په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١\٢٠١٤

 سیناریۆی (عایشە).

دانا محەمەد عەبدوڵا  

دیمەنی ١.


دەرەوە . رۆژ . لادی.
لادێیەکی کۆنی عێراقە نزیکەی پەنجا ماڵی تێدا دەژێت ، لە سەر رێگای سەرەکی نێوان بەغداد و کەرکوکە ، تانکیەکی گەورەی ئاو دابەشکردن لە ناوەراستی لادێکەدایە کە لە هەموو ماڵەکان بەرزترە ، ئەو تانکییە گەورەیە بەهۆی گەرمی لادێکەوە رەنگە شینەکەی کاڵ بوەتەوە ، بە رۆژ ئاڵای دەوڵەتی عێراقی بەسەرەوەیە بەلام بەشەوان ئاڵای دەوڵەتی ئیسلامی (داعش )ی بەسەرەوەیە.

دیمەنی ٢.


دەرەوە . رۆژ . ماڵ.
ماڵی عایشە ، خانویەکی کۆنی لە خشت و قور دروست کراوە کە دوو ژووری تێدایە و حەوشەیەکی گەورەی هەیە ، بۆریەکی ئاو لە تەنیشت دوو ژورەکەیە ، غازی لە ژوری لای راستەوە دێتە دەرەوە و سەیرێکی تانکیە گەورە ئاوەکە دەکات ، دەبینێت ئاڵای دەوڵەتی ئیسلامی بەسەرەوەیە ، دەچێت لە پێش بۆرییە ئاوەکە دادەنیشێت و دەموچاوی دەشوات ، غازی کورێکی بیست و سێ ساڵە باڵایەکی بەرز و دوو چاوی رەشی هەیە رەنگی ئەسمەرە روویەکی خۆشی هەیە ، چەند جارێک ئاو بەدەموچاویدا دەکات ، عایشە دێتە دەرەوە و لە هەمان ژووری نوستن و خاولیەکی بەدەستەوەیە ، سەیرێکی تانکیە گەورەکە دەکات ، دواتر دێت بەرەو لای غازی ، عایشە ژنێکی تەمەنی بیست و یەک ساڵە جلێکی خەوی لەبەردایە و قژێکی درێژی هەیە باڵای باریکی مام ناوەندە.
عایشە
بەم خاولییە دەموچاوت وشک بکەرەوە.
غازی
ئەوە بەخەبەری ، ویستم خەبەرت نەکەمەوە.
عایشە
نا بەخەبەر بووم ، ئەم شەویش درەنگ خەوم لێ کەوت ، بەڵام شتێک هەیە دەمەوێت پێتی بڵێم ، حەز ناکەم لە جێگایەکی تر کار بکەیت و دوور بکەویتەوە ، خۆزگا هەر لێرە کارت دەکرد ، بارودۆخ زۆر خراپە و تەقینەوە دەبێت ئەترسم ، سونەکان هەموو رۆژ تەقینەوە دەکەن لە گەرەکە شیعە نشینەکان ، هیزی دەوڵەتی عیراق کرێکارەکان و خەڵکی بێ تاوان دەگرن زۆر ئەترسم ، سەیر بکە تا ئیستا ئاڵای دەوڵەتی ئیسلامی بەسەر تانکیکەوەیە هێزی دەوڵەتی عێراق جارێ نەهاتوون بۆیە حەز ناکەم برۆی.
غازی
( خاولییەکە لە ژنەکەی وەردەگرێت ) هیچ نیە ، هەموو شتێک باشە ، هێزی دەوڵەتی عێراق دوای سەعات هەشت دێن جاری کاتی ماوە (دەموچاوی وشک دەکاتەوە و خاولیەکە دەداتەوە بە ژنەکەی ) ئیستا دەبێت برۆم ، با درەنگ نەبێ بچمە سەر شەقامەکە بەڵکو ئەمرۆ کارێکم دەست بکەوێت .
عایشە
باشە ئەگەر دەرۆی هیچ نەبێت شتێک بخۆ.
غازی
هیچ ناخۆم ( پێ دەکەنێت ) من کەی نانی بەیانیم خواردووە گیانەکەم تۆ برۆ بخەوە ، منیش دەبێت برۆم (غازی لە دەرگاکە دەچێتە دەرەوە ، عایشە سەیریکی ئەم لاو ئەو لای ماڵیان دەکات و دەچێتە ژوورەوە).

دیمەنی ٣.


ناوەوە . رۆژ . ماڵ.
عایشە لە ژووری نوستن پاڵ کەوتووە لەسەر جێگای خەوەکەی ، سەیری بنمیچی خانوەکە دەکات کە بە دار و قامیش دروست کراوەن ، گلۆپێکی زەرد لە ژوورەکەدایە ، وێنەیەکی خوازبێنی خۆی و غازی هەڵواسراوە بەرامبەری ، سەیری دەکات بزە پێکەنینێک دەکات و چاوی دادەخات ، بەتانیەکە دەدات بەسەر خۆیدا .

دیمەنی ٤.


دەرەوە ، رۆژ ، ماڵ.
مالی عایشە بەتوندی لە دەرگای حەوشیان دەدرێت ، عایشە لە ژووری نوستنەوە سەر دێنێتە دەرەوە و سەیری دەرگای حەوش دەکات ، دەبێنێت بەتوندی لە دەرگای دەدرێت ، سەیریکی تانکیە گەورە ئاوەکە دەکات دوو سەربازی دەوڵەتی عێراقی بەسەرەوەیە و ئالای دەوڵەتی ئیسلامی فری دەدەن و ئاڵای دەوڵەتی عێرق دادەنێن ، بەتوندی زیاتر لە دەرگا دەدرێتەوە ، سەری دەباتە ژوورەوە ، دواتر بە جلێکی رەش و لەچکێکی رەشەوە لە ژوورەکەی دێتە دەرەوە ، بەرەو رووی دەرگاکە دەچێت )
( زیاتر بە توندی لە دەرگا دەدرێتەوە ، دەرگاکە دەکاتەوە ، کۆمەڵێک لە سەربازەکان خۆیان دەکەن بە ماڵدا ، هەندێکیان دەچنە ژوورکانەوە ، دەگەرێن بە ناو حەوشەدا ، دواتر عایشە بە پاڵ و دەبەنە دەرەوە )

دیمەنی ٥.


دەرەوە ، رۆژ ، لادێ.
( کۆمەڵێکی زۆر لە هێزی دەوڵەتی عێراق بە چەندین جۆری سەیارەی سەربازیەوە لە ناو لادێکەدا بڵاو بوونەتەوە و هاتۆچۆ دەکەن ، خەڵکی لادێکە لە دەرەوەیە ، سەربازەکان دوای ناسنامەیان لێ دەکەن ، عایشە لە پێش ماڵی خۆی وەستاوە لە ناو چەند ژنێکی لادێکەدا )

دیمەنی ٦.


ناوەوە. شەو . ماڵ.
( غازی پاڵ بە دەرگای حەوشەوە دەنێت و دێتە ماڵەوە ، بەڵام ماڵ بێ دەنگ و تاریکە گلۆپەکان دانەگیرساون ، غازی دەبینێت هیچ شتێک لە جێگای خۆیدا نەماوە و هەموو شتێک تێکچووە ، غازی نیگەران دەبێت و بەراکردن دەچێتە ژووری نوستنەوە ، دێتە دەرەوە کەس نابینێت )
غازی
( هاوار دەکات ) عایشە ، عایشە ( دەگەرێت بە ناو حەوشە و ماڵدا ) عایشە ژنەکەم ( بەتوندی هەناسە دەدات )
( لە دەرگای حەوشە دەدرێت و پیرەمێردێک دێتە ژوورەوە ، پێرەمێرەدەکە پشتی چەماوەتەوە و گۆچانێکی بە دەستەوەیە ، بەرەوە لای غازی دێت )
غازی
مام نەجیب عایشە لە کۆێیە نەتان بینیوە ؟
نەجیت
نازانم چیت پێ بلێم دەبوایە بەوشێوە نەبێت ، هیچمان لە دەست نەهات .
غازی
مام نەجیب تۆچی دەلێت ، پیم بلێ عایشە لە کۆێیە ؟
نەجیب
کورم ، ئەمرۆ هەر وەک رۆژانی تر سەعات هەشت هێزە سونەکانی دەوڵەتی ئیسلامی رۆشتن ، هێزە شیعەکانی دەوڵەتی عێراق هاتنە ناو لادێکەوە ، دوای ئەوەی ئاڵای سەر تەنکی ئاوە گەورەکەی لادێکەیان گۆری ، بەڵام ئەمرۆ گەران بەناو لادێکەدا و خەڵکەکەیان هێنایە دەرەوەی ماڵەکانیان و پرسیاری ناویان دەکرد ، هەندێک لە خەڵکەکەیان برد ، ئێمەش هەرچیمان کرد بێسود بوو ، بۆیە لەم کۆڵانەی خۆمان عومەری کوری مام سلیمان و عایشەی ژنی تۆیان برد .
غازی
بۆ عایشەیان برد چی کردبوو ؟
نەجیب
هیچی نەکردبوو ، بەڵام ئەوان وتیان فەرمانمان پێکراوە هەرکەسێک ناوی عایشە و عەمەر بێت ئێمە دەیان بەین .
غازی
(زۆر نیگەران دەبێت و سەیری ئاسمان دەکات ) نازانم ئیستا چی بکەم ، عایشە لە هیچ شوێنیک ناتوانێت پشوبدات و بخەویت ، ئای خوایە گیان ، باشە مام نەجیب نەتان نازانی بۆ کۆیی دەبەن ؟
نەجیب
بەڵێ کورەکەم پرسیارم کرد لە دۆستێکم ، ئیستا ئەوان لە بنکەی سەرەکی سەربازی دەوڵەتی عێراقن لە بەغداد .
غازی
( بە بێتاقەتی و ماندوییەوە ) باشە ، سبەینی زوو دەبێت بچم بۆ لای عایشە ، دەزانم لە هیچ جێگایەک ئارامی نیە .
نەجیب
(سەیرێکی ئاسمان دەکات و دەست دەخاتە سەر شانی غازی ) باشە بابرۆینە ژوورەوە جاری پشویەک بدەین .

دیمەنی ٧.


دەرەوە . رۆژ . سەربازگە.
( بنکەیەکی سەربازی گەورەی دەوڵەتی عیراقە ، غازی بەجلی کرێکاریەکەیەوە بەناوەراستی رێگایەکدا دەروات کەچەندین جۆری تانک و سەیارەی سەربازی لای راست و چەپی رێگاکەدان ، تاماشای هەموو لایەکی دەکات و تادێت زیاتر نیگەران و بێ دەسەڵات دەبێت )
(غازی کۆمەڵێک سەرباز دەبینێت ، دەچێت بۆ لای سەربازەکان ، لەگەڵ سەربازێک دەوەستێت ، سەربازەکە تەمەنی نزیکەی چڵ ساڵە و رەنگی سپیە و باڵایەکی بەرزی هەیە )

دیمەنی ٨.


ناوەوە . رۆژ . سەربازگە.
سەرباز
(غازی و سەربازەکە لە سوچێک وەستاون ) تۆ نەدەبوایە بۆ ئێرە بێت ، چونکە خۆت دەزانی ئێرە بنکەی سەربازیە هەموو شتیک لێرە نهێنیە ، بەڵام لەبەرئەوەی بەڵینم داوە ئیستا شوێنی عایشە ناوەکانت پێ دەلێم ، بەڵان تکایە ئەوەی دەیبینی نهێنیە تۆشی کێشەم مەکە.
غازی
( بە ماندوویی و بێزاریەوە ) باشە بەسەرچاو .
سەرباز
باشە وەرە ( بە ناو کۆمەڵی سەربازدا دەرۆن و بەناو کۆمەڵێک ژووردا تێ دەپەرن )
من ئیتر لێرەوە دەوەستم خۆت بەتەنها برۆ ، لەم رێگایەوە دەرۆی بەرامبەرت هۆلێکە عایشە ناوەکان هەموویان لەوێن )
غازی
باشە . ( دەروات بەناو کۆمەلێ ژووردا ، دواتر هۆلێک دەبینێ ، دەرگای هۆڵەکە ئاسنە و بەشی سەرەوەی شوشەیە )
نزیک دەبێتەوە لەدەرگاکە لە شوشەکەوە سەیری ناوەوەی هۆلەکە دەکات )
( دەبینی چەندین جێگای خەوی لێیە ، کچێکی زۆر لەسەر جێگاکان پاڵ کەوتون ، هەندێک لەکچەکان بەشێکی جەستەیان رووتە و هەندێکی تر هەموو جەستەیان رووتە ، کۆمەلە سەربازێک لە نزیکیان گاڵتە دەکەن و پی دەکەنن و و رادەبوێرن )
غازی ( لە دەرگاکە دوور دەکەوێتەوە و دەبینێت تابلۆیەک لەسەر هۆڵەکەیە ، نوسراوە)
* برۆ ژوورەوە و چێژ لە عایشەکان ببینەو وەرە دەرەوە *
غازی ( نیگەران و خەفەتبار دەبێت ، سەیری کۆمەڵە سەربازیکی زۆر دەکات بەرەو ئەوێ دێن کە کۆمەڵە چەکێکی تازەیان پێیە ، لە دەرەوە دەنگی فرۆکە دێت ، رەنگی دەگۆرێت و سەری دادەخات و بەجێگای خۆیدا دەگەرێتەوە )

دیمەنی ٩.


ناوەوە . رۆژ . ماڵ.
(غازی لە ژوورەکەی خۆی دانیشتوە هەر بەجلی کرێکاریەکەوە چاوی سوور بوو )
( دەمانچەیەک بە دەستیەوەیەتی ، سەیری وێنەی خوازبێنی عایشەو خۆی دەکات کە بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە )
( لە پێش وێنەکە دەوەستێت و سەیری عایشێ دەکات )
غازی
( فرمێسک بەچاوی دێتە خوارەوە و دەمانچەکە دەخاتە ناو دەمی ، دەنگی گریانی منداڵێک دێت ، دەمانچەکە دادەگرێت ) هاواردەکات .
( دەکەوێت بەسەر زەویدا ، هەڵدەستێتەوە بەڵام کۆنترۆلی خۆی لە دەست دەدات ، فرمێسک بەچاویدا دێتە خوارەوە )
( دەمانچەکە دەخاتەوە ناو دەمی و چاو دادەخات )
( تەقەیەک دێت و وێنەی خوازبێنیەکە دەکەوێتە خوارەوە و شوشەکەی دەشکێت ).
_________________________________
تێبینیی: سوود لە رووداوێکی راستیی وەرگیراوە بۆ نووسینی ئەم سیناریۆیە.

 

ماڵپه‌ڕی دانا محەمەد عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک