٢٠\١٠\٢٠١٣
''سنووری
شکاو'' خەڵاتی ئەلفی زێوی فیستیڤاڵی
نێودەوڵەتیی فیلمی بەیروتی بەدەستھێنا.
مەنسوور
جیهانی
کورتە
فیلمی "سنووری شکاو" لە دەرھێنانی کەیوان کەریمی خەڵاتی ئەلفی زێوی ١٣مین
خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەیرووت لە وڵاتی لوبنانی بەدەستھێنا.
کورتە فیلمی دیکۆمێنتی "سنووری شکاو" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد
کەیوان کەریمی لە نوێترین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی
دیکۆمێنتاری کورتە فیلمی ١٣مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی
بەیرووت لە وڵاتی لوبنان نمایشکرا و توانی خەڵاتی ئەلفی زێوی ئەم
فیستیڤاڵە گرینگەی سینەمای ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەدەستبێنێت.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەیرووت کە یەکێکە لە باشترین
فیستیڤاڵەکانی وڵاتانی عەڕەبی بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی
جۆراوجۆری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و
دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٢ تا ٨ی تشرینی یەکەم ٢٠١٣ لە شاری
بەیرووتی پێتەختی وڵاتی لوبنان بەڕێوەچوو.
خەڵاتی ئەلفی زێوی فیستیڤاڵی فیلمی بەیرووت، نۆیەمین خەڵاتی
نێودەوڵەتیی "سنووری شکاو" لە فیستیڤاڵە بیانییەکان دێتە ئەژمار. ئەم
فیلمە تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە:
فیستیڤاڵی سینەما حەقیقەت لە ئێران، پێنجەمین جەژنی وێنەیی ساڵی ئێران،
فیستیڤاڵی زانکۆی سوورەی تاران، فیستیڤاڵی فیلمی کوردی لەندەن لە
بەریتانیا، فیستیڤاڵی لاوانی کوردی واشنگتۆن لە ئەمەریکا، فیستیڤاڵی
فیلمی "نۆرتۆن وەیڤ" لە ئیسلەندا، فیستیڤاڵی فیلمی "سووفیا" لە
بوڵگاریا، فیستیڤاڵی فیلمی "تسالۆنیکی" لە یۆنان، فیستیڤاڵی فیلمی "ئۆرۆگۆئا"
لە ئۆرۆگۆئا، ٢٢مین فیستیڤاڵی فیلمی "میدیا وایو" لە ھەنگاریا،
فیستیڤاڵی فیلمە خوێندکاریی و ئاماتۆرییەکانی لە ئەڵمانیا، فیستیڤاڵی
فیلمی "ماگما" لە نیۆزلەندا، فیستیڤاڵی "توڵفە" لە ئیتاڵیا، فیستیڤاڵی
فیلمی خوێندکاری "سەن پێتێرزبورگ" لە رووسیا، فیستیڤاڵی فیلمە
خوێندکارییەکانی قوتابخانەی "فامۆ" لە چیک، فیستیڤاڵی فیلمی "مۆنتێری"
لە مەکزیک، فیستیڤاڵی کورتە فیلمی بیلبائۆ لە فیستیڤاڵی کورتە فیلم و
دیکۆمێتییەکانی بیلبائۆ زیبنی لە ئیسپانیا، فیستیڤاڵی فیلمە
دیکۆمێنتارییەکانی "ئانتافاگۆستا" لە شیلی، کاندید بۆ وەرگرتنی خەڵاتی
باشترین فیلمی بەشی "ژینگەپارێزی و وزە" لە فیستیڤاڵی فیلمی "پۆنفرادا"
لە ئیسپانیا و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.
ئەم فیلمە ھەروەھا ھەشت خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی
تایبەتی لێژنەی دادوەرانی یەکەمین خولی
فیستیڤاڵی فیلمی "توڵفە" لە ئیتاڵیا، خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەران و
خەڵاتی باشترین فیلم لە ڕوانگەی بینەرانی ٣٠مین خولی فیستیڤاڵی فیلمی "ماگما"
لە نیۆزلەندا، خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری لە سێیەمین خولی
فیستیڤاڵی فیلمی "واگۆن" لە مەکزیک، خەڵاتی باشترین فیلمی دیکۆمێنتاری
فیستیڤاڵی قوتابیانی فیلمی "فیلۆفێست" لە ئیسلۆنی، خەڵاتی تایبەتی
فیستیڤاڵی فیلمی مۆسترێمپ لە ئیسپانیا، خەڵاتی تایبەتی پێنجەمین خولی
فیستیڤاڵی کورتە فیلمی ئەزموونی "لایدێن" لە ھۆڵەندا و خەڵاتی باشترین
فیلمی بەشی نێودەوڵەتیی فیستیڤاڵی فیلمی ئەمەریکای لاتین بە ناونیشانی
"ئالبیۆفرا ٢٠١٢".
ھەروەھا کورتە فیلمی چیرۆکی "ڕووداوەکانی ژن و شووی کرێکار" نوێترین
بەرھەمی کەیوان کەریمی لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بە
ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە بانەییە لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی
شەست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سباستییەن لە
ئیسپانیا نمایشکرا.
شەست و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سان سباستییەن لە ١٨
بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٢٠ تا ٢٨ی
ئەیلوولی ٢٠١٣ لە شاری ساحیلی سان سباستییەن
لە وڵاتی ئیسپانیا بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.beirutfilmfestival.org/winners.html
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی "سنووری
شکاو"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|