په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٤\٢٠١٢

سیاسەتی دووفاقەیی و دووڕوویی دەیڤید کامیرۆنی سەرەک وەزیرانمان و راستییەکان.


زاھیر باھیر     

- به‌شی یه‌که‌م -

 

کارەساتەکە لەوەدایە کە زاڵمو زۆردارەکان باس لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکەن، دیکتاتۆرەکان باس لە دیمۆکراسێت و ئازادی دەکەن، ئەوانەی کە ڕەوشتت و مۆراڵیان نیییە داوا لە خەڵکی دەکەن بە مۆراڵ و ڕەوشت بن، دەوڵەمەندو سیاسییە گەندەڵەکان گۆڕانخوازن و دژایەتی گەندەڵی دەکەن، داوای کۆمەڵگەیەکی نموونەیی یا حکومەتێکی شەفافیمان بۆدەکەن.


ئای کە دونیایەکی سەیرە. کورد وتویەتی درۆ ھەژارەو ھەموو کەسێک پێیدەوێرێت، دەشڵێن بارزانی گەورەش جارێک گووتویەتی قسە ھەوایەو ناچێتە گیرفانی کەسەوە، واتە نە ڕەقابەی لەسەرەو نە باج . ھەردوو وتەکە زۆر ڕاستن کە لە کاتێکیشدا کە ئەم قسانە لە ‌لایەن گەورە پیاوێکەوە یا کەسێکی سیاسی وەکو دەیڤید کامیرۆنەوە دەکرێت و میدیایەکی زەبەلاحی لیبراڵیشی لە پشتەوەیە، لە کاتێکدا کە ئەو وەکو سەرەک شالیارانی بریتانیای گەورە، دایکی پەڕلەمان و سیستەمی دیمۆکراسی، لە وڵاتێکی ھەژاری وەکو ئەندەنوسیا یا بۆرما کە زۆربەی خەڵکەکەی ، ھەژاری و نەبوونی پشتی شکانوون. ئاخر چۆن بتوانن تەتەڵەو بێژی قسەکانی سەرۆکەکەی ئێمە بکەن ، ڕاستییەکان لە درۆکان جیابکەنەوە تاکو بزانن ئەوەی کە دەیڵێت ڕاستییەو وڵاتەکەی سەرلێوانە لە دیمۆکراسی و مرۆڤایەتی و دادپەروەری و نەزاھەت، ‌ لە کاتێکدا کە ڕەنگە زۆربەی خەڵکی ئەندەنوسیا نەک ھەر ئاگەداری ئەوە نەبن کە لەم بستە وڵاتەی ئێمەدا چ باسە، بەڵکو گەلێکییان ھەر خوێندەواریشیان نەیێت.


دەیڤید کامیرۆن بەھاوڕێی چەند کەسێک لە سیاسییەکان و ڕاوێژکارو بزنسمانی گەورە، لە گەشتەکەی ڕۆژی چوارشەمە، ١١-٠٤-١٢ ، بۆ ھەندێک لە وڵاتانی خواروی ڕۆژھەڵاتی ئاسیا، لەوانە ئەندەنووسیاو بۆرما، لەو موحازەرەیەی کە بۆ سیاسییەکانی ئەندەنوسیا، لە جاکارتا، دای، داوا لە موسوڵمانان دەکات " دەبێت ئیسلام باوەش بۆ دیمۆکراسییەت بکاتەوەو توندڕەوێتی ڕەتبکاتەوە"‌ ‌ ‌ نەک ھەر کەوتە کردنی ھەند‌ێک درۆو دەلەسەی بێبنەما، بەڵکو گەیشتە ئەو ڕادەیەشی کە بڵێت " دیمۆکراسیەت و ئیسلام بەیەکەوە دەگەشێنەوەو پەخشدەبن ". بێگومان کامیرۆن وەکو ھەموو سیاسسیەکانی تری دنیا ئەوەی کە دەیڵێت باوەڕی پێی نییە، بەڵام درۆی پیاوی گەورە پەندو عیبرەتە.

لە پەیامەکەیدا بۆ موسوڵمانان، دەیڤید کامیرۆن، لەو قسانەی کە بۆی نوسرابووەوە،‌ درێژەی پێداو وتی: جیھان دەتوانێت توندڕەوەکان ببەزێنێت، ئەوان دووژمنێکی خەتەرناکن.....جیھان دەتوانێت ڕەتی ئەو ھەڵبژێرە ( ئیختیارە)‌ بکاتەوە کە یا دیکتاتۆریەت یا توندڕەوێتی....... دوای ئەوە ھات بە شانو باڵی ئەندەنوسیا کە گەورەترین وڵاتی ئیسلامییە، دوای ڕوخانی ڕژێمی سوھارتۆ لە ساڵی ١٩٩٨ دا چۆن ڕێگەی خۆی گرتوەو بوەتە مایەی بەخشینی ئیلھام کە وڵاتان دەتوانن چاوی لێبکەن. لە موحازەرەکەی کە ھەر لەوێ بۆ قوتابیانی زانکۆی ئەزھەری، دا، وتی " ئەوەی کە ئێوە لیرە دەیکەن زۆر گرنگە ، چونکە دڵ و گیان دەدات بەوانی تر لە جیھاندا کە بە ھەمان خەبات و تێکۆشانەوە مەشغوڵن".


ئەمە جگە لە ھێڕشێکی زۆر گەورە دژی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا، کە چ دیکتاتۆرێکە ، چۆن دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتوەو دوژمنی دیمۆکراسسییە. کامیرۆن لەم سەفەرەیدا، دەرئەنجامی قسەکانی ئەوە بوو کە کە پێناسەی ٤ گروپی کرد، کە ئەو باوەڕی وایە بڕیارو پەیامی ئەمان بۆ بەزاندنی دیمۆکراسییە:


یەکەمیان: Authoritarian Leaders، سەرانی دەسەڵات، سەرانێک کە دەست بە دەسەڵاتەوە دەگرن:


لەم نموونەیەیدا کامیرۆن پەنجە بۆ قەزافی و ئەسەدو موبارەک و بن عەلی ، ڕا‌دەکێشێت کە چۆن ئەمانە لەژێر ناوی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرێتی وڵاتەکانیانا ئامادە نەبوون دەستبەرداری دەسەڵات ببن تاکو خەڵکەکانیا لێیان ورووژان و ھەڵسانە سەرپێ لێیان.


کەس نکوڵی لەوە ناکات کە ئەمەی سەرەوە ڕاستە، بەڵام با تەماشایەکی ھەموو ڕژێمە دیمۆکراسیەکانی سەرجەمی ئەوروپاو ئەمەریکاو وڵاتانی سکەندناڤیا، ھەتا ھەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل و کەنەداو ئۆسترالیاو ھیندستان و پاکستان و عێراقی نوێی دیمۆکراسی و زۆربەی زۆری شوێنەکانی تر کە لە پرۆسەی ھەڵبژاردندا چەپ جێگا بە ڕاست ، یا موحافیزکار بە پارتە لەیبەرەکان ( کرێکاران) یا سۆشیال دیمۆکراتەکان، لیبراڵ بەوانی تریان، چۆڵدەکات ، یا حوکمی بەرەیی ئێستای بریتانیای لیبراڵ دیمۆکرات و موحافزین ( تۆری) ، چی لە مەسەلە ئەساسییەکان گۆڕیوە؟ ئادەی با کەسێک پێمان بڵێت چ کێشەیەکی سەرەکی لابەلا کراوتەوە ھەر لە بەتاڵە وە تا قەیرانی خانووبەرە، گرانی ھەموو پێداویستیەکانی ژیان، ئەی ئازادییەکان لە ھەڵکشانان یا لە داشکانان؟


کامیرۆن خۆشی لە ھەر ھەموومان باشتر دەزانێت کە لێرەش ھەر یەک دەسەڵات ھەیەو ھەر ئەویش حوکم دەکات کە ئەویش پێکھاتەیەکە یا تێکەڵەیەکە لە بانکەکان و سوپەر دەوڵەمەندەکان و کۆمپانیا گەورەکان و دەسگە جاسوسیەکان و پۆلیس و بزنسمانە گەورەکان . ئەمانەن کە دەسەڵاتداری حەقیقی وڵاتەکەن نەک ئەندامەکانی پەڕلەمان، کە ئەمانەش ھیچیان نە بە ‌ پرۆسەی دیمۆکراسیانەدا دەڕۆن نە لە ھیچ ڕژێمێکی دیمۆکراتی ئەم وڵاتانەشدا بە ھەڵبژاردن ‌گەیشتونەتە ئەو دەسەڵاتەی کە ھەیانە. ھەر بۆیەش پرۆسەی ھەڵبژاردن شتێک نییە جگە لە خۆڵ کردنە چاوی خەڵکی و ھەڵخەڵەتاندیان، نەبێت. ھەتا گریمان ئەندامانی پەڕلەمان فەرمانڕەوایی دەکەن، خۆ لە یەک بڕیاریاندا لە سەر ھەر کێشیەک بێت ناگەڕێنەوە بۆ ئەوانەی کە ھەڵیانبژاردوون، بەڵکو خۆیان پاش چەند دانیشتنێک بەدەنگدانی نێوانی خۆیان بڕیاری لەسەر دەدەن و دەیکەنە یاسا. بەداخەوەم کە دەبێت بۆ جارێکی تریش ئەو قسە بەھادارە دووبارە بکەمەوە کە دەڵێت " گەر ھەڵبژاردن شتێکی بگۆڕێیایە، دەمێک بوو قەدەغە کرابوو". بێگومان ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە خۆزگە بەوەی تریان بخۆیین، بەڵام ئەمە حەقیقەتێکی حاشا ھەڵنەگرەو بەچاوی خۆمان دەیان بینین.


ئەی ھەر ئەمان نین کە دەیانەوێت شەپۆلی خۆپیشاندانەکان کەمکەنەوەو دەنگی ناڕەزاییکەران کپ بکەنەوە، ھەر پۆلیسی ئەمان نەبوو خەڵکی بێتاوانیان لە خۆپیشانداندا کوشت و خەڵکی تریشیان بە سەختی بریندار کرد، ھەر ئەمان نین کە دەیانەوێت تەنانەت ئەو نوزە نوزەش کە لە سەندیکال و سەندیکالیستەکانەوە دێت ببڕن ، ئەو تاک تاکە مانگرتنانەش کە بە دەگمەن و بە پچڕبچڕی روودەدات ، نەھێڵن ؟!!! ئەمە لەکاتێکدا ئەمان ھاندەرو کۆمەککەری سەرەکی بوون بە خۆپیشاندانەکانی لیبیاو تونس و سوریا. بەڵام لە ھەمان کاتیشدا ورتەیان لێوە نەھات لەو کوشتن و بڕینەی کە دەسەڵات لە بەحرەین کردی بەرامبەر خۆپیشاندەران. بانێکەو دوو ھەوا.


خۆ لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەشیان بە پارتی تۆری و لەیبەریشەوە وەکو سیاسەتی دەوڵەتیان و ھێڵی حیزبییان بە بەردەوامی پشتگیری ڕژێمە کۆنەپەرستەکان و دیکتاتۆرییەکانیان کردوە . ھەر دوور نەڕۆین: ھەڵوێستیان لە ڕژێمی ئەمیرو شایەکانی وڵاتانی کەنداو، کاتی خۆی و سەدام و شای ئێران ، پینۆشێت و مارکۆسی فلیپینی و ڕژێمی پێشینەی ئەندەنوسیاو کۆنگۆو ڕەگەزپەرستی خواروی ئەفریقاو گەلێکی تر چ لە وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی و ئەفریقاو خواروی ڕۆژھەڵاتی ئاسیا . ئەمانە تەنھا چەند نموونەیەکی زۆر کەمن و بەیادی خوێنەری بەڕێزیان دەھێنمەوە.

دووھەم: Corrupt elites ، نوخبە گەندەڵەکان:


لەمەشیاندا کامیرۆن سەرنجی گوێگرانی پەیامەکەی بە وڵاتی تونس ڕاکێشا، کە چۆن فەرمانبەرێکی تونسی وای لە میوەو سەوزە فرۆشێکی وەکو موحەمەد بووئەزیز کرد تا ئاگر لە خۆی بەرداو خۆی بکاتە قەرەبروت. وتی" گەندەڵی بەشداریکردن لە ئابوری و سیاسەتدا لەگەڵ ھاووڵاتی بووندا، ڕەتدەکاتەوە، ھەروەھا لە ئیش و کار و ھەبوونی دەنگدا کە خەڵکی دەیەوێت. لەوەش خراپتر قەشمەرجاڕی و توڕەیی برەو پێدەدات".


لە ڕاستیدا کامیرۆن ئەوە فەرامۆش دەکات کە گەندەڵی لە وڵاتەکەی ئەوەوە پەخش بووە، نەک ھەر ئەوەش ، تەنانەت ‌ ئەو وڵاتانەشی کە کۆڵۆنی بریتانیا بوون تا ئێستاش لە ھەندێکیاندا وەکو عێراق و ھیندو کینیاو غاناو نایجیریاو میسری پێشوو ھتد تا بینەقاقەیان لە گەندەڵیدا، چەقیوە. گەندەڵی لە بریتانیادا پرۆسەیەکی بەردەوامە و لە ھەندێک بواردا سەرتاپای دەسگە مەدەنی و بەشێک لە پۆلیس و سیخوڕەکانی خودی خۆی گرتۆتەوە. ‌ھەر ماوەیەکی کەم لەمەوپێش بوو کە چەند ئەفسەرێکی پلە بەرزی پۆلیس بە ھۆی دەستتێکەڵاوکردنیانەوە لەگەڵ میدیا ئیمپراتۆرەکەی ڕوپەرت مەر‌دۆخدا کەوتنە بەر لێکۆڵینەوە کە تا ئێستاش ھەر بەردەوامە. ئەمانە لەگەڵ سەرنوسەری ھەندێک لە ڕۆژنامەکانی میدیاکەی مەردۆخدا دەستیان تێکەڵ کردبوو تاکو نھێنی و ڕیکۆردی شەخسی ھەندێک لە کەسایەتییە جیاجیاکانی بریتانیا بدەن بە میدیاکەی مەردۆخ و ئەوانیش یا چاودێرییان بکەن یا چیرۆک و نھێنیەکانیان لە ڕۆژنامەکانیاندا بۆ ڕاکێشانی خوێنەر، بۆ پەیداکردنی قازانجی زیاتر، بڵاوبکەنەوە. لە سەردەمی حوکمی لەیبەریشدا کە گۆردن براون سەرەک شالیاران بوو، پۆلیس ئەو زانیاریانەی کە ھەیان بوو لەسەر حسابی بانقی گۆردن براون و ڕیکۆردی خەستەخانەی کچە نەخۆشەکەی و ھەندێک شتی تریش ، دابویانە ھەمان میدیا. ئەمە جگە لەوەی کە پێشتریش دەرکەوت کە پۆلیس چۆن ئەو دەیتاو ڕیکۆردەی کە سەبارەت بە سەندیکالیست و قوتابییە چالاکەکان ، کە لە خۆپیشاندان و مانگرتن و کردنی چالاکی ڕاستەخۆدا ، چالاکن و بەشداری دەکەن، فرۆشتبویانەوە بە ھەندێک کۆمپانیاو خاوەنئیش.ا


ئەی ئەو ھەموو میواندارێتی و خوان دروستکردنە چییە کە شەخسی کامیرۆن و وەزیری داراییەکەیی و ئەمینداری دارایی پارتەکەی کردویانەو دەیکەن بۆ سەرۆکی کۆمپانیا گەورەکان و بزنسمانە گەورەکان لە وتارێکی تردا بە درێژی لە سەر ئەمەو سیستەمی کۆمەکی یاسایی دەنوسم- بۆ پەیداکردنی پارە بۆ پارتەکەیان لە بەرامبەر ھەبوونی ئیمتازو داشکانی باج لەسەریان. ھەر لەم دوو سێ ڕۆژەی پێشودا بوو کە دەرکەوت سەرۆکی کۆمپانیای تەکسییەکانی لەندەن،John Griffin ، دەیەوێت کە تەکسییەکانیان مافی بەکارھێنانی ئەو بەشەی شەقامەکەی ھەبێت کە ھەر بۆ ڕۆیشتنی پاس تەرخانکراوە، ناڕەزایی دژی بڕیاری شالیاری ھۆیەکانی ھاتووچۆ دەربڕی، سەرئەنجام ئەویش بڕیاریدا کە بیبینێت، کەچی میدیا دەریخست ، ئەو کۆمپانیایە ٢٥٠ ھەزار پاوەندیان بە پارتی تۆری، پارتی دەسەڵاتدار، بەخشیوە.


گەندەڵی بە ڕادەیەک بڵاوو کۆمۆنە تەنانەت لەم مانگانەی پێشوودا دەرکەوت کە سەرۆکی دائیرەی داھاتی باجی بریتانی،The Inland Revenue ، لەگەڵ ھەندێک لە سوپەر دەوڵەمەندەکاندا، لە سەر داھاتی ساڵانی ڕابوردوویان کە ھێشتا باجیان لێنەداوە، ڕێککەوتبوو، تاکو ‌لەوە کەمتر باج ‌ بدەن کە دەبێت بیدەن، دوای ئەوەش بۆی کردبوونە قیست. ئەمە جگە لەوەی ٣ ساڵ لەمەوپێش دەرکەوت کە گەندەڵی گەیشتۆتە ‌ ناو دڵی حکومەت و دەسەڵاتە دیمۆکراسییەکەی کە پەڕلەمان بوو ،‌ ئاشکرا بوو گەلێک لە ئەندامانی پەڕلەمان لە گەندەڵییەوە ئاڵابوون کە ھەتا دوانیان دادگاییکران . ئەمە نەک لە سەردەمی حوکمی کامیرۆندا بەڵکو لە سەردەمی حوکمی لەیبەریشدا کە تۆنی بلێر و گۆردن براون سەرۆک وەزیران بوون. من لێرەدا نامەوێت بچمە وردەکاری ترەوە چونکە ٣ ساڵ لەمەوبەر وتارێکم لەژێر ناوی: گەندەڵی بە تەنھا خەسڵەتی ڕژێمی دیکتاتۆری نییە، بڵاو کردەوە. تەنھا ئەوەندە دەڵێم کە جێگای داخە کە گەندەڵێک یا دیکتاتۆرێکی وەکو کامیرۆن لە وڵاتێکەوە کە تەنانەت بناغەی بینای پەڕلەمانەکەی بە پارەی گەندەڵی و ڕاووڕوت و تاڵانی گەلانی وڵاتانی کۆڵۆنیکراو، داڕێژراوەو دروستکراوە، ئێستا موحازەرە دەدات لە دژی گەندەڵی و وانەی دەستپاکی و مۆڕاڵ و دیمۆکراسیەت بە خەڵکی ئەو وڵاتانە دەڵێتەوە.

سێھەمیان: Extremists، توندڕەوێتی و توندڕەوەکان:


لێرەدا کامیرۆن دەڵیت ، ئەو باس لە ئیسلام ناکات، بەڵام وەسفی دەکات و دەڵێت " دینێکە بینراوە ئەرکەکانی خۆی بە ئاشتیانە بەجێدەھێنێت و زیاتر لە ملیارێک خەڵک دەیپەرستێ و خۆیانیان بۆی تەرخان کردوە" ھەروەھا ئەوەش دەڵێت " کە دینەکانی تریش بۆ توندڕەوەکان سەرنجڕاکێشن". دوای ئەمە یەکسەر دەڵێت " گیروگرفتی ئیسلامە توندڕەوەکان لەم گڵۆبەڵەدا ھەیە، کە ئایدۆلۆجێتێکی سیاسییە کە لە لایەن خەڵکانێکی زۆر کەمەوە سەپۆرت دەکرێن......" وە کۆتایی قسەکانی بە سەرزەنشت کردن و لۆمەکردنیان ، دەھێنێت.


ھەموومان لێرەدا دەتوانین ھەڵوێستەیەک بکەین و بڵێین باشە ئەمانە ڕاستن بەڵام توندڕەوێتی ھەر ئیسلامەکان و دیندارو و دینییەکانی تری نەگرتۆتەوە، بەڵکو توندڕەی ڕێڕەوو سیاسەتی ھەموو حیزبە تۆری و موحافیزکارەکانن. ھەر بۆ نموونە پارتەکەی کامیرۆن، پارتی تۆری ، بە درێژایی مێژوەکەی پارتێکی زۆر توندڕەوو شەڕەنگێز بووە، مەبەستم ئەو جەنگانە نییە کە لە دوای جەنگی جیھانی دووھەمەوە بەرپایان کردوە،‌ یا کاریگەرانە سەپۆرتیان کردووە . با ھەر تەنھا تەماشای سیاسەتی ناوخۆیان لە بواری ئابوریدا، بکەین، با ئاوڕێک لە ساڵانی ھەشتاکان بدەینەوە کە بە سەرکردایەتی مارگرێت تاچەر و جۆن مەیجەر دەسەڵاتیان لەدەستدا بوو، کە ئەوەی نەدەکرا کردیان بەوەرگرتنی دۆکتەرینی ئەمەریکای سەردەمی ڕێگن و ئابوریناسانی لیبراڵ Milton Friedman و Friedrich Hayek: شیرازەی کۆمەڵگەی بریتانیان لێکھەڵوەشاندەوە ، بنەمای ئابوری ئەم وڵاتەیان تێکوپێک شکان، زۆربەی زۆریان فرۆشتن و کردنیان بە کەرتی تایبەتی، تەنانەت خانوەکانی شارەوانی، پاسەکانی ھاتو چۆ، ‌ھێڵە ئاسامانییەکان و فڕۆکەخانەکان ، بەشێک لە ھاتووچۆی شەمەنەفەرەکان و میترۆکان، بڕێک لە خەستەخانەو قوتابخانەکان ، کەم کردنەوەی بیمەکان و لەکار خستنی ملێون کرێکار و فەرمانبەر ...ھتد. لەو لاشەوە یارمەتیدانی توندڕەوە موجاھیدینەکانی ئەفغانستان کە تاچتەر ناوی لێنابوون " Freedom fighter " . خۆ کە پارتی لەیبەریش لە ساڵی ١٩٩٧ دا ھاتە سەر حوکم و دواتریش خودی کامیرۆن بەھەردوولایان کارەکانی تاچەرو مەیجەریان تەواو کرد. لە ئێستادا سەرەی بەتایبەتی کردنی ئەوەشی کە لە ژێر ڕکێفی دەوڵەتدا ماوەتەوە، گەیشتۆتە سەر بەشێک لە پۆلیس و بەشێک لە کارەکانیان کە بیفرۆشن بە کۆمپانیا تایبەتییەکان.


باشە، توندڕەوە ئیسلامییەکان لە کارەساتە تراجیدیاکەی سێپتەمبەری ٢٠٠١ دا ٣٧٠٠ کەسیان کوشت بەڵام خۆ دەوڵەتە توندڕەوەکان، دەسەڵاتە دیکتاتۆرو دیمۆکراسییەکانی ئەوروپاو ئەمەریکا ھەر لە عێراقدا بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بە پێی ئەژمارەکانی خۆیان ١٥٠ ھەزار کەسی بێتاوان کوژراون خۆ لە ئەفغانستان لەو ژمارەیە زیاتر ، لە پاکستاندا کە لە جەنگیشدا نییەو نەبووە کەچی زیاتر لە ٢٣ ھەزارکەس، ئەمیش ھەر بە پێی ئامارەکانی خۆیان، کوژراون. ھەر ھەموو ئەو کوژراوانە بەھۆی داگیرکردنی ئەمەیکاو ھاوپەیمانەکانییەوە بووە و بەشێکی بەدەستی ھێزەکانی ئەوان بووە. ئەمە لە کاتێکدا ھەر باس لەوە ناکەین کە لە سەرەتاکانی پەنجاکانەوە تا کۆتایی ھەفتاکان چی ڕویداوە. کەواتە کێ توندڕەوە؟ تاکەکانی ناو کۆمەڵگە و " کەمایەتییە"کان یا دەوڵەتەکان و دەسەڵاتەکانیان؟. کەسێک ھەیە ، لایەنێک ھەیە لە دەسەڵات، دەوڵەت، لە ژێر ھەرناوێکدا بێت، توندڕەوترو دیکتاتۆر ترو فاشی تر بێت؟!!!
 

١٨\٤\٢٠١٢ - لەندەن

ماڵپهڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک