په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٤

سیاسەتی دووفاقیی لە کوردستاندا.


ئەرسەلان سافیە    

مرۆڤ زۆر بە سانایی و بە بێ ماندووبوونێکی جەستەیی و هزریی دەتوانێ تێکچوون و داڕووخانی باری فەرهەنگیی و ئابووریی و کۆمەلایەتی هەر کۆمەڵگایەک تەنانەت قەیرانی چەقبەستووی سیاسییش بخوێنێتەوەو هەستی پێ بکا. ئەمەش لە کاتێکدا بۆت روون دەبێ زیاتر لەو رۆژ و یادە جیهانییانە (نێونەتەوەییانە) کە هی هەموو مرۆڤایەتییە بە گشتیی لە گشت جیهان دەردەکەوێ و هەستی پێدەکرێ.

دەمەوێ لێرەدا کەمێک وردتر مەبەستەکەم روون بکەمەوە کە دەلێم هی هەموو مرۆڤایەتییە لە گشت جیهان ئەویش ئەو رۆژ و بۆنانەیە کە بۆ خودی مرۆڤ دروست بوون و بە دەستی مرۆڤەکانەوە و دوور لەوەی ئەوە سپیپێستە یان رەشپێستە یاخود مرۆڤەکە پیاوە یان ژنە، دیندارە یان بێ دین و کەسێکی سێکیولارە یان ناسیونالیست و نەتەوەپەرستە... بە واتایەکی تر ئەو رۆژە یاخود ئەو یادە لە دەرئەنجامی کۆمەڵێک چەوساندنەوە و نایەکسانیی بەرامبەر مرۆڤەکانەوە دروست بوونە لە لایەن دەسەلاتدارانەوە بۆ مانەوە لە دەسەڵاتەکەیان و زۆرترکردنی پێگە و هێزیان، بۆ نموونە هەروەک رۆژی ٨ی مارس - رۆژی جیهانیی ژنان - کە لە زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهان ئەو یادە دەکەنەوە.. ژنان لەو رۆژەدا خۆیان رێکخراو دەکەن و وەک نارەزایەتییەک دەنگی نارازیی خۆیان هەڵدەبڕن و داوای یەکسانیی تەواو و مافەکانی خۆیان دەکەن و بە هیچ شێوەیەک رازیی نین لە کۆمەلگادا بە پلە دوویی بناسرێن و توانای بڕیاردانیان نەبێ لە کار و ژیان، یادێکی تر یاخود رۆژێکی جیهانیی تر کە لە سەرانسەری جیهان ئەو یادە دەکەنەوە ئەویش رۆژی ١ی ئایارە - رۆژی جیهانیی کرێکاران - کە رۆژی ناڕەزایەتی چینی کرێکارە بەرامبەر ئەو سیستەم و رژێمانەی کە لە هەر سووچێکی ئەو جیهانە بوونیان هەیە.. ئەو چینەش کە زۆرترین چینی کۆمەڵگان لە لایەن بەشێکی زۆر کەمی کۆمەڵ دەچەوسێندرێنەوە.

لێرەدا مرۆڤ دەتوانێ زۆر چاک هەست بە بارودۆخەکانی کۆمەڵ بکا کاتێک دەبینێ دەسەڵاتداران و پارتە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەی لە بنەڕەتەوە یەک تۆزقاڵیش باوەڕیان بەو یاد و بۆنانە نییە کەچی ئاهەنگیان بۆ دەگێڕن و خۆیان بە خاوەنیان دەزانن و وا خۆیان نیشان دەدەن کە مرۆڤدۆستیی و خەمخۆرانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی تاکەکان تەنیا لە لای ئەوانە! بۆ نموونە لە کوردستان دەبینی پارتێک تا ئەوپەڕی سەرمایەدارە و لەسەر هێزی کرێکاران و زەحمەتکێشان دەژیێ و بە بێ ماندووبوون سەرمایەک و هێزێکی یەگجار زۆر کۆدەکاتەوە بەڵام لەو رۆژەدا واتە لە ١ی ئایاردا هەڵدەستێ بە یادکردنەوەی!!! لەوەش کارەساتبارتر ئەوەیە کە هێزێک یان پارتێکی ئیسلامیی هەڵدەستێ یادی ٨ی مارس دەکاتەوە کە نەک هەر باوەڕی بە ماف و ئازادییەکانی ژنان و یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان نییە بەڵکە لە هەردوو لای گوفتار کرداردا بە دڕندانەترین شێوە ژنان دەچەوسێنێتەوە و ئەگەر بۆشی بلوێ هەرگیز دەستناپارێزێ لە بەردبارانکردن و کوشتنی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ژنان!!!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان سافیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک