٥\٧\٢٠٢٠
سمکۆ محەمەد،
دیوە
نەگوتراوەکانی پشت دەقەکانی ئەحلام مەنسوور ئاشکرا دەکا.
سازدانی دیمانە: ستار
ئەم
دیمانەیە کە لەگەڵ نووسەر و رۆژنامەنووس سمکۆ محەمەد ئەنجام دراوە،
تایبەتە بە قسەکردن لەبارەی ئەحلام مەنسوور کە ناوێکی دیاری رۆشنبیری و
ئەدەبی کوردییە. ئەحلام لە ١/٧/١٩٥١ لە خانەقین لە دایک بووە و لە ١٠ی
کانوونی دووەمی ٢٠١٣ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.بە بۆنە ی یەکی
تەمووزە، لە ساڵوەگەڕی ٦٩ ساڵەی لەدایکبوونی ئەحلام، دیمانەکەکراوە.
یاخیبوون
باجی قورسی ھەیە، بەتایبەتی لە دنیای کۆمەڵایەتیی کوردیدا باجی قورستری
ھەیە کە ھەم ئاینی و کولتوور و ھەم رەوشت، نەخاسمە کارەکتەرە یاخییەکە
لە رەگەزی مێ بێت، ئەحلام مەنسوور یان "ژنە یاخییەکەی ئەڵوەن"
نووسەرێکی گەورە بوو لە فەزای ئەدەبی کوردی و لە رۆژنامەگەریدا ناسراو
بوو، ھاوکات یاخی و بوێر و سەربەست و جیاواز بوو، چەندان دیوی شاراوەی
لە دنیای نووسین و ھەوراز و نشێو ھەیە لە ژیاندا. پاش مەرگی ئەحلام،
زۆر قسەوباسی جۆراوجۆر و ھەڵبەستراویان بۆی داتاشی و کار گەیشتووەتە
ئەوەی راستی و خەیاڵیان تێکەڵ و پێکەڵ کردووە، بۆ نموونە بابەتی
"ئەحلام و شیعری ماچی خودایی مامۆستا ھێمن موکریانی"، شەفافیی لە
ھەڵسوکەوتی خۆی و کارەکتەرەکانی ناو بەرھەمەکانی و ھۆکاری دەرکەوتنی
ئەحلام لەناو خوێنەرانی نێرینە زیاتر وەک لە مێینە و عاشقبوون و
ھاوسەرگیری ئەحلام و کۆمەڵێک بابەتی تر، بۆیەکلاکردنەوەی راستییەکان،
رووی پرسیارەکانمان ئاراستەی نووسەر و رۆژنامەنووس "سمکۆ محەمەد" کرد.
چونکە ئەو ھاوڕێی نزیکی ئەحلام بووە و راز و نیازی لای سمکۆ بەئەمانەت
سپاردووە، بۆیە ئەو دەتوانێ پەردە لەسەر راستییەکان لابدات.
پرسیار: با لەویوە
دەستپیبکەین ئایا ئەحلام مەنسوور بۆچی دەینووسی و بۆچی وەک پیاوان
نەیدەنووسی؟
سمکۆ محەمەد:
لەوێوە دەست پێ دەکەم کە بۆچی نووسەر دەنووسێت و بەتایبەتی بۆچی ژن وەک
پیاو نانووسێت، سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین کە نووسین ھەدەفە، بۆیە ھەموو
نووسەرێک بۆ سەلماندنی بوونی دەنووسێت، ئەگەر ژن بێت و لە کۆمەڵگەیەکی
داخراودا بێت و بیەوێیاخی بێت، پێویستی بەوەیە باجی کۆمەڵایەتی بدات
تا زیاتر بیسەلمینێ کە ھەیە، چونکە لە کۆمەڵگەی داخراودا پلە دووی
مرۆڤە، ئەحلام یەکێک بوو لەو ژنانەی لە سەرەتای گەنجێتییەوە باجی خۆی
دا و خۆشی سەلماند.
ئەوەی کە مێژووی نوێ بۆمان دەگێڕێتەوە، ئەو ئەدەبە نییە کە لەرێی خەیاڵ
و فەنتازیاوە گریمانەی پێشھاتە نادیارەکانی ژیان دەکات، بە پێچەوانەوە
ئەوە واقیعە نووسەر ناچار دەکات خەیاڵ بکات بەواقیع، بۆ نموونە ئەدەبی
مۆدێرن وێنە و چیرۆک و پاڵەوانەکانی نەناسراون وەک ئەوەی لە میتۆلۆجیای
یۆنان و ھیند و میسر ھەن، ئەحلام وەک کارەکتەرێک چونکە خۆی شەفاف بوو و
بەوەش ناسرابوو کە ھیچ ناشارێتەوە، ھەروەھا ئەو نەترسانەش بوو تخوبی
ئەخلاقی کۆمەڵگەی بەجێھێشتبوو، ئاوھاش پاڵەوانی چیرۆکەکانی ناسراو بوون
و زۆر فشاری بۆ نەبردوون و زیندانی نەکردوون و بەپێچەوانەوە دەستواڵای
کردوون، ئاخر ھەندێک رۆماننووس ھەن بە ئەنقەست گوایە گرێی دەروونی
لەلای خوێنەر دروست دەکەن، پاڵەوانەکانیان لەناو رۆمان دیل و کۆیلە
دەکەن کە ئەمە لایەنێکی نەرێنی ھەیە بۆ خوێنەرێک کە لەسەر رۆمانیان دەق
بنووسێ.
ئەحلام گەرەکی بوو نووسینەوەی مێژوو بە چیرۆکی واقیعی و پاڵەوانی
واقیعی بسەلمێنێت، ئەو ژنێک نەبوو لەو ریزبەندییەی ژنان وەستابێت تا
زمان پاوان بکرێت، بەپێچەوانەی ھەموو ئەو کەسانەی تێی گەیشتبوون گوایە
فکری فێمێنیستی لە مێشکدا بووە، بڕوا ناکەم ژنانی ناسراو و ناوداری
رۆژئاواییش لەناو ئەدەبدا بەو فکرە کاریان کردبێت، لە ناو فارسدا
فەرووخی فروخزاد و لەناو عەرەبیشدا نەوال سەعداوی و فاتیمە مەرنیسی و
لەیلا عوسمان و ھتد، خاوەنی ئەو گوتارە نەبوون، کەوابوو ئەوان لەگەڵ
تێکشکاندنی بەھای شتەکان نەبوون، بەڵکو لەگەڵ دەق شکاندنی کولتووری و
تێکشکاندنی نەریتخوازی بوون، ناسینی من بۆ ئەحلام دنیایەکی زۆر تایبەت
بوو کە کاری رۆژنامەگەرییەکترناسینەکەی قووڵ کردەوە، لەوێوە کە
ئاشنایەتیم بە نووسینەکانی کرد کە ئەوکات من ھەرزەکار بووم، تاگەیشتە
ئەوەی من پێگەیشتم و ئەو پیر بوو، بەڵام ھەمان ریتم و ستایلی ئەدەبی
ھەبوو، بەڵام خەسڵەتی ھەمان خەسڵەتی جارانییاخیبوون بوو، بۆیە من
نەمتوانی دوور بکەومەوە لێی وەک ھاوڕێ و کەسێکی نزیکی و وەک دادەیەک،
کەوابوو ناسینی من تا ئەو جێیە قووڵ بووەوە کە نھێنی ژیانی بەشێکی
لەلای من دەدرکاند، وەک خۆی بەتاڵ کردنەوە لەو شتانەی بە نووسین
ناگوترێ، بەڵام لێرەدا بەکەڵکی خوێنەر نایەت تا لەو پنتەوە ئاشنایی
ھەبێت ئەوانە بگێڕمەوە، ئەمە بۆ زەمەن و نووسینەوەییادەوەری خۆم بەکار
دەھێنم، چونکە ناکرێ ئەحلام وەک کەرەستە یان کارتێک بۆ خۆدەرخستن و
بازرگانی لە ئەدەبدا بەکار بھێنین، ئەو چ لە رێی کتێب و نووسین و
چاوپێکەوتنەکانی لەرێییادەوەرییەکانی خۆیەوە شوێنێک ھەیە وەک وێستگە بۆ
ناسین و ئاشنایەتی بە خوێنەر، نموونەی ئەو نووسینانەی کە وەک ستوون لە
ھەفتەنامەی ئاڵای ئازادی و رێگای کوردستان بۆم بڵاو کردووەتەوە.
ھەروەھا ئەو دەقانەی کە ھاوشانی عەتا محەمەدی چیرۆکنووس پێیدا
دەچووینەوە.
پرسیار: پرسیارێکی
بەردەوام ھەیە، ئەویش بۆچی ئەحلام لەناو خوێنەرانی نێرینەدا زیاتر
دەرکەوتووە؟
سمکۆ محەمەد: من بە
پێچەوانەوە دەیبینم، چونکە ئەوە نووسەری مێیینە نییە کە لە ناو ئەدەبی
نێرینەدا دەردەکەوێ و بە پێچەوانەوە لەناو مێیینە دەرناکەوێ، بەوپێیەی
ئەدەب و کایەکانی تر کە سەرجەمیان چالاکی دەرەوەی چالاکییە ئاساییەکانی
رۆژانەی ژیانی مرۆڤن، گوتارەکەی بەدەست نێرینەوە بووە و ھەر ئەوان
ئاراستەیان کردووە، لەحاڵێکدا ئەم تێگەیشتنەش کە ناوی نراوە
خودنووسینەوە، لە زۆربەی تێکستەکاندا دیار نییە، ئەمە بەنیسبەت ئەدەبێک
کە ناوی ژنانی لێ نراوە، وێرانترە، چونکە خودنووسینەوە ئەو تێگەیشتنەی
لەلای ژنان دروست کردووە کە لەجیاتی خودێتی خۆی، جەستەی خۆی
نووسیوەتەوە و وەک کاڵایەک و ریسککردن لەو سانسۆرەی کە رێ لە
بەکاڵابوونی دەگرێت لە ئاستی فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی، چونکە پیاو بەو
شێوەیە تەماشای ئەو جۆرە خودنووسینەوەیە دەکات، بەوپێیەی کە کۆدی ئەو
نووسینانە لەوێوە ئاشکرا دەبێت، کاتێک واتای ئەو نووسینانە دەبێتە
مایەی راکێشانی خوێنەر لەرێی جەستەوە، روونتر بڵێم ئەو نووسینانەی کە
بەزمانێک ئاراستەی پیاوکراوە و لە وێنەی سێکسی بەولاوە ھیچی تر نین،
بۆیە جگە لە پیاوان، لە دنیای ئەدەبدا ژن نییە بەدەقی ژنێکی تر سەرسام
بێت و خوێندنەوە بۆ دەقەکە بکات، ئەمە جگەلەوەی کە تەنیا پیاو لە
ئەدەبی کوردیدا خوێنەری دەقە بەمانا تیۆرییەکەی، ئەم فەزایەش کارێکی
وەھای کردووە کە دەقی کوردی چ شیعر و چ رۆمان و چ چیرۆک و ھتد مانایەکی
نوێمان پێ نەبەخشێ،یان لانیکەم نەتوانێ ریسک بکات و دوور بکەوێتەوە لە
دەقی بیانی، ئێمە سەروکارمان لێرەدا لەگەڵ ئاراستەی دووەمی ژنێتی ھەیە
و بۆ دەست بەسەرداگرتنی ناسینی ھۆیەکانی ھەقیقەت، پیاو دەبێ ژن بێ،
دیۆنیزمی نیچە ھەم ژنە و ھەم پیاوە، بوونەوەرێکی دوو رەگەزەیە کە بەر
لە پەیدابوونی بەرامبەرێتی دووانی ژن و پیاو ھەبووە، ھەموو ئەو ئەدەبەی
کە کورد و فارس و عەرەب و پێشتریش رۆژئاواییەکان ھەیان بووە، کارەکتەرە
سەرەکییەکەی مێیینە بووە، چونکە گوتاری تەواوی کایەکانی ژیان بەتایبەتی
ئەدەب بەدەست پیاوانەوە بووە، بۆیە پیاھەڵدان و کارەکتەری سەرەکی ژن
بووە، ئەوەتا شکسپیر لە رۆمیۆ جۆلێت و عشتار، لە ھەزار و یەک شەوە و
کورد و فارس لە خورشید و خاوەر و شیرین و فەرھاد و ھتد. ئەحلام بە
پێچەوانەی ھەموو ئەو ژنانەی کە گوایە ژنانە دەڕواننە کێشەی ژن و
یەکسانی، بڕوای وابوو یەکسانی ژن و پیاو بریتییە لەوەی کە ژنان
ئاگاداری دۆخیدەروونی پیاوانەی خۆیان بن کە بەشێکە لە جەوھەری دیوی
ناوەوەی ژن، بۆیە کارەکتەری سەرەکی لەلای ئەحلام کارەکتەرێک بوو ناوی "سافیە"
بوو، ھەروەھا پیاوانیش بەو شێوەیە ئاگاداری دۆخی ژنانەی ناوەوەی خۆیان
بن کە لایەنێکی دەروونییە، ئەمە لە فێرجینیا وۆڵف فێر بووبوو، ژنان بەو
پێیەی کە جێی سەرنجی پیاوانن، ھەمیشە ئەدەبەکەشیان رۆڵی نووسەرێکی
پیاوانەی پێ دراوە و ئەو مەرجانەشی بەسەردا فەرز کراوە، لەکاتێکدا
ئەگەر ژنان وەک پیاوان بیاننووسیایە و خەسڵەتیان وەک پیاوان بووایە،
مەزنێتی ژن و جیاوازییەکانیان لە کوێ دەردەکەوت لەگەڵ پیاودا، بۆیە ئەو
ھەڵاتنە لە شوناسی ژنێتی لەلای ئەو، وەک ھەڵاتن لە مرۆڤبوون وابوو،
بۆیە ئەم تێڕوانینە جیاوازی ھەبوو، چونکە ئەو زووتر گەیشتبوو بەو
پێشکەوتنەی رۆژئاوا.
ئەگەرچی بزووتنەوەی فێمینیستی بەقینێکی زۆرەوە سەرھەڵدەدات تا
پرسییەکسانیخوازی پیاو و ژن لەدوای سەدەی ٢٠ دەبێ بە ستایلی ژیان،
لەناو ئەدەبی رۆژھەڵاتی و عەرەبی و فارسیش بەو شێوەیە بووە، ئەحلامیش
کە سەرەتا چیرۆکی (پرد)ی نووسی و دەنگی دایەوە و گرێیەکی دەروونی بۆ
خوێنەر لەناو نێرینە و مێینەشدا دروست کرد، چونکە کارەکتەری
پاڵەوانەکەی ژنێکییاخی بوو لە ئەخلاقی سەپێنراوی کۆمەڵگە،
پاڵەوانێکییاخی بوو بارگاوی بە سێکس، چیرۆکەکەش بابەتێکی سێکسییە بۆیە
پیاو دەیخوێننەوە و سەرسام دەبن پێی، بەو پێیەی کێشەی ژن کە کێشەی
کۆمەڵگەیە، بابەتێکی ھەمیشە زیندوو بووە و تا ئێستەش زیندووە،
نووسینەوەی چەپاندنی سێکسی لە گوتاری پیاوانەدا جێی کراوەتەوە، بەڵام
ئەحلام ئەمەی نەکردووە بۆ ئەوەی بناسرێت،یان لەرێی ئەم جۆرە بابەتەوە
ببێتە کارەکتەرێکی چالاک، بەڵکو زیاتر لەوانی تری مێیینە ریسکی کردووە،
بۆیە بەمشێوەیە دەستی بۆ ئەدەب بردووە، تا گوتاری پیاوانە ھەڵبسەنگێنێ
و دواتر لەرێی سێکسەوە دەق بشکێنی کە یەکێکە لە پیرۆزییەکانیکۆمەڵگە،
تا ئەوکات ژنێکی وەھا دەرنەکەوتبوو بەو ستایلە کار بکات،
رەخنەگرتنەکەشی ھەر لە گوتاری پیاوانەیە کە مامەڵەی خراپ و ناشایستە و
نامەدەنییانە لەگەڵ ژن دەکەن کە ئەمە بەرھەمی گوتاری ئاینی و کولتووری
داخراوی کۆمەڵگەی عەرەبی بوو بۆ کورد مابووەوە.
پرسی سەرشۆڕی پیاوان کە دوو مانا و دوو رەھەندی ھەیە،یەکێکیان ئەوەیە
کە پیاو بەو مێژووە ستاندالەی رابردوو ژیانی ھێناوە و یەک ستایلی
دەقگرتووی ژیانی بینیوە، بۆیە سەرشۆڕی بۆ پیاوە باڵاکان و ئاغا و سەرۆک
و پیاوی ئاینی وەک شێخ و مەلا و ھتد، بۆ ماوەیەکی کۆنی کولتووری
عەرەبییە، ئەمە پلەبەندی ژیان بووە کە شتێک نەبووە بە ناوییەکسانی،
رەھەندەکەی تر پرسی چەپاندنیسێکسی بووە کە پیاو ھەمیشە وەک ئەحلام دەڵێ
سەرشۆڕی ویستێکی غەریزیی بووە کە ژن تاکە ھۆکاری دامرکاندنەوەی ئەو
غەریزەیە بووە و لە ھەمان کاتیشدا مەترسی و قەدەغە ئەخلاقییەکە بووە،
جیاکاری نێر و مێ تا ئێستەش بەو فەزا بەناو کراوەیەی ھەیە و بەو ھەموو
یاسایەوە کە لە خزمەت ژنانە، بەو ھەموو خۆ بچووککردنەوەیەی پیاو لە
بەرانبەر سێکس و دواتر کردنی ژن و سێکس بە پێویستی بازاڕی وەک لەلای
چاوبرسی و مێبازەکان ھەستی پێ دەکرێت، تەنانەت لە بەیەکگەیشتنی کوڕ و
کچیش بەحەڵاڵی ھەمان مانای وەرگرتووە، مارەیی و زێڕ قبووڵکردن وەک
پاداشتی سێکسی لەلای ژنان و بە ئیفتیخارەوە،یەکێک لە ماناکانی بە
کاڵاکردنی ژنە، کەوابوو چارەسەری ئەو جیاکارییە بۆ منیش
ھیچیەکسانیخوازی چارەسەری ئیشکالی باری کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی کۆمەڵگەی
دواکەوتوو ناکات، ئەحلامیش خاوەنی ھەمان تێڕوانین بوو بۆ ژیان و سێکسێک
کە خەڵک بەو چاوە تەماشای دەکرد. ئەگەر مافی ھاووڵاتی بەبێ
لەبەرچاوگرتنی رەگەز نەبێتە ستایلی ژیان، ئەم تێڕوانینە تا ئەبەد
بەردەوام دەبێت و گرێی دەروونییەکەش ناکرێتەوە، بەڵام ئەگەر وای
دابنێین ئەحلام بۆھیمی و خەیاڵی بووە، نەخێر کەسێکی زۆر واقیعی بوو تا
ئاستی بڕوابوون بە نووسینەوەی چیرۆکی ژیان وەک خۆی و ھەندێک جاریش
نائاگاییانە دەبوو بە کەسێکی ئیدیالیستی، تەنانەت لەگەڵ عەتا محەمەدی
چیرۆکنووس ھەمیشە ئەو کێشەیەیان ھەبوو کە ئەحلام بە ستایلی کلاسیکی
دەینووسی و بڕوای بە واقیعیبوون ھەبوو، نەک دروستکردنی خەیاڵ و
پاڵەوانی وەھمی و پشتبەستن بە نەریتی نوێخوازی.
پرسیار: ئایە ئەحلام داھێنەر بوو یان لە ژنە پێشەنگەکان؟
سمکۆ محەمەد:
لەبارەی چەمکی داھێنان و نووسەری داھێنەر، ئەگەرچی خۆم بڕوای تەواوم
نییە بە تێرمیان زاراوەی داھێنەر، بەڵام بۆچوونی تایبەتی خۆم ھەیە و لە
شوێنی تر قسەی رژد و میتۆدیم لەسەر کردووە و بڵاو دەبێتەوە، بەڵام
نەمزانیوە ئەحلام وەک تەکنیکی کاری نووسین و ئەدەبی نوێ داھێنەر بووبێت،
چونکە زاراوەی داھێنەر قورسە و پرەنسیپ و مەرجی خۆی ھەیە، داھێنان
بەرھەمھێنانی چەمکە و خوڵقاندنی شتی نەبووە لە توانای کەسیدا، ئەمە
دەڵێم پشت بەو تێکستانە دەبەستم کە خۆی نووسیونی، وەک پێشتر باسم کرد
ئەحلام کلاسیکییانە و سوننەتییانە دەینووسی، تەنیا ئەوە نەبێت کە
ھەندێک جار موبالەغەی بە گێڕانەوەی قسەی پاڵەوانەکان و زەمەنی
رووداوەکانەوە دەکرد، ئەگەر نا ئەو نە وەک ژن و لەسەریدا بیرۆکەیەک
ھەبوو بۆ ئازادی تا بەگشتی ھەوڵی بۆ بدرێت، چونکە بڕوای بە ویستی تاک
ھەبوو خۆی رزگار بکات و ئازاد بێت، تا ئەو ئاستەی زۆر سەرسام بوو بەو
شیعرەی نەزار قەبانی کە بەژن دەڵێ، ئەمە وەرگێڕانە کوردییەکەیەتی و
بەعەرەبییەکەی کێش و سەروای تێدایە و داڕشتنەکەی جیاوازە، "مەوەستە وەک
بزمار، خۆشەویستییان ناخۆشەویستی ھەڵبژێرە، شوێنێک نییە لە نێوان
بەھەشت و ئاگر". تەنانەت ئەم شیعرەی بە زۆربەی خێزانی برادەرەکانی
دەگوت، مەترسە بەرانبەر پیاوەکەت راوەستە، کەوابوو ئەو بەدوای حەزی
خۆیەوە نەبوو لەناو ئەدەبدا، بگرە ئەوەندەی بڕوای بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی
ھەبوو، بۆیە بڕوای بە واقیعبینی بوو و ھیچی تر، من ھەرگیز نەمبینیوەیان
ھەستم نەکردووە ئەحلام بۆ داھێنان بنووسێ، بەڵکو بۆ ئازادی و پچڕانی
زنجیری کۆیلایەتی دەینووسی.
پرسیار: جیاوازی ئەحلام چی بوو لە نێوان ژیانی واقیع و نووسینەکانیدا؟
سمکۆ محەمەد:
لەبارەی جیاوازیی نووسەر و ژیانی واقیعی، (ھیلیس میلەر) کە نووسەرێکی
بەناوبانگی فڕەنسییە، کتێبێکی بەناونیشانی (اخلاقیات القراوە) ھەیە،
لەوێ ئەو لە نێوان نووسین وەک دەق و کەسایەتی نووسەر جودا دەکاتەوە،
ئەمە لەلای "رۆلان بارت" یش بەھەمانشێوە لەبەرچاو گیراوە کە دەق ھیچ
پێوەندیی بە ئەخلاق و فەرھەنگی کەسێتییەوە نییە. بەڵام خاڵە بزربووەکەی
ئێرە چییە، ئەوەیە کە ئەحلام ھیچ خۆی لەپەنای دەقدا حەشار نەدەدا،
رووداو و چیرۆکەکانی کە لە خەیاڵدانیدا تۆماری کردبوون، چۆن بوو وای
دەنووسی و لەژیانی رۆژانەشیدا بەھەمانشێوە رەفتاری دەکرد، بڕوای بە
کولتوور و ئاین و کەسی پلەباڵا و نزم و ژن و پیاو نەبوو، ئەو ھەرزوو کە
ماڵی باوکی جێدەھێڵێت و لە خانەقینەوە دەچێتە بەغدا بۆ خوێندن، بەتەنیا
دەژی و ناترسێ لەو ھێزە نەریتخوازییە ئاینییەی کۆمەڵگە، دوای ئەوەش کە
دەچێتە فڕەنسا بۆ خوێندن و گەشت، کراوەتر دەگەڕێتەوە و درێژە بە ژیانی
فەردی و نووسین و باری کۆمەڵایەتی خۆی دەدات، تا قەناعەت بەوە دێنێ
لەگەڵ (شەوقی کەریم) چیرۆکنووس و کەسێتی ناسراوی عەرەبی کە لە بەغدا
دەژی، ھاوسەرگیری دەکات، شەوقی کەریم جگە لەوەی نووسەر بوو،
ئۆپۆزسیۆنێکی عێراقی بوو، ئەو لەو روانگەیەوە شەوقی دەناسێت و لە ھۆتێل
شیراتۆن نزیک دەبنەوە و ھەر لەوێ ھاوسەرگیری دەکەن، دوای ئەوەی
ماوەیەکی باش بە ھەموو جیاوازییەکانیانەوە پێکەوە دەژین کە پڕ بووە لە
ناکۆکی و شەڕوشۆڕی کۆمەڵایەتی، سەرەنجام کە شەوقی لەلایەن بەعسەوە
دەگیرێت، ئەحلامیش دەچێت لە گرتووخانە بەیاسایی جودا دەبێتەوە و داوای
ھیچ مافێکی لێ ناکات، پاشان بە ھۆی خراپی بارودۆخی زاتی و بابەتی لە
عێراق، بەناچار ھەڵدێت بۆ سلێمانی و لەوێ دەست بەژیانێکی نوێ و نووسینی
کاری رۆژنامەوانی دەکات، سەرەتاش ھات بۆ ھەفتەنامەی ھاووڵاتی و لەوێ
بەکۆی دەنگ وەک ئەندامی دەستەی نووسەران ھەڵمانبژارد و تا ماوەی نزیک
بە ھەشت ساڵ مایەوە و دواتر دوور کەوتەوە.
پرسیار: بۆ نووسینی رۆمان لەلای ئەحلام نەبووە ململانێی لە نێوان
مۆدێرن و سوننەتیدا؟
سمکۆ محەمەد:
مۆدیرنیزم و دابڕان لەو رابردووە کە لە ئەوروپاوە ھات و ستایلی نووسینی
ئەدەبی گۆڕی، پێویستی بە دابڕانێکی فکری ھەبوو، واتە دەبوو ھەر لەڕێی
زمانەوە تا دەگاتە پێکھاتەخوازی و شێوازخوازی و ھتد، ئەمە بۆ ئەحلام
قورس بوو چونکە زەوینەی فکری نەبوو لە ڕابردوودا خۆی بۆ ئامادە کردبێت،
بەڵام چونکە ئەو بەواقیعی مۆدێرن بوو و نەدەترسا لەوەی گومان لە
نوێخوازیبوونی خۆی بکات و گوێی بە قسەی خەڵکیش نەدەدا، بەقەد ئەوەی کە
لەڕێی نووسینی ئەدەبییەوەیادەوەرییەکانی منداڵی و ھەرزەکاری و تا
دابڕانی خۆی لە کۆمەڵگە و خێزانی کوردەواری دەنووسییەوە، بەڵێ لە کتێبی
(گرەوی چاوەکانی ئەم)دا کەسێتی (سافە) واتە سافیناز کە کەسێتییەکی
ژنییاخی خانەقینی بووە و لەگەڵ پیاودا ھەڵسوکەوتی کردووە و قاچاخچێتی و
ئەمدیو و ئەودیوی ئێرانی کردووە و بەتەنیا ژیاوە، بەکاری ھێناوە کە
خوێنەر نەتوانێ سافە بدۆزێتەوە وەک کارەکتەرێکی واقیعی، تەنانەت بۆ
خەڵکی خانەقینیش شاراوەیە، چونکە جوان تەوزیفی کردووە، بۆیە بووە بە
پاڵەوانی ھەرە دیاری نووسینەوەی ئەو یادەوەرییانەی کە نەیدەتوانی
بیانشارێتەوە لە دەرەوەی ئەدەب، ھەمیشە لە گێڕانەوەی چیرۆک و
ئیدیۆمەکانی خانەقین، کەسێتی سافە کە ناوە ئەسڵییەکەی سافیناز بووە، خۆ
دوورخستنەوەشی لە سنووری ژنێتی باو، کاریگەرێتی ئەو ژنە یاخییانە بووە
کە لە خانەقین ھەبوون و بۆ ئەحلام بەشێک بوون لە چێژ بەخشین کە
چیرۆکەکانی دەگێڕایەوە وەک ئیدیۆمێکی ناسراو بە قاقاوە دەیگێڕایەوە،
بۆیە ئەو کارەکتەرانەی ھەڵدەبژارد، چونکە ئەوان یاخی بووبوون لە نەریت
و ئاینی کۆمەڵگە، ھەر ئەمەش بوو کە لایەنگری ئەوانی دەکرد، ئەمە لایەنە
واقیعبینییەکەی بوو، پیاوێکی تری ھەلاج ھەبوو کە ھەمیشە نوکتە و
چیرۆکەکانی دەگێڕایەوە و تەوزیفیشی کردووە لە ئەدەبەکەیدا، ئەویتر کە
ئەدەب و نووسین و ھونەر بوو، پرسی شێوازی گێڕانەوەی ئەحلام بوو لە
کەسییەکەمی تاکەوە بۆ کەسی کەسی دووەم و ھەندێک جار کەسی سێیەمی تاک،
ھونەر لەلای ئەحلام بۆ نووسین دووەمین بیرکردنەوە بوو، چونکە ئەو خەمی
دیکۆمێنتارکردنی واقیعەکان بوو زیاتر لەوەی خەمی ھونەری ھەبێت، بەڕاستی
ئەمە لایەنە نەرێنییەکەی نووسینی ئەحلام بوو لە رۆماندا.
پرسیار: ئەی بەرای تۆ نەوەی پاش ئەحلام چۆن دەتوانن شوێن پێی ئەو
ھەڵبگرن؟
سمکۆ محەمەد:
راستییەکەی ھیچ ژنێکی یاخی وەک ئەحلام لەناو کورددا دووبار نابێتەوە،
چونکە نواندن و واقیع دوو شتی جیاوازن، من نەوەیەک نابینم بەناوی نەوەی
پاش ئەحلام، نە لەناو واقیعگەرایی و نە لەناو خەیاڵ، چونکە ژیانی ئێستە
زیاتر بارگاوی کراوە بە گوتاری ئاینی و بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان،
خوێندکارێکی کچ ئەگەر بیەوێیاخی بێت، ناتوانێ سەرەتا لەناو کۆمەڵگە
تەریک بێت و خۆی رزگار بکات لە سانسۆڕەکان، ناتوانێ خۆی لە
بەرژەوەندخوازی خوێندن و پلە و پایەی سیاسی و راگەیاندن و خۆنواندن و
پاراستنی جوانییەکانی خۆی وەک کاڵایەک، ناتوانێ خۆی بپارێزێ لە سیاسەت
و بەرژەوەندی حزبگەرایی کە نە حزبیان ھەیە و نە دەزانن حزب چییە،
ناتوانن ببن بە خۆیان، ئەحلام ئەو سنوورانەی بڕیبوو، ئەوە باجی قورسی
دەوێ و کەسی ھاروھاجی گەرەکە، ئەمە جگە لەوەی کە نەوەی ئێستە نەوەی
ئایفۆن و کەوانتەر و ماڵ و ماشێنی بەرز و زێڕن، نەک نەوەی دەقێکی باڵا
و خاوەن کەسایەتی، ئەوان ناتوانن بەتەنیا سەر بکەون بۆ شوێنی بەرز،
مەگەر بە ھێزێکی کۆمەڵایەتییان ئابووری و پشتێک سەری بکەون.
جیاوازی نێوان نەوەی کۆن و ئێستە ئەوەیە کە پێوەندیی بە زەمەن و
بیرکردنەوە لەگەڵ زەمەنی لەدەستچووی حەفتا و ھەشتاکانی سەدەی رابردوو
ھەیە، چونکە نەوەی ئەم زەمەنە بڕوای بە بەھا و یادەوەری نووسینەوە و
ئەرشیڤکردن نییە، ھەر کە دابڕا لە تەکنۆلۆجیا، ئیتر لە زەمەنی بەر لە
چەند خولەکێکی پێش خۆی دادەبڕێت، بۆیە ئەم نەوەیە ناتوانێ ئەزموون بە
داھێنانەوە دووبارە بکاتەوە، ھەروەھا بە لەبەرچاوگرتنی
بەرژەوەندییەکانی خودێتی خۆیانیشە، بۆیە ھیچ ململانێیەک لە نێوان ئەو
دوو نەوەیە نابینم، جا چ جای کەسێتییەکی وەک ئەحلام کە لە نەوەی خۆشی
کەس نەیدەتوانی پشبڕکێی بکات، راستە کەسانی وەک بەدیعە دارتاش و گەزیزە
عومەر و کوردستان موکریانی و نەجیبە ئەحمەد و دکتۆرە عەقیلە رەواندزی و
شوکریە رەسووڵ و شیرین کاف و ئەرخەوان و خەڵکی تر ھەبوون، بەڵام ترس لە
داھاتوو، قورستر بوو کە ئێستەش قورسە بەقەد ئەو پێوەرە ئاینی و
کولتوورییە.
پرسیار: ئەدەبیاتی ژنان تا چەند رەنگدانەوەی ھەیە لە بەرھەمەکانی
ئەحلامدا؟
سمکۆ محەمەد: بە
بڕوای من شتێک نییە بەناوی ئەدەبیاتی ژنان وەک ئەوەی پێشتر چەپی
کلاسیکی و کۆمۆنیستە ئیدیالیستەکان، پێیان دەگوت ئەدەبیاتی کرێکاری،
پرسی داھێنەریش باسێکی گرینگی ناو فکر و فەلسەفەیە، شتێک نەماوە لە
دنیا و لە سەرجەم کایەکاندا بەناوی داھێنان، چونکە داھێنان بەواتای
بەرھەمھێنانی چەمک، وەک چەمکەکانی شیتەڵگەرایییان ئەخلاق یان ئازادی،
مەبەست لەوەیە کە چەمێکێک بێت فرەمانا بێت، بۆیە لە ئەدەبیاتیشدا ئەو
کێشەیە ھەر ماوە، چونکە بابەتەکە لەسەر ستایل و شێوازی نووسینە، ھەموو
ئەو نووسینانەی لە دنیادا بەھەموو زمان و کولتوورەکان دەنووسرێنەوە،یەک
ئامانجی مرۆڤی و یەک کێشەیان ھەیە کە کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسییەیەخەی
مرۆڤی گرتووە، بۆیە نە ئەحلام و نە کەسانی تریش داھێنەر نەبوون تا کەسی
داھێنەری وەک ئەلتەرناتیڤی ئەحلام بێتە کایەکەوە، دەکرێ بڵێین کۆمەڵگەی
کوردستانی پێویستی بە کەسانی بە بوێر و خاوەن کەسایەتیی خۆیانە، تا
لەناو ئەدەبیاتدا بۆچوون و تێگەیشتنیان لەبارەی ژنەوە ھەبێ، لەکاتێکدا
ئەدەبیات بەبڕوای من کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەر ناکات، تەنیا دەتوانێ
دیالۆگی تێدا بەرھەم بھێنێ لەناو زمان و کولتوور و خوێندەواردا. ئەمە
دەبێ لە ئاستی کۆمەڵایەتی رەنگ بداتەوە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر
مانایەکی جیاواز وەربگرێت، وەک چۆن ئازادی و ئازادییەکانی تاک لە نەوەی
رابڕدوودا بریتی بوو لە سیاسەت و رزگاری نیشتمانی و نەتەوەیی، ئێستە
بریتییە لە ئازادی تاک و خۆشگوزەرانی، رۆشنبیری کوردی کێشەی زۆری
سایکۆلۆجی تێدایە پێویستی بە ئەدیب نییە بەقەد ئەوەی پێویستی بە زانای
سایکۆلۆجی ھەیە، چونکە دەبێ ئەو گرێ دەروونییانە خوێندنەوەیان بۆ بکرێت
و دواجار بکرێت بە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی بخرێنە بەرباس، چونکە نووسین
تەنیا ئامانجی ئەوە نییە باسی کێشە بکەیت، بەڵکو ئامانجەکەی تری
خوێندنەوەی سایکۆلۆجی و سۆسیۆلۆجییە، وەک چۆن ھۆمیرۆس و ئەدیبە
کلاسیکییەکانی یۆنان و شکسپیری ئینگلیز،
ھاملێت و گرێی ئۆدیب لە شانۆ و لە سیاسەتدا کە فرۆید و مارکس ھەریەک
بەشێوەیەک موناقەشەیان کردووە و لە تێزەکانیاندا رەنگی داوەتەوە،
دەبینین لێرەدایە نووسین و داھێنان لە نووسیندا چ فەزایەکی لە دەرەوەی
فەزای ئاسایی کۆمەڵگەدا خوڵقاندووە و لە کوێدا رەنگی داوەتەوە، بۆیە
داھێنان کاتێک دەبێ کە دەسەڵات و سیستم بھەژێنێ، نەک تەنیا بۆ
لێکۆڵینەوەی موجامەلەیی کە تەنیا بۆ زانکۆکان بەکەڵک دێت
بۆ تەرقییە و بەرزکردنەوەی پلەی ئەکادیمی.
من داھێنان لە ئاستی جیھانیدا وادەبینم و لە ئاستی لۆکاڵی کوردستانیشدا
بە گەورەتر لە خۆی نەک لەناو ژناندا بەڵکو لەناو پیاوانیشدا، رۆژھەڵاتی
ناوەڕاست کۆیلەی چەندان ھێزی دیار و نادیاری کولتووری و ئاینی و سیاسی
و فەرھەنگی و ھتد، ئەوەندەی من بزانم ئەحلام ئەمانەی وەک داتا دەزانی،
بەڵام نەیدەتوانی وردی بکاتەوە و تەوزیفی بکات و لەناو نووسیندا رەنگ
بداتەوە، ئەمە غەدر نییە، بەڵکو راستییە، ئەم حاڵەتە بۆ تەواوی ژنەکانی
تری ئەدیبیش وایە کە دەنووسن، چونکە ناتوانن قووڵتر ببنەوە لەوەی کە
سیاسەت و سیستمی دەسەڵات و پیاو تەماشایان بکەن وەک کاڵا، بەداخەوە
ئەوان خۆشیان لە شوێنێکدا بەھۆی کۆیلەبوونیان بەدەستی غەریزەی
چەپێنراوی ژنێتییەوە و یان بەدەستی پلە دووییانەوە، بوون بەکۆیلەی
کەمالیات و پارە و ماڵ و موڵکێک کە لە کۆیلەبوونی پیاو و ماڵ و زێڕ و
منداڵەوە کۆ کراوەتەوە.
داھێنان کێشەی ھەرە گەورەی بەشەرییەتە لەسەر کۆی زەوی نەک ژنان و
رۆشنبیری کوردی، بەڵام ئەگەر بمانەوی کەسێکی تری وەک ئەحلام بەرھەم
بھێنینەوە، ئەوا پێویستمان بە شۆکی کۆمەڵایەتییە کە دەبێ بگەڕێینەوە
سەدەی رابردوو کە ھەم ململانێی سیاسی و ئابووری لەو ئاستەی ئێستە نەبوو
لە سەرانسەری دنیا، ھەم مرۆڤ خۆی نەبوو بە کۆیلە و ملی نەدابوو بە
ھەموو ویست و غەریزە بچووکەکانی خۆی، ھەم ئیرادەی مرۆڤ لە شوێنێکدا
بەھای مابوو، ئەحلام کەسێک بوو کەمتر نەبوو لە نەوال سەعداوی و فاتیمە
مەرنیسی و فەروخزاد و ئۆریاناڤاڵاجی و دەیان ژنی ناسراوی تری دنیا،
بەڵام ئەوان خاوەنی شوناسی نەتەوەیی و خاوەن کۆمەڵگەیەک بوون بەرگری لە
کەرامەت و بەھای کولتووری خۆیان دەکەن، لەوێشەوە بەرگری لە فەرھەنگ و
ئەدەبیاتی خۆیان دەکەن و کەسایەتییەکانیان دەخەنە بەردەم گڵۆپی گەشی
راگەیاندنی راستگۆ نەک رێکلام.
ئەحلام بەھۆی ئەوەی بیرکردنەوەی جیاواز بوو لە زۆربەی حزبە کوردییەکان
کە خاوەنی راگەیاندن بوون، پشتگوێ خرا، بەمەش ھیچ ھیوایەک نەماوە
کەسێکی وەک ئەو دروست ببێتەوە، لەناو رۆشنبیریی کوردیشدا بەتایبەتی کە
گوتارەکەی بەدەست پیاوانەوەیە، ژن ھەمیشە لە بەردەم تەشھیر و قسەی
ناشیرین و ھێرشە بۆ ناوزڕاندنی، چونکە پیاوانی کورد بەتایبەتی ئەوانەی
لەناو راگەیاندنن، تەنیا لەناو چوارچێوەی سێکس تەماشای ژنان دەکەن،
بۆیە بوارەکە بۆ ئەوان بەرتەسکترە.
کۆتا پرسیارم ئەوەیە بەناوی ئەحلامەوە بابەتێک بڵاو کراوەتەوە گوایە
ھێمن موکریانی شیعری " ماچی خودایی" بۆ ئەحلام نووسیوە؟
سمکۆ محەمەد:
ئەو چیرۆکەم خوێندەوە.
ھەستم کرد ئەحلام مەنسوور ناناسم و لە دوورەوە ناسیومە. چیرۆکەکە
تەواوی ھەڵبەستراوە. ئەحلام بۆی گێڕاومەتەوە کە ھێمن لە ھۆڵی رۆشنبیری
لە شاری بەغدا شیعری خوێندووەتەوە. ئەویش دوای تەواوبوونی کۆڕەکە.
چووەتە سەر شانۆکە و ناو دەمی مام ھێمنی ماچ کردووە. لەوێوە
برادەرایەتییان توندوتۆڵ دەبێ. بەڵام ئەحلام نە ئەو شیعرەی بەوە دەزانی
بۆی نووسراوە و نە ھێمن بۆ ئەوی نووسیوە. ئەحلام پێوەندی لەگەڵ کەسێکی
تری ئەدیب ھەبوو، بۆیە ئەوە ھەڵبەستراوە و لە خۆڕا نووسراوە و ھیچ
دیکۆمێنتێک نییە. مەگەر ئەحلام خەڵەفابێت ئەوەیان پێ کردبێت. ئەگەر نا
ئەوەم نەبیستووە لەو ژنە. چیرۆکی تری ھەیە لەگەڵ شەوقی کەریم کە
چیرۆکنووسی عێراقییە و ئەوە کاریگەرترە کە پێشتر ئاماژەم پێ داوە، خەڵک
لەخۆیەوە قسە دەکات. نان و پیازی پێوە دەخۆن.
* واتە "رەوشتەکانی خوێندنەوە".
___________________________________________
پرۆفایلی نووسەر و
شاعیر و لێکۆڵەر "سمکۆ محەمەد":
ساڵی ١٩٦٩ لە گەڕەکی تەپەی مەلا عەبدوڵڵا لە شاری کەرکوک لە دایک بووە
و نزیکەی٣٠ ساڵە لە بواری نووسین و رۆژنامەوانی کار دەکات چەندین جار
کاری رۆژنامەوانی کردووە وەکو سەرنووسەر و بەڕیوەبەری نووسین و دەستەی
نووسەران.لەم گۆڤار و رۆژنامانە کاری کردووە بو نموونە" ھاوڵاتی،
گوڵان، ئاڵای ئازادی، شەقام ، کوردستانی نوێ،ئاسۆ، کوردستان راپۆرت.
دەنک و ریکای کوردستان و..ھتد..و دەیان چاوپێکەوتنی گرنگی لە گەڵ
چەندین کەسایەتی سیاسی و ناودار کردووە وئەوەی جێی شانازیە بۆ سمکۆ
محەمەد لە شەڕی ناوخۆدا دەیانجار بوێرانە رەخنەی گرتووە و دژی براکوژی
بووە و ناوی لە ھیچ لیستێکی رەشدا نییە و خودان چەندین بەرھەمی جۆراو
جۆرە
جیا لەوەی خاوەنی٥ دیوانی شیعریە بە کوردی دیوانە شیعرەیەکانیەکەم
بەناونیشانی" تونێڵەکانی ئەوین ساڵی ١٩٩٨چاپ وپەخش کراوە و ھەناسەیەک
لە سێبەردا بڵاوکراوەی روژنامەی سی!بەری بڵاو کراوەی لقی کەرکوکی
کۆمەڵەی ھونەر و وێژەی کوردی"یە و دیوانی سێھەم کە بە زمانی عەرەبییە
بەناونیشانی:الموت" واتە مەرگ ساڵی ٢٠١٠ چاپ وپەخش کراوە.و و دەیان
لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر بەرھەمەکانی کراوە ..
و دوو کتیبی فەلسەفی بەناونیشانەکانی " میتۆد و جیاوازی لەسەر فەلسەفەی
مارکس و نامەکانی مارکس و ناسیونالیزم و دژەکانی..بەمەشیەکەم نووسەرە
لە جیلەکەی خۆی دەستی بۆ بابەتی رەخنەیی و فەلسەفی و کتێبەکانیشی
بونەتە سەرچاوەی گرنگ بۆ تێزی ماستەر و دکتۆرا,,,
کتیبێکی ناوازەشی ھەیە دەربارەی رەخنە لە سیستمی سیاسی و روشنبیر،
کەیەکیتی نوسەرانی کورد لقی کەرکوک ساڵی ٢٠٠٦ چاپیان کردووە.و کتیبێکی
لە سەر ئاین و کەمینەکان لە کوردستان.دا ھەیە ھەروەھا کتیبی
رەھەندەکانی مردن و وەھمی دیموکراسی و ... بەشداری لە ٦ خولی
رۆناژمەوانی ئەوروپی و عەرەبی کردووە . "میسرساڵی ٢٠٠٦ ھۆڵەندا ساڵی
٢٠٠٣ ئیتاڵیاساڵی ٢٠١٠ بەغدا ساڵی ٢٠٠٤ مەغریب ساڵی ٢٠١٤ ئۆکرانیا ساڵی
٢٠١١... تاکو ئێستا دەیان گۆشەی تایبەت بە خۆی ھەبووە لە رۆژنامەکانی
کوردستان وسەدان شیکار و لێکۆڵینەوەی ھەیە لە گۆڤارو رۆژنامەکانی
کوردستان..
لە دەیان فیستیڤاڵ بەشداری کردووە و دەیان کۆڕی تایبەتی بۆ ساز کرتوە
لە ناوەو دەرەوەی وڵات..
ماڵپهڕی سمکۆ
محەمەد
|