په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\١١\٢٠١٣

سیخوڕییکردن؛ کرۆکی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی ئەمەریکا!


موزەفەر عەبدوڵا    


سکانداڵە سیخوڕییەکەی ئەمجارەی ئەمەریکا بەسەر ٣٥ سەرۆکی وڵاتانی جیهان، لەوانە ئۆلاندی سەرۆکی فەرەنسا و میرکلی ڕاویژکاری ئەڵمانیا، کە لە هەرە هاوپەیمانە نزیکەکانی خودی ئەمەریکان جارێکی تریش ڕووی ڕاستەقینەی پەیوەندیی دیبلۆماسیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەم دەوڵە زلهێزە و بانگخوازە دیموکراسیەی دەرخست و بووە تایتڵی گەورەی هەواڵی میدیاکانی جیهان.


ئەم بەڵگەیە کە لەم چەند ڕۆژەدا لەلایەن ئەدوارد سنۆیدنی گەورە ڕاویژکاری هەڵگەڕاوەی سی ئای ئەی، کە ئەوە چەند مانگە پەنابەرە لەروسیا، بڵاوی کردەوە کە ئەمەریکا بەپێچەوانەی بانگشەکانی بۆ دیموکراسی و پەیوەندیی دۆستانە لەنێوان وڵاتانی جیهاندا، داوای دەکات خۆی جگە لە سیخوڕییکردن بەسەر وڵاتان و سەرۆکەکانیدا زیاتر هیچی تر نییە.


هەڵبەت ئەم بەڵگەیەی کە سنۆیدن ئاشکرای کردوە دەچێتە سەر خەرمانەی ئەو هەزاران بەڵگەیە کە جولیا ئەسانج لە ڕێگای دەزگای میدیای ویکیلکس ئاشکرای کرد کەچۆن دامودەزگا سیخوڕییەکانی ئەمەریکا لە سی ئای ئەی و ئیف بی ئای بەردەوام کاری سەرەکیان سیخوڕیی و گاڵتەکردن و سووکایەتی بووە بەسەر دەوڵەتان و سەرۆکەکانیاندا.


هەموو ئەم کارە سیخوڕییانە لەڕاستیدا تەواوکەری سیاسەت و کردەوە شەڕانگێز و جەنگخوازییەکانی ئەمەریکایە لە چەند دەیەی ڕابردودا کە هەموو ئەمانەش بانگشەکانی بۆ بڵاوکردنەوە و سەقامگیرکردنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی و مەدەنیەت لەجیهاندا دەکاتە سەر بڵقی سەرئاو.


بێگومان سکانداڵە سیخوڕییەکەی ئەمجارە کە بەسەر ئەنجلا میرکلەوە کردوێتی لە کاتی گفتوگۆی تەلەفۆنی لەگەڵ ئۆلاندی سەرۆکی فەرەنسا لە هەموو کارە سیخوڕییەکانی تر زیاتر بۆتە مایەی فەزاحەت و کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتۆتەوە تا ئەو ڕادەیەی کە داوای کۆبونەوەی بە پەلەی سەرانی ولاتانی یەکێتی ئەوروپایان کردوە و بۆ پەرچەکردار.


بەڵام لە راستیدا بەجیا لە کاردانەوەی سەرۆک و دەزگایە سیخوڕییەکانی وڵاتانی تری جیهان لە دژی ئەم کارە سیخوڕییانەی ئەمەریکا و فشارهێنان بۆی تا دەست لە سیخوڕیی هەڵگرێت ئەم سکانداڵە ئەو ڕاستی دەردەخات کە پەیوەندیی سیاسی و دیبلۆماسیی ئەمەریکا و تەواوی دەوڵەته‌ ئیمپریالیەکانی جیهان لەکرۆکدا جگە لە پەیوەندییەکی ڕیسواو دامەزراو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەرمایەو پاراستنی زیاتر هیچی تر نییە.


لە بەرامبەر بەرژەوەندی سەرمایەی ئیمپریالی ئەمەریکا هیچ شتیکی تر بەهای نییە و نابێتە بنەما بۆ پەیوەندیی سیاسی دیبلۆماسیی.


بۆیە لە ڕوانگەی کۆمۆنیستەکان و چینی کریکارەوە چ ئەمڕۆ و چ لە دوا ڕۆژیکدا کە بە دەسەڵات دەگەن هەموو ئەم پەیوەندییە سیاسی و دیبلۆماسییە نهێنییانە هەڵ دەوەشیتەوە و ڕیسوا دەکرێت، هەموو پەیوەندییە سیاسیەکانی تر دەبیت ئاشکرا و ڕۆشن بێت وبخرێنە ژێر چاودێری نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکەوە.


هه‌روه‌ک چۆن حکومه‌تی شوراکان له ‌دوای ڕووخانی قه‌یسه‌ر و دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتدارێتی جه‌ماوه‌ریی هه‌موو په‌یوه‌ندییە نهێنییە‌کانی قه‌یسه‌ری ئاشکرا و ڕیسواکرد.

 

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک