١٥\٢\٢٠١٥
ستالین کە
دەوڵەتێکی مەزنی دامەزراند.
د. نەجم ئەلدلیمی |

وەرگێڕانی: جەلال دەباغ |
- بەشی یەکەم -
پێشەکی.
یوسف ستالین بە یەکێک لە گرنگترین سەرکردە گەورەکان دادەنرێ، یەکێک
لە گرنگترین ئەو بیردۆزە سیاسیانەی لە سەدەی بیستەمدا دەرکەوتن، ئەمە
بیرکارو داھێنەرێکە لە دەوڵەمەندکردنی تێئوری مارکسیزم- لێنینیزمدا
بەشداری کرد، یەکەمین سەرکردەی شیوعیە لە بزاڤی کرێکاریی جیھاندا کە
سەرکردایەتی گەورەترین حیزبی سیاسی ودەوڵەتی مەزنی دنیای کرد.
ستالین- کەسایەتیەکە دەسەڵات وکارتێکردنی لەسەر ئاستی ناوخۆو جیھان
بەھێزبوو، ئەو کەسایەتیە سیاسیەبوو کە توانی روسیا- یەکێتی شۆرەوی لە
دەوڵەتێکی گاسنی تەختەوە بگۆڕێت بە دەوڵەتێکی مەزنی خاوەن چەکی
ھایدرۆجینی و ناوکی... وڵاتەکەشی لە ماوەیەکی کورتدا لە وڵاتێکی نوقمی
نەخوێندەواری و نەزانی و نەخۆشیەوە گۆڕی بە دەوڵەتێکی شارستانی و
پیشەسازیی پەرەسەندو.
لە ناو حیزب و دەسەڵاتدا کەسێکی مەبدەئی و یەکلاکەرەوەی سیاسی بوو، لە
کارکردندا نە موجامەلەو نە سازشکاری لانەبوو، ھەموو ئەو بڕیارانەش کە
لە لایەن حیزب و دەسەڵاتەوە دەدران لەلایەن ستالینەوە بەدواداچونیان بۆ
دەکران بەمەبەستی جێبەجێکردنیان لەسەر زەمینەی واقیع، ستالین لە
تۆژینەوەی سیاسیدا توانایەکی باشی پێشبینی و وشیارکردنەوەی ھەبوو، ھەر
خۆی ئەو سەرکردەو بیرمەندەبوو کە لە ئەگەری روودانی ھەڵگەڕانەوە وریای
کردنەوەو ئەگەری بوونیانی دەستنیشانکردو ئەو ھۆکارانەی دەرخست کە
لەپشت پڕۆسەی ھەڵگەڕانەوەوە وەستاون، بەشێویەکی مەبدەئی زانستانەو
مەوزوعیانە ھەستی بە مەترسیەکانی ھێزەکانی شۆڕشی بەراوەژو لەناوخۆدا
دەکرد کە چالاکیەکانیان لەگەڵ خۆرئاوای سەرمایەداریدا رێکدەخەن.
ستالین بەوە ناسرابوو کە ھەڵوێستەکانی ئاشکراو سەختن، ئەم ھەڵوێستە
راشکاوانەشی لە یەک کاتدا بووبووە مایەی رێزو خۆشەویستیی نەیارە
ئایدیۆلۆژیەکانی و ھاوڕێکانیشی و ھەرخۆی یەکەمین رابەری سیاسی بوو کە
لە یەکەمین پڕۆسەی بنیاتنانی سۆسیالیزم لە یەکێتیی سۆڤیەتدا
بەشداریکردو لەماوەی فەرمانڕەوایی خۆیدا لە بنیاتنانی دەوڵەتە
مەزنەکەدا- یەکێتیی کۆمارە سۆڤێتەکانی سۆسیالیستی رۆڵێکی سەرەکی و
گەورەی گێڕا.
پێشەکیی وەرگێڕدراوی کوردی.
ستالین یوسف ڤیسارۆڤیچ ئەو تێکۆشەرە مەزنەیە کە لە ھەموو جیھاندا
ناسراوەو دوژمنێکی سەرسەختی ئیمپریالیزم و کۆنەپەرستی بووەو پاڵەوانێکی
بیروباوەڕو دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیزم بووە، لەبەر ئەوە بە دەیان
ھەزار تەن کاغەزی لەدژ رەشکراوتەوەو درۆو دەلەسەی بۆ ھەڵبەستراوە.
بەداخەوە لە کوردستانی ئێمەشدا کەسانێک ھەن بەو بەندوباوەی دوژمنانی
سۆسیالیزم ھەڵخەڵەتاون و بە فەرمانڕەویەکی دیکتاتۆری ناودەبەن، بێ
ئەوەی شتێکی راستودروست لەسەر دیکتاتۆریی پڕۆلێتاریا بزانن کە لە
ناوەرۆکدا دیموکراتیەکی راستەقینەی گەلە لە دژی دیکتاتۆریی بۆرژواو
چینە چەوسێنەرەکان.
بە ھەر حاڵ من بە باشمزانی ئەم نوسینە زانستیەی نووسەر بکەمە کوردی تا
کتێبخانەی کوردیی لێی بێبەش نەبێت.
نامەوێ لەوە زیاتر شتێک لەسەر ستالین بنوسم کە بێگومان ئەو خەباتە
دوورو درێژەی دووریش نەبووە لە ھەندێ ھەڵە کە باشترە وەک خۆیان ببینرێن
نەک سەدان ئەوەندە گەورەبکرێن و دەبێ کێ ھەبێ کاربکات و ھەڵە نەکات.
جەلال دەباغ
یەکەم: رێڕەوی پیاوێک.
یوسف ستالین ساڵی ١٨٧٩ لە دایکبووە، ساڵی ١٨٩٨ چۆتە حیزبەوە، ساڵی ١٩١٢
بۆتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی رووسی، ساڵی ١٩١٣ بۆتە
ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی رووسی، لەساڵی ١٩٢٢دا بۆتە ئەندامی
مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی سۆڤێتی، لە ساڵی ١٩٢٤دا بۆتە سکرتێری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی سۆڤیەت، لە نێوان ساڵانی ١٩١٧ و تا ساڵی
١٩٢٢، بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندیەکانی نەتەوەیی و بەرپرسی کۆمیتەی
چاودێریی کرێکاری- جوتیاریی بووە لە حیزبداو بەرپرسی چەندان کۆمیتەی
گرنگی دیکەبووە.
ستالین سەرکردەو تێکۆشەرێک بوو لە کاری سیاسیدا ماندوبوون و وەرسبوونی
نەدەزانی، جێبەجێکارو ملکەچی بڕیارەکانی حیزب بوو، بەردەوام
کەوتبووەبەر راوەدوونان و بەندی و دوورخستنەوە لەلایەن رێژیمی
دواکەوتووی تساریزمەوە، بۆ نمونە لە نێوان ساڵانی ١٩٠١ تا ٣.٥.١٩١٧
حەوتجار دوورخرایەوەو توانی شەشجار لە بەندیخانە رابکات و لە شوباتی
١٩١٧دا لە زیندان ئازادکرا. لە ساڵی ١٩١٢دا لەگەڵ لێنین لە دامەزراندنی
رۆژنامەی پڕاڤدادا بەشداریی کردو ستالین یەکێک بوو لە ھاوکارانی چالاکی
رۆژنامەی پڕاڤداو رۆژنامەی ئەستێرەو لە ساڵی ١٩١٤دا بووە سەرنووسەری
رۆژنامەی پڕاڤدا.
ستالین بە یەکێک لە گرنگترینی ئەو سەرکردە سیاسیە چالاکانە دادەنرێ کە
ساڵی ١٩١٧لە خۆ ئامادەکردندا بۆ شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبەرو لە پێناو
راماڵینی دەسەڵاتی تساریدا بەشداریکرد، لێنین لەم رووداوە مێژوییە
گرنگەدا کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا رووی دا ئەرکی گرنگی بە ستالین
سپارد.
لە ساڵی ١٩٣٩دا ستالین نازناوی قارەمانی کاری سۆسیالیستیی وەرگرت و لە
ساڵی ١٩٤٣دا پلەی مارشاڵی لە سوپای سۆڤێتیدا وەرگرت و لە ساڵی ١٩٤٥دا
نازناوی قارەمانی یەکێتیی سۆڤیەتی پێبڕاو بووە فەرماندەی گشتیی ھێزە
چەکدارەکانی سۆڤیەت و لە ساڵانی ١٩٢٢ تا ئاداری ساڵی ١٩٥٣ بووە رابەری
بەکردەوەی حیزب و دەسەڵاتی شۆرەوی.
ستالین تێکۆشەرێکی شۆڕشگێڕبوو، خاوەنی رەھەندێکی ستڕاتیژی و تێئۆریی
گەورەبوو لە پڕۆسەی بنیاتنانی سۆسیالیزم لە یەکێتیی سۆڤیەتداو لە ساڵی
١٩٢٢ دا ستالین دەورێکی سەرەکی و گەورەی لە دامەزراندنی دەوڵەتی
یەکێتیی سۆڤیەتدا گێڕاو لە ساڵانی دەسەڵاتداریەکەیدا(١٩٢٢- ١٩٥٣)
بەشداریەکی گەورەی ھەبوو لە دەرکەوتن و خۆڕاگریی دەوڵەتە مەزنەکەی
یەکێتیی سۆڤیەتدا.
لە ساڵی ١٩٠٥دا یەکەمین دیداری ستالین ولێنین لە کۆنفڕانسی حیزبیدا لە
فینلەندابوو، پێکەوە بڕیارە سیاسیەکانی کۆنفڕانسەکەیان داڕشت، لە
نیسانی ١٩٢٢دا لێنین پێشنیارێکی خستە پێش کۆنگرەی (١١) کە ستالین بەھۆی
توانای سەرکردایەتی و بیری و رێکخستنەوە ببێتە سەرۆکی حیزب، ھەر لەو
کاتەشدا ھەندێ لایەنی نێگاتیڤ و کەم و کوڕیی ستالینی دەستنیشان کردبوو،
ھەروا لێنین جەختی لەسەر ئەندامانی کۆنگرەکردەوە کە ئەگەر
ھاوڕێیەکیترھەبێت خاسێتەکانی لەھی ستالین باشتربن، ئەوا ھاوڕێیان ئێوە
خۆتان ئازادن لە بڕیاردانی بەکۆمەڵ و دوابڕیاردا بۆ قازانج و یەکێتیی
حیزب، دواجار بەکۆی دەنگ ستالین بە سەرۆکی حیزب ھەڵبژێردرا، تەنانەت
ئەو ھاوڕێیانەش کە ستالینیان خۆش نەدەویست دەنگیان بۆ قازانجی ئەودا،
چونکە ھەستیان بەو خاسیەتە سەرکردایەتیانە دەکرد کە ستالین ھەیبوون.
ستالین رۆڵێکی گەورەی گێڕا بۆ بەھێزکردنی پێکھاتەی رێکخستن و بیریی
حیزب و پتەوکردنی رۆڵەکەی لەناو جەماوەردا.
ستالین و ھاوڕێکانی یەکەمین ئەزمونی دامەزراندنی سۆسیالیزمیان
دامەزراند کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی شتیوای بە خۆیەوە نەدیبوو، گەورەترین
بەشیش لە پڕۆسەی دامەزراندنی سۆسیالیزمدا لە پلەی یەکەمدا لەسەردەمی
فەرمانڕەوایی ستالیندا بەدی ھێندران و دەرەنجامی سیاسی و ئابووری -
کۆمەڵایەتی و سەربازیی مەزن ھێنرانەدی، ستالین توانی تێئۆری بخاتە
بواری پڕاکتیک و بەردەستەوەو ھەرلەو کاتەشدا ئەم دەستکەوتە مەزنانە
لەگەڵ دوژمنان لە ھێزەکانی شۆڕشی بەراوەژو لەناوخۆو دەرەوەدا
رووبەڕوبوونەوە، ھەر لە ساڵانی بیستەکانەوە تا پەنجاکانی سەدەی بیستەم
ھێزەکانی شۆڕشی بەراوەژوو لەسەر بەرگری کردن بەردەوامبوون، بەڵام
ستالین وحیزب و گەل توانیان دوژمنانی شۆڕش لە ناوخۆدا پاکتاوبکەن و
پیلانی ئیمپێریالیەکان پوچبکەنەوە کە پشتگیریی مادی و مانەوی و
سەربازییان بە ھێزەکانی شۆڕشی بەراوەژووی ناو یەکێتیی سۆڤیەت
پێشکەشکرد، لەوانەش:ئەمریکاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو ژاپۆن و فەڕەنسا.
لە بەرواری ٢١/١/١٩٢٤و لەکاتی کۆنگرەی دووەمی نوێنەرانی گەلی سۆڤیەت و
پاش کۆچی دوایی لێنین، ستالین ئاماژەی کرد" ئێمە نازناوی ئەندامەتی
حیزب بەبەرزی و ئەمانەتەوە دەپارێزین، بە ھەموو توانامان بۆ بەھێزکردنی
یەکێتیی کرێکاران و جوتیاران کاردەکەین، ھەروا وەک چۆن رۆشنایی چاومان
دەپارێزین، ئاوھاش یەکێتیی حیزبەکەمان دەپارێزین، بەردەوام ھەوڵدەدەین
بۆ پاراستن و پتەوکردنی دیکتاتۆریی پڕۆلێتاریا، بە چەسپاوی کاردەکەین
بۆ پاراستن و پەرەپێدانی یەکێتیی کۆمارەکانی سۆڤیەت، ھەروا لەسەرمان
پێویستە لە پێناو یەکێتی رەنجدەران لە جیھاندا خەبات بکەین".
ستالین سەرکردەیەکی شۆڕشگێڕی پڕۆلێتاریابوو، لە ماوەیەکی زۆر سەخت و
گراندا دەوڵەتێکی مەزنی لەبواری سیاسی و ئابووری و سەربازیدا
دامەزراندو خاوەنی ھونەری بەڕێوەبردن و سەرکردایەتی حیزب و دەسەڵات
بوو، ھەروەھا خاوەن ھەڵوێستی مەبدەئی و بڕیاردەربوو لە ھەلو مەرجی
بڕیاردەرداو ئامانجی سەرەکیشی ھەوڵدان بوو بۆ پتەوکردنی رۆڵ و جێگەو
رێگەی حیزب لەناوەندی جەماوەردا، ھەروا ستالین بەشداریی تێئۆری ھەبوو
لە دەوڵەمەندکردنی تێئۆری مارکسیزم- لێنینیزمدا، رۆڵێکی گەورەی ھەبوو
لە بەھێزکردن و پەرەپێدانی ئابووریی سۆسیالیستیداو لە پتەوکردنی رۆڵ و
شوێن و پایەی یەکێتی سۆڤیەت لەناوخۆو لە جیھاندا، باوەڕێکی تەواوی بە
نێونەتەوەیی پڕۆلێتاریا ھەبوو، ھەروەھا تێکۆشەرێکی سەرسەخت بوو لەدژی
تەوژمە لەڕێلادەرو ھەلپەرستەکان و خۆپەرستەکان لەناوخۆی حیزبداو،
بەردەوام لە کاردابوو بۆ "پاکردنەوە"ی حیزب لەو کەسانەو کەسانیتر کە
دەبوو جێگەیان لە دەرەوەی حیزب بێت، ھەروا تێکۆشەرێکی جێگیربوو لە دژی
نەیارە ئایدۆلۆژیەکانی و جەنگاوەرێک بوو لە دژی ھەموو جۆرەکانی
چەوسانەوەو زۆرداری و ھەژاری و برسێتی، پەیوەندیی باشی لەگەڵ زاناو
توێژەرەوەو سیاسەتمەدارو ئابووریزانەکان و لەگەڵ ھونەرمەندان و
موزیکژەنەکاندا ھەبوو، بەردەوام بە بایەخەوە گوێی بۆ بیروڕای ئەو
زانایانە رادەگرت و پشتگیریی مادی و مانایی پێشکەشکردن لە پێناو
بەجێگەیاندنی ئەو ئەرکانەی کۆمەڵگەو ئابووریی سۆسیالیستی پێویستیان
پێیان ھەبوو، ستالین نمونەیەکی زیندوبوو کە لە باری مەبدەئی و ئیلتیزام
و زەبتو رەبتەوە چاوی لێدەکراو ھەر بڕیارێکیش بدرایە دەبوو بۆ قازانجی
حیزب و کۆمەڵگە چێبەجێ بکرابایە.
دووەم: بە بێ موجامەلە.
ئەمڕۆ راگەیاندنی بۆرژوازیی جیھانی بەشێوەیەکی دیراسەکراوو بەرنامەڕێژ
ھەوڵیداوەو ھەوڵدەدات بە ئامانجی شێواندنی مێژوی تێکۆشانی سەرکردەی
سۆڤێتی ستالین، ئەم ھێرشە ناڕەوایە لە رۆژئاوای ئیمپریالیەوە ھەر لەو
کاتەوە کە ستالین سەرۆکایەتی حیزب و دەوڵەتی سۆڤیەتی سۆسیالیستی گرتە
ئەستۆ، بەڵام ئەم ھێرشە لە ھێنانەدیی ئامانجەکانیدا سەرکەوتو نەبوو،
ھەروا ھێزەکانی شۆڕشی بەراوەژو لە ماوەی ساڵی ١٩١٧ تا ساڵی ١٩٥٣
تێکۆشانی چەکداریی لە دژی دەسەڵاتی سۆڤێتی و لە دژی ستالین بەرپاکرد بە
ئامانجی:
تێکشکاندنی سۆسیالیزم و دەسەڵاتی سۆڤێتی، ئەم ھێزانە تا کۆتایی ساڵانی
پەنجا لەسەر بەرگری ومقاوەمەتی دەسەڵاتی سۆڤێتی بەردەوامبوون،
بەتایبەتی لە ئۆکڕانیا- لە لفۆف و ھەندێ ناوچەیتر، بەڵام ئەم ھێزانە لە
قایلکردن و راکێشانی گەلی سۆڤیەتدا بۆ لای خۆیان ژێرکەوتن و نەیانتوانی
لەدەوری دروشمەکانیان کۆی بکەنەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە گەلی سۆڤیەت
لایەنگیری و پشتگیریی دەسەڵاتی سۆڤیەتی کرد بە سەرکردایەتیی ستالین و
بەھۆی ئەم لایەنگیری و پشتگیریەشەوبوو رەگەزەکانی ھێزەکانی شۆڕشی
بەراوەژوو لەناوبران و فاشیزمی ئەڵمانی بەشێوازێکی زۆر گەورە بەزێندراو
تەواوی خاکی یەکێتیی شۆرەوی و دەوڵەتانی رۆژھەڵاتی ئەوروپا رزگارکران.
ستالین لە ھەڵوێستە مەبدەئیەکانیدا لە ئاست ھێزەکانی شۆڕشی بەراوەژو لە
ناو یەکێتیی سۆڤیەتدا یەکلاکەرەوەبوو، ئەو لەگەڵ ئەم ھێزانەی دوژمنی
گەلی سۆڤیەتدا نە موجامەلەو نە رێکەوتنی دەزانی و بەچاکی تێگەیشتبوو کە
کێشەی ئایدیۆلۆژی و ئابوورییە لەگەڵ ئەم ھێزانەدا، یان مانەوەی
دەسەڵاتی سۆڤیەت و سۆسیالیزم و دەستکەوتەکانیانە یان تێکشکاندنی
تەواوییان.
"پێرێسترۆیکا"بووە ھۆی گێڕانەوەو دەرکەوتنەوەی ھێزەکانی دژەشۆڕش لەساڵی
١٩٨٥ تا ساڵی ١٩٩١ھەر لە ساڵی ١٩٨٧ەوە ھێزەکانی دژەشۆڕش، چ لە
سەرکردایەتی حیزبدا یان لە سەرکردایەتی دەسەڵاتدا یان لە دەرەوەیاندا
کەوتنە کارو چالاکی ئاشکرا بە ھێرشبردنە سەر ستالین و حیزبی شیوعی
سۆڤێتی بۆ ئەمەش دروشمەکانی"پێرێسترۆیکا" یان کردە مۆڵەت کە بریتیبوون
لە ((ئاشکرایی و مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی)) و ھەر لەساڵی ١٩٩٢تا
ئەمڕۆ ھێرشی دڕندانە بۆ سەر لێنین و ستالین توندتربوو، بەڵگەش بۆ ئەمە
ئەوەیە لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٩٩٣دا(١٧٠٠٠) کتێب و وتارو باس لە دژی
لێنین نووسران، بەڵام ئەوانەی لە دژی ستالین نووسران ژمارەکە دەھێندەو
زۆرتریش دەبێ!
ھێزەکانی شۆڕشی بەراوەژو لەمەوبەرو ئێستاش ھەموو توانایەکی بۆ
رەخسێنراویان، لە دەسەڵات و سەرمایەو ھەموو ئامڕازە جۆربەجۆرەکانی
راگەیاندن بەکاردێنن بۆ شێواندنی رۆڵی ستالین و سۆسیالیزم و
دەستکەوتەکانی و لە دوای ئەم پەلاماردانەشەوە کەسانێک وەستاون کە
رووسنین و دەستیان گرتووە بەسەر سامانەکانی گەلی سۆڤیەت- رووسداو
دەسەڵات و پارەو راگەیاندنیان گرتۆتەدەست، ھەروەھا ناپاکانی بیروباوەڕ
لە ((رابەرانی پێرێسترۆیکا - چاکسازیی ئابووری))!
ناوەرۆکی ئەم ھێرشە ھێستریایە سروشتێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی و ئابووری
ھەیە.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|