١١\٣\٢٠١٥
سیستەمی سیاسیی
هەرێمی کوردستان.

د. سالار باسیرە
-
بەشی دووەم -
هەرچەندە نووسراوە،
بەلام من پێتان دەلێم.
ئەم شێوازی دەسەلاتە سیاسییەی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی ئیدارەو
دەزگای سەربازی و ئامرازی فەرمانڕەوایی خۆیەتی بەلام لەژێر کاریگەریی
دەسەلاتی خێزان و بنەمالە وەستاوە ، پیادەی بە مەرکەزیەت کردنی دەسەلات
دەکات. مەرکەزیەتیش لەگەل دیموکراسیەتدا یەکناگرێتەوە. ئەم جیهازی
دەسەلاتە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەسانی پابەندو دارودەستە بە وەلاو
وەفا بۆ سەرۆک دروستبووە. لێرەدا بایەخ بە دروستکردنی کاریزما ئەدریت
کە بریتیە لە سەرۆکی بنەماڵە خۆی. سیاسەتێک کە نیشانەی سروشتی
سیستەمێکی تەقلیدیە. سێ دەسەلاتەکە (دادوەری ، حکومەت ، پەرلەمان
...تاد) و مافە سیاسییەکانی تر لە لایەن دەسەلاتدارەوە وەک شتێکی ،
مولکێکی شەخسیی مامەلەی لەگەلدا دەکرێ و توانای بەسەر ئامرازەکانی
دەسەلاتدا هەیە هەروەک بەسەر شمەکێکی خۆیدا هەبێت. بەم شێوەیە دەکرێ
بکڕدرێ و موزایەدەی پێوە بکرێ ، لە وەرەسەدا بەش بکرێ. لەم بارودۆخەدا
ئیرادەی سیاسیی لە کۆمەڵگا سەندراوەتەوەو دوور خراوەتەوە لە هوشیاری
سیاسیی. گەل بێ مافی سیاسییەو وەک خزمەتکار ، وەک ئۆبجەکتی ڕوتاندنەوە
سەیر دەکرێ نەک وەک هاولاتی لە تێروانینی کۆمەَلگای مەدەنیەوە.
جوداکردنەوە لە نێوان شتە شەخسیەکان و گشتیەکان نیە. سەرجەم
پەیوەندیەکانی دەسەلات پەیوەندی کەسییە نەک موئەسەساتی. جوداکردنەوەی
دەزگاکان بە ڕوکەش ددان پێدا نراوە ، هەربۆیە دەکرێ لە ڕای گشتیدا
ئاماژەی پێبدرێ ، بەلام لە پراکتیکدا بوارە شەخسیەکان و گشتیەکان
لەیەکتر جودا ناکرێنەوە. داگیرکردنی موڵکی گشتی بە ڕێگای دەسەلاتداری
کەسەوە ڕەفتاری پێوە دەکرێ هەروەک ئەم ولاتە هەمیشە موڵکی خێزان و
بنەماڵە (بنەماڵەکان) بوبێت. بارودۆخێک خوڵقێندراوە کە تەنیا بە ڕێگای
وەلا و وەفا بۆ سەرۆک و بە ڕێگای حیزبەوە دەگەیت بە بەرژەوەندیەکانی
خۆت و حیزبیش لەم هاوکێشەیەدا حیزبی قائیدە ، حیزب لێرەدا بۆتە ئامانج
نەک ئامراز. دیاردەیەک کە دەبێتە هۆی سەقەت کردنی کۆمەَلگا. هەربۆیە
ئەم سیستەمە سیاسییە خێزانی و بنەماڵەییانە لە هاوکێشەی کۆتایدا بەهۆی
بلۆک کردنی خۆیەوە رێگریش دەبێت لە گەشەکردن بە ئاڕاستەی هەرێمێکی ،
دەولەتێکی مۆدێرن. پشت دەبەستێت بە دارودەستەکانی ، بەئیدارەکانی سەر
بە کەسی دەسەلات و بە هێزی چەکدارو ئاسایش و دەزگا هەوالگریەکانى ...
ئەم شێوە سیستەمە تەواو نوقمی جۆرێک لە گەندەڵی دەبێت کە لە کۆتایدا
سەری سیستەم و دەسەلاتەکە خۆی دەخوات.
سەرۆک پێویستە بایەخ بە باش
گوزەرانی دارودەستەکەی بدات.
ئەم شێوازی دەسەلاتە کار بۆ بەکاریزمابوون دەکات کە بەرێگای سەرۆکی
بنەمالەوە پراکتیزە دەکرێ بەلام بەر لە هەموو شتێک پێویستە بایەخ بە
باش گوزەرانی دارودەستەکەی بدات. بەرێوەبەرانی ئیداری بەتەنیا لەلایەن
سەرۆکەوە هەلدەبژێردرێن. هەروەها سەرجەم نمونە تەقلیدیەکان لەراستیدا
بەو شێوەیە چارە دەکرێن کەدەلێت: "هەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان
دەلیم..". ئەم شێوازی کاریزمایە رەوتێکی نائەقلانیە. بەبۆچوونی من
کاریزمایەکی نەگەتیڤ کە دەیەوێ بەرگی حیزب و ئایدیۆلۆژیاش بکریتە بەری
ئەم و کۆمەل تەنیا ئەم ببینێت. هەر فەرمانێک لەلایەن ئەو سەرۆکەوە
دەربچێ بە یاسایەک دادەنێ و دەبێت کۆمەل جێبەجێی بکات و لەو فەرمان و
یاسایانە لانەدەن. خالی جەوهەریی لەم بەرپرسیارێتیە ئەوەیە کە هەر
بەرپرسێک نەک هەر لەلایەن سەرۆکەوە دەستنیشان دەکرێ بەلکو ئەوەندەش لە
پۆستەکەیدا بێت لە بەرگی سەرۆکدا رۆل و کاریگەریی و چالاکی دەبینێت.
دەسەلات خواستی لە بوونی پلورالیزمی سیاسی نیە. ئەحزابی زۆری دەستکردو،
هەندێکی تری بەشدارپێکراو یان بەشدار بوو لە دەسەلاتدا بەلام بێکاریگەر
، میدیای زۆری سێبەر...تاد. هیچی گوزارشت لە کۆمەلگایەکی سیاسیی
پلورالیستی ناکات.
________________________________
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/sistemisiyasiyh.htm
Dr.salarbasira@hotmail.com
|