|
١\٩\٢٠٢٦
سیاسەتی مانەوە،
دوای هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە.

ئەرسەلان مەحمود
٢٥ی ئابی ٢٠٢٦، لە کۆشکی کۆماری لە دیمەشق، فەرماندەیەک کۆتایی هێزەکەی
خۆی ڕاگەیاند. مێژووی سیاسی زۆر جار سەیری هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی
کردووە، بەڵام دیمەنی ئەم جارە جیاوازتر خۆی دەنوێنێ، هەڵوەشاندنەوەکە
لە کۆشکی ئەویتر و بە دەنگی خودی فەرماندەکە خۆی ڕاگەیەندرا. عەبدی نەک
تەنها کۆتاییهاتنی ئەرکی هەسەدەی وەک هێزێکی سەربازیی سەربەخۆ ڕاگەیاند،
هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆسەر و تەواوی پێکهاتە سەربازی و
مەدەنییەکانیشی بە دوای خۆیدا هێنا بە حەلکردنیان لە دامەزراوەکانی
دەوڵەتی سوریادا. هەمان کاتیش وتی: شەڕی داهاتوو شەڕێکی سیاسی دەبێت.
ئەم چرکەساتە شایانی زیاتر لە هەڵوێستێک و هەڵوەستەکردنێکە. هەر بۆیە
دەبێت بە ڕاشکاویش بوترێت، خوێندنەوەی سەرکەوتوو بۆ ئەم ڕووداوە نە بە
پیرۆزکردن دەکرێت و نە بە تۆمەتبارکردن، چونکە هەردووکیان ئامرازی
حزبین نەک ئامرازی تێگەیشتن. ڕەوایەتی باو ئەم هەنگاوە وەک
گواستنەوەیەک لە لۆژیکی شەڕەوە بۆ لۆژیکی مانەوە پێشکەش دەکات. بەڵام
کڕۆنۆلۆژیا شتێکی وردتر دەڵێت. ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە
دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی هات، لە دوای ئەوەی سوپای سوریا ناوچەیەکی
رفراوانی لە ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتدا وەرگرتەوە.
جیاوازیی نێوان بنبەست و بڕیاری سەربازی جیاوازییەکی ڕەوانبێژی نییە،
جیاوازییەکی جەوهەرییە. بنبەست دۆخێکی هاوسەنگە، هەردوو لا توانای
بەردەوامبوونیان ماوە و هەردووکیان لە مێزەکەدا شتێکیان هەیە بۆ پێدان
و نەدان. لە بنبەستدا سیاسەت دەبێتە بەردەوامیی هێز بە ئامرازێکی تر.
بەڵام لە دوای بڕیاری سەربازی، سیاسەت دەبێتە شوێنی دیاریکردنی نرخی
ئەو بڕیارە. زمانی هەڵبژاردنی ئازایانە ئەم جیاوازییە دەشارێتەوە و
بەمەش هەڵسەنگاندنی دروست نامومیکن دەکات. هەڵبژاردن پێش شکست ڕوودەدات،
لە دوای شکست، ڕێکخستنی پاشەکشە هەیە، ئەمە شتێکی شەرمهێنەریش نییە و
ناوی خۆی هەیە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا دەبێت لەو پرسیارە بەناوبانگە وردبینەوە، هەرکەس
چارەسەرێکی باشتری لایە با پێمان بڵێت. پرسیاری ڕاستەقینە پێش بڕیار
دەکرێت. کاتێک دەکەوێتە دوای واژووکردن، پێشوەختە بێوڵامە، چونکە هیچ
ئەڵتەرناتیڤێکی خەیاڵی ناتوانێت لەگەڵ واقیعێکی جێبەجێکراودا ململانێ
بکات. ئەم ڕستەیە لە مێژووی سیاسیدا هەمیشە لە هەمان چرکەساتدا
دووپاتبووەتەوە، بڕیارێکی لەو جۆرەش پێویستی بە شەرعیەتی دواوەخت هەیە.
قوڵترین خاڵی ئەم گۆڕانکارییە لە جۆری ئەو بەرامبەرەدایە وەرگیراوە. لە
بەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی قەوارەیەکی واقیعیدا - هێز، ئیدارە، ئاسایش،
سیستەمی پەروەردە، دەسەڵات بەسەر سامانێکی گرنگدا، ئەوەی وەرگیراوە
تەنها مەرسوومێکی سەرۆکایەتییە، دانپێدانانێک بە زمان لە پەروەردەدا و
ژمارەیەک پۆست لە حکومەتدا.
جیاوازیی نێوان ماف و بەخشین لێرەدا دەردەکەوێت، ئەم جیاوازییە لە
ڕاستیدا بوونناسییە نەک یاسایی. ئەوەی بە بڕیاری سەرەوە دەبەخشرێت، بە
بڕیاری سەرەوەش دەکشێندرێتەوە. زمانێک بە مەرسووم دەگەڕێتەوە
خوێندنگەکان، بە مەرسوومێکی تر لە ناوەندەکانی خوێندن دەردەچێتەوە.
پۆستێک بە بڕیار بدرێت، بە بڕیار دەسەندرێتەوە. لە جەوهەردا، هەر
بەخشینێک سەروەریی بەخشەر بەسەر بوونی وەرگردا دەپارێزێت. ئەمە
جیاوازیی نێوان ئەوەیە هەبیت و ئەوەی ڕێگەت پێبدرێت هەبیت.
مێژووی کورد کۆگەیەکی تەژی لەم جۆرە دەقانەیە. لە ئازاری ١٩٧٠دا
ڕێککەوتنێکی بەخشندە واژوو کرا، پێنج ساڵ دواتر لە جەزائیر بە
کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری هەڵوەشێندرایەوە. لە دەستووری ٢٠٠٥دا
ماددەیەک هەیە ناوی ١٤٠، هێشتا لەسەر کاغەز خەوتووە. لە مەهابادیش لە
١٩٤٦دا، کۆماری تازە دامەزراو ماوەی ژیانی ثێوەند بوو بە کاتی مانەوەی
چەترە دەرەکییەکەی نەک بە توانای خۆی. ئەم دووپاتبوونەوەیە بەختی خراپ
نییە، ستراکچەرێکی دیار و زانراوە، دەقی بێمیکانیزمی جێبەجێکردن،
لەگەڵ زامنی بەرژەوەندییەکەی کاتییە. هەر کاتێک ئەم دووانە پێکەوە
کۆببنەوە، کۆتاییەکە پێشبینیکراوە.ببۆیە قسەی کۆتایی لەسەر ئەم
ڕێککەوتنە هێشتا ناوترێ، بە دەنگوباسی ئەم ڕۆژانەش نانووسرێ. لە ماوەی
دوو یان سێ ساڵی داهاتوودا بە دەقێکی دەستووریی هەمیشەیی دەنووسرێت و
دەوترێت، یان لە نەبوونی ئەو دەقەدا خۆی دێتە ڕۆژەڤەوە.
دەقی بێبەرامبەر ڕەخنە نییە، پڕوپاگەندەیە. بۆیە پێویستە لایەنی
بەرامبەر بە بەهێزترین شێوەی خۆی پێشکەش بکرێت. لایەنگرانی ئەم بڕیارە
دەڵێن هیچ زامنێکی جیددی نەمابوو. ئامادەبوونی ئەمریکی هەمیشە مامەڵەیی
و کاتی بوو، لە ناوچەکەدا هیچ دەوڵەتێک بەرژەوەندیی درێژخایەنی لە
مانەوەی قەوارەیەکی چەکداری کوردی لە سنووری تورکیادا نەبوو. هەڕەشەی
ئەنقەرە خەیاڵی نەبوو، دوو جار پێشتر لە عەفرین و سەرێکانی بوو کردار.
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە پەردەی هەرێمیی ئەزموونەکەی لابرد. لەگەڵ
ئەمانەشدا، ئیدارەی خۆسەر لە دێرەزوور و ڕەققەدا لەسەر بنەمای
ڕەزامەندیی خەڵکی خۆجێی دانەمەزرابوو.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ئارگیومێنتی ڕێککەوتنی زوو لە ڕێککەوتنی درەنگ
باشترە، ئارگیومێنتێکی ڕەسەنە. گەلێکی زیندووی خاوەن مافی کەلتووری، لە
خاکێکی وێرانکراو و کۆچپێکراودا باشترە. ئەمە شایانی وڵامی جیددییە،
نەک شایانی گاڵتە. بەڵام ئەم ئارگیومێنتەش شێوەی پرسیارەکە دەگۆڕێ.
کێشەکە هەرگیز شەڕ لە بەرامبەر ڕێککەوتندا نەبووە. کێشەکە ڕیزبەندی و
نرخ و ناسنامەی واژووکارە.
ئەڵتەرناتیڤی کردەیی، بەبێ ئەوەی هیچ فیشەکێکی زیاتری تێدا بتەقێندرێ،
دەکرا لەم چوار خاڵەدا کۆببووایەوە. یەکەم، بە دەستووریکردن پێش
هەڵوەشاندنەوە، واتە قەوارەکە تەنها بەرامبەر بە دەقێکی دەستووریی
هەمیشەیی و میکانیزمی چاودێری هەڵبوەشێتەوە، نەک بە مەرسوومێک. دووەم،
شاندێکی نەتەوەیی فراوان لە بری فەرماندەیەکی سەربازی، ئەو کاتە دیمەشق
ناتوانێت لایەنێک تەریک بخاتەوە و لەگەڵ لایەنێکی تردا مامەڵە بکات،
واژۆش دەبێتە بەڵێنێکی گشتی نەک تاکەکەسی. سێیەم، بەستنەوەی هەنگاوەکان
بە کارامەترین فشاری نێودەوڵەتیی ئەم قۆناغەوە، واتە ڤودجەی
نۆژەنکردنەوە و لابردنی سزاکان، ئەمانە دەکرا وەک مەرج بەکاربهێنرابان.
چوارەم، هێشتنەوەی هێزی ئاسایشی خۆجێی لەسەر بنەمای دامەزراندنی خۆجێی
لەناو ستراکچەری دەوڵەتدا. هیچ کام لەمانە بەردەوامبوونی شەڕ نین.
شێوازێکی جیاوازن بۆ فرۆشتنی هەمان شت بە نرخێکی شایستە و جیاواز.
شەڕی داهاتوو شەڕێکی سیاسی دەبێت - ڕستەیەکی ڕاستە، بەڵام شەڕی سیاسی
سەرمایەی تایبەتی خۆی دەوێت، حزبی سەربەخۆ، ڕۆژنامەی ئازاد، کۆمەڵگەی
مەدەنیی چالاک، کادیری یاسایی، دیپلۆماسیی سڤیل، لە هەموو ئەمانەش
زیاتر توانای پێکەوەنانی دەنگی جیاواز لە ژێر یەک تەڵەبییەتدا. ئەوەی
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لە ڕۆژئاوا بنیادنرا، بەرزترین توانای
سەربازی و ئیداری بوو لە مێژووی هاوچەرخی کورددا. بەڵام هەر لەو
ماوەیەدا مەیدانی سیاسیی ناوخۆیی تەسککرایەوە، حزبی جیاواز چالاکییان
سنووردار کرا، دەنگی ڕەخنەگر، کوردیش بێت بە قازانجی یەکدەنگیی کۆنترۆڵ
بەلاوە نرا. ئێستا مرۆڤ بەبێچەک دەچێتە شەڕێکەوە پێشتر خۆی
ئامرازەکانی ئەو شەڕەی لاواز کردبوو. ئەمە یەکێکە لە تراژیدیا
دووپاتبووەکانی سیاسەتی کوردییە، هەر پێکهاتەیەک بە ناوی پاراستنی
گەلەوە دەردەکەوێت، لە ڕێگەی پاراستنەوە فراوانیی ناوخۆیی گەل تەسک
دەکاتەوە، پاشان لە چرکەساتی مەترسیدا هیچ پشتێکی فراوانی نامێنێت بۆ
پاڵپشتی. یەکدەنگی لە کاتی شەڕدا کارا دەردەکەوێت و لە کاتی سیاسەتدا
کوشندە دەبێت.
سەبارەت بەو فیتنەیەی لە نێوان عەرەب و کورددا لە ڕۆژهەڵاتی فوورات
هەوڵی بۆ دەدرێت، دەبێت ڕاشکاوانە بوترێ دوژمنی دەرەکی بۆشاییەکان
قوڵدەکاتەوە، بەڵام بە زۆرداری ناتوانێ خۆی دروستیان بکات. ئەو بۆشاییە
لە ماوەی نێوان ئیدارە و ڕەزامەندیدا لەدایک بوو. لە دێرەزوور و ڕەققە
و تەبقەدا خەڵکێک ژیان لە ژێر ئیدارەیەکدا دەنگی خۆیان لە دیاریکردنیدا
کەم بوو، ئەم لاوازییە بە هیچ سەرکەوتنێکی سەربازی چارە نەکرا. ئەنقەرە
ئەم بۆشاییەی نەخوڵقاند، تەنها بەنزینی تێکرد و پێداکرد. بۆیە وڵامی
ڕاستەقینەی ئەم پرسە زیاتر ناوەوەیە نەک دەرەوە. هاوبەشیی عەرەب و کورد
لە خوارەوە بنیاد دەنرێ — لە ئەنجومەنی خۆجێی، لە پۆلیسی دامەزراوی
خۆجێی، لە دابەشکردنی سامانی نەوت، لە فەرمانگەی خزمەتگوزاریدا، نەک لە
کۆنفرانسی هاوبەشی سەرکردایەتی. هەر هاوبەشییەک لە سەرەوە واژوو بکرێت
و لە خوارەوە ڕەزامەندیی نەبێت، لە یەکەم قەیراندا هەڵدەوەشێتەوە.
دواجار، پرسیارێک هەیە لە هەموو لایەنەکان و مەزڵوم عەبدی و لە
ڕەخنەگرانیشی گەورەترە. سەدەیەکە کورد لەسەر مێزی گفتوگۆدا لەسەر
بەرژەوەندی دانوستان ناکات، لەسەر بوونی خۆی دانوستان دەکات.
نەتەوەکانی تر لەسەر سنوور و باج و سامان و ڕێککەوتنی بازرگانی کێشە
دەکەن، کورد لەسەر ئەوە دانیشتووە ئایا هەیە یان نییە، ئایا زمانەکەی
زمانە یان دیالێکت، ئایا ناوچەکەی هەرێمە یان پارێزگا، ئایا
کەلتوورەکەی ماف پێیدەدرێ یان چاوپۆشیی لێدەکرێ. ئەمە بارێکی ئاسایی
نییە، بارێکی نائاساییە خۆی وەک ئاسایی نواندووە.
هەر گفتوگۆیەک لەم ئاستەدا بەڕێوە بچێت، بە شێوەیەکی بێدەنگ دان بە
مافی بەرامبەردا دەنێت، بەوەی بوونت پێببەخشێت یان لێتبسەنێتەوە. بۆیە
پرسیاری قووڵ ئەوە نییە ئایا ئەم ڕێککەوتنە باش بوو یان خراپ.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کورد دەتوانێت لە بابەتی ڕێککەوتنەکانەوە ببێتە
خاوەنی ڕێککەوتنەکان، واتە خاوەنی بڕیارێکی ناوخۆیی یەکگرتوو،
دامەزراوەیەکی نەتەوەیی سەروو حزبی، جیهانبینییەکی درێژخایەن و توانای
گفتوگۆکردن لەگەڵ خۆیدا پێش گفتوگۆکردن لەگەڵ خەڵکی تردا.
بەبێ ئەمە، هەر مانەوەیەک دەبێتە مانەوە لە بەرامبەر ئەنجامی
بڕیارەکانی خۆیدا. هەر سەردەمێک بە ناوێکی نوێ هەمان دەرسی کۆن
دووپاتدەکاتەوە، قەوارە دەفرۆشرێت، بەڵێن دەکڕدرێت، پاشان کاتێک
بەڵێنەکە دەشکێت، خەڵک دەپرسێت بۆچی هیچ قەوارەیەک نەما بۆ پاراستنی.
تا ئەو ڕۆژەی دەقێکی دەستووریی جێگیر و میکانیزمی جێبەجێکردنی هەبێت،
باری سەلماندن بەسەر ئەو لایەنەوەیە قەوارەیەکی واقیعیی
هەڵوەشاندووەتەوە لە بەرامبەر بەڵێنێکی نانووسراودا نەک بەسەر ئەوانەوە
پرسیار دەکەن.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|