په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠١٣

''سنووری شکاو'' خەڵاتی تایبەتی فیستیڤاڵی فیلمی ''لایدێن''ی ھۆڵەندی بەدەستهێنا.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی "سنووری شکاو" لە دەرھێنانی کەیوان کەریمی خەڵاتی تایبەتی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئەزموونی "لایدێن"ی ھۆڵەندی بەدەستھێنا.


کورتە فیلمی دیکۆمێنتی "مرز شکستە" واتە "سنووری شکاو" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد کەیوان کەریمی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئەزموونی "لایدێن" لە وڵاتی ھۆڵەندا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانەوە خەڵاتی تایبەتی ئەم فیستیڤاڵەی پێبەخشرا.
کەیوان کەریمی و ستافی ئامادەکردنی فیلمی "سنووری شکاو" دوای بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە، بۆ رێزلێنان، بیرئانین و درێژەپێدانی ڕێگای فیلمسازی تەھا کەریمی، خەڵاتی تایبەتی فیستیڤاڵی فیلمی لایدێنیان پێشکەش بەم سینەماکارە کوردە کرد.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی پێنجەمین فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئەزموونی "لایدێن" کە بریتی بوون لە: ژان ڤیلیام وان دام ـ دەرھێنەر و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی ھۆڵەندا، جوولی پێریۆن ـ بەرھەمھێنەر لە وڵاتی فەڕەنسا و پێتێر وێرست ـ مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ھۆڵەندا لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا و لە دەقی نووسراوەی خۆیاندا ڕایانگەیاند: بە لەبەرچاوگرتنی ژانڕی فیلمەکانی بەشی پێشبڕکێی، دەستنیشانکردنی ئەوەی کە کام فیلم، باشترین فیلمی فیستیڤاڵە، بۆ ئێمە زۆر ئاسان نەبوو. بە پێی ئەوەی کە دوو خەڵاتی باشترین فیلم و باشترین فیلمی قوتابیان بە دوو فیلمی چیرۆکی بەخشراوە، ھەموو پێکەوە ھاوڕابووین و بڕیارماندا کە خەڵاتی تایبەتی باشترین فیلمی فیستیڤاڵ بە ھۆی ناوەرۆکی فیلم و ڕواڵەتی شاعیرانە بە لەبەرچاوگرتنی ناوەرۆکی ویشکی فیلمەکە، پێشکەش بە فیلمی "سنووری شکاو" لە دەرھێنانی کەیوان کەریمی بکەین.


فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئەزموونی "لایدێن" بە بەشداری ١٤٠ فیلم لە ٥٠ وڵاتی جیھان لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ١ تا ٨ی جوونی ٢٠١٣ لە وڵاتی ھۆڵەندا بەڕێوەچوو.


"سنووری شکاو" تاکوو ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی ئێران و جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەما حەقیقەت لە ئێران، پێنجەمین جەژنی وێنەیی ساڵی ئێران، فیستیڤاڵی زانکۆی سوورەی تاران، فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە بەریتانیا، فیستیڤاڵی لاوانی کوردی واشنگتۆن لە ئەمەریکا، فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "نۆرتۆن وەیڤ" لە ئیسلەندا، فیستیڤاڵی فیلمی "سووفیا" لە بوڵگاریا، فیستیڤاڵی فیلمی "تسالۆنیکی" لە یۆنان، فیستیڤاڵی فیلمی "ئۆرۆگۆئا" لە ئۆرۆگۆئا، ٢٢مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "میدیا وایو" لە ھەنگاریا، فیستیڤاڵی فیلمە خوێندکاریی و ئاماتۆرییەکانی Sehsuchte لە ئەڵمانیا، فیستیڤاڵی فیلمی "ماگما" لە نیۆزلەندا، فیستیڤاڵی "توڵفە" لە ئیتاڵیا، فیستیڤاڵی فیلمی خوێندکاری "سەن پێتێرزبورگ" لە رووسیا و فیستیڤاڵی فیلمی "مۆنتێری" لە مەکزیک.


ئەم فیلمە لە درێژەدا لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی "فیلۆفێست" لە وڵاتی ئیسلۆنی نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرییەوە خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری پێبەخشرا.


"سنووری شکاو" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی دیکۆمێنتاری فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئەمەریکای لاتین بە ناونیشانی "ئالبێۆفرا ٢٠١٢" لە وڵاتی ئەرژەنتین نمایشکرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی نێودەوڵەتیی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
___________________________________
بۆ زانیاریی پتر: http://www.lisfe.nl/juryawards.php 


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی دیکۆمێنتی "سنووری شکاو"
ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک