٣\٩\٢٠١٠
سى و یەکى ئاب، سەدام ... دەققەل باب.

هیوا رەش
هێندە لە مێژ نییه، یادەورییەکى تاڵى نزیکە،
مناڵەکانیشمان وەبیریان دێ، کەممان هەیە هاوڕێیەکى، دۆستێکى، ناسیاوێکى،
خزمێکى، یان کەسێکى زۆر نزیک و برایەکى لە دەست نەدابێ ، ئەگەر کەسیش
نەوێرێ ببێتە شایەدم بێمنەتم ، کەپکى حەمەداغا و کڵاوقاسم ماون ، یان
هەر هیچ نەبێت منارەکانى پایتەخت و قەڵا دوژمن بەزێنەکەى هەولێر ماون ،
ئەڵێن قەڵا هۆلاکۆى بەزاند وەلێ مخابن ئەمجارەیان مێژوو پێچەوانە خۆى
نواند ، هۆلاکۆى عەرەبى ، هۆلاکۆى سەردەم حەرەمى قەڵاى بەزاند ، تانک و
تۆپ و زرێپۆشەکانى بەعس هاتن ، هاتن و وەکو ڕەشە کوللە بە
نیشتمانمانەوە وەربوون ، هاتن و کشتەکى پوزى دەرپێى پیرۆزى پیرەژنى
کوردیان پشکنى ، بە لوولەى تفەنگ کۆرپەڵە چاو زیتەکانمانیان لە خەو
ڕاچڵەکاند ، جامانەى ڕدێن سپییانى ناو مەجلیسیان خستە ژێر پۆستاڵەوە ،
ویستیان سەرى بەرزى قەڵاکەمان بە زەبرى لوولەى تۆپەکانبان نەوى بکەن .
ناسنامەى نەتەوەییمان لە بەردەم مێژوودا ملکەچ و شەرمەزار بکەن !
هەڕەمەکى لە خۆڕا نەهاتن ، چەکمە ڕەش و دەس ڕەش و ڕوو ڕەشەکانى بەعس
داوەت کرانە سەر خوانى شەڕى براکوژى ، ئەو شەڕە نەگریسەى ڕووبارێک
خوێنى لەبەر ڕۆیى ، جلوبەرگى هەزاران خوشک و دایکانى وەکو مێژووى
شەڕانگێزەکانى ناوخۆ ڕەش کرد ، ئاى چ وەیشوومەیەکە برا جەستەى براى خۆى
بۆ کورسى پادشاکان ڕەنگین بکات ، ئەو پادشایانەى خەڵکیان فێر ئەکرد
دوژمنان بە دۆست بناسێنن ، بەعسیزم و ئاخوند پەرستیى لە پارتى و یەکێتى
بوون و یەکتر قبوڵ کردن بە پیرۆزتر بزانن ، سنورى ناحەزان وەکو ماڵى
خۆیان چاو لێ بکەن و لە نێوان دوو شارى چکۆلەى خۆماندا سنوورێکى خوێنین
قووت بکەنەوە ، گەلۆ لە مێژ نیە و دوێنێکە بوو ( تەهجیر و تەرحیل و
تەحزیب و تەقتیل ) لە چڵەپۆپەدا خۆى نواند ! و بەها نەتەوایەتییەکانیش
قەل فڕیان لێ کرا .
سەرسام لە قوللەى بێدەسەڵاتیى وەستاوم ، دۆش داماوم ، ( قائیدە
زەڕورەکان ) بێباکانە و بە تەمان تا مردن کورسى دەسەڵات بۆ هەتا هەتایە
بخەنە ژێر چەپۆکى خۆیانەوە ، بێباکن ، ناترسن لە ناڵەى دایکى شەهیدان ،
بێمنەتن لە نیگاى پڕ چاوەڕوانیى کەس و کارى شوێن وون کراوان ،
کەمئەندامانى حەزە شەڕاوییەکانى خۆیان لێ بارە ، هییچیان بە لاوە گرنگ
نیە بە قەد کورسى دەسەڵات و گومرک و نەوت و باج و داهات و بودجە و پارە
.
دەبا ئەوان تۆزى ئاخوندیزم و کەمالیزم و بەعسیزم لە خۆیان بتەکێنن ،
ئێمەش چى تر ڕێگە نەدەین مەرگ و خوێنمان بە دیارى بۆ بهێنن ، ئەنفالچى
و جاسوسمان لێ نەکەن بە پاڵەوان ، سى و یەکى ئابى ترمان بۆ نەهێننەوە
مەیدان ، ئەگەر بەڵێنیان نەدا پێمان ، ئێمەش سنوقى دەنگدان بکەینە چەکى
دەستمان ، دۆسیەى تاوانەکان هەڵدەینەوە ، لەبەر دەم دادگاى گەلدا بۆیان
بخوێنینەوە ، کردەوە قێزاوییەکانیان بە نەفرەت بکەین ، بۆ تاوانى تر
بواریان نەدەین ، نەهێڵین چارەنووسمان بە قوربانى کورسى خۆیان بکەن ،
ئاساییشى نەتەوەیى بە ئاساییشى گیرفان و حزب موتوربە بکەن .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|