په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٦\٢٠٢٦

سیاسەتە نوێیەکانی یەکێتی ئەوروپا و کاریگەرییەکانیان لەسەر پەنابەران
بانگەوازی بەرەیەکی سەراسەری بۆ پاراستنی مافەکانی پەنابەران.

 


لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٦، یەکێتی ئەوروپا هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پەیمانی نوێی کۆچ و پەنابەری خستە بواری جیبەجیکردنەوە. ئەم پەیمانە بە ناوی چاکسازی سیستەمی پەنابەری و بە مەبەستی خێراترکردنی پرۆسەی تاقیکردنەوەی داواکارییەکانی پەنابەری، بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورە دەرەکییەکان، ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچیی مرۆڤ پێشکەش کراوە.


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بە نیگەرانییەکی قووڵەوە سەیری ئەم گۆڕانکارییانە دەکات و پێی وایە ئەم سیاسەتانە تەنها گۆڕانکارییەکی یاسایی نین، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و کاریگەرەو گورزێکە لە ژیان، ماف و ئازادی و داهاتووی هەزاران پەنابەری هەڵهاتووی لەدەست جەنگ نائارامی وناعەدالەتی سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتی.


ئێمە پێمان وایە ئەم سیاسەتە نوێیانە ئەم مەترسیی سەرەکیانە لەخۆ دەگرن:

یەکەم: خێراکردنی بڕیاردان لەسەر کەیسەکانی پەنابەری.

لە ژێر ئەم سیستەمەدا، داواکارییەکانی پەنابەری بە خێرایی زیاتر تاقی دەکرێنەوە و بڕیاریان لەسەر دەدرێت. ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە زۆرێك لە پەنابەران دەستگەیشتنی تەواویان بە پارێزەری یاسایی، وەرگێڕی شیاو و ئامادەکردنی بەڵگە و دۆکیمەنتەکانی نییە. لە دۆخێکی ئاوادا، هەڵەیەکی بچووك یان کەمبوونەوەی بەڵگە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕەتکردنەوەی داواکارییەکە و چارەنووسی مرۆڤێك بەبێ دادپەروەریی تەواو بڕیاری لێ بدرێت.


دووەم: دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی ناڕاستەوخۆی پەنابەران.

بەپێی ڕێوشوێنە نوێکان، پەنابەران دەتوانرێت لە ناوچەکانی سنوور یان ناوەندە تایبەتەکان بگیرێن و بۆ ماوەیەك لە شوێنە داخراوەکاندا بمێننەوە. زۆرجار ئەم ناوەندانە لە ڕووی بارودۆخی ژیان و سنووردارکردنی ئازادییەکانەوە وەك زیندان دەچن.
ئەم جۆرە مامەڵەیە کاریگەرییەکی خراپی دەروونی و کۆمەڵایەتی لەسەر پەنابەران جێدەهێڵێت و هەست بە ترس، ناڕەحەتی و بێئومێدی لەناویاندا زیاد دەکات. کە هەموو ئەمانەش پێچەوانەی ئەو دەرفەت ڕەخساندنەیە کە یاساورێسا نێودەولەتیەکان بۆ پەنابەر دەرەخسێنن.


سێیەم: مەترسیی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ.

ئەم سیاسەتانە ڕێگا بۆ گەڕاندنەوەی خێراتری ئەو پەنابەرانە خۆش دەکەن کە داواکارییەکانیان ڕەت کراوەتەوە. لە زۆر حاڵەتدا ئەو وڵاتانەی پەنابەران بۆی دەگەڕێندرێنەوە هێشتا جەنگ، ناسەقامگیری، توندوتیژی، هەڕەشەی سیاسی یان پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیان تێدایە. بۆیە ئەم سیاسەتە دەتوانێت ژیانی زۆرێك لەو پەنابەران بخاتە مەترسییەوە کە پێشتر ناچار بە ڕوو کردنە هەندەران بوون.


چوارەم: سنووردارکردنی مافە یاساییەکان.


لە ژێر سیستەمی نوێدا، دەستگەیشتن بە دادگایی و چاوپێداگێرانەوەی بڕیارەکان سنووردارتر دەبێت. لە زۆر حاڵەتدا تەنها یەك جار مافی تانە لە بڕیارەکان دەرەخسێندرێت، هەروەها دەستگەیشتن بە یارمەتی یاسایی کەمتر دەبێت. ئەمە دەتوانێت دادپەروەری لاواز بکات و مافی بەرگری لە پەنابەران بسەنێتەوە.


پێنجەم: کاریگەرییە تایبەتەکان لەسەر ژنان، منداڵان و خێزانەکان.


ژنان، منداڵان و خێزانەکان لە زیاترین قوربانیانی ئەم سیاسەتانەن. مانەوە لە ناوەندە داخراوەکان، دواکەوتنی خوێندن، قەلەقی و نائارامی فشاری دەرونی کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر تەندروستی و گەشەی منداڵان دادەنێت.

شەشەم: ناردنی پەنابەران بۆ وڵاتانی سێیەم.


بەپێی هەندێك لە پێشنیارەکان، دەتوانرێت پەنابەران بۆ وڵاتانی سێیەم بنێردرێن، تەنانەت ئەگەر هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بەو وڵاتانەوە نەبێت. ئەمە مەترسییەکی گەورە دروست دەکات، چونکە زۆرجار پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتانەدا لاوازە و داهاتووی پەنابەران نادیار دەبێت.


داواکارییەکانی فیدراسیۆن و بەرەی پاراستنی مافەکانی پەنابەران.


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی دژ بە هەر سیاسەت و یاسایەك دەوەستێت کە ماف و کرامەتی مرۆڤانەی پەنابەران سنووردار بکات. ئێمە داوا دەکەین:
• پاراستنی تەواوی مافی پەنابەری بەپێی یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان.
• وەستاندنی دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی بێهۆی پەنابەران.
• دابینکردنی سیستەمێکی دادپەروەر، شەفاف و مرۆڤانە بۆ داواکارییەکانی پەنابەری.
• دابینکردنی پاراستنی تایبەت بۆ ژنان، منداڵان و خیزانەکان.
• دروستکردنی ڕێگا یاسایی و سەلامەت بۆ داواکردنی پەنابەری و گواستنەوەی مرۆیی.


بانگەواز.


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی بانگەوازی هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕێکخراوەکانی بەرگریکارلە پەنابەران، یەکێتییە کرێکارییەکان، هەڵسوڕاوان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەموو هێزە پێشکەوتنخوازەکان دەکات بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەش لە سەرانسەری ئەوروپا، بۆ بەرگری لە مافەکانی پەنابەران و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەدژە پەنابەریو جیاکاری بینە مەیدان.ئێمە باوەڕمان وایە کە پاراستنی ماف و کەرامەتی مرۆڤانەی پەنابەران تەنها بەرپرسیارێتی پەنابەران نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی هەموو ئیمە بەرەی شارستانی و مرۆڤدۆستە.


لە ژێر ئەم سیاسەتانەدا، پەنابەر تەنها مەترسیی لەدەستدانی مافەکانی نییە، بەڵکو ئازادی، ئاسایش و داهاتووشی دەکەوێتە مەترسییەوە.

 


فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

٢٥\٦\٢٠٢٦
 

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک