١٠\٤\٢٠١١
سپێدەکانی تووڕەبوون و
ئاوابوونی خۆری ژیان.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
1
کاتێ خۆم دەخۆمەوە
لەکورسیەکی بەتاڵی دوا شەمەندەفەری
وێستگەیەکی چاوەڕوانی دەچم
لەدڵی نەرمی عاشقێکی
پڕ نیگەرانی دەڕوانم
کەتیشکی دڵی پڕحەسرەتی
دڵۆپێ شەونمی لێ دەبارێ
لەتەمی ئێوارانی وەرزێک دەچم
کەپەنجەکانم دووکەڵی مەینەتی و
داوای ئاوابوونی خۆری ژیان دەکات .
2
کەخۆم دەخۆمەوە
سپێدەکانی توڕەبوونی باخی تەمەن،
خنکاوی باوەشی زەردەپەڕەو
باوەش بەگەڵای وەرینی
ئەستێرەی شەواندا دەکەم
کەهەناسەی ئومێدو
زەردەخەنەیان لێ ببارێ و
بەرەنگی دڵم بخوێنن .
3
کەخۆم دەخۆمەوە
نیگای چاوەکانم پڕ دەبن
لەگوڵی هەنارو، پرووشەی بەفرو
سیمام پڕ دەبێ، لەوەنەوزی پەرداخی فرمێسک و
نەغمەی دڵیشم پڕ دەبێ
لە پەڵە هەورێکی رەش،
کەشەماڵی بارانی پێیەو
دەیبەخشێتە پەروانەی زەوی
تاکوو نەسیمێ لەپەنجەرەی دڵ
پڕ کا لەباڵەفڕەی ووشەکان و
مەرگی سێبەری گزنگی بەربەیان .
4
کەخۆم دەخۆمەوە
لەلقی شکاوی درەختێک و
باخێکی بێ باخەوان و
پشکۆی خاچی سەبەتەیەکی بەرئاگردان و
ئاوێنەی گوڵەگەنمێکی دڵ ناسک دەچم
کەبەکەناری دڵما
ئاونگی شەونم دەبارێنن؟
5
کەخۆم دەخۆمەوە
لەرەزێکی هەناسە ساردی وەرزەکان دەچم
کە تینووە بە چرۆی سوری
گوڵی هەنارو
پشکۆی چاوەکانی عاشق و
تەلیسمی فرمێسکی ئێوارەیەک و
بەرسیلەی تازە سەوز بووی
رەزەکان و
یادگاری چرای رۆحی کیژۆڵەو
چەپکێ نێرگزی دەستی عاشقێک.
6
کەخۆم دەخۆمەوە
لەدڵێکی تێکشکاو
لەبووکە شوشەی
دەستی منداڵێکی بەجێماو
لەتیشکی خۆری ئەرخەوانی
لەپەرەی گوڵێکی سورو
حەسرەتی گەڵایەک و
پایزێکی رەنگ زەردو
ماڵی مەلێکی وێرانەو
پۆلێ کۆتری رەنگاو رەنگی
هێمن دەچم
کەناتوانن لەسەرسێبەری ژنێکی
پڕ تارمایی ئاوازێکی تەماوی بخوێنن
لەسەر تەلاری ئاسمانی سینەیدا
کۆرالی گۆرانیەکی خامۆش بچڕن و
سەما بکەن .
7
کەخۆم دەخۆمەوە
چاوەکانم رەنگی بریسکە دەیانگرێ و
جەستەم دەبێتە ئەستێرەیەکی غەمگین
ناتوانن وەک پشکۆی
ئاگر داگیرسێ
رۆحم دەبێتە سێبەری شەوو
دەنگم دەبێتە سەمای دابڕان و
فرمێسکیش دەبێتە رێژنەی باران و
سۆزیش دەبێتە چریکەو
رەزو باخێکی تۆقێنراو بەئاوەدانی و
زەویەکی پاراو لەبێدەنگی
نزیک لە چرای شەوەزنگی مەغریب
دوور لەدارستانی دایک
وون بوو لەدرەختی باوک.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم
|