په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٤\٢٠١٩

سینەماکارانی کورد خەڵاتەکانی "دارولسەلام" ناسراو بە ئۆسکاری ئەفەریقایان بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیھانی

 

خاتوو "ڤیدا ساڵحی" سیناریۆنووسی فیلمی سینەمایی "گوڵ نیسا" خەڵاتی باشترین سیناریۆ و "سەتار چەمەنی گوڵ"، خەڵاتی باشترین دەرھێنانی خەڵاتی ساڵانەی سینەماییەکانی "دارولسەلام" ناسراو بە ئۆسکاری ئەفەریقایان بەدەستھێنا.

فیلمی سینەمایی "گوڵ نیسا" یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری کورد "سەتار چەمەنی گوڵ" و لە نووسینی سیناریۆی سینەماکاری کورد "ڤیدا ساڵحی"، بە بەڕێوەبەرایەتی وێنەگرتنی "محەمەد فەکووری" و بە ڕۆڵ بینینی سەعید داخ، عەلی محەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە دووھەمین خولی خەڵاتی ساڵانەی سینەماییەکانی "دارولسەلام" ناسراو بە ئۆسکاری ئەفەریقا بەشداریی کرد و دوو خەڵاتی سەرەکی ئەم ڕووداوە سینەماییە لەوانە: خەڵاتی باشترین سیناریۆی بەشی نێودەوڵەتی بۆ خاتوو "ڤیدا ساڵحی" و ھەروەھا خەڵاتی باشترین دەرھێنانی بۆ "سەتار چەمەنی گوڵ"ی بەدەستھێنا.

ڕێوڕەسمی پێشکەش کردنی خەڵاتەکانی دووھەمین خولی خەڵاتی ساڵانەی سینەماییەکانی "دارولسەلام" ناسراو بە ئۆسکاری ئەفەریقا لە ناوەندی کەلتوور و ھونەری شاری میلیمانی لە پارێزگای دارولسەلام لە وڵاتی تانزانیا بەڕێوەچوو و خەڵاتی ساڵانەی خۆی پێشکەش بە براوەکانی بەشە جۆراوجۆرەکان کرد.

فیلمی سینەمایی "گوڵ نیسا" وەکوو تەنیا نوێنەری سینەمای ئێران، ئەمساڵ لەم ڕووداوە سینەماییەدا بەشداریی کرد و لە سێ بەشی باشترین سیناریۆ "ڤیدا ساڵحی"، بەشی باشترین بەڕێوەبەریی فیلمھەڵگرتن "محەمەد فەکووری" و بەشی باشترین دەرھێنان "سەتار چەمەنی گوڵ" کاندیدی وەرگرتنی خەڵات بوو کە لە کۆتاییدا لە بەشەکانی باشترین سیناریۆ و باشترین دەرھێناندا خەڵاتی ساڵانەی ئۆسکاری ئەفەریقا بەدەستھێنا.

ئەم ڕێوڕەسمە ساڵانەیە کە بە ئۆسکاری ئەفەریقا ناسراوە، ھەموو ساڵێک لە لایەن وەزارەتی کەلتوور و ھونەریی تانزانیا و کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و سینەمایی "زێتۆ" بۆ ماوەی دوو مانگی ڕابردوو فیلمە سینەماییەکانی لە دوو بەشی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی بە شێوەی گشتیی بۆ خەڵک نمایشکرا.

ئەمساڵ لە بەشی نێودەوڵەتی ئەم ڕووداوە سینەماییەدا ٣١ فیلمی بڵندی سینەمایی لە ١٩ وڵاتی جیھان وەرگیران کە بە ماوەی دوو مانگ نمایشکران و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە ھەڵسەنگێندران.

فیلمی سینەمایی "گوڵ نیسا" تا ئێستا لە ٢٥ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیھان بەشداریی کردووە، لەوانە: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم "مۆنتڕاڵ" لە وڵاتی کەنەدا، خەڵاتەکانی ئاسیا پەسیفیک لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی ساڵانەی "ڕێمی" لە ولاتی ئەمەریکا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم "کازان" لە وڵاتی ڕووسیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بریزیان" لە وڵاتی ئوستوڕڵیا و ھەروەھا چەندین فێستیڤاڵی دیکە.

"گوڵ نیسا" بە بەشداریی لەم فێستیڤاڵانە ١١ خەڵاتی جیھانی لە بەشەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرھێنان، باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، باشترین ئەکتەری پیاو و باشترین ئەکتەری کچی بەدەستھێناوە و ھەروەھا لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمیش کاندیدی باشترین سیناریۆ بووە، لەوانە: خەڵاتی زێڕینی "ڕێمی" بۆ باشترین "فیلمسازی سەربەخۆ" بۆ "سەتار چەمەنی گوڵ" دەرھێنەری سنەیی ئەم بەرھەمە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی پەنجا و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ھۆستۆن" لە وڵاتی ئەمەریکا و ھەروەھا خەڵاتی باشترین "ئەکتەری پیاو" بۆ "عەلی محەمەد ڕادمەنێش" ئەکتەری ئەم فیلمە لە لایەن ئەنجومەنی ڕخنەگرانی سینەمای ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین دەرھێنان بۆ "سەتار چەمەنی گوڵ" و باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ "محەمەد فەکووری" لە بەشی پێشبڕکێی چواردەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کازان" لە وڵاتی ڕووسیا، خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین ئەکتەری کچ بۆ خاتوو "یەگانە ڕەجەبی" ئەکتەری ئەم بەرھەمە سینەماییە لە بەشی پێشبڕکێی "فیلمە سینەماییەکان" لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە "داھێنەرانە" لە وڵاتی سویسڕا، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی "فیلمە سینەماییەکان" لە حەوتەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بێ توندووتیژی" لە وڵاتی ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بۆ خاتوو "یەگانە ڕەجەبی" لە پازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سالێنتۆ" لە وڵاتی ئیتاڵیا و ھەروەھا خەڵاتی باشترین بەڕێوەبەریی وێنەگرتن بۆ "محەمەد فەکووری" لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پرۆلۆگ" تاشکەند لە وڵاتی ئۆزبەکستان.

ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی بڵندی چیرۆکی "گوڵ نیسا" بریتین لە:


دەرھێنەر: سەتار چەمەنی گوڵ، نووسەری سیناریۆ: ڤیدا ساڵحی، بەڕێوەبەریی فیلمھەڵگرتن: محەمەد فەکووری، دەنگھەڵگر و دەنگدانەر: بێھرووز موعاونیان، مونتاژ: کاوە عەزیزی، ئاوازدانەر: کارەنگ کەرباسی، بەرپرسی پلان: حوسێن مەرزبان، دیزاینی میکیاژ: ڤیدا ساڵحی، بەرپرسی بەرھەم: مەریەم قاسم ئابادی، یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر: سیاوەش رەمەزانلوو، یاریدەدەری دووھەمی دەرھێنەر: محەمەد تۆریوەریان، چاککردنی ڕەنگ: سامان مەجدوەفایی، لابراتواری دیجیتاڵ: مێھرداد سولەیمانی، مونشی سەحنە: مەریەم رووزبەھانی، یاریدەدەرانی فیلمھەڵگر: حوسێن سادقی، حەمید محەمەدزادە، ناسح عەبدوڵڵاھی، ئەحمەد رەزا سادقی، یاریدەدەری دەنگ: سوھەیل حوسێن خانی، جێگری بەرھەم: عەباس ئەبوویەسانی، بەرپرسی سەحنە: حامید ئەحمەدی، ئەرشیفی جلووبەرگ: تاھیرە سەروەری، گرووپی تەدارەکات: کەیھان عەلیزادە، عەلی قودرەتی، ھاتووچۆ: سەعید مورادی، ئەکتەرەکان: سەعید داخ، عەلی محمەمەد ڕادمەنێش، یەگانە رەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی، ویدا عەموویی و ...، بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی: مەنسوور جیھانی و مەنووچێھر جیھانی و بەرھەمھێنەران: سەتار چەمەنی گوڵ و یۆسف کەرەمی، بەرھەمی: کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلمی سنە".
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک