په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٨\٢٠١٢

ستراتیژی ئەمەریکا و ناوچەی دژەفڕین لە سوریا!


نوری بەشیر      


بەپێچەوانەی ئیدعا ئینسان دۆستیەکەی ئەمەریکاو ھاوپەیمانانیەوە، بۆ خەڵکی سوریا، تادێت شەڕی دووبەرەی کۆنەپەرستو ئینسانکوژ، ئەو وڵاتە کاولتر دەکاو کوشتارو ماڵ وێرانی وئاوارەیی زیاتر بەسەر ھاوڵاتیانی بێدیفاعی سوریادا، دادەسەپێنێ وئەبعادەکانی فراوانتر دەبێتەوە. پێبەپێ لەگەڵ سەرھەڵدانی سوپای بەناو ئازادی سوریا ودەرکەوتنی پێگەی ئەفسەرانی ھەڵھاتوی سوپای بەشارئەسەد وبەدەستەوە گرتنی شەڕی ناوخۆ، دەستی ڕژێمی بۆرژوازی بەشار ئەسەدی زیاتر ئاوەڵا کردوە تاھێرشی دڕندانەترو پەلاماردانی خوێناوی وسیاسەتی کاولکاری، وەک رژێمێکی ھاری سەرمایە بۆ درێژەدان ومانەوەی دەسەڵاتەکەی بەدەستەوە بگرێ. چوونە ‌سەری کوشتارو ئاوارەییەکانی ئێستای حەڵەب و دیمەشق و فراوانبوونەوەی شەڕ بۆ نێو کۆڵانی شارەکانو پەلاماردانە سەربازیەکان بۆسەر دیھاتو ناوچەکان خۆی نیشانەی سیناریۆیەکی ڕەش ودژی ئینسانیە دەرھەق بەخەڵکی سوریا، کەئەمەریکاو ھاوپەیمانانی وەک ستراتیژیەک بۆ کۆتاییھێنان بەشۆڕشی سوریا گرتویانەتەبەر. بەڵام لایەنە ڕاگەیاندراوەکانی ئەم ستراتیژەی ئەمەریکا چیەو چ گۆڕانێکی تازەی لەشەڕی ناوخۆی سوریادا ھێناوەتە پێشەوە؟


ئەو ستراتیژەی کەئەمەریکا لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە سەبارەت بەسوریا، ئاشکرای کردووە، بەکورتی ئاماژەیە بۆ سێ میحوەر:‌


یەکەم: پێشکەش کردنی فریاگوزاری بۆ ئاوارەکان کەلەشوێن و جێگای خۆیان لەسوریاوە ھەڵدێن و ژیانی سەخت لەووڵاتانی دراوسێ بەسەر دەبەن.
دووەم: کۆمەکی مالی ولۆجستیکی، بەسوپای ئازادی سوریا، بۆ فراوانبوونەوەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن و بەرگری لەدژی سوپای بەشار ئەسەد.
سێیەم: ئامادەکردنی زەمینە بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی ئینتیقالی لەلایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەلات بەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد، بەجۆرێک کەھەموولایەک بەدەوڵەتانی ناوچەکەو ھاوپەیمانانەوە ڕازیبکات..


تا بەخاڵی یەکەمی ئەم ستراتیژە دەگەڕێتەوە،‌ بەھۆی کوشتارێکی وەحشیانەوە، بەتایبەت لەم دواییەدا کەلەحەڵەب و دیمەشق وەک دووشاری گەورەی سوریا پەرەی سەندووە، ئاوارییو ھەڵھاتنی ھاوڵاتیانی سوریاش رێچکەکانی دێژترو بەریتر بۆتەوە.‌ ھەردوو تەرەفی شەڕەکەو کوشتارەکانیان، ھاوکات تۆپبارانی ئەرزی و ئاسمانی سوپای ئەسەد وشەڕی نێوکۆڵانەکان تادێت ڕێژەی ئاوارەیی بۆ چوار وڵاتی دراوسی ڕوو لەزیادبوون دەکات، ئەو ھاوڵاتیانەشی لەشوێنی خۆیان دەمێننەوە یان ڕووبەڕووی مەرگن، وەیا بێخۆراک وھیچ فریاگوزاریەک نایانگاتێ بەھۆی ئەوەی کەگەمارۆدراون وکراونەتە بارمتەی شەڕی نێوان ھێزەکانی ئەسەد وچەکدارەکانی سوپای ئازاد، مەعلوم نییە کەی دەرگای ئاوارەییان لەبەردەمدا دەکرێتەوە. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران تائێستا ٣٠٠ھەزار پەنابەری سوری تۆمارکراوە کە ‌٧٥ ھەزار لەتورکیا، ٦٥ ھەزار لەئەردەن، ٣٦ ھەزار لەیونان و ١٣ ھەزار لەعێراق و٥٥ ھەزاری تریش لەلوبنان. تەنانەت ‌لەم ھەفتانەی رابردوودا ژمارەکان روو لەزیادبوون بووە و تەنیا ٦ ھەزار پەنابەر سنوری تورکیای بەزاندوە، ئەمە وێرای ئەوەی کەژمارەیەکی زۆر لەپەنابەرانو خەڵکی ھەڵھاتووی سوریا یان لەڕێگادان وەیان ناویان تۆمار نەکراوە. بەگوێرەی ڕاپۆرەتەکان تائێستا ڕووداوەکانی یەکساڵی ڕابردووی سوریا نزیکەی یەک ملیۆن کوژراوو ئاوارەو خەڵکی بێسەروشوین کراوی لێکەوتۆتەوە. بەڵام ئەمەریکا چی بۆ ئەم یەک ملیۆن ئینسانە ئاوارەو سەرگەردانە کردووە؟


راستیەکان پێچەوانەی پڕوپاگەندەی خەمخۆری وئینساندۆستانەی ئەمەریکا نیشاندەدات. بەتایبەتی کەھەقیقەتی ‌زۆرێک لەژیان و گوزەران وقسەوباسی پەنابەران ئەوەیان سەلماندووە کەچەندە خێروبەرەکەتی فریاگوزاریەکانی ئەمەریکایان بەرکەوتووە، کاتێک ژیانی ئاوارەییو دەربەدەریان لەشاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە نیشاندەدرێ. لەلایەکیتریشەوە ڕاگەیاندنەکانی لێپرسراوانی رێکخراوە پەنابەریەکان لەلوبنان وعێراق وتورکیا بەسە بۆئەوەی کەناوەرۆکی پڕوپاگەندە فریوکاریەکانی ئەمەریکا لەمەڕ کۆمەکی ئینسانی بۆئاوارەکانی سوریا دەرخات. تەنانەت یەکێک لەبەرپرسانی کاروباری پەنابەران لەنەتەوە یەکگرتوەکان لەڕاگەیاندنێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەکەمی ئاستی کۆمەکەکان کردوەو وئەوەشی ئاشکراکرد کەسەرەرای ئیدعاکانی ئەمەریکا بۆ کۆمەک کردن بەئاوارەکانی سوریا، بەڵام تائێستا کەمترین ھەنگاوی نەناوە. بەم جۆرەش باسی گەیاندنی کۆمەک بۆ ئەمەریکا ناتوانێ لەپڕوپاگەندەی سەردەمانی شەڕو خۆ خۆشەویست کردن لەئاستی ڕای گشتی وبۆ نیشاندانی دۆستی خەڵکی لێقەوماوی سوریا زیاتر بێت. ‌ تا بەیارمەتیەکانی سوپای ئازاد دەگەڕێتەوە وەک خاڵێکیتر لەستراتیژی ئەمەریکادا، مەسەلەی بردنە سەرەوەی ئاستی شەڕ لەدژی ھێزەکانی ئەسەد و ھاوکات بۆ فراوانکردنەوەی دامنەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی سوپای ئازاد، بۆ سەپاندنی پاشەکشەی زیاتر بەسەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، تائاستی ڕووخانی یەکجاری، ئامانجێکی سەرەکی ئەم کۆمەک کردنەیە. بەتایبەتی بەدوای ئەوەدا کەئەمەریکا بۆی مەعلوم بوو ناتوانێ ھەمان سیناریۆی دەخالەتی سەربازی وەک ئەوەی لەلیبیادا کردی، لەڕیگای ھێزەکانی ناتۆوە لەسوریاشدا پەنای بۆبەرێ، چونکە سیاسەتێکی ئاوا لەگەڵ ڕکەبەرانێکی وەک ڕوسیاو چین کە نفوزێکی زۆری ئابوریو سەربازیو دیبلۆماسیان لەسوریادا ھەیەو وەک یەکێک لەناوچەکانی نفوزی خۆیان سەیری دەکەن، لەئاست دونیادا ڕووبەڕووی کێشەو ھەرای گەورە دەکاتەوە، کەبەکردەوە بەمانای پەکخستنی دەخالەتی ئەمەریکایە لەسوریادا. ئەمە وێرای ئەوەی کەپەنابردن بۆ ھێزەکانی ناتۆ بۆ یەکلاکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ڕژێمی ئەسەددا بەخەرجیەکی زیاتر ودەردەسەری زۆرتر تەواودەبێ. ھەربۆیە ھەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ دروستکردنی سوپای ئازاد لەگروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن وئەفسەرانی جیابوەوە لەڕژێمەکەی ئەسەد وھەوڵدان بۆ چەکدارکردن وھاوکاری کردنی ئەم ھێزە، بەڕادەیەک کەبتوانێ ھاوکێشەی ھێز لەبەرامبەر سوپای ئەسەددا بگۆڕێ، باشترین ڕێگایە کەبەکەمترین خەرج ودەردەسەری سیاسی دەخاڵەتی ئەمەریکا زامن دەکات. ھەربۆیە کۆمەک کردن بەسوپای ئازاد بۆتە گۆشەیەکی سەرەکی لەستراتیژی ئەمەریکادا. ڕیگایەک کەئەمەریکا لەبازنەی چاوەڕوانی کردن وھێنانو بردنی بڕیا‌رە نێونەتەوەییەکان وخودی ئەنجومەنی ئاسایش دەردێنێ وراستەوخۆ توانای دەخاڵەتکردنی ڕاستەوخۆی زامن دەبێ.


لەبارەی حکومەتی دوای ڕوخانی ئەسەدەوە، کەخاڵی سێھەمی ستراتیژی ڕاگەیەندراوی ئەمەریکایە، گەرچی زۆرتر بەفاکتۆری کۆمەکەکانی ئەمەریکاوە بەئاڕاستەی سەرکەوتنەکانی سوپای ئازادو بەدەستھێنانی پێشڕەوی زیاتر تائاستی ڕوخانی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە بەندە، بەڵام نموونەی حکومەتێکی ئینتیقالی کەئەمەریکا لەبەرچاویەتی شتێکی زیاتر نییە لەوەی کەلە میسرو تونس ولیبیا لەلایەنە ئیسلامیو قەومیەکان پێکیھێنا. حکومەتێک کەھەموولایەنەکانی بەرەی دژی شۆڕش ڕازی بکاو لەکەنار سیاسەتەکانی ئەمەریکادا لەدژی حەریفەکانی لەئاست ناوچەکەو جیھان ڕاوەستێ وئیتر ھیچ کارێکی نەبێت بەسەر ئەو داخوازیو ئومێدانەوە کەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، ژنان ولاوان، قوربانیان بۆداو شۆڕشیان بۆ بەرپاکرد...بەڵام بەدوای ئەم ڕاستیانەدا، تازەترین مەسەلەو ھەوڵەکانی ئەمەریکا لەبردنە ‌پێشەوەی ستراتیژەکەیدا چیەو دەیەوێت چ ھەنگاوێک ھەڵگرێ؟


سەردانەکەی ھیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وکۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیادا، بەڕۆشنی وەڵامی ئەم پرسیارەمان دەداتەوە. یانی ئەمەریکا دەیەوێت ھاوشان لەگەڵ پێشڕەویە سەربازیەکانی سوپای ئازادا، ھاوکاری زیاتری ئۆپۆزسیۆنی سوریا بکات بۆ پێکھێنانی ناوچەی دژە فڕین، لەو شوێنانەدا کەدەستی ھیزەکانی ئەسەدی پێناگات وەیا پاککراونەتەوە. قسەکانی ئەم ڕۆژانەی عەبدولباست سەیدا، سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی ‌سوریاش ھاوجووتە لەگەڵ ئەم ھەوڵەی ئەمەریکادا، بەتایبەتی کاتێک تاکید لەوە ‌دەکاتەوە، کەپێکھێنانی ناوچەی دژە فڕین" ناوچەی ئارام" لەسوریا، لەنزیک سنورەکانی ئوردن و تورکیا، لەژێر چاودێری لایەنی نێودەوڵەتیدا، لەژێر ناوی "پارێزگاری ھاوڵاتیانی مەدەنی"دا، خۆی ئەڵقەیەکی تەواکردنی ھەوڵەکانی ئەم ستراتیژیەی ئەمەریکایە لەبەرامبەر دۆخی ئێستای سوریادا. بەتایبەتیش کاتێک کەعەبدولباستی سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی بەنیابەتی ژێربەژێری ئەمەریکاوە داوایەکی لەم جۆرە بۆ مەرجەعە نێودەوڵەتیەکان پێشنیار دەکات.


بێگومان لەحالەتی چونە ‌پێشەوەی پێشنیاری پێکھاتنی ناوچەکانی دژە فڕین، لەگەڵ پێشڕەوی سوپای ئازاد وڕازی کردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا، جگەلەوەی زەربەیەکی گەورە بۆ سەر ڕۆڵی ڕوسیاو چین لەئاستی جیھانیدا بەدواوەیەتی، ھاوکات زەربەیەکی کوشندەشە بۆئیران و ھاوپەیمانانی لەئاست ناوچەکەدا. لەلایەکی تریشەوە ئەم ھەنگاوە یانی "ناوچەی دژە فڕێن" بەکردەوە زەمینەی گوێزانەوەی دەسەڵاتی داھاتووی دوای ئەسەد بۆ لایەنگرانی ئەمەریکاو ڕۆژئاوا فەراھەم دێنێ، کەدیارە لەسەر حسابی دەرکێشانی ژیانی کۆمەڵگایەکی چەند ملیۆنی وەک سوریا لەشاڕێی مەدەنیەت وداسەپاندنی ژیانی ئۆردوگایی بەسەریاندا وسەرەنجام سپاردنی ژیانو چارەنوسیان بەدەستەو تاقمی چەکداری ئیسلامی و قەومی، شتێکی تری لێناکەوێتەوە. ئەمە ئەو ئینسان دۆستی و پڕۆژە سیاسیەیە کەئەمەریکاو بەرەی کۆنەپەرستان و دژی شۆڕش بۆ خەڵکی کریکارو زەحمەتکێشی سوریا چنیویانە.
 

ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک