په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٢\٢٠١١

سنوورەکەی نێوان کەرکوک و هەولێر هاوڵاتییان بیزار ده‌کا!


محەمەد ئەحمەد   


پاراستنی ئاسایش و سامان لە هەر وڵاتێک پێویستە، تەنانەت لە شوێنە جیاجیاکانی وڵاتیش وەک پارێزگاکان سنووری تایبەتی خۆی هه‌بێ و پاسەوانی تایبەتی خۆی هه‌بێ، بەڵکو پاراستی لەوە زیاتریش هەر تاکیک پێویستە سنوور بۆ ماڵەکەی خۆی دابینبکا و بیپارێزێ لە نەیارانی نەک تووشی زیانێک بێ، بەڵام و بێگومان هەر کەسێکمان ده‌زانین هەموو شتێک سنووری خۆی هەیە تەنانەت لە پاراستی وڵات و ماڵ و سەروەت و سامانیش.


وەک دەزانین لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق هاوڵاتییان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی عێراق بە گشتی و ناوچە تازە رزگارکراوەکان بە تایبەتی، بە لێشاو روویان دەکردە شارەکانی هەرێمی کوردستان، چونکە پیشتر بەهۆی سیاسەتە دیکتاتۆرییەکی رژێمی پێشوو نەیاندەتوانی بەرەو شارەکانی ( هەولێر و سلێمانی و دهۆک و شارۆچکەکانی سەر بەو پارێزگایەنەش ) برۆن ، بەڵام بەبۆچوونی من هاوڵاتییان زیاتر بەرەو شاری هەولێر ئەڕۆیشتن ، چونکە هەولێر پێشکەوتنیکی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش مایەی شانازییە بۆ گەلی کورد ، وە هەر ئەو قەرەباڵغییەی بووە هۆی ئەوە کە دەزگا ئەمنییەکانی پاریزگای هەولێر خاڵەکانی پشکنینی چڕتر بکاتەوە و زیاتر لێکۆڵینەوە بکەن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە داخلی شاری هەولێر دەبن ، بەڵام ئەو چڕکردنەوەی ئەمنییەتی خاڵە پشکنینەکەی نێوان کەرکوک و هەولێر بووەتە هۆی بیزارکردنی هاوڵاتییان بەتایبەتی هاوڵاتییە کوردەکانی ناوچەدابڕاوەکان ، کە بەوتەی ئەوان ئەم بیزارکردنە مەرامی سیاسی لەپشتەوەیە نەک تەنها ئەمنی ، هەر بەم بۆنەیەوە پێمان باش بوو چەند هاوڵاتییەک بدوێنین بۆ ئەوەی رایان بزانین بەرانبەر بە چرکردن و پشکنینی توندی هاوڵاتییان کە داخلی هەولێر ئەبن .

سەرەتا هاوڵاتییەکی تەمەن 53 ساڵی دانیشتووی گەڕەکی (رەحیماوا)ی کەرکوک گوتی : من کوردم کوردیشم خۆش ئەوی بەس ئەمانە وامان لێدەکەن کە بەشیمان ببینەوە لە کوردایەتێکە خۆمان چونکە ئێمە لە رۆژانێکدا پێشمەرگە بووینە ئاوه‌ها وەکو ئێستا ناوچە و ناوچەگەرێتی نەئەکرا چونکە ئیسَشتا لەم خاڵە پشکنینەی هەولێرە ئەگەر ژمارەی تابلۆی ترومبێلەکەت هین یەکێک لە شارەکانی هەرێم نەبێت ئەوا نایەڵن داخلی هەولێر بیت و پێویستە زیاد لە کاتژمێرێک چاوەڕوان بیت تا سرەی ناونووسکردنی ترومبێلەکەت دێت ، بەڕاستی ئەگەر ئەوان راستبکەن کە پاراستنی ئەمنییەتیان بویت ئامێرێکی نوێ دینن کە هەموو شتێکی تەقەمەنی و ماددە قەدەغەکراوەکان ئاشکرا بکات نەک ئاوها دوامان بخه‌ن.. ئەڵێی بۆ وڵاتێکی دیکە ئەڕۆیت.


ئەو هاوڵاتییە گوتیشی داوام لە لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی هەولێر هەیە هەر هیچ نەبێت هاوکاری هاوڵاتییە کوردەکان بکەن و ئەگەر بشیانپشکنن با پێویستی بە ناونوسکردنی ترومبێله‌که‌یان نەبێ.

هەروەها هاوڵاتییەکی گەنج گوتی : بەدەستی من بێت ئەوەی ژمارەی تابڵۆی ترومبێله‌که‌ی هەولێر بێـت و ده‌چێته‌ کەرکوک هەمان شتی پێ ئەکەم کە ژمارەی کەرکوکه‌ و ده‌چێته‌ هەولێر، چونکە ئێمە زۆر لەم ناونوسکردنەی ترومبێله‌کانماندا بیزاربووینە و پۆلیسەکانی ئێرە مامەڵەیان لەگەڵ هاوڵاتییان باش نییە ، ئەو هاوڵاتییە گەنجە وتیشی هیچ داواکارییەکم لە کەس نییە چونکە حکومەتی هەرێم ئەوەندە داواکاریی بۆ رۆیشتووە و هیچی جێ بەجێ نەکردووە با ئەوەی من نەچێتە پاڵی داواکارێیه‌کانی ئەوان .

شۆفێرێکی تاکسی نێوان ( کەرکوک - هەولێر) گوتی : من بەحوکمی ئەوەی رۆژانە لەم رێگایە هاتوچۆ ئەکەم نەفەر ئەبەم لە کەرکوکەوە بۆ هەولێر و بەپێچەوانەوە هاوڵاتییان گلەییەکی زۆریان هەیە لەدەستی ئەم سەیتەرەیە چونکە هەمیشە ئەم سەیتەرییەی قەرەباڵغییەکی زۆری تێدا بەدی دەکرێـت و بەربەست و کێشە بۆ هاوڵاتییان ئەدۆزنەوە بەتایبەتی خەڵکی کەرکوک .

هاوڵاتییەکی شاری خورماتوویش گوتی : لەو کاتەی کە ئەفسەرێک لەو سەیتەرەیە پرسیاری ناسنامەکەی لێم کرد و منیش پێیم دا کە زانی خەڵکی خورماتووم جوێنی بە خوماتوو و سەرجەم دانیشتوانەکەی دا سەرجەم پێشمەرگە و شەهیدی ئەو شارۆچکەیە دا، من هیچم پێ نەکرا چونکە خێزانم لەگەڵدا بوو مەجبور بووم دەنگی لێنەکەم ، توخوا ئەگەر حیزبێک یان حکومەتێک کەسانی ئاوها دا بنێت لە خاڵە پشکنینەکان جوین بە پێشمەرگە و شەهیدان بدت بۆچی دایناوە ئەگەر مەرامی سیاسی لە پشتەوە نەبێت و خۆیان لەو کەسە کەمتر نەبن .

لەکاتێکدا هەوڵمدا لەگەڵ ئەفسەرێکی ئەو خاڵەی پشکنینە قسە بکەم بەڵام رازی نەبوو و گوتی رێگەمان پێنەدراوە بۆ راگەیاندنەکان قسە بکەین .

لەکۆتاییدا ئەوە ماوەتەوە بیڵێن کە خاڵی پشکنینی نێوان (کەرکوک - هەولێر) بووەتە هۆی بیزارکردنی هاوڵاتییان و بۆیە ئەم راپۆرتەم ئەنجامداوە کە پەیامێک بێت بۆ بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کە هەست و خواستی هاوڵاتییان بزانن و هەروەها ، رەخنەگرتن بە شێوەیەکی باش مایەی سەربەرزی ئەو کەسەیە کە رەخنەی لێئەگیریت چونکە من ئەگەر کراسه‌که‌م لەپشتەوە دڕابێت کەسێک پێم بڵی کراسه‌که‌ت لە پشتەوە دڕاو بۆ لێی دڵگران بم.. ئەو بۆ ئەوە پێمی گوتووە بۆ ئەوەی کراسه‌که‌م بگۆڕم یا بیدورێنمەوە بە پێچه‌وانه‌وه‌ پێی دڵشاد ئەبم و سوپاسیشی بکه‌م، بەڵام من ئەم راپۆرتەم بۆ رازیبوونی کەس نەنووسیوە تەنها بۆ ئەوە نەبێت کەموکوڕییه‌کان بخەمەڕوو و ئەو کەسانە چاویک بە خۆیانەوە بخشێننەوە و خۆیان چاک بکەن ، بەڵام هەر وه‌ک چۆن لە سەرەتادا گوتم هەموو شتێک سنووری هەیە ئێستەیش ده‌یڵێم رەخنەگرتن و تەنانەت ئەم راپۆرتەش سنووری خۆی هەیە.
____________________________
تێبینی:
1- لەسەر خواستی هاوڵاتییان ناوەکانیان نەنووسراوە .
2- ئەم راپۆرتەم ئەوەنە درێژەی کێشا کە ترومبێلەکەم ناونوسکرد لە لیستی ئەو ترومبێلانەی ده‌چوونه‌ هه‌ولێر چونکە زیاتر لە کاتژمێرێک ده‌بوو.

 

خورماتوو
hama90@live.com