٢٣\١٠\٢٠١١
سیناریۆ و
گێڕانەوە.
ئامادەکردنی: بوڕهان
جۆڵا
سیناریۆ پشت بە دوو رێگاى سەرەکى دەبەستێت، یەکەم چیرۆکەکە بەسەرجەم
پێکهاتەکانى رووداو و کێشمەکێشەکانى، دووەم فۆرمۆڵەکردنى شێوەى بیناى
چیرۆکەکە بۆ سیناریۆیەکى تەواو بەکەڵکهاتوو، دواتر گۆڕینى گوزارشتە
زمانەوانییەکە، واتا گۆڕین لەزمانى نوسینەوە بۆ زمانى وێنە ئاماژەدارە
بینراوەکان.
سیناریۆ:
زۆر ئاشکرایە سیناریۆ جیاوازى زۆرى هەیە لەگەڵ
گێڕانەوەدا:
سیناریۆ چیرۆکێکە بەوێنە دەدوێ، مامەڵە
لەگەڵ وێنە بینراوەکانى دەروەى زەینى بینەردا دەکات، واتا لەکاتى
گێڕانەوەى چیرۆکەکەدا پشت بەهەستەوەرەکانى بینین (چاو) دەبەستێت، بۆ
نموونە:- ((پاڵەوان گەیشتە کۆڵان، لەدەرگایەک نزیک بوەوە، پەنجەى نا
بەزەنگى دەرگاکە، لەوکاتەدا لەگەڵ بیستنى زرمەیەکدا ئاوڕى بۆ لاى ڕاست
دایەوە، دەرگاى ماڵەکەى خوارووى شانى راستى کرایەوەو ژنێک بەگریانەوە
رایکردە کۆڵان، پیاوێک بەدارێکەوە بەدوایدا هاتەدەرەوە، ژنەکە هاوارى
بۆ پاڵەوان هێنا کەفریاى بکەوێت، لەوکاتەدا دەرگاکەى بەردەمى کرایەوەو
یەکێک دەستى گرت و رایکێشایە ژوورەوە، لەدیوى ژوورەوە پێیوت: بەزەییت
بەو ژنە نەیەتەوە، چونکە ئێمە دەزانین ئەمە جۆرە تەڵەیەکە تاکو لەلاى
پۆلیس بڕێک پارەت لێبسەنێت)).
گێڕانەوە:
بەڵام گێڕانەوە چیرۆکێکە بەدەم دەدوێ،
مامەڵە لەگەڵ ناخى دانیشتوانى چواردەورى چیرۆکڤان دەکات، واتا لەرێگەى
باسکردنەوە وێنەکان دەبینرێن، لەکاتى گێرانەوەدا بەپێى گۆشەنیگاى
چیرۆکڤان، زەینى گوێگر لەناوەوە قەتیس دەکات، یان دەیانباتە دەرەوەى
شوێنى گێرانەوەکە. لە گێڕانەوەدا هەردەم چیرۆکڤان لەپشتى شتە
گرنگەکانەوەیە، ئەویش بەسەرهاتەکانە، هەرخۆى هەموو شتێک دەربارەى
رووداو و ژیانى کەسێتییەکانى نێو بەسەرهاتەکان دەزانێت، تەنانەت ئاگاى
لەهەست و بۆچوون و خەونى سەرجەم کەسێتییەکانیشە، لەبەرئەوە سەرپەرشتى
دواخستن و پێشخستنى بیرەوەرییەکانى لەئەستۆدایە، کردارى گێڕانەوە
لەلایەن چیرۆکڤان هەرچۆنێک بێت، هەرخۆى تاکە بڕیاردەرەو دەتوانێت هەستە
کاراو ناکاراکان لەزهنى کەسێتییەکاندا بچێنێت و کاریگەریشى هەبێت لە
وێناکردنى کەسێتییەکان و رووداو و هێڵى درامى لەکاتى نووسینەوەى
چیرۆکەکە لەقاڵبێکى ئەدەبیدا، مەبەستیشم لە هێڵى درامى، هێڵە گشتییەکەى
سەرجەم رووداوە یەک لەدوایەکەکانە بەهاوتەریبى هەردوو هێڵى (کات) و (شوێن).
شانۆ:
ئەگەر لەم باسەدا کەمێک لە وێنەکانى شانۆ بدوێین
دەبینین:
کە شانۆ چیرۆکێکە بەحیوارو جوڵە دەدوێ،
مامەڵە لەگەڵ کارەکتەرەکانى سەر تەختەى شانۆ دەکات، لەرێگەى زمانى کارە
درامى و بەشانۆگەیەندراوەکانەوە وێنەکان دەگەیەنێتە زەینى بینەر،
کەسێتییەکانى سەر تەختەى شانۆش لەخودى خۆیان یان لەکەسێتییەکیتر یان
لەبیرەوەرییەکان و هیواکانى رابردوو و داهاتوو دەدوێن، کارى گەیاندنى
وێنەکان لەکاتى نمایشدا بەهاوکارى تەکنیکە بنەڕەتییەکان تەواودەبێت وەک:-
((دیکۆر، رووناکى، ماکیاژ، ماسک، جلوبەرگ، ئیکسسوار، موزیکى گوزارشتى))
هەموو ئەمانە لەئامادەکردنێکى سینۆغرافیدا لەژێر سەرپەرشتى
دەرهێنەردایە.
بیناکردنى سیناریۆ:
بۆ هەموو بیناکردنێک وەزیفەیەک و ئامانجێکى دیاریکراو هەیە، بۆ
بیناکردنى سیناریۆش دەڵێین: سیناریۆ بە ریزبەندییەکى پوخت و خزاندنە
ناویەکترى پێکهاتەکان لەناو یەک (هەموو رووداو)دا تەواودەبێت، هەر
پێکهاتەیەک-یش بە (سیستمى تەواوکار) دەچێتە پاڵ پێکهاتەکانیترەوە، هەر
لەڕووى ریزبەندیى بەش و پێکهاتەکانیدا دەزاندرێت کە سیناریۆ ((سیستمێکى
بەناویەکداڕۆچووى نێو روئیاى ئەو (هەموو رووداو)ەیە کە هەرگیز
ناتوانرێت لەیەکتر جیابکرێتەوە))، (هەموو رووداو)یش بەڕێگەیەکى
دیاریکراو لەبەشە (گرتەڕووداو)ە ریزکراوە یەک لەدوایەکەکان پێکهاتووە،
واتا لەسینەمادا ئەم کارى بیناکردنە بەهاوکارى نێوان هەردوو کارى
ئەدەبى و هونەرى جێگیردەکرێت، روونتر بڵێین وشەى بیناکردن واتا "کۆکردنەوەى
پێکهاتەو بەشەکان و گونجاندنیان بەیەکەوەو بەئەندامکردنیان
لەپەیوەندییەکى رێکخراودا لەسەر یەک هێڵ". ئەویش (هێڵى گشتى)یە واتا (هێڵى
کارا)، (هێڵى سوور)، (هێڵى سەرەکى)، هەموو ئەو زاراوانە گوزارشتن بۆ
هێڵى درامى.
burhan60jola@yahoo.com
|