په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٤\٢٠١٢

سینەماکارانی کورد لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی گۆڵف سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
 

مه‌نسوور جیهانی


کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەنا و فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی تەها کەریمی خەڵاتە سەرەکییەکانی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف"یان بەدەستهێنا.


بە پێی راپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیلمەکانی "بەکرێگیراوی سپی" و "دەنگی باران"، ڕێورەسمی کۆتایی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" بە ئامادەبوونی دەرهێنەری ناوداری سینمای ئێرانی عەباس کیارۆستەمی، مەسعوود ئەمروڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی فیستیڤاڵ، شێخ ماجد بن راشد ئال مەکتووم سەرۆکی بەشی کەلەپوور و هونەری شاری دوبەی، ئەندامانی لێژنەی دادوەری فیستیڤاڵ، نوێنەری چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم و فیلمسازانی بەشداربوو لە فیستیڤاڵ، شەوی دووشەمە 16ی ئەدریلی 2012 لە هۆڵی "کراون پلازا"ی شاری دوبەی بەڕێوەچوو.


فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" لە دەرهێنانی تەها کەریمی لە یەکەمین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە بانەییە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" لە وڵاتی ئیمارات نمایشکرا و توانی پلەی دووەمی باشترین فیلمی دیکۆمێنتی بلًندی بەشی "خەلیج"ی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.


هەروەها کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە دەرهێنانی جەلال ساعیدپەنا و بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە سنەییە لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" پێشکەشکرا و خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی بەشی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵەی پێبەخشرا.


"دەنگی باران" بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە گرینگەی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی ئەم فیستیڤاڵە لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جیهان، لەوانە: ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، لوبنان، میسر، رۆمانی، سویسرا، رووسیا، ئەرمەنیستان و چەندانی دیکە لە رکابەریدابوو.


سینماکاری ناوداری جیهان عەباس کیارۆستەمی کە ساڵی پار لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" بۆ فیلسمازانی لاو خولێکی فیرکاری کردبۆوە، لە ڕێورەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا ئامادەبوو و خۆشحاڵی خۆی لە وەرگرتنی خەڵاتەکانی سینەماکارانی کورد راگەیاند.


ئەندامانی لێژنەی دادوەری پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" کە بریتی بوون لە: (جەواد ئەلئەسدی) دەرهێنەر لە عێراق، (عەبدوڵڵا ئەلئەیاف) فیلمساز لە عەرەبستان، (جەماڵ مەتەر) دەرهێنەر لە کوەیت، (جۆکا پیکالاکسۆ) رخنەگر و ئەندامی ئاکادیمیای فیلمی ئەورووپا، (عیسام زەکەریا) رۆژنامەنووس و توێژەری سینەما لە میسر و (جەماڵ سەلیم) بەرپرسی دەزگاکانی راگەیاندن لە ئیمارات، دەنگی خۆیان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فیستیڤاڵە راگەیاند و خەڵات بەسەر براوەکاندا دابەشکرا.


کە لە بەشی سەرەکی فیلمە بڵندەکانی ئەم فیستیڤاڵەدا فیلمی سینەمایی "هەڵەبجە ـ منداڵی ون بوو" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد ئەکرەم هیدوو لە رۆژئاوای کوردستان توانی دوو خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم و باشترین دەرهێنان بەدەستبێنێت.


هەروەها کورتە فیلمی "پاسکل" لە درەهێنانی سینەماکاری کورد رزگار حوسێن لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان دوو خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم و باشترین سیناریۆی ئەم فیستیڤاڵەی بەدەستهێنا.


ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی کۆمەڵێک فیلمی بڵندی سینەمایی و دیکۆمێنتاری، کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشێن، ئەزموونی و دیکۆمێنتی لە دەرهێنەرەکانی وڵاتانانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێدا لەوانە: بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵندەکانی "خەلیج"، بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی "خەلیج"، بەشی قوتابیانی فیلم و سینەما و بەشی نمایشی فیلمەکانی قوتابیانی فێرگەی فیلمسازی عەباس کیارۆستەمی لە رۆژانی 10 تا 16ی ئەپریلی 2012 بە بەرپرسیاری (مەسعوود ئەمروڵڵا) لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو.


جێی ئاماژە پێدانە کەسایەتی ناسراوی سینەمای کوردستان ئازاد سەوزە کە بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانییە یەکێک لە میوانانی تایبەت و دیاری پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" لە وڵاتی ئیمارات بوو کە بە نوێنەرایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی سینەمای سلێمانی لەم فیستیڤاڵەدا ئامادەبوو و لەگەڵ بەڕێوەبەری چەندین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلم جیهانی دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجامدا و بۆ بەشداری لە فیستیڤاڵی فیلمی کوردی سلێمانی بانگهێشتی هەرێمی کوردستانی کردن.


کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی سنە" بە بەرپرسیاری سینەماکاری کورد سەتار چەمەنی گوڵ و خاتوو ڤیدا ساڵحی کە فیلمی دیکۆمێنتی "بەکرێگیراوی سپی" و کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە ئاستی دنیادا بە شێوەی نێودەوڵەتی بڵاودەکاتەوە، بە 4 فیلمی دیکە لە سینەماکارانی کورد و ئێرانی لە بازاری فیلمی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" ئامادەبوو، لەوانە: کورتە فیلمی "رۆیشتن" لە دەرهێنانی سالم سەڵەواتی لە شاری سنە، کورتە فیلمی "داڵیا" لە دەرهێنانی شاخەوان عەبدوڵڵا لە شاری سلێمانی، کورتە فیلمی "ئاوێنە" لە دەرهێنانی هەوراز محەمەد لە شاری سلێمانی و کورتە فیلمی "ئەو" لە دەرهێنانی مورتەزا سەبزقەبا لە شاری تاران.


ئەوەی لە فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "گۆڵف" جێی سرنج و رامان بوو ئەوە بوو کە کە دەوڵەتی ئیمارات هەست دەکات دەبێت کاری فەرهەنگی بکات و گەنجانی وڵاتی خۆی بە سینەما ئاشنا بکات و لە ئێستاوە ئیمارات تەنیا بە لایەنی ئابووری لە دنیادا نەناسرێت بەڵکوو ببێتە وێستگەی چالاکی فەرهەنگی و فیکری و ئەدەبی. دیارە ئیرادەیەکی باش لە پشت ئەو هزرەوە هەیە و هەوڵ دەدرێت ئاستی فیستیڤالًَەکانیان بە پێی ئیستاندارەدە جیهانییەکان بەرز و بەرزتر بکەنەوە.


دیکۆمێنتی بڵندی 60 خولەکی "بەکرێگیراوی سپی" کە دوای کورتە فیلمەکانی "زریان"، "سنووری ژیان"، "کوێستانی سپی"، "نەوت شێرپەنجەی شارەکەم" و فیلمی سینەمایی "کوێستانی قەندیل"، نوێترین بەرهەمی تەها کەریمی دێتەئەژماردن، ساڵی پار بە هاوکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ـ بەڕێوەبەرایەتی سینەمایی سلێمانی، بە کامێرای وێنەگری لاوی کورد سەرکێو مسگەری وێنەگیراوە.


هەروەها سەیوان سەعیدیان ـ یاریدەدەری دەرهێنەر، ئارش رەسافی ـ مۆنتاژ، عەلی وەفایی ـ دەنگهەڵگر، ئەوین شەریفی ـ وێنەگری فۆتۆگراف، عومەر محەمەد ـ راوێژکار، عەبدولڕەحمان محەمەد ـ بەرپرسی بەرهەم، حوسێن هۆمایوونفەر ـ بەرپرسی پلان، مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی ـ بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی ئەم فیلمەبوون و هەروەها ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتی و ئەزموونی ئێرانیش بەرهەمهێنەری ئەم فیلمەی لە ئەستۆدابووە.


کورتە فیلمی "دەنگی باران" دوایین بەرهەمی جەلال ساعیدپەنایە، کە تاکوو ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نمایشکراوە و چەندین خەڵاتی گرینگیشی بەدەستهێناوە.


فەرشید گەوێڵی و مووسا فەیزی لەم فیلمە 26 خولەکییەدا رۆڵیان بینیوە. هەروەها ئەمیر عەلی وەیسی ـ وێنەگر، عەلیرەزا مورادی ـ رووناکی، کامبیز عەڕشی ـ بەرپرسی بەرهەم، فەرید سەداقات ـ دەنگهەڵگر، لوقمان سوخەنوەر ـ مونتاژ، کەیوان یۆسیفی ـ رووناکی، مەنسوور جیهانی و مەنووچێهر جیهانی لەگەڵ ئەم فیلمە هاوکاریان کردووە و بەڕێوەبەری راگەیاندنی گشتی و ناوەندی پەرەپێدانی سینەمای دیکۆمێنتی و ئەزموونی ئێران بەرهەمهێنەری ئەم فیلمەی لە ئەستۆدابووە.

بۆ زانیاری زیاتر:

http://www.gulffilmfest.com/index.php/en/gff-2012/2012-winners
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک