٢\٦\٢٠١٩
سیستەمی سیاسیی
نەریتیی و کۆمەلگەی دواکەوتوو، ھەرێمی کوردستان وەک نموونە.

سالار باسیرە
ناوەڕۆک
• سیستەمی سیاسی و دامەزراوەکانی.
• سیستەمی سیاسی و کۆمەلگەی تەقلیدی.
• دەسەلات و سیستەمی سیاسی نەگۆڕ نیە.
• سیستەمی سیاسی و سیستەمی کۆمەلایەتی.
• ھەر کۆمەلگەیەک تایبەتمەندی خۆی ھەیە.
• کۆمەلگە پێویستی بە رێکخستن ھەیە.
• سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان.
• بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن دەرکەوتەیەکی قۆناغی ئینتیقالیە.
• ھەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەڵێم.
• دەزگای بیرۆکراسی و ئیرھاب وەک ئامرازی سەقامگیری.
• گەندەڵی لە بیرۆکراسیەتی ئەم سیستەمەدا.
• پیادەکردنی دەسەلاتی سیاسی ھەرێم مەرکەزیە.
سیستەمی سیاسی و دامەزراوەکانی.
سیستەمی سیاسی دەولەتێک بە دەستورو کەلتوری سیاسی و ئەلیتە
سیاسیەکەیەوە دیاری دەکرێت، ھەروەھا لە دابەشکردنی دەسەلاتە واقعیەکانە
لەنیوان ناوەندەکانی بریاردا. سیستەمە سیاسیەکان و دامەزراوەکانی وەک (پەڕلەمان،
حکومەت، دادوەری)، دەوڵەت، حیزب و رێکخراوەکانی و ڕای گشتی و ھاوبەشیی
ھاولاتی لەحکومەت و کارگێریدا، ھەروەھا رێکخراوە کۆمەلایەتیەکان،
دەسەلات و ھێزو پێشبرکێیەکانی ھەلبژاردن ھەموو ئەمانە لەژێر چەتری
سیستەمی سیاسیدا کۆدەبنەوە. سیستەمی سیاسی داینەمۆی دەولەت و ژیانی
کۆمەلگایە، ھەروەھا ئەرکی رێکخستنی کۆمەل دەگرێتە ئەستۆ. سیستەمی سیاسی
زیاتر تایبەتە بەرێکخستنی شێوازو کاری دەسەلات و کۆمەل و کۆمەلە
سیاسیەکان و چەند دامودەزگایەکە لە کۆمەلگایەکی دیاریکراودا کاروباری
بەریوەبردن دەگرنە ئەستۆ لەرێگای ئەو یاساو ریاسا مولزیمانەی لە
ئارادان، یان دانراوون لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی پەیرەوکراودا.
بەلام سیستەمی سیاسی بەتەنیا بریتی نیە لە دامەزراوە حکومیەکان بەلکو
لەھەموو پێکھاتە کۆمەلایەتیەکان بەھەموو لایەنە سیاسیەکانیەوە بە
پێکھاتە تەقلیدیەکانیشەوە کە لەسەر بنەمای خزمایەتی و عەشیرەت
دامەزراون. کەواتە سەرجەم دیاردەکان پێکەوە سیستەمێک پێک دەھێنن.
سیستەمی سیاسی و کۆمەلگای تەقلیدی.
خەسلەتی کۆمەلگای تەقلیدی بریتیە لەکردەوە تەقلیدیە کۆمەلایەتیەکان.
واتا ئەو کردەوانەی کە لەسەر بنەمای ئەقل و مەنتق دانەمەزراوە، بەلکو
لەسەر بنەمای ئەو کردەوانەی کە سەردەمانێک کاری پێکراوەو جێگیربوەو بە
میرات ماوەتەوە وەک شتێکی تەقلیدی. یەکێک لەخەسلەتەکانی کۆمەلگای
تەقلیدی بریتیە لەپێکھاتەیەکی داخراوی کۆمەلایەتی کە بەزەحمەت خۆی
دەداتە دەست گۆرانکاری بەتایبەت بەمۆدێرن کردنی ھەرەمی سەرەوەی. جگە
لەمانە زۆربەی ئەندامانی ئەم کۆمەلگایە سەربەخۆییان نیەو بەستراونەتەوە
بەنەریتی گشتی کۆمەلگاکە.
لێرەدا ھوشیاری ئاینی زالە بەسەر تەواوی بوارەکانی ژیانی کۆمەلگاکە.
دەسەلاتی سیاسیش خەسلەتێکی حوکمی فەردیە تێیدا. بۆیە ئەم جۆرە
کۆمەلگایە ھەروەک ئاماژەم پێدا بەپێی سروشتی خۆی، خۆی کەمتر دەداتە
دەست بەمۆدێرن کردن. زیاتر لەشوێنی خۆی دەچەقێ و گۆڕانیشی کاتێکی درێژی
دەوێ کە ئەمیش بەندە بەکۆمەلێک فاکتەرەوە.
ئابوری خزمایەتی و بارودۆخی پابەندبوون.
لەم سیستەمە تەقلیدیەدا وەک نمونەی ھەریمی کوردستان پەیوەندی شەخسی
دروست دەبێت و ڕۆل دەبینێت و دارودەستە کارەکان بۆ دەسەلات دەبەن بە
ریگاوە. بەم شێوەیە گەشەکردنی ئابوری گێڕ دەبێت و دەسەلاتەکە
دەسەلاتێکی دواکەوتوی تەقلیدیەو ھوشیاری کۆمەل وەک پێویست لەئارادا
نیەو دەسەلاتداری تەقلیدی و کلاسیک سوود لەم دیاردەیە وەردەگرێ و
دەشیەوێ کەش و ھەوا کۆمەلایەتیە دواکەوتوەکە ھەر بەم شێوە کۆنە
بمێنێتەوە لە شێوەی داب و نەریتە تەقلیدیەکان ، ھۆزو خیل و عەشرەت و
ئاغا دەبوژینیتەوە. ھەموو پێشکەوتن و ھوشیاریەکی کۆمەلایەتی دەبێتە
لاوازکردن و گۆرینی ئەو نەریتە تەقلیدیەی کە دواتر دەبێتە رێگر
لەبەردەم دەسەلاتی دەسەلاتدارو سیستەمە سیاسیە تەقلیدیەکەدا. ھەربۆیە
بەگشت شێوەیەک ئەم لایەنە ھەوڵی لەناوچونی پێشکەوتن ئەدات و دەیەوێ
کۆمەلگا کۆنەکە کۆمەلگایەکی داخراو بێت و بەھۆی ناھوشیاری کۆمەڵەوە بۆی
بچێتە سەرو دەسەلاتدار جێگای یاساش بگرێتەوەو دەیەوێ لەم زیاتر کۆمەڵ
ھیچی تر نەبینێت.
لەو کۆمەلگایانەی ھوشیاری سیاسی ھاولاتیان کزو لاوازەو ھەروەھا رەوشی
ئابوری و کۆمەلایەتی تیایاندا لاوازە، ئەوا مەترسی ئەوە زۆرە سیستەمی
سیاسی پەیرەوکراو لەدەولەتدا سیستەمێک بێت کە لەسەر زەبرو زەنگ و
خۆسەپاندن بونیاد نرابێت. لێرەدا پێشێلکردنی مافی تاکەکانی کۆمەل و
سەربەستیەکانیان و بوارنەدان بەگروپی سیاسی جۆراوجۆر لە دەوڵەتدا شتێکی
ئاسایی دەبێت. واتا لە ولاتدا سیستەمی دیکتاتۆری پەیرەو دەکرێت ، ئیتر
ئایا ئەو سیستەمە دیکتاتۆریە سیستەمی دیکتاتۆری تاکە کەسی بێت، یان
تاقم و گروپ بێت .
دەسەلات و سیستەمی سیاسی نەگۆر نییە.
بەلام پەیرەو کردنی ھەر شێوەیەک لە سیستەم لەدەولەتدا شتێک نیە بۆ
ھەمیشە بەزۆر بسەپێندرێ، یان ھەتا سەر بڕ بکات و نەگۆڕ بێت. ئەگەر
سیستەمە سیاسیە پەیڕەو کراوەکە لەگەڵ باری سایکۆلۆجی و فکری و
کۆمەلایەتی خەلکی ولاتدا گونجاو نەبوو ئەوا ئەو سیستەمە سیاسیە ئەگەر
بۆ ماوەیەکی زەمەنییش پەیڕەو بکرێت بەلام وەکو ئەنجام ھەر ھەرەس دێنێت
و ئامانجی رێکخستنی دەوڵەت ناپێکێ کە لەڕاستیدا پێویستە بۆ خۆش
گوزەرانی و سەقامگیرکردنی ڕەوشی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوری ھاتبێتە
کایەوە. ڕوداوەکانی ئەم دواییەی ولاتە عەرەبیەکان پەیامێکی گرنگە بۆ
دەسەلاتداران.
مێژووی سیاسی بۆ ئەوەیە مرۆڤ لێوەی فێر بێت. دەسەلاتی کۆنەپارێزو
تەقلیدی ھەر ھێشتا بەربلاوترین شێوەکانی دەسەلات و سیستەمە سیاسیەکانە
چونکە دەسەلاتی یاسایی و ئەقلانی لە گەشە مێژوییەکەیدا درەنگ ھاتۆتە
دروست بوون.
سیستەمی سیاسی و سیستەمی کۆمەلایەتی.
سیستەمی سیاسی لەناو سیستەمی کۆمەلایەتیدا پەیدا دەبێت. ھەموو گۆڕانێک
لەسیستەمی کۆمەلایەتی و دۆخی کۆمەلایەتی کار لە سیستەمی سیاسی دەکات و
ئەوانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت. لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسی تاڕادەیەک
بریتیە لە سیستەمی کۆمەلایەتی بۆیە ھەر جۆرە ناسەرکەوتنێک لە سیستەمی
سیاسیشدا دەبێتە ھۆی دواکەوتنی دۆخە کۆمەلایەتیەکەو سیستەمە
کۆمەلایەتیەکە. لەم بوارەدا حیزب و رێکخراوی سیاسی بە تایبەت گرنگیدان
بە ئایدیۆلۆژیای ئەو حیزبە ڕۆڵی گرنگ دەبینێت و ھێزێکی بەتوانایە بۆ
گۆڕین و بەمۆدێرن کردن. پێشکەوتنی سیستەمی سیاسی پێویستی بە ھوشیاری
کۆمەلایەتی ھەیە کە یارمەتی کۆمەڵ ئەدات بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانی
سیستەمەکە. ھوشیاری کۆمەلایەتی رێگا بۆ ھاولاتیان خۆش دەکات لەزۆر
لایەنەوە چاودێری ژیان بکەن لەبواری سیاسی ، کۆمەلایەتی، کەسایەتی،
ئەخلاقی... تاد.
کێشەی لەسەرخۆ گەشەکردنی کۆمەلگا لەبوارەکانی سیاسی و ئابوری و
کۆمەلایەتی و فەرھەنگیی دەمێکە لەلایەن زاناکان و کۆمەلناسەکان بایەخی
پێدراوە. مێژووی مرۆڤایەتی ئەو ڕاستیەی بە ڕوونی نیشانداوە کە
گۆڕانکاری کۆمەلایەتی و سیاسی پڕۆسەیەکی حەتمیە. ھەموو ئەو
کۆمەلگایانەی لە ئاستی نزمی ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتیدان دەبێت بەو
رێگایانە تێپەڕن کە ولاتانی پێشکەوتوی جیھان پێیدا تێپەریوون. ھەربۆیە
دەوڵەتی عێراق و ھاوشێوکانی بە کوردستانیشەوە بێبەش نیە لەم یاسایە.
بەلام دیارە ھەر کۆمەلگایەک بەگوێرەی خەسڵەتی نەتەوەیی خۆی بەم
پڕۆسەیەدا تێپەڕ دەبێت. بەم پێیە پێکھاتەی سیاسی حیزبی سیاسی و سیستەمی
سیاسی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی کۆمەلایەتی ئەو کۆمەلگایە خۆیەتی. بەواتا
بەرھەمی واقعی کۆمەلایەتیە. سەدام حسێن ھیچی تر نەبوو لە بەرھەمی واقعی
کۆمەلگای عێراق خۆی ھەربۆیە توانیشی دیکتاتۆربێت، دیکتاتۆرتر لە
دیکتاتۆرەکانی تر.
ھەر کۆمەلگایەک تایبەتمەندی خۆی ھەیە.
بێگومان ھەر کۆمەلگایەک تایبەتمەندی خۆی ھەیە. بیروبۆچوونی ھەر
کۆمەلگایەکی مرۆڤایەتی دەربارەی دەسەلات و سیستەمی سیاسی لەگەڵ ئەوی
تردا دەگۆڕێ ئەویش بەپێی ڕەوشی تایبەتی ھەر کۆمەلگایەک لەڕووی مێژوویی
و ڕەوشی ئابوری و کۆمەلایەتی و ئاستی ھوشیاری و جیۆپۆلەتیکەوە کە بە
ھەمویانەوە باری سایکۆلۆجی و کۆمەلایەتی و ھوشیاری سیاسی و کۆمەلایەتی
تاکەکانی کۆمەلگا دیاری دەکەن. ئەم فاکتەرانە بۆنمونە لە ولاتێکی
ڕۆژئاوای ئەوروپا بەپێی تایبەتمەندیەکانی خۆی شێوازێکی ترە بە بەراورد
لەگەڵ ولاتێکی تری دواکەوتوو، یان تازەگەشەکردوو. واتا سیستەمی سیاسی
پەیڕەوکراو لە ولات و دەوڵەتێَکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێ. لەھەر
دەولەتێکدا ڕادەی ھوشیاری سیاسی کۆمەڵ و بیروبۆچوونی مرۆڤەکانی دەبارەی
دەسەلات لەسەر بنچینەی قۆناغە مێژوییە جیاجیاکان بەخۆوە وەردەگرێ کە
دەوڵەتی پێدا ڕۆیشتوە.
کۆمەلگا پێویستی بە رێکخستن ھەیە.
کۆمەلگا بەبێ دەسەلاتی سیاسی رێکخراو مەحاڵە، لەبەر ئەم ھۆیە پێویستی
بەدەسەلاتێکی سیاسی، بە سیستەمێکی سیاسی رێکخراو ھەیە تاوەکو بنەماکانی
ژیان و گوزەران رێک بخات. دەزگاکانی دەوڵەت کە سیستەمە سیاسیەکە
پێکدەھێنن وەک پەڕلەمان و حکومەت و دادوەری ڕۆڵی گرنگ دەبینن تێیدا.
لێرەدا حیزبی سیاسیش گرنگ و پێویستە بۆ سیستەمی سیاسی کە بریتیە
لەشێوازێک بۆ بەیەکەوە گرێدان و بەستنەوەی گشت پەیوەندیە سیاسی و
کۆمەلایەتی و ئابوریەکانی نێو کۆمەلگا، ھەروەھا ئەرکی رێکخستنی کۆمەڵ و
ڕۆڵی بەرێوەبردن لە رێگای ئەو یاسایانەی کە ھەن لە چوارچێوەی
ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی پەیڕەوکراودا دەگرێتە ئەستۆ. ئەو کۆمەلگایانەش
کە پەیکەری دەوڵەتیان نیە دەکرێ دابنرێن کە سیستەمی سیاسیان ھەبێت.
زاراوەکە بەشێوەیەکی دیاریکراو لە زانستی سیاسیدا بریتیە لە کۆمەلێک
پەیکەرو پڕۆسەو دەزگا کە لە نێوان خۆیاندا کارلێک دەکەن. لەبەر ئەوەی
زاراوەکە بەفەرمانەکانیەوە دەناسرێت ئەوا دەکرێت ئاماژە بدات بەو
رێکخستنە سیاسیانەی دەوڵەت و نادەوڵەتیش.
سیستەمی سیاسی ھەرێمی کوردستان.
ئایا "سیستەمی سیاسی" ھەرێمی کوردستان دەچێتە خانەی کام لە سیستەمە
سیاسیەکان و تەنیا لەم ڕوانگەیەوە دەکرێ خوێندنەوەیەکی زانستیانەی بۆ
ئەنجام بدەین ، ئایا شتێک ھەیە لە ھەرێم پێی بوترێت سیستەمی سیاسی؟ یان
دەسەلاتی تاقم و گروپێکی سیاسیە؟
سەبارەت بەم شێوە دەسەلاتە سیاسیە کە ھەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لێی
دەکرێ باس لە چەند تیۆریەک بکرێ کە لە ئەدەبیاتی زانستیدا بەم رێگایەوە
دەکرێ کاراکتەری دەسەلاتی سیاسی لە سەرجەم سیستەمەکەدا دیاری بکرێ،
تیۆریەک بەکاردێت بەسەر سیستەمە سیاسیەکانی "جیھانی سێ" بەگشتی.
(مۆدێلی بە موئەسەسە کردن) ھەوڵی ئەوە ئەدات سیستەمە سیاسیەکانی "جیھانی
سێ" بەوە جیابکاتەوە تا چ ڕادەیەک توانیویانە سیستەمی سیاسی بە
موئەسەسە بکەن. زیندو کردنەوەو گەشە پێدانی خێڵ و عەشرەت و سالانە
ڤێستیڤالی خێڵ و ھاوشێوەکانی لەلایەن دەسەلاتدارانی ھەرێمی کوردستان و
بە خێڵ و خێزان کردنی سیاسەت و تەوریسی سیاسی دوور کەوتنەوەیە لە
سیستەمی بە موئەسەسە کردن. تەنانەت لە پێشکەوتوترین دەوڵەتی عەرەبیدا
دژە قورساییەک بەرامبەر بە دەسەلاتی ئۆتۆکراسی دروست نەبووە.
خالێکی تر بریتیە لە Prätorianism . باس لە بەکاراکتەر کردنی سیستەمێکی
سیاسی دەکات کە تێیدا سوپاو ھێزی چەکداری فەرمانڕەوایی دەزگای
جێبەجێکردن دەکات، یان مەیالە بەلایدا پڕۆسەی بریارە سیاسیەکان داگیر
بکات. لێرەدا دەزگا مەدەنیەکانی نێو ئەم سیستەمە ناتوانن کارا بن.
پەڕلەمانێکی کارای دیموکراسی وەک ئەوەی کۆمەلگە مەدەنیەکان لەم
سیستەمەدا ھێشتا دروست نەبووە. ھەرێمی کوردستان وەک نمونە.
یەکێک لەو تیۆریانەی بۆ ئەم مەبەستە ئاماژەی پێبدەم بریتیە لە سیستەمە
پاتریمۆنیالیزمەکەی ماکس ڤێبەر کە بریتیە لە شێوازی دەسەلاتداری کەسی
تاک کە بنەما شەرعیەکەی وەلای تەقلیدی و ئینجازی ماددیە. لە کۆمەلگە
گەشە کردوەکاندا کە پێکھاتەی مۆدێرنی دەوڵەتیان پێوە دیارە ئەم شێوە
فەرمانڕەواییە شێوازێکی تری دراوەتێ کە بە نیوپاتریمۆنیالیزم ناو دەبرێ.
ئەم شێوازی دەسەلاتە بەوە دەستنیشان دەکرێ کە کەسی دەسەلاتدار خاوەنی
ئیدارەو دەزگای سەربازی و دارایی و ئامرازی فەرمانڕەوایی خۆیەتی،
بەواتا بە مەرکەزیەت کردنی دەسەلات ھەیە. ئەم جیھازی دەسەلاتە بە
شێوەیەکی سەرەکی لە کەسانی پابەند دروستبووەو دادوەری و مافە
سیاسیەکانی تر لەلایەن دەسەلاتدارەوە وەک شتێکی، مولکێکی شەخسی مامەڵەی
لەگەڵدا دەکرێ و توانای بەسەر ئامرازەکانی دەسەلاتدا ھەیە ھەروەک بەسەر
شمەکێکی خۆیدا ھەبێت، بەم شێوەیە دەکرێ بکڕدرێ و موزایەدەی پێوە بکرێ،
بە قەرز بدرێ و لە وەرەسەدا بەش بکرێت ئەوەی لە لایەن دەسەلاتی سیاسی
ھەرێمی کوردستانەوە پەیڕەو دەکرێت.
لەم بارودۆخەدا گەل بێ سیاسە کراوە، ئیرادەی سیاسی لێ سەندراوەتەوەو
دوور دەخریتەوە لە ھوشیاری سیاسی و وەک بتێک لێی دەڕوانرێت ، بێ مافی
سیاسیەو وەک خزمەتکار سەیر دەکرێ نەک وەک ھاولاتی لە دیدگا مۆدێرن و
مەدەنیەکەوە. لەلایەن توێژە دەسەلاتدارەکەوە وەک ئۆبجەکتی ڕوتاندنەوە
سەیر دەکرێ. ئەمە داگیرکردنی موڵکی گشتیە بە رێگای دەسەلاتداری کەس و
دەستەو تاقمەوە. ئەم سیستەمە سیاسیە تەقلیدیە بەھۆی بلۆک کردنی خۆیەوە
رێگر دەبێت لە گەشەکردن بە ئاڕاستەی ولات و دەوڵەتێکی مۆدێرن.
دەسەلاتدار پشت بە ئیدارەکانی سەر بە شەخسی دەسەلات و سوپاو
میلیشیاکانی دەبەستێت. لەم سیستەمەدا سەرجەم پەیوەندیەکانی ناوەوەو
دەرەوەی دەسەلات پەیوەندی شەخسیە. لێرەدا جودا کردنەوەی دەزگاکان لانی
کەم بە ڕووکەش ددان پێدا نراوە، ھەربۆیە دەکرێ لە ڕای گشتیدا ئاماژەی
پێ بدرێ، بەلام لە پراکتیکدا بوارە شەخسیەکان و گشتیەکان لەیەکتر جودا
جودا ناکرێنەوە.
بەم شێوەیە دوو سیستەم لەتەنیشت یەکترەوە دەبن. پەڕلەمان و حکومەت و
دادوەری کە لە یەکتر جودا نەکراونەتەوە ، بەلام لە ڕاستیدا دەسەلاتدارە
(پاتریمۆنیالەکە) تەقلیدی و خێڵ و خێزان و دەرەبەگ و عەشرەت خۆی
دەخنێتە نێو سیستەمە شەرعیە ئەقلانیەکەو فۆرمی دەگۆرێت و کرمێی دەکات و
بێکاریگەریی دەکات.
بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن دەرکەوتەیەکی قۆناغی ئینتیقالیە.
ئەم سیستەمە بریتیە لە گرێدانێکی تەقلیدی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. ھەربۆیە
بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن دەرکەوتەیەکی قۆناغی ئینتیقالیە بەلام سیستەمە
سیاسیە تەقلیدی و خێڵەکیەکانی وەک ئەوەی ھەرێمی کوردستان توانای
گواستنەوەی ئەو قۆناغە مێژوییەی نیە. ئەم ڕژێمە دەبێت جۆرێکی تر
شەرعیەت بدات بەخۆی و تەواو لێرەدایە یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی.
ئۆرگانەکانی وەک پەڕلەمان و حکومەت و حیزب ڕووکەش بەکار دەھێنێت بۆ
خۆشاردنەوەی لە پشتی ئەمانەوەو تەنانەت حیزبیش دەبێتە ئامانج نەک
ئامراز. ھەربۆیە سەقامگیریەکەی بەتەنیا لە پیادەکردنی ھێزەوە سەرچاوە
ناگرێت ھەرچەندە ئەوە ناگەیەنێت بەدوور بێت لە میکانیزمی کۆنترۆڵ و
ئیرھاب. شارەزایانی زانستی سیاسی دەگەنە ئەو ڕاستیەی کە دەرئەنجامەکانی
لە کۆتایدا دەبێتە ھۆی وێران کردنی پێکھاتەکەی خۆی.
خەسڵەتێکی تری بریتیە لە چڕکردنەوەی دەسەلات، ئەمەش لەنێوان دەسەلاتی
مەرکەزی و کۆمەڵدا. لەم سیستەمەدا جیھازی دەوڵەت لە ھەوڵی ئەوەدایە
رێگر بێت لە دروستبوونی رێکخراوی سەربەخۆی کۆمەلایەتی. ھەربۆیە لە
ھەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی سەرجەم بزوتنەوەو چالاکیە کۆمەلایەتیەکاندایە و
بەردەوام میتۆدو ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسک کردنەوەو
ژێردەست کردنی داواکاریە کۆمەلایەتیەکان. پێکھاتە بیرۆکراسیەکان (دامودەزگاکانی
دەسەلات) لەم سیستەمەدا مۆنۆپۆڵی سەرجەم پەیوەندیەکانی نێوان ئەلیتەی
سیاسی و کۆمەڵ دەکەن. دەسەلاتی جێبەجێ کردن (سوڵتەی تەنفیزی) لە خودی
سەرۆکدا کۆدەبێتەوەو کاریگەر دەبێت بەسەر سیستەمە سیاسیەکەدا. لەنێو
دەزگا دەوڵەتیەکەدا (ولاتدا) دەسەلات لە شەخسی سەرکردە سیاسیەکەدا چڕ
بۆتەوە (ێدام ، بارزانی ، تاڵەبانی ، قەزافی، ئەردۆگان ، بەشار ئەسەد ،
ئەمیرو شێخەکانی سعودیە ...).
ئەوەی لەم شێوە دەسەلاتەدا بەتوندی پیادە دەکرێ ئەوەیە خەڵکان و
کارمەندان لە دەزگاو دائیرەکانی خۆیاندا خاوەن مافی خۆیان نین. ئامرازە
ئیداریەکان دەخرێنە خزمەتی دەسەلاتەوە. دادوەری و مافە سیاسیەکانی تر
وەک شمەکێکی شەخسی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ. ھیچ بەرپرسێکی بالا بۆ ھەر
ڕەفتارێکی تیرۆر کردن و بازرگانی ناشەرعی و بەھەدەردانی سامانی گشتی
وەک نمونەی باشوری کوردستان ڕوبەرووی دادگاو لێپێچینەوە ناکرێنەوە
چونکە سیستەم و دەسەلاتەکە خۆی لەوە پێکھاتوە. ئەم دەسەلاتە توانای
رێفۆرمی ڕاستەقینەی نیە چونکە خۆی لەگەندەڵیی دروستبوەو ھەر رێفۆرمێکی
ڕاستەقینە واتای ھەرەسھێنانی سیستەم و دەسەلاتەکە خۆی دەبەخشێت.
ھەربۆیە خۆی بە ناچار دەبینێت لەسەر پیادە کردنی سیاسەتە ستەمکارانەکەی
خۆی بەردەوام بێت.
ئەم دەسەلاتە تەقلیدیە لەلایەن ئەلیتەیەکی سیاسی و بیرۆکراتی دەورە
دراوە ھەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەکانی دەوڵەتەوە
دەدوێ بەلام لە ڕاستیدا لە ھەوڵی ئەوەدایە دەسەلات و کاریگەریی خۆی
گەورەو سەلامەت بکات. ( ئەلیتەی سیاسی ئەو کەسانەن یان لە توێژو چینێکی
سیاسین کە لەناو رێکخراو و دامودەزگاکانی سیستەمە سیاسیەکەدا خاوەن
بریارو پۆزیشنن).
لە ژێرەوە شەڕی کێبرکێی ئەلیتەکان ھەیە کە لەلایەن دەسەلات خۆیەوە
دروست دەکرێ بۆ سوود وەرگرتن لەم میتۆدە کە خزمەتی سەقامگیری و
دەسەلاتەکە دەکات. کار بۆ لەیەکتر ترازاندن و دابەش کردنی ئۆپۆزیسیۆن
دەکات ئیتر ئەوەی شەقام یان پەڕلەمان بێت، بەم میتۆدە دەسەلاتدار کار
بۆ سەقامگیر کردنی دەسەلاتەکەی دەکات و تەنانەت ڕۆڵی حەکەمی سیاسیش
دەبینێت.
کێبڕکێ لەنێوان ئەلیتەی سیاسی ھەیە بۆ جێ پێکردنەوەی خۆیان بەلام تەنیا
دەسەلاتدارە تەقلیدیەکە بڕیار ئەدات ئایا ئایدیای سیاسی، بەرنامەو
ئامانج و ستراتیجیەت کە لەنێو ئەلیتەکەدا نوێنەرایەتی دەکرێن لە نێو
پڕۆسەی بریاری سیستەمەکەدا چوونە ژورەوەی ھەیە یان نا. شتێکی ئاساییە
ستەمکارێکی لەم جۆرە کە سەربازو کارمەندان لەژێر ڕەحمەت و بریاری
بێسەروبەری ئەمدان لە بارودۆخێکی وادا نین عەرزی ئارەزوەکانی خۆیان
بەرامبەر بە دەسەلاتی بێسەروبەر بکەن.
دەسەلاتە سیاسیەکەی ھەرێم دەسەلاتێکی ئۆتۆکراسی و ئاوتۆریتێرو تەقلیدی
و ناتەکنۆکراتە. دەیەوێ سوود لە کەسە تەکنۆکراتەکان وەرگرێ بەلام رێگا
نادات بگەنە دەسەلات. وەک یەکێک لە سیستەمە سیاسیە دیکتاتۆری و
تەقلیدیەکان ئامانجیانە کۆمەڵ قبوڵیان بکات و دەسەلاتیان نەخەنە بەر
مەترسی. دەرفەتی ڕەخنە گرتنیش تەنیا ئەوەندەیە نەبێتە مەترسی بۆ سەر
دەسەلات. دروستکردنی کۆمەلگایەکی نوێ و گۆڕینی ئەو کۆمەڵگە کۆنە بەنوێ
ئامانجی سیستەمە دیکتاتۆریە تەقلیدیەکان نەبوە. تێئالانی کۆمەلگەش لە
دین و خێڵەوە بەلگەی وەستانی گەشەی ئەقڵیی ئەو کۆمەلگەیەیە.
دەسەلاتی خێزان و خێل و بنەماڵەی سیاسی کە دەسەلاتی تەقلیدیە خەسلەتی
تۆتالیتاریزمیشی پیوە دیارە وەک خواست لە بوونی تاک حیزبی جەماوەریی،
سیستەمی تیرۆر، مۆنۆپۆل کردنی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و رێکخراوە
جەماوەریەکان و کۆنترۆڵ کردنی سوپاو دەست گرتن بەسەر ئابوری و سامانی
ولاتدا. سیستەمێکی تیرۆر لەسەر بنچینەی فیزیکی و دەرونیی کە لەلایەن
حیزب و پۆلیس و دەزگای نھێنیەوە کۆنتڕۆڵ و پڕاکتیزە دەکرێ. حیزبیش بۆ
سەرکردەکەی نەک ھەر چاودێر بەلکو دژایەتی "دوژمنانی"ڕژێم دەکات و
سەرکوتی ڕاپەرینی عەفەوی و رێکخراوەیی دانیشتوان دەکات و تیرۆری
سیستێماتیک دژ بەو لایەنانەی کە بە نەیاری ڕژێم ناو دەبرێن و ھەروەھا
دژ بەو گروپە کۆمەلایەتیانەش کە دروست دەبن. ئەوەی ببێتە ئۆپۆزیسیۆن
ئەوا شوناسی دوژمنی سیستەمەکەی ئەدرێتێ و دەبێت لەناو ببرێت ئەگەر بۆی
بکرێت. ئازادیی لەم سیستەمەدا لەناو دەبرێت ، ھەڵبژاردن گاڵتەجاریەو
دیموکراسیەت ساختەیە. ئەوە بنچینەی سەرەکی ھەر سیستەمێکی سیاسیە کە
بیەوێ بەرەو دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاریزم گەشە بکات. نە لەناو، وە نە لە
دەرەوەی حیزب ئۆپۆزیسیۆنی قبوڵ نیە. لەبەر ڕۆشنایی قەدەغەکردنی
تەکەتولات بەتەنیا سەرووی حیزب فەرمان دەردەکات.
خاڵی جەوھەری لەم بەرپرسیارێتیە ئەوەیە کە ھەر بەرپرسێک نەک ھەر
لەلایەن حیزب و سەرۆکەوە دەستنیشان دەکرێ بەلکو ئەوەندەش لە پۆستەکەیدا
بێت لەبەرگی سەرۆکدا ڕۆڵ و کاریگەری و چالاکی دەبینێت. جا ئەگەر سەرۆک
بیەوێ ھەڵەکانی خۆی یان ھی تر ڕاست بکاتەوە ئەوا ھیچ رێگایەکی تری
لەبەردەم نابێت جگە لەوەی کە ئەوانەی فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن دوور
بخرێنەوە ، سزا بدرێن یان لە ناویان بەرێت، ئەوانە دەبێت لەنێو ببرێن
کە ھەڵەکانی خۆی بەسەریاندا ساغ دەکاتەوە. ئەوە یاسای حیزب و ئیرادەو
ویستی سەرۆکە. وا ئۆرگانیزە کراوە کە تەنیا یەک ئامانجی ھەیە بریتیە
لەوەی ئەو ئیرادەو ویستە ڕاستەوخۆ لە ھەموو ئاستەکانیدا جێبەجێ بکرێت.
ئەگەر گەیشتە ئەم قۆناغە ئەوا سەرۆک بێ بەدیل دەبێت چونکە گشت پێکھاتە
ئالۆزەکەی بزوتنەوەکە بێ فەرمانی سەرۆک یەکسەر دەکەونە بۆشاییەوەو خۆی
وێران دەکات. لەو بڕوایەدان کە بەبێ سەرۆک ئیتر ھەرچییەک بێت و ھەرچۆن
بێت ھەمووی وون دەبێت و لەدەست دەچێت. سەرۆک شوێنی حیزب و ئایدیۆلۆژیاش
دەگرێتەوە.
"ھەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەڵێم..".
ئەم دەسەلاتە کار بۆ بەکاریزما بوون دەکات کە بەرێگای سەرۆکەوە
پراکتیزە دەکرێ. بەر لە ھەموو شتێک پێویستە بایەخ بە باش گوزەرانی
دارودەستەکەی بدات. بەرێوەبەرانی ئیداری لەلایەن سەرۆکەوە یان سەرۆکی
باڵێکی ناو حیزب ھەڵدەبژێردرێن وەک ئەوەی لە ناو یەکێتی و پارتی
پراکتیزە دەکرێت. ھەروەھا سەرجەم نمونە تەقلیدیەکان لە ڕاستیدا بەو
شێوەیە چارە دەکرێن کەدەلێت: "ھەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەڵێم..".
ھەر بۆیە لەم شێوە دەسەلاتەشدا کەپیتالیزم ناتوانێ گەشە بکات. بیست و
ھەشت ساڵی ئەزمونی باشوری کوردستان ئەو ڕاستیەمان بە ڕوونی پێ دەڵێت.
ڕاڤەکردنی ماکس ڤێبەر بۆ مێژوو لەسەر ململانێی نێوان کاریزما (ڕەوتێکی
نائەقلانی و سۆزگەرایە)، لەگەڵ دەسەلاتی یاسا (ڕەوتێکی ئەقلانیە) دروست
دەبێت. کاریزما بەو واتایە کە گروپێک بڕوایان وایە کەسێک ھەیە کە
خاوەنی چەند خەسڵەتێکی نائاسایی و لە ڕادەبەدەرو ڕزگاریی کۆمەلگەیە.
دەشێت ئەم کەسە چاکەخواز بێت و وێرانکەریش بێت. چونکە ھەر فەرمانێک
لەلایەن ئەو سەرکردەیەوە (کاریزمای نەگەتیڤ) دەربچێ بە یاسایەک دادەنێ
و دەبێت کۆمەڵ جێبەجێی بکات و لەو فەرمان و یاسایانە لانەدەن.
دەزگای بیرۆکراسی و ئیرھاب وەک ئامرازی سەقامگیری.
سەقامگیری ڕژێمی بەعس و ئاکەپە بەر لەھەموو شت ئەنجامی گۆرینی دەوڵەت و
کۆمەڵ بوو بەرێگای ئیرھابی بەردەوام. ئیرھاب و زەبروزەنگ تەنانەت دوای
سەقامگیری دەسەلاتیش بۆ کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵ بە موئەسەسە کراوە، بە
شێوەیەک کە بە دەگمەن توانای کاردانەوە بۆ بەرامبەرەکەی بمێنێتەوە.
داڕمانی سیستەمی سیاسی سەدام حسێن بە ڕوونی نیشانیدا کە گۆڕانکاریە
ڕاستەقینە کۆمەلایەتی و ئابوری و سیاسیەکانی ئەو ٣٥ ساڵەی فەرمانڕەوایی
بەعس بێ ئەنجام و بێکاریگەری نەبوو. ھەربۆیە دەسەلاتی بەعس دیاردەیەکی
نەگۆڕ نەبوو. لەبەر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانە کۆمەلایەتیانە ئەو پرسیارە دێتە
پێش چۆن ئەم سیستەمە سیاسیە سەرەڕای ئەم گۆڕانانە کۆمەڵ و دەوڵەتی
بەردەوام کۆنترۆڵ کردو بەعسیش ئەو ھەموو چەند ساڵە بمێنێتەوە. چۆن
یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی خێزان و بنەماڵە توانیویانە ئەو ھەموو
سالانە فەرمانڕەوایی بکەن؟
ئەوەی پەیوەستە بە پەیوەندی نێوان دەزگا بیرۆکراسیەکان و ئەلیتە
سیاسیەکە، ئەو دەزگا بیرۆکراسیە ئاوتۆنۆمیەکی زۆر سنورداری پێئەدرێ.
ھەرچەندە ھەوڵێکی بەردەوامی مەدەنی و بیرۆکراسیە عەسکەریەکانیش ھەیە
دەرفەتی گەمە کردن پێکبھێنن و کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی بریارەکانی
سەرکردایەتی سیاسی دروست بکەن بەلام پابەندبوونی کارمەندە قیادیەکان بە
دەسەلاتدارەوە ھەیە وەک پڕەنسیپێکی پێکھاتەی بیرۆکراسیەتی دەسەلاتە
تەقلیدیەکە. لە بەرژەوەندی ئەم شێوە دەسەلاتە نیە رێگا بە دروستبوونی
ئەلیتەیەکی بیرۆکراتی بەھێز بدات. ھەربۆیە ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەدایە
رێگربێت لەم جۆرە ئەلیتانە یان سنوورداریان دەکات. بە کۆنترۆڵ کردن و
ژێر دەست کردنی ئەلیتە بیرۆکراتیەکە دەسەلاتدار دەتوانێت قورسایی خۆی
لە سیستەمدا بۆ مەودای دوور بەھێز بکات. ئەوەی پەیوەندی بە نێوان
بیرۆکراسیەت و کۆمەڵ ھەیە لایەنە بیرۆکراسیەتەکە بەو ئاڕاستەیەدا
مەیالە چەقی سەرجەم پڕۆسە سیاسیەکە بێت. جیھازە بیرۆکراسیەکە لەم
سیستەمەدا ھەوڵی مۆنۆپۆل کردن ئەدات بەرژەوەندیە کۆمەلایەتیەکان لەناو
پڕۆسەی بریاردا قوت بدات و بریارە سیاسیەکان لەسەر ئاستی سەرجەم
کۆمەڵدا کاریگەر بکات. بۆ پاراستنی ئەم ڕۆڵە دەزگا بیرۆکراسیەکەی
دەسەلاتدار لە ھەوڵی ئەوەدا دەبێت رێگر بێت لەبەردەم دروستبوونی
رێکخراوی سیاسی و کۆمەلایەتی سەربەخۆ. بەلام ئەزمونە مێژوییەکانیش ئەوە
نیشان دەدات ئەو سیستەم و دەسەلاتانەش ڕۆژگارێک بەر ھەرەس و داڕمان
دەبن ئیتر بەھەر ھۆکارێکی ناوخۆ یان دەرەکی بێت.
لە جیھانی سێ فراوان کردن و مۆدێرنیزە کردنی جیھازی بیرۆکراسی بوونی
نەبووە وەک لەوەی لە گەشەکردنەکانی ئەوروپادا ھەبووە. لەبری فراوان
بوونی دیموکراسیەت لە جیھانی سێ زۆرتر بە ئاڕاستەی مەرکەزیەت بوونی
دەسەلاتی سیاسی و ئاوتۆنۆمی دەسەلاتداراندا ڕۆیشتوە، نوێکردنەوەو
مۆدێرنیزە کردن لە گۆڕانکاریەکانی سیستەمدا بۆ ئەم دەزگا بیرۆکراسیەی
دەسەلات نامۆیە.
جیھازی بیرۆکراسیەت لێرەدا وەک ئامراز لە خزمەت و مانەوەو پیادە کردنی
دەسەلات و کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵ و سامانی گشتیدایە. کەواتە مەیالە بەلای
ئەوەدا تەواوی کارلێک کردن (شبکات التفاعل) لە نێوان ئەلیتەی سیاسی و
کۆمەڵدا کۆنترۆڵ بکات بە ھەردوو دیودا.
گەندەڵی لە بیرۆکراسیەتی ئەم سیستەمەدا.
خالێکی تری قیادەی سیاسی لەم سیستەمەدا بریتیە لە بواری گەندەڵی. لە
کاتی ڕژێمی بەعسدا دیاردەی گەندەڵی گەیشتبوە لوتکە. لە عێراق بەتایبەتی
بازرگانی کردن بە نەوتەوە پێوانەی گەندەڵی بردە لوتکە. بە ملیارد
دۆلاری ئەمریکی لە ناوەڕاستی سالانی حەفتاکانەوە سالانە لە سامانی گشتی
و داھاتی دەوڵەت کرایە موڵکی شەخسیی بەمە توێژێکی دیاری ملیۆنەرو
ملیاردێری دۆلار دروستبوو. ھەروەک ئەوەی لە ھەرێمی کوردستانیشدا ھەیە.
بەتەنیا سەدام حسێن لە سەرەتای سالانی ھەشتاکانەوە ملیاردەھا دۆلاری لە
بازرگانی نەوت بۆ خۆی لادابوو. بازرگانی کە لەکاتی ئابڵوقە ئابوریەکەی
سەر عێراق لە بازاڕی ڕەشدا دەکران. ئەم پارەیە خرابوە سەر حیسابی بانکە
بیانیەکان. ھەروەک لای سەرجەم دیکتاتۆرەکان باوە تەواوی شتە شاراوەکان
دوای ڕوخانی ئەم کەسانەو ڕژێمەکانیان بە دەر دەکەوون. خۆ دەوڵەمەند
کردن ئەگەر بگەرێینەوە بۆ نمونەکەی عێراقی بەعس لە نێو ئەفسەرە پلە
بەرزەکان و سیاسیە مەدەنیەکان زۆر بەربلاو بوو. لە عێراقی بەعس و
سوریاو ھەرێمی کوردستانیش گەندەڵی بەشێوەیەکی وا ببوە وە بۆتە شتێکی
ئاسایی کە کەس ترسی لە سزادان نەبووە. بیرۆکراسیەتی حیزب و
بیرۆکراسیەتی دەوڵەت لە عێراق لەیەکتر جودا نەبوون و دەوڵەت ڕۆڵی
سەیتەرە کردنی نەبووە لە بواری ئابوریدا. ئەوەندەی ئەم بارودۆخە بەم
شێوەیە مایەوەو ئەوەندەی ڕۆڵی شەخس شوێنی حیزب و دەوڵەت بگرێتەوە لەنێو
گەلدا بێ بڕوایی بەرامبەر بە حیزب زیاتر دەبێت. خەلکی ڕوو لە سیاسەت
وەردەگێڕن و بەدوای ستراتیجیەتی خۆ دەوڵەمەند کردندا دەگەرێن. ژمارەیەک
لە کەسەکان و حیزبیەکان لە عێراقی ئێستەو باشوری کوردستان بوونە
بازرگانی سەرکەوتوو، ھەندێکی تر ھەر لەسەر ستایلە کۆنەکە ماونەتەوەو
ھەژار کەوتوون. کەواتە گەندەڵیی پلانکراو لەم شێوە سیستەمەدا خزمەتی
سەقامگیری سیستەم دەکات بەلام دەرئەنجامەکەی دژوار دەبێت بۆ کۆمەڵ و
ئابوری ولات.
زەبروزەنگ و ھەڕەشە کردن بە شێوەیەکی وا توند بە موئەسەسە کراوە کە
بەردەوام خۆی دوبارە دەکاتەوە. دەبێتە ھۆی گومان دروست کردن ھەر یەکێک
بەرامبەر بەوی دی . سەرجەم دەسەلاتی دەوڵەت دەگوازرێتەوە بۆ
دەسەلاتدارە تاک و تەقلیدیەکە. دەستورو یاساکان و تەنانەت حیزب نرخی
نادرێتێ. ئەم جۆرە دەسەلاتە بە ڕای من چەندین خەسڵەتی دەسەلاتی شمولیی
ھەیە.
ئەوەی پەیوەندی بە مۆنۆپۆلی حیزبەوە ھەیە. دەسەلاتدار لەم سیستەمەدا
ئەگەر بۆی بکرێت ئارەزووی تەنیا لە بوونی یەک حیزبی سیاسی ھەیە کە
سەرجەم دەسەلاتەکانی لەدەستدا بێت و بەتەنیا بریار بدات. نە لە نێو ، و
نە لە دەرەوەی حیزبەکەیدا ئۆپۆزیسیۆن قبوڵ ناکات. یەکێتی و پارتی ھەر
یەکەو لە زۆنێکی داگیر کراوی خۆی بۆتە حیزبی قائیدو ، حیزبی قائیدیش بە
ئاڕاستەی تاک حزیبیدا دەڕوات. ئەم شێوە حیزبانە وەک پێویستیەکی سیاسی و
کۆمەلایەتی دروست نەبوون بەلکو تەنیا ئامرازن لە خزمەتی دەسەلاتدا.
لەبەر ڕۆشنایی قەدەغە کردنی فراکسیۆن بەتەنیا سەرانی حیزب فەرمان
دەردەکەن. ئەو کەسەی پیادەی سیاسیەت بکات ھەوڵ بۆ گەیشتن بە دەسەلات
ئەدات، دەسەلات وەک ئامراز لە خزمەتی ئامانجی تردا. لێرەدا
دەسەلاتدارێک لە چەقی سیستەمە سیاسیەکەدایە کە سەرجەم بریارە سیاسیەکان
بەرێگای ھێلانەیەک لە پەیوەندی ئیداری و جیھازی بیرۆکراسی پیادە دەکات.
سیاسیە قیادیەکان و دارودەستەو کارمەندەکان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە
کەسی دەسەلاتدارەوە پابەندن. ئەوەندەشی خۆیان بریار بدەن ئەوا وەک
ئیرادەی دەسەلاتدار دەبینرێت. نە دامودەزگا دەوڵەتیەکان وە نە
ئینستیتوتەکان وەک نمونە سێ ئۆرگانەکەی دەوڵەت لەم سیستەمەدا خاوەنی
قورسایی خۆیان نین.
پیادەکردنی دەسەلاتی سیاسی ھەرێم مەرکەزیە.
ناکۆکە بەخۆی ئەگەر لە بەغدا باس لە فیدرالیەت بکرێت و لە ھەرێمیش
مەرکەزیەت پیادە بکرێ. بێدەسەلاتکردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نیشانەی
ئەم بۆچونەیە. مەرکەزیەتیش لەگەڵ دیموکراسیەتدا یەکناگرێتەوە.
دەسەلاتدارانی ھەرێم پشت بەدارو دەستەکانی، بە ئیدارەکانی و بە ھێزی
چەکدارو ئاسایش و دەزگا ھەوالگریەکانی دەبەستێت (زێڕەڤانی و لەشکری
بارزان و گولان و دوو ھێزی پێشمەرگەی حیزبی و دەزگای پاراستن، دەزگای
زانیاری و دژە تیرۆر و ھێزی ئاسایشی حیزبی و بنەماڵە...) ، دوو
ئیدارەیی ژێر دەسەلاتی سوڵتانیی و ھەروەھا پیادەی ئابوری بنەماڵەو
خێزان تاقم دەبەستێت. لەبری دروستکردنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و
نیشتیمانیی ئەنجومەنێکی ھەوالگری ھەیە لەژێر سەرکردایەتی ئەندامێکی
خێڵە سیاسیەکە ("ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێم"). ھەروەھا سەرۆکی ھەرێم وەک
ئەندامێکی تری خێڵ کە سەر بە حیزبێکی دەسەلاتە.
دەسەلاتەکانی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ سیستەمی پەڕلەمانیدا یەک ناگرێتەوە.
سەرۆکی بالای ڕاپەڕاندنیشەو ھیچ بالانسێک نیە لەنێوان سەرۆکی ھەرێم و
حکومەتدا (دەزگای ڕاپەڕاندن). پەیوەندی نێوان پەڕلەمان و حکومەت
پەیوەندیەکی ناتەندروستەو سێ دەسەلاتەکە بەنێو یەکتردا تواونەتەوەو
ئەمەش خەسلەتێکی سیستەمە دیکتاتۆرەکانە. ئەم دامەزرێنەری بەڕێوەبەرە
گشتیەکانە...، ھەربۆیە دەکرێ لێرەدا باس لە سیستەمێکی سەرۆکایەتی بکەین
لە ولاتێکی دیکتاتۆردا. لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش سیستەمی
سەرۆکایەتی پیادە دەکرێ بەلام کۆنگرێس (پەڕلەمان) بەھێزەو توانای
کاردانەوەی ھەیەو دەوڵەتی قانونە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ ئایا
ئەم ھەرێمە چ پێویستیەکی بە سەرۆک ھەیە؟ نمونەی تورکیاشمان ھەیە کە
سیستەمی سەرۆکایەتی لە ولاتە دواکەوتو وە دیکتاتۆرەکاندا سەرکەوتو
نابێت.
ھەردوو بنەماڵە گەورەو بچوکەکان بازاڕی ھەرێمیان کردۆتە بازاڕی
بازرگانی شمەک و نەوت و قاچاقچێتی ناوخۆ بۆ ئێران و تورکیاو بۆ
بەرژەوەندی خۆیان و مۆنۆپۆڵ کردنی بازاڕو وێران کردنی سەنعەتی محەلیی
ولات و بواری کشتوکاڵی. گەرنا وەلامی ئەو پرسیارە چۆن ئەدرێتەوە کە بە
ھەزاران میلۆنەرو بە دەیان ملیاردەری دۆلار لە ھەرێمی کوردستان دروست
بووە ئەگەر بە رێگای ڕەفتاری چەتە گەری و ناشەرعی نەبێت. خاوەن پڕۆژەو
لایەنە ئابوریەکان دەبێت لێرەدا ھەمیشە حیساب بۆ بریاری ھەڕەمەکی و
بێسەروبەر بکەن. ئەوەی ئەم سیستەمە کاری لەسەر دەکات بریتی نیە لە
دروستکردنی ژێرخانی ئابوری نەتەوەیی ھەرچەندە ئینتیمای نەتەوەیی و
نیشتیمانیی یەک ناگرێتەوە لەگەڵ سروشتی ئەو دەسەلاتەدا ، تەنیا ڕوو
دەکەنە ئەو پڕۆژانەی کە دەستکەوتی ماددی خۆیانی تێدایە.
خوێندنەوەی ئەم توێژینەوەیە یارمەتیدەرە بۆ دروست کردنی ستراتیژیەتی
پێچەوانە بەرامبەر ئەو شێوە سیستەمانە.
Dr.salarbasira@hotmail.com
|