٦\٨\٢٠١٥
سرووتەکانی ئەشق...

پشکۆ نەجمەدین
سرووته‌کانی ئه‌شق
له میحرابی که‌لاوه‌دا
ده‌تبا وه‌ک پووشی ده‌مبا بۆ سێبه‌ری بن نیوه‌دیواری که‌لاوه‌یه‌ک، خه‌ون..
به‌رماڵه‌سێبه‌رێک له‌ژێر چنگه‌کڕێی خۆر و باران و
زریانی زه‌ماندا مانایه‌ک له ڕه‌نگی ڕانه‌گرتووه.
به‌رماڵێک، لێره‌دا گشت رۆژێک چه‌ند شه‌قاوان پێش سپێده،
ڕیشه سپییه‌که‌ی باوک چوار ماچانی لێ ده‌چاند و
به ئاوی دوعاکانی دایک سه‌وز ده‌بوو.
ده‌تکاته پشکۆیه‌ک ئه‌م خه‌ونه
هه‌ر بستێک ئه‌ولاتر له سێبه‌ر، له چاوی پڕ سیحری ماڵێکدا ده‌تنێژێ..
ماڵێک ئاوه‌دان به گه‌رمیی ده‌سته فریشته‌ییه‌کانی دایک و
سه‌رڕێژ له ووناکایی وێرد و ته‌هلیله‌ی خه‌ڵوه‌تکێشانی باوک.
لێره‌دا، له نێو دڵی شیخاڵشیخاڵی که‌لاوه‌یه‌ک که ڕۆژگارێک لێوان‌لێو
له حه‌رفه‌کانی ئه‌شق و هه‌ڵژه‌نراو له بۆنی گوڵاوی جووتبوون،
ئه‌مێستا له‌ژێر قورسایی ئه‌و نزاباڵسووتاوانه‌ی به هیچ شوێنێک نه‌گه‌یشتن،
به ونبوون و دابڕان سیخناخ..
لێره‌دا، له‌سه‌ر ده‌سته پڕفه‌ڕه‌کانی خۆره‌تاو،
له شوێنونبوونی ژانی ژنێک، دڵێک له پێکه‌نین بزووت و
جه‌سته‌یه‌ک له خه‌ون پڕ بوو له گوڵ،
بوو به ڕووبار و
له توێی شه‌پۆلاندا شارێک که‌وته سه‌ما.
ژانی ژنێک هه‌ناسه وه‌به‌ر ماڵێک ده‌کا،
ماڵێک به غه‌ریزه‌ی مانه‌وه به چرۆ ده‌خه‌مڵێ و
باخێک له وه‌نه‌وشه ده‌بێته شار
شارێک، له گوناهستانی خۆیدا،
له مولحیدبوونی به‌نده یاخییه‌کانی و
دڵڕه‌قیی خوا، ده‌بێته که‌لاوه!
تۆ له باخچه‌ی له ڕه‌نگ به‌جێماوی که‌لاوه‌شارێکدا،
ده‌بیته دارستان
هه‌تاکو یادوه‌ریت بڕ بکات:
دره‌خته و ئه‌ستێره‌ی گرتووه،
کانییه و گۆرانی بۆ ورشه‌ی مانگ ده‌ڵێ،
خونچه‌یه و هه‌ناسه‌ی کازیوه هه‌ڵده‌مژێ،
ئاشقه و له زه‌ویی ئه‌ویندا ده‌ڕه‌قسێ!
له چاوی خه‌وندا هه‌ڵده‌چی
ده‌بیته دوو ده‌ستی دوعایه‌ک
ده‌گه‌یته به‌ر ته‌ختی خواوه‌ند و ئیتر تۆ:
توێژاڵێک له گڕ و ده‌کشێیته فه‌زایه‌ک له نووری خودایی و
دووباره ده‌ڕژێیته نێو کۆچه و شه‌قام و نێو حه‌وشه‌ی
ئه‌و ماڵه‌ی
سه‌رده‌مێک ماڵێک و
شارێک و
جیهانێک له خه‌ون و
ته‌مه‌ننا و هیوا بوو.
کانییه‌که‌ی به‌رماڵان،
شاتوویه‌ک به‌هاران به په‌لکه‌زێڕینه،
هاوینان به مزریی چێژێک و به بۆنی به‌رۆکی کچۆڵان داپۆشراو.
چناره گه‌وره‌که‌ی سه‌ر حه‌وزی مزگه‌وت و سه‌رسه‌کۆی پڕئه‌شقی
مورید و خواناسان،
سه‌رچڵی ده‌تکاته ریشۆڵه و له‌وێوه هه‌ڵده‌فڕی...
فڕین به‌ره‌و:
ئه‌و فه‌زایانه‌ی به زه‌وین ناگه‌نه‌وه،
ئه‌و رۆشناییانه‌ی ژوانێکیان له‌گه‌ڵ تاریکیدا نییه،
ئه‌و کانیشێخ و کوڵه‌بۆز و حه‌مه‌وخانــــانه‌ی
که بۆنی کتێبه‌کانی کیمیا و
شووشه‌ی به‌تاڵی مه‌ینۆشانیان لێ ده‌ڕژێ!
به‌ره‌و کانییه‌قوڵکه و کانیئاشقانـــه‌کان که هێشتا
''به‌ندی سوخمه‌ی ئاڵی گوڵناری دولبه‌رانیان'' به ئاهی
تایه‌ربه‌گ ده‌ترازێن..
بۆ ژێر گورزه‌تیشکی په‌نجه‌ره ئاڵوواڵاکانی ماڵێک
که له‌وێدا
به‌گزاده دامه‌که‌ی به سۆن دۆڕاند..
چ دۆڕانێکی ئه‌به‌دی بوو!
بفڕه!
فڕینێکی بێنیشتنه‌وه،
به‌ره‌و ئه‌و قاپییه به ئاسته‌م درزتێکه‌وتووه‌ی
به ئاسمانی کۆڵانی پشته‌وه هه‌ڵواسراوه..
چرۆیه‌ک به کراسێکی مۆری
نیوه‌ڕووته‌وه، به‌رقی حه‌زی ئه‌شقێکی شه‌رمێونی کچۆڵانه‌ت تێ ده‌گرێ
و
جورئه‌تی وه‌رگرتنی نامه‌یه‌ک ناکا که به ئاره‌قه‌ی دڵت خووساوه!
به‌رقێک که ده‌هرێکه له ناخت‌دا تیشک ده‌هاوێ!
بفڕه چاوی ئه‌و ئه‌ستێرانه‌ی
شه‌وانه به‌ده‌م وه‌نه‌وزدانی ده‌رسه‌کانی ماتماتیکه‌وه
په‌لیان ده‌گرتیت و ته‌ختێکیان له ریحانه له‌گه‌ڵ ئه‌و گوڵه تازه
به ژنبووه‌ی
دراوسێتان بۆ چێ ده‌کردیت.
هه‌ر بستێک ئه‌ولاتر،
ئه‌ڵقه‌ڕێزی ئه‌و ده‌روازه مه‌مکڕێژه راوه‌شێنه!
وه‌ژوورکه‌وه!
حه‌وشه‌که به‌ردڕێژه
تارمه‌که خشتی سوور
په‌نجه‌ره‌کان به ڕه‌نگی گێلاس
گمه‌ی کۆتره‌کان و ئاخ و ئۆخژنی ژنه ئاڵۆشنه‌که‌ی کرێچیتان،
وه‌ک هه‌میشه یه‌کدی ده‌خۆنه‌وه!
بفڕه!
له‌سه‌ر پشتی کاکێشان
کوختێک له ماچه‌کانی به‌رائه‌ت بۆ ڕاکشانی ڕۆحت
هه‌ڵبچنه.
له دارکاژه‌کانی کوفر و بزماره‌کانی یاخیبوون
تابوتێک بۆ جه‌سته‌ت
ساز بکه.
له تیشکه‌لانی ئه‌ستێرانه‌وه
تاوێرێک تیشک بۆ ئه‌شکه‌وتی ئه‌سحابان
بهاوه.
گڕ به‌رده له تاریکستانی سه‌ده‌کانی سڕبوون و
شمشێره ژه‌نگاوییه‌کانی موعجیزه
ئه‌و پردانه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی جه‌نگه دۆڕاوه‌کانیان بۆ گۆڕستانه‌کانی سه‌رکه‌وتن
په‌ڕانده‌وه، هه‌ڵته‌کێنه.
تیرۆژێک له رووخساری خوا به‌سه‌ر خه‌راباتی شاردا
که ترووسکه‌ی نووری خامۆشه،
بڕژێنه.
له تێفکرینی حه‌زره‌ت*
بۆ خه‌راباتی دنیا له‌و به‌رزه‌وه
ڕابمێنه.
بۆ خراپه‌ی ئه‌هلی به‌دمه‌ستانی،
سوجده‌ی شه‌فاعه‌تێک به‌ره.
له‌گه‌ڵ خوادا په‌یامی نه‌نیشتنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌م (وێرانه‌خاک)ــه
ببه‌سته
له وێرانیی ئه‌م شاره شپڕێوه‌دا
جێگایه‌ک بۆ پاکیزه‌یی تۆ و
به‌رائه‌تی فریشته‌کانی ئه‌شق نه‌ماوه.
له ساپیته‌ی یه‌قینڕێژی ئه‌م ماڵه بێده‌نگ و ڕه‌نگه‌دا،
درزێک بۆ پێدزکه‌ی گومان و
پرس و
تێهزرین نه‌ماوه
مه‌نیشه‌وه
هیچ نه‌ماوه!
____________________________
*
حه‌زره‌تی مه‌حوی که
ده‌فه‌رموێ:
شوکر هوشیاره مه‌حوی
تێ ده‌گا دنیا خه‌راباته
که به‌دمه‌ستی بکا ئه‌هلی، خراپه‌ی بۆچی لێ ده‌گرم.
ماڵپەڕی
پشکۆ نەجمەدین
|