په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠١٧

سوەیلا مەیھەمی:

شیعر ھەموو کات ھەتوانێکە بۆ ئازارەکانی ژیان.

 


سوەیلا مەیھەمی، شاعیری تازە دەرکەوتووی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە دیمانەیەکی "وشە"دا، باسی چوونە ناو دنیای ئەدەب و ئامانجەکانی لەو بوارەدا دەکات، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی لە مێژە ھەستی بە بەھرەی شیعری خۆی کردووە، بەڵام تا لەگەڵ "مامۆستایانی گەورە" پێوەندیی نەگرتووە، ئەو ھەستەی لا شکۆفە نەبووە و یارمەتیدانی ئەوان، دنیای ئەدەبی بە تەواوەتی بە روودا کردووەتەوە. لێرەدا دیمانەیەکی ئەو شاعیرە دەخوێننەوە.

 

* وەک زانیومانە، باوکت ھۆگری شیعر و نووسینی شیعر بووە، تا چەند کاریگەری لەسەر تۆ دانا تا ببیتە شاعیر؟

لە منداڵییەوە لەگەڵ شیعردا ئاشنا بووم بەھۆی باوکم، باوکم ھۆگری مامۆستا ھێمن و ھەژار بوو، کتێبی زۆربەی شاعیرانیشی ھەبوو، کاتێک ھەموومانی کۆ دەکردەوە بە دەنگی بەرز شیعری دەخوێندەوە و منیش زۆر حەزم لێ دەکرد و ئەوانم لەبەر دەکرد، بۆیە بڕێ جار بنەماڵە بێ ڕاستەوخۆ بزوێنەری ھیواکانن. باوکم ھەموو کات شانازیی بە کوردبوونییەوە دەکرد و بە شانازییەوە یادی باپیرانی دەکردەوە.

* دەگوترێت شیعر دەربڕینی ھەستە، کە بووە ھەڵوێست، دەبێتە شیعار، تۆ زۆرجار ھەڵوێستەکانت لە رێی شیعرەوە دەردەبڕی، وەک دژوەستانەوەی ھەندێ دابونەریت، ئایا ئەو ھەڵوێستانەیش بە شیعر دادەنرێن، یان شیعار؟

ئەو شیعرەی کە لە دروشم دەچێ، شتێکی ماوەیییە کە لە ماوەیەکدا بوو دژی نەریتێک گوتراوە یان بە گشتی ئێمەی کورد ھەموو کات ڕووبەڕووی کەند و کۆسپ بووین و لە ھەمان کاتدا بۆ ئەوەی ھەست دەربڕینی شتێک لە ناخدا دێتە زمان و من نووسیمەتەوە، بڕێک لە شاعیران شیعری وایان ھەیە کە بۆ خەڵکی بە گشتی ئاسانتر فام دەکرێ، بەڵام ئەوانەیش شیعری لە مێژەی منن و ئێستە ھەم لە ڕووی فۆرم و پێکھاتە زۆر جیاوازترن.

* باوباپیرانت لە دەشتی شارەزوورەوە چوونەتە دیوی رۆژھەڵات، ئێستە ھیچ پێگیریی رۆحیت بەو خاکە ڕەسەنەتەوە ماوە، یان خۆشەویستیی سنە و رۆژھەڵات، ئەوەی شووشتووەتەوە؟

ھەموو کات ئاواتم ئەوە بووە بە خاکی ڕەسەنایەتی خۆم شاد ببمەوە، وەک منداڵێک مەراقی دایکم دەکەم، بەڵام شارەکەم سنە و بە گشتی رۆژھەڵات ئەو خاکەیە کە من بیرەوەرییەکانم لێ تۆمار کردووە و خۆشەویستییەکی ھەتایییە، ھیچ کاتیش کوردبوونم بە مەڵبەندێکی کوردەواری نابەسترێتەوە، خۆم بە کوردی ھەمووی خاکی کوردان دەزانم، بۆ ھەر شوێنی خاکی کورد بچم وا دەزانم ساڵانێکە لەوێ دەژیم.

* بوونەشاعیری، وێڕای بەھرە، ئەزموونکردنیشی گەرەکە، ئایا کە دەگوترێ سنە شاری نووسەران و ئەدیبانە، ئەوە تا چەند کاریگەری لەسەر پێشخستنی تۆ لە دنیای شیعردا داناوە؟

من لە مێژە ھەستم بە بەھرەی شیعری دەکرد، بەڵام تا لەگەڵ مامۆستایانی گەورە پێوەندیم نەگرت، ئەو ھەستە شکۆفە نەدەبوو، یارمەتیدانی ئەوان منی فێری زۆر شتی ئەرێنی کردووە، پێوەندی لەگەڵ ئەدیبان و کۆڕەکانی ئەدەبی یارمەتیدەر بووە بە دڵنیایییەوە، لێرەدا دەبێ دەستخۆشی لە مامۆستای گەورەم بەڕێز ئیرەجی عیبادی شاعیر و نووسەر و رۆژنامەوان بکەم کە زۆر یارمەتیدەرم بووە.

* وەک دەزانین تۆ بازرگانیت خوێندووە، ئێستە زۆرێک لە رێی شیعری پەسندان و دەربارەوە، واتە پێداھەڵگوتنەوە، بازرگانی دەکەن، ئەمە لە کوێی چوارچێوەی دنیای شیعردا جێی دەبێتەوە؟

شیعر و بازرگانیکردن زۆر دوورن لە یەک، واتە دوو شتی دژی یەکن، بە ھەست بازرگانی ناکرێت، دەربڕینی شیعر ئاسوودەکردنی ناخە لەو ئازارانەی کە ژیان بە سەر مرۆڤدا دایدەسەپێنێ، ئەوانەی کە زمان و وشە ئالوودەی بەباڵاوتنەوەی دەرباریان دەکەن، ھیچ شاعیر نین و شاعیر ناخی لەگەڵ ناخی خاک و خەڵکدا ئاوێتەیە، کە کاتێ ئازار بچێژن لە ھەستی شاعیر ھەڵدەقووڵێت، دەبێ ناوێکی جیاواز بۆ ئەو کەسانە وا شیعر بۆ دەرباریان دەڵێن بدۆزرێتەوە، زۆر باشە کە واتەکەی دوور بێت لە شیعرەوە.

* دەربڕینی ھەستی خۆت و ھۆنینەوەی شیعر، بە زمانی کوردی، یان فارسی بۆ تۆ خۆشترە و پێی ئاسوودەتری؟ کە ھی دووەمیان بۆ تۆ زمانی بێگانەیە.

ئێمە کاتی خوێندنمان کە دەگات و دەبێ بچینە قوتابخانە، زمانمان دەگۆڕێت، واتە ئەو زمانەی کە دایکمان لە گەڵماندا دەدوێ، ھەر لە ماڵدا دەمێنێتەوە، دوایی فێری نووسین و خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە فێر نابین بە ھۆی یاساکانی پەروەردە بە گشتی، زمانی حکوومەتی دەسەڵات ھەرچییەک بێت فێر دەبین، بۆیە من بە ھۆی ئەوینداری زمانی زگماکی خۆم، ھەوڵم داوە زمانی دایکیم بە نووسین و خوێندن فێر بم و شیعر زۆر یارمەتیدەرم بووە کە زمانی کوردی بە باشی فێر بم و بە دڵنیایییەوە کاتێک بتەوێ گۆرانییەکانت، ھەستەکانت و ئەو شتەی کە لە ناختدا ھەیە بڵێیتەوە، زمانی زگماکی ئاسانتر یارمەتیت پێ دەبەخشێ. شیعری فارسی کاری زۆر باشی لە سەری کراوە، ئێمەی کوردیش دەبێ بۆ پێشکەوتنی ئەدەبیاتی خۆمان ھەوڵ بدەین، بە دڵنیایییەوە نووسین بە کوردی بۆ من ئەوینێکی بێ ھاوتایە.

* ھەست ناکەی ئێستە شیعری ئازاد و بێ سەرواوکێش، خەریکە شیعری کلاسیکی و شیعری ریالیستیش وەپاش دەدات، لە کاتێکدا ھێشتا گوێگر و حەزلێکەری شیعری کلاسیکی کەم نین؟

شیعری کلاسیک بناغەیە و ستوونێکە کە شاعیران ئەزموونەکانیان ھەر لەوێوە دەست پێ دەکات، واتە ھەتا مەحوی و نالی و مەلای جەزیری و... نەخوێنێتەوە، شاعیر بناغەیەکی نییە تا پەلوپۆی تێدا بکوتێ و گەشە بکات، واتە وەک بنەڕەت و بنەماڵەیەکە کە دەبێ بە شانازییەوە پێیدا بڕوانین، بەڵام وەک ئەوەی دنیا ھەر رۆژ بەرەو گۆڕانکاری و پێشکەوتن دەچێ، زمان و ئەدەبیش دەبێ خۆی نوێ بکاتەوە، بەڵام ھەر نوێکردنەوەیەک کە ڕیشە و بنەڕەتی نەبێ، بەرەو لاوازی دەچێ و دەبێ بە وردی و سەرنج ئەو کارە بەڕێوە ببڕێن.

* لە سێیەمین ساڵوەگەڕی کۆچی شێرکۆ بێکەسدا، لە کۆتای شیعرێکتدا دەڵێیت "ئەمە بۆ ئیمپراتۆری شیعرە" بە چ پێوانەیەک گەیشتییە ئەو بڕوایەی ئەو ناسناوە بە باڵای بێکەسدا ببڕی؟

نازانم بڵم ڕێزی تایبەت یان خۆشەویستییەکی زۆرم بووە بۆ مامۆستا شێرکۆ بێکەس و ئارەزووی بینینیم ھەر لە خەونەکانمدا ماوە، شێرکۆ شۆڕشێکی وشەیە لە شیعردا کە دەبێت بڵێین ئایا وشەیەک ماوە شێرکۆ بە جوانی لە شیعردا نەیھاوردبێ؟ لە دوایین کارەساتی شەڕی داعش لە شنگال و کۆبانی و ... جێگەی شێرکۆ زۆر دیار بوو کە ھەموو کارەساتەکان وەک شەڕوانێک، وشەکانی کۆ دەکردەوە و سەرنجی ھەموو کەسێکی بو خۆی ڕادەکێشا، خاوەن شکۆی شیعرە بۆ من و ھەروەھایش دەمێنێ و ئەو خۆشویستییە لە دڵمدا ھەر دەمێنێ.


* پێناسەی تۆ بۆ شیعر و روانگەی بۆ شیعری ئێستە و قۆناغبڕییەکانی چین؟

شیعر ھەموو کات وەک ھەتوانێکە بوو ئازارەکانی ژیان ساڕێژی برینەکانی ئەم دنیایەیە کە بە ھۆی مرۆڤ ھەموو ژیان گیرودەی دەبێ، ئەڵبەت ھەتوانی دڵی ئەو کەسەیە کە باسی ئەو دەردانە دەکات. بە گشتی شیعر لە ھەر قۆناغی زەمانیدا تازەگەری ھەبووە، واتە ئەو شاعیرە لە خەڵکی خۆی پێشڕەوتر بووە، ئێستەیش شیعری جیاوازمان ھەیە، کە دەبێ شاعیران بە سەرنج ئەو ڕەوتە بە خەڵکی بناسێنن تا جێگەی خۆی لە نێو بەردەنگدا بکاتەوە، بە تێبینی من ئاوەزی بەردەنگ لە تەنگژەی خوێندندایە، بۆیە بەردەنگی ئەمڕۆ دوور دەکەوێتەوە لە شیعری سەردەم، شیعر لە ڕەوتی جیاواز ساکارییەکان دەگۆڕێ، بە بڕوای من لە نۆژەنکردنەوەی زمان،کە ئامانجی تازەگەرییە، فرە دەنگێک لە نێو شاعیران پەیدا بووە، شیعری شێت، حەجمدار، نوێخواز و نوێترخواز و.... کە لە ڕاستیدا جێی خۆشحاڵییە پێشکەوتنی زمان پێویستی پێیە کە بە شیعری بەرەی چوار ناو دەبرێ. شیعر گەمەیەکی زمانییە، پەنجەرەیەکە بە ڕووی نھێنییەکانی زمانی بە درێژایی مێژووی خۆی گۆڕانکاری لەسەری کراوە و دەکرێت.
_____________________________
بیۆگرافیا و باکگڕاوند:
سوەیلا مەیھەمی لە ١٩٧١ لە دایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی لە شاری قوروە تێپەڕاندووە جگە لە خوێندنی کۆلێژ کە لە بواری ئابووری لە زانکۆی ئازادی سنە خوێندوویەتی، وەک خۆی دەڵێ ھیچ پێوەندییەکی رۆحیی لەگەڵ مودیریتی بازرگانی نەبوو و رۆحی ئەو ھۆگری ئەدەبیات بوو، ئێستەیش دانیشتووی شاری سنەیە. بە ھۆی گرفتەکانی ژیان و چەندان ڕێگری و بوونبەستێک کە لە ژیانیدا ڕوویان داوە، نەیتوانیوە لە دەریای شیعر و لە باخی وشەدا خۆی تاقی بکاتەوە، وەک خۆی دەڵێ: ئەو شیعرانە کە ھەموو کات لە تەنیایییەکانی خۆمدا دەمنووسی، ھەر لە سووچە تاریکەکاندا مانەوە، ئێستە ماوەی دوو ساڵە ئەو دەرفەتەم بو ڕەخساوە کە لە کەناری مامۆستایانی ئەدەبیات خۆم تاقی بکەمەوە و ئەزموونم ببێت. دەبێ بڵێم شیعری زۆرم نووسیوە، بەڵام دەفتەر دەفتەر شیعرم لە ئەرشیڤ داناوە، چونکە بە دڵم نەبووە و ھەمیشە ھەوڵم داوە تازەتر بنووسم، بۆیە ھێشتا کتێبێکم چاپ نەبووە، بەڵام گۆڤارەکان و رۆژنامەکان جێگەیەکن بۆ تاقیکردنەوەی خۆم، وەک رۆژنامەی سیروان، ھەفتەنامەی دیاری کوھەن، ھەفتەنامەی لووتکە، گۆڤاری ڕامان... کە لەم تاقیکردنەوەدا ئەزموونم ھەیە تا کۆی شیعرەکانم لە کتێبێکدا لە چاپ بدەم.

 

ماڵپه‌ڕی سوەیلا مەیهەمی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک