دەخوێنرانەوە و وەکوو سروود دەوترانەوە. یەکەم سروودی ڕەسمی کۆمەڵە بە نێوی "پێشمەرگەی کرێکارانین" لە شیعرەکانی کاکەیە. تا ئێستا ١١ کۆمەڵە شیعر بە کوردی، چوار بە فارسی و سێ دانە بە زمانی سویدی لێ بڵاوکراوەتەوە. بێجگە لەوانە بە زمانی سویدی هەشت کتێبی لە سەر بابەتی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر وەکوو مافی مناڵان، ئازادی تاک و ئازادی سیاسی، مەسەلەی دین و توندوتیژی، راسیسزم و نسبییەتی کولتووری بڵاوکردۆتەوە. سەرجەم بەرهەمی چاپکراوی کاکە ٢٩ کتێبە.سلێمان قاسمیانی وەک سەرنووسەری گۆڤاری ئەدەبی و کلتووری "هانا" کە خولی یەکەمی لە ساڵانی ١٩٩٥-٢٠٠٣ دەرچوو. هەروەها خولی دووەمی گۆڤاری هانا لە ٢٠١٦ ەوە دەستی پێکردەوە و هەشت ژمارەی لێدەرچووە و ئێستا لە بڵاوبوونەوە وەستاوە. جگە لەمانەشسلێمان قاسمیانی(کاکە) ماوەی ١٢ ساڵ سەرنووسەری گۆڤاری "مناڵان بەر لە هەموو شتێک" بە زمانی سویدی بووە.(٧)
____________________________________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:
١- سلێمان قاسمیانی(کاکە)، تۆفان، شیعر، چاپخانەی هانا، سوید، چاپی دووەم، ١٩٩٥، لاپەڕەکانی ٧ و ٨.
٢- عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ)، ئەنتۆلۆجیای شیعری کرێکاریی کوردی، لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هانا، چاپی یەکەم، ٢٠٢١، لاپەڕەکانی ٣٤٤ و ٣٤٥. جێی ئاماژەیە لەم کۆپڵەیەدا نیوە دێرێک شاعیر بەخۆی دەستکاری کردووە و من نیوە دێڕە دەستکاریکراوەکەی شاعیرم داناوە.
٣- دوا ژمارەی خووڵی دووەمی گۆڤاری هانا ژمارە ٨ ی ساڵی ٢٠٢٣.
٤- ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاری هانا لەواقیعدا لە دوو شاعیر و ئەدیبی کرێکاریی پێکهات ئەوانیش سلێمان قاسمیانی(کاکە) و عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ) بوون. شایانی باسە ئەم ناوەندە لەچەندین بۆنە هەڵویست و ناڕەزایەتی سیاسی چینایەتی خۆی دژ بە پێشێلکارییەکانی ئازادی لە کوردستان دەربڕیوە.
٥- گۆڤاری(مناڵان بەر لە هەموو شتێک) گۆڤارێکی تایبەت بە منداڵان بوو و بەزمانی سویدی دەردەچوو، ژمارەی یەک لەساڵی ٢٠٠٣ هاتە دەر و دواژمارەش لە ساڵی ٢٠١٢ بڵاو بۆوە.
٦- سلێمان قاسمیانی(کاکە)، ئاو و هەتاو، شیعر بۆ منداڵان، ئینتشاراتی هانا، سوید، چاپی یەکەم، ١٩٩٥، لاپەڕە ١٩ و ٢٠.
(٧)عەبدوڵا سلێمان(مەشخەڵ)، ئەنتۆلۆجیای شیعری کرێکاریی کوردی،لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی هونەر و ئەدەبی کرێکاریی هانا، چاپی یەکەم، ٢٠٢١، لاپەڕەکانی ٣٣١ و ٣٣٢.


سەرەتای نیسانی ٢٠٢٦

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک