١٥\٢\٢٠١١
ستەمکار و هونەری
ستەمکاریی؟!

ستار محەمەد قادر
ئینسان لەژێر باڵی دەسەڵاتێکی دادپەروەرو دیمۆکراتدا، هەمان ئینسان
نییە وا دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرو ستەمکار فەرمانڕەوای دەکات. ئەو ئینسانەی
لە ژینگەیەکی دیمۆکراتدا چاو دەکاتەوە، هەمان ئینسان نییە وا لە ژێر
پەرچەمی دەسەڵاتێکی ستەمکاردا لە دایک دەبێت. ستەمکاریی تەنها گوزارشت
لە کاراکتەری کەسێکی ستەمکار ناکات، بەڵکو لەڕێی بە هونەر کردنییەوە،
ژینگەیەکی سیخناخ لە جەهل و ستەم چێدەکات؟!
فەرمان رەوای ستەمکار بە سرووشتی خۆی، تەنها لەسەر کورسی دانانیشێت،
ئارەزووی بەوە خامۆش نابێت خۆی لە هەرەمی دەسەڵات دەبینێ، تەنها بەوە
رازی نابێ لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە وەکو سەرۆک یان سەرکردەیەکی
کارێزمایی دەبیندرێ، بەوە ئاسوودە نییە سەرۆکی هەموو هێزە چەکدارەکانە،
بەوەیش تینوێتیی ناشکێت هەموو دەزگا هەستییارەکان لەخزمەتیدان. ستەمکار
هەموو هەوڵی بۆ ئەوە دەخاتە کار، بۆ ئەوەی لەڕێی بەهونەر کردنی
ستەمکارییەوە ژینگەیەک درووست بکات، مرۆڤی ترسەنۆک، گەمژە، بێ ئیرادە،
خۆش باوەڕو بێ مۆراڵ بەرهەمبهێنێ و رامکراو پەروەردەیان بکات؟!
دەسەڵاتە ستەمکارەکان تەنها بە دانیشتن لەنێو کۆشکەکان رازی نابن، بە
پاوانکردنی دادگاو پاسیڤ کردنی دادوەر راناوەستن، بە کۆنترۆڵکردنی
سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن ئارام نابنەوە، بە درووستکردنی لەشکرێک لە
خەڵکی رۆشنبیرو رۆژنامەوانی قەڵەم فرۆش دڵیان ناحەوێتەوە، بەبێدەنگ
بوونی کۆمەڵانی خەڵک ئاسوودە نابن، هەروەکو بە بینینی وێنەو بە بیستنی
دەنگیان لە کاتی هاتنە سەر شەقامیان غەزەب دەیانگرێ و تووشی شۆک دەبن!
دیکتاتۆرەکان تەنها بە گەوج کردنی کۆمەڵانی خەڵکی هەوەسیان
دانامرکێتەوە، بە نەبوونی بەرهەڵستکار فشاری خوێنیان دانابەزێت، بە
هەڵواسینی وێنەیان دڵیان ئاو ناخواتەوە، بەڵکو دەبێت لە هەموو شوێنێکدا
بن، لە بازاڕدا، لە نێو قوتابخانەو مزگەوت و چایخانەو گەڕەک و لە نێو
گەرماو و باڕو ئەگەر بۆیانیش بڕەخسێت ، وایان پێ باشە بە شێوەیەک لە
شێوەکان لە ژووری نووستنی خێزانەکانیشدا ئامادەییان هەبێت؟!
رژێمە دیکتاتۆرەکان، لەڕێی بە هونەر کردنی ستەمکارییەوە، هەوڵ بۆ ئەوە
دەدەن، تا هەموو شادەمارەکانی ژیان لە نێو فەزای گشتیدا بۆ خۆیان داگیر
بکەن، ئەوان لە یەک کاتدا رێکخراوی بەنێو جەماوەریی و کۆمەڵگەی
مەددەنیی درووستدەکەن، لە هەمان کاتدا ئیش بۆ ئەوەیش دەکەن، کۆمەڵێک
خەڵکی رامکراو لە نەوەی نوێ، بە هەمان فۆرمی سەردەمی کۆیلایەتی بۆ ئەوە
رابهێنن، بۆ ئەوەی بە حەقیقەت ئەوان بە راعی و خۆیانیش بە رەعیەتییان
بزانن؟!
لە دیدگای ستەمکارەوە، نیشتیمان بە مەنجەڵێک دەکات، تا بەدەستی ئەوەوە
بێت، تا ئەو سەری تێدا بێت، تا بووبێت بە مایەی تێرکردنی غەریزەو
ئارەزووەکانی، لە دەستێکی ئەمیندایە، بەڵام کاتێک لەڕێی شۆڕشێکی
جەماوەرییەوە چارەنووسیان دەکەوێتە مەترسییەوە، ئامادەن لە پێناو
مانەوەی خۆیان، هەمان نیشتیمان، بە یەک عانەی بێ ئەرزش بە هێزێکی
بێگانە بفرۆشن؟!
لەهەر شوێنێک دەسەڵاتێکی ستەمکار بوونی هەبێت، دیکتاتۆرێکی ماسکدار
لەوێیە. هەر شوێنێکیش فەرمانڕەوای دیکتاتۆری هەبێت، زۆر ئاساییە کار بۆ
بە هونەر کردنی ستەم بکات. هەموو دیکتاتۆرەکان ستەمکارن، هەروەک و چۆن
هەموو ستەمکارەکان دیکتاتۆرن، بۆیە لەهەر شوێنێک دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر
بوونی هەبێت، ئا لەو شوێنەدا زۆر شتی نا ئینسانی و نا شارستانی بوونیی
دەبێت، چونکە موخەلەفاتی ستەمکاری، تەنها کار لەسەر گۆڕینی وێنەی خودی
ستەمکار ناکات، لە ئینسانەوە نایگۆڕێت بۆ هۆڤ، بەڵکو کاریگەری نەرێنی
لەسەر دیدو تێڕوانینی کۆی فەزای گشتی درووست دەکات؟!
بێ گومان ساڵانێکی دوورو درێژە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە دەست دیاردەی
ستەمکارییەوە دەناڵێنێت، ئەوەی لە هەموو سەردەمەکاندا قسەی لەسەر کراوە،
ستەمکاریی بووە نەک ستەمکاریی ستەمکار، بەو واتایەی ئەو حاڵەتە
نەخراوەتە ژێر پرسیارەوە کاتێک مرۆڤ لە پێناو تێرکردنی هێندێک لە
ئارەزووە شەڕانگێزەکانی ناخیدا، ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت دەسبەرداری
ئینسانی بوونی خۆی ببێت، ئەو شوناسە پەراوێز بخات کە لەڕێی زانیارییەوە
فێری زانست دەبێ و لەڕێی ئیرادەوە بە خەونەکانی شاد دەبێت، ئەمە
جەوهەری ستەمکارییە، کرۆکی ئەم بابەتەیە کە گوزارشت لە کارو کاردانەوەی
ستەمکاریی و کاراکتەری ستەمکار دەکات، چونکە ستەمکار تەنها ستەم لە
دەوروو بەرەکەی ناکات، بەڵکو لە رێی بە هونەرکردنیەوە، ئەو باجەی لە
هەمووی قورستر لەسەر خودی ستەمکار دەکەوێت، ئەو حاشایەیە کە لە ئینسانی
بوونی خۆی دەیکات؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|