په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١١\٢٠١٣

سروودی ئەی رەقیب و نەورۆز جۆشدەری خەباتمان بوون.


جەلال دەباغ      


ئێمەی مێرمنداڵ لە سەرەتای پەنجاکاندا کە تازە پێمان نابووە پۆلی شەشەمی سەرەتایی و ناوەندیی گوێمان بە سروودە بەناوبانگەکەی پارێزەرو سیاسەتمەداری گەورە یونس رەئوف (دڵدار) و ھەروا سروودی نەورۆزی شاعیرو فەیلەسوفی کوردستان حاجی تۆفیقی (پیرەمێرد) دەزرنگایەوە.


یەکێتییی قوتابیانی گشتیی عێراق و رێکخراوەکانی لە کوردستانداو ھەروا یەکێتیی قوتابیانی کوردستان- عێراق لەو سەروبەندەدا رۆڵێکی گەورەیان ھەبوو بۆ چاندنی بیروھۆشی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتی لە دڵ و دەروونی لاوان و قوتابیاندا.


لە ھەر سەیران و بۆنەیەکی نیشتیمانی و قوتابیانەدا، کە بەشێوەی تایبەتی ئەو رێکخراوانەی قوتابیان و ھەروا لاوان و رێکخراوەکانی دوو حیزبەکەی شیوعی و پارتی رێکیاندەخستن، یان بە سەلیقەو بە شێوەیەکی خۆبەخۆ، ھەر ئەوەندە بەسبوو کەسێک لەژێرلێوەوە دەست بە گوتنی ئەو سروودە ‌بکات ئیتر راستەوخۆ دەتەقییەوەو کەس نەبوو نەیڵێتەوە:


ئەی رەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان*
نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان (١)
قەومی کورد ھەستایە سەرپێ وەک دلێر (٢)
تا بەخوێن نەخشی بکا تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەد نانەوێ ئاڵاکەمان (٣)
ئێمە رۆڵەی میدیاو کەی خوسرەوین
دینمانە،‌ ئاینمانە نیشتیمان (٤)
ئێمە رۆڵەی رەنگی سوورو شۆڕشین
سەیریکە خوێناوییە رابوردومان
لاوی کورد ھەستایە سەرپێ وەک دلێر (٥)
تا بەخوێن نەخشی بکا تاجی ژیان (٦)
لاوی کورد ھەر حازرو ئامادەیە
گیان فیدایە، گیان فیدایە، گیانفیدا
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەد نانەوێ ئاڵاکەمان.

پارێزەر یونس رەئوف (دڵدار)


لە راستیدا ئەم سروودە، نەک تەنیا بۆ نەوەی ئێمە، بەڵکو ھەروەھا بۆ نەوەکانی پێشترو دواتریش و بۆ لەمەودواش بۆتە مارشێکی نەتەوایەتی و، لە گشت مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی چین و توێژە شۆڕشخوازەکانی گەلەمانداو، لەناو قوڵایی بەندیخانەو زیندانەکانداو، لەخەباتی نەتەوەیی و چینایەتی و نیشتیمانیدا، لەدژی رژێمە دیکتاتۆرو فاشیستەکان وچەوسێنەرانی گەلەکەمان، جۆشدەری خەباتمان بووەو، لەرزی لە دۆژمنان ھێناوە، بۆیە بەردەوام لەدژی ئەم سروودە بەھەموو شێوازێک بەربەرەکانیان کردووە. بەڵام تەنانەت دوژمنانیش نەیانتوانیوە لێکدانەوەی خراپ بۆ ئەو دێڕەی سروودەکە بکەن کە دەڵێت:


(دینمانە،‌ ئاینمانە نیشتیمان) لەڕاستیدا ئەمە رێزدانانێکی زۆرە بۆ ئاین و ھەم بۆ نیشتیمان. نەک بەھیچ جۆرێک تەوھین بە ئاین و پێچەوانەی شەرع نییە، بەڵکو بەرزکردنەوەی خۆشەویستیی نیشتیمانە بۆ ئاستی بەرزێتیی ئاین و، راستیشیان گوتووە کە (حب الوگن من الإیمان - خۆشەویستیی نیشتیمان لە ئاینەوەیە).
 

شاعیری ناوداری کوردستان یونس رەئوف (دڵدار) کە ئەم شیعرەی داناوە، لاوێکی نیشتیمانپەروەری پێشکەوتنخوازبووەو، لە بنەماڵەیەکی ئاینپەروەرو مەلازادەیە، وەک زۆر لە کەسانی پێشکەوتنخواز رێزی زۆریان لە ئاینیش گرتووە. ئەم بۆچوونەم نەک تەنیا لە خوێندنەوەکانمەوە لەسەر دڵدارو سروودەکە ھەڵھێنجاوە، بەڵکو ھاوڕێی ئازیزم ئەحمەد دڵزاری شاعیریش زۆری لەسەر دڵدار بۆ باسکردووم کە لاوێکی زیرەک و رەوشتبەرزو، ئەندامێکی پێشکەوتووی رێکخراوی ھیواو، پاشان شیوعییەکی دڵسۆزی گەل و نەتەوەکەی بووەو، ھەردوکیشیان برادەری نزیک بوون و، بەداخەوە ئەو بەلاوی کۆچی دوایی کردووەو، دڵزار تائێستاش کە ھیوادارم تەمەنی زۆرتر درێژبێت، شیوعییەکە ھەردەم رێزی ئاینی زۆربەی رۆڵەکانی گەل، کە کرێکارو جوتیارو، چین و توێژەکانی دیکەن، دەگرێ و شیعرەکانیشی ئەو راستییە دەسەلمێنن.


سروودی ئەی رەقیب وەک مامۆستا رەھبەری سەید برایم ساخی کردۆتەوەو لە وتارێکیدا بەدرێژی باسی کردووە،‌ مامۆستا (عەبدولخالق قوتب) ئاوازی بۆداناوە کە پیاوێکی ئاینپەروەربووە.


ئەگەر پێویستمان بە نموونەبێت کە وەک سەلمێندراوە ئەو دێرە شیعرەی دڵدار راست و ڕەوانە، ئەوا با سەرنجی گۆرانییەکی تازەی گۆرانیبێژێکی ھاوچەرخ، ھۆنەرمەندی ناسراوی کوردستان کاک عەدنان کەریم بدەین کە بۆ کەرکوکی گوتووەو دەڵێت:
کەرکوک شانازیی ژینمی
کەرکوک ھەناسەو دینمی...


ئای کەرکوک.. چەند لای ئەو و کوردستانییەکان پیرۆزە،‌ کە گۆرانیبێژە گەلێرەکەمان بە ھەناسەو دینی خۆی دایدەنێ و ئەمەش گەورە تەماشاکردنی کەرکوکیش و دینەکەش دەگەیەنێت.


بە شانازییەوە دەڵێم ئێستاش و لەمەولاش سروودی ئەی رەقیب و نەورۆز جۆشدەری خەباتی نەوە دوای نەوەی نەتەوەی کوردستان دەبن. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە لە ئێستاو ئایندەدا چەندان سروودی باش و بەھێز وگونجاوتر، بۆ ئێستاو ئایندە لەلایەن لاوانی داھێنەرمانەوە نەنووسرێن و نەگوترێن کە ئەمەش لە بایەخ و رۆڵی مێژویی سروودی (ئەی رەقیب) کەمناکاتەوە.‌

___________________________
پەڕاوێز:
* ئەی رەقیب، واتە ئەی نەیاران و دوژمنان.
(١) بەداخەوە زۆر ھەڵەو دەستکاری لەم سروودەدا کراوە. لێرەدا لەجیاتی (نایشکێنێ) دەنووسن (نایڕمێنێ)، ھەروا لە جیاتی (دانەیی) دەنووسن (دانەری)!.
(٢) لەجیاتی (قەومی کورد) دەنووسن(لاوی کورد)!
(٣) لەجیاتی (قەت) دەنووسن (ھیچ).
(٤) لەجیاتی ( نیشتیمان) دەنووسن (کوردستان).
(٥) لەجیاتی ئەم دێڕە شیعرە دەنووسن: (چەند ھەزار لاوانی کوردی نەڕەشێر)!
(٦) لە جێگای (تا) دەنووسن(سا)!...تاد..

 

ماڵپه‌ڕی جه‌‌لال ده‌باغ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک