١٩\٢\٢٠١٦
سیروان كاوسی:
ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی
كوردستان مافێكی رەوای گەلی كوردە.
سازدانی: ساسان دەروێش
ریفراندۆم
بۆ سەربەخۆیی كوردستان و درووستكردنی دەوڵەتی كوردستان، خەونی دێرینی
تەواوی گەلی كوردستانە و لەو پێناوەشدا بە كۆی ڕاپەڕین و شۆڕشەكانی
كورد دەریایەك خوێنی لە كاروانی نەبڕاوی شەهیدانی كورد و كوردستانی
پێشكەشكردووە و بەرای گشتی و شەقامی كوردیش پێیانوایە ئەمساڵ
٢٠١٦ زۆر گونجاوە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی
كوردستان و جیابوونەوە لە عێراق كە هاوكاتە بۆ هەڵوەشاندنەوەی نەخشە
درووستكراوەكانی داگیركاران لە ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆ، لەگەڵ ئەو
پشتگیرییە نێودەوڵەتییەی كە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان و زلهێزەكان بۆ
پێشمەرگە و مانەوەی ئەزموونەكەی هەرێمی باشووری كوردستان لە ئارادایە.
بۆ زیاتر قسەكردن لەسەر ئەم تەوەرە گرنگەی كە بۆتە بەشێك لە باسەكانی
نێو كۆڕ و كۆمەڵی كوردستان بەڕێز سیروان كاوسی رۆشنبیر و مێژوونووس و
سیاسەتزانی كورد بەم شێوەیە بۆمان دوا:
بۆ ناردنی بیروڕای خۆم لەبارەی پرسی ریفراندۆم بۆ كوردستان، بەڕێزت
دەزانی ئەم هاوبیرەت لەگەڵ هاوبیران جەمال نەبەز و كامیل ژیر و
عەبدوڵڵا پەشێو و سەدانی دیكە، دەیان ساڵە بۆ سەربەخۆیی كوردستان
تێدەكۆشین، بەشبەحاڵی خۆم ژیانم لەسەر ئەو رێبازە پیرۆزە داناوە. لێ
بەداخەوە لەم دۆخەی ئێستا كە برسێتی و بێنانی و هەژاریی بە كوردستاندا
بڵاوبووەتەوە و ناكۆكیی نێوخۆیی پتر لەهەر كاتێكی دیكە یەكێتیی
نەتەوەیی تێكداوە و دەستی داگیركەرانی هێناوەتە نێو ژیانی سیاسی و
كۆمەڵایەتی و ئاسایش و ئابووریی حكوومەت و كۆمەڵگەی باشوورەوە، پێش هەر
شتێك پێویستە ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێ و متمانە بگێڕدرێتەوە بۆ خەڵك،
خۆتدەزانی خەڵك بە زۆریی متمانەیان لەدەستداوە. بە نەهێڵانی ئەم
كێشەیەی ئێستا زەوینە خۆشدەكرێت بۆ هێنانەدی ئەو ئاواتە. بە دڵنیاییەوە
ئەوكات خەڵك بەشدارییەكی كاریگەرتر دەكەن و ئەوكات وەك ئێستێ قسەی
كەسانێكیش ناڕواتە پێش كە لەوانەیە لەپشتی ورووژاندنی خەڵكەوە ئامانجی
دیكەیان هەبێت! لەبەر ئەوە نووسین و لێدوان لەبارەی پرسی راپرسیی لە
كوردستان لەم دۆخە ئاڵۆز و شێواوەی ئێستا نەك هەر خزمەتی ئەو پرۆژە
مەزن وپیرۆزە ناكات، بەڵكو لەلایەن ئەوانەشەوە كە ساڵانێكە دەتناسن، بە
جۆرێكی دیكە لێت دەڕوانن.
ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، هیچ گەلێك مافی رەوای یاسایی و مرۆڤی و
مێژوویی و نەتەوەیی خۆی كە دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆیە، ناخاتە
دەنگەوە. بەڵكو زەوینە خۆشدەكات بۆ راگەیاندنی. خۆزگە رێزدار كاكە
مەسعوود بارزانیی، كەسایەتیییە نەتەوەیییەكانی لە باشوور و دەرەوە وەك
جەمال نەبەز و عەبدوڵڵا پەشێو و كوردستان موكریانی و دوكتۆر جەمال
رەشید و كامیل ژیر و حەكیم كاكە وەیس و... هیتد، بانگهێشت بكردایە و بۆ
دەمژمێرێكیش بووە راوێژی لەگەڵ بكردایەتن. ئەمانە بە تایبەتیی جەمال
نەبەز داڕێژەر و مێعمار و مامۆستای بیری زانستانەی كوردایەتیین،
داواكردن لێیان بۆ بەشداریكردن لە پڕۆژەی رزگاریی كوردستان بە
دڵنیاییەوە كاركردی زۆری دەبێ لە كۆكردنەوەی پشتیوانیی خەڵك لەنێوخۆی
كوردستان و خستنەگەڕی دیپلۆماسییەكی پسپۆڕ و شارەزا و نیشتمانپەروەر
لەدەرەوەی وڵات. لەبەر ئەوە لە كات و دەرفەتێكی گونجاوتردا لە خزمەتدا
دەبم و ئێستێ با جارێ وازی لێ بێنن و بزانین سەركردایەتیی كورد لە
باشوور، ئایە پاش ئەم هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانییە، دەتوانن پێكەوە
بكەونە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و سیاسی و دامەزراندنی
حكوومەت و سوپا و ئاسایش و پەرلەمانێكی كارا و پسپۆڕ و نیشتمانپەروەر
كە دەسەڵاتی حزبی بەسەرەوە نەبێت!؟
١٧\٢\٢٠١٦
ماڵپهڕی سیروان کاوسی
|