٣٠\١٠\٢٠١٣
سیاسەت و
ئایدۆلۆژیای رق؟!

ستار محەمەد قادر
ئەکتەرێکی کۆمیدی ئەمریکی دەڵێت: "ئەگەر بتوانی باوەڕ بە خەڵکی بهێنیت
کە بیر دەکەیتەوە، ئەوا خەڵکی خۆشیان دەوێی، بەڵام ئەگەر وایان لێ
بکەیت بیر بکەنەوە، رقیان لێتدەبێتەوە" ئەم قسەیە دەڵێی کراسێکە رێکو
رەوان وەبەر دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بڕاوە لە هەرێمی کوردستان، نە دەسەڵات
لە توانایدا بووە ئەوە بۆ ئۆپۆزسیۆن بسەلمێنێت کە بیر دەکاتەوە، یان
قەناعەتی پێبهێنێت کە ئەم بیر دەکاتەوە، نەش هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ
شتێکی لەو شێوەیە بووە، بەڵکو هەوڵەکانی هەر دووکیان بۆ ئەوە بووە تا
یەکتری بێدار بکەنەوە بۆ ئەوەی بیر بکەنەوە، بیر لەوە بکەنەوە چۆن
وەڵامی یەکتری بدەنەوە، نەک بیرو ئەندێشەی نوێ بەرهەم بهێنن، ئەمەش
راستەو خۆ بووە بە هۆکاری بەخشینەوەی رق، بەو مانایەی رق ئاوێتەی
سیاسەت دەکرێ و دەکرێت بە بنەمایەک بۆ سیاسەتکردن، ئەی ئەگەر وا نیە
خێرە دوای ئاشکرابوونی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن کای کۆنە بە با دەکرێ و
لە دیبایتی کەناڵە ئاسمانیەکانەوە گوێمان لە راو بۆ چوونی ئەوتۆ دەبێت،
نەک ناتوانێت قەناعەت بەویتر بکات کە ئەم بیر دەکاتەوە، بەڵکو قسەو
کۆمێنتەکان بۆ ئەوەیە بیر لەوە بکەنەوە چۆن رەوایەتی بە سیاسەتی رق
لێبوونەوە بدەن و بیکەن بە هەوێنی سیاسەتکردن لە هەرێمی کوردستان تا
پێگەی جەماوەری خۆیانی پێ بپارێزن!
نووسەری گەورەی ئێرلەندی دەڵێت: " ئێمە ئەقڵمان بەکاردەهێنین لەبەر
ئەوەی دەمانەوێت پاڵپشتی لە خواستەکانمان بکەین " زۆر راستە ئەی کەواتە
ئیشی ئەقڵ دەبێت چی بێت؟! لێ چۆن پاڵپشتیەک؟! ئایا دەکرێت باوەڕ بە
خواستی کەسێکی درۆزن یان شەڕانگێز بکەین؟! ئەی کەواتە چۆن دەتوانین
بەراورد لەنێوان ئەو دوو هزرەدا بکەین کە تەنها کاری ئەوان بیر
کردنەوەیە لەوەی چۆن بە چ شێوەیەک بەرپەرچی یەکتری بدەنەوە؟!
بەداخێکی زۆرەوە کاری پارتایەتی و ئایدۆلۆژیای حزبەکان هەر لە
بەراییەوە بەشێوەیەک ئاوەکەی رژاوە دەبێت کار بۆ ناشیرینکردنی ئەویتر
بکات لە زیهنی هەوادارانیدا، ئەمەش سایکۆلۆژیایەکی بەرهەم هێناوە،
دەتوانین بەوە ناو زەدی بکەین، بە سایکۆلۆژیای رق، هەر پارتێک
دەسبەرداری ئەو سیاسەتە ببێت، بە دڵنیاییەوە مانیفێستی مەرگی خۆی دەکات!
کانت دەڵێت: " بەو جۆرە رەفتار بکە کە مرۆڤایەتی لە نێو کەسێتی خۆت و
کەسی بەرانبەردا ئامانجە نەک بە تەنها هۆکار، بەو جۆرە رەفتار بکە کە
ئیرادەت درووستکەری یاسای گشتیە لە میانەی یاسای تایبەتیەکانی خۆتەوە،
بەو جۆرە رەفتار بکە کە هەمیشە پەرلەمانتاری مەملەکەتی بەرژەوەندیە
گشتیەکانی لە میانەی یاسا تایبەتیەکانی خۆتەوە"!
بە پێچەوانەی قسەکانی کانتەوە، لێرە مرۆڤەکان تەنها خۆیان دەبینن و کەس
لە خەمی ئەویتردا نیە، بەرژەوەندی گشتی خراوەتە پەراوێزەوەو بە هیچ
شێوەیەک ئاماژەشی پێ ناکرێت، ئیرادە بەهۆی ئەو گۆڕانکاریە شکڵیانەوە
خەریکە لە ناخی تاکەکاندا سەردەنێتەوەو ماڵ ئاواییان لێدەکات،
موجامەلەو درۆکردن خەریکە دەبن بە شتێکی باو و خەڵکی خوی پێوە دەگرن،
ئایا کۆی ئەمانە بایی ئەوە نیە رامانچڵەکێنێ و فراژوومان بکات لەو
سیاسەتەی کە بەردەوام خەریکی درووستکردن و داتاشینی بت و بەخشینەوەی رق
و دڵە راوکێ و نیگەرانی و ترسە؟!
ئەگەر ئایدۆلۆژیا ئەو سیستمە بێت کە چاو لە گۆڕینی واقیع و هەل و
مەرجێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەبڕێت، بەرژەوەندی گشتی رەچاو دەکاو
بەرژەوەندیە تایبەتیەکان وەلاوە دەخات، نایەوێت نوخبەیەک باڵا دەست
بکاو خەڵکێکیش بکات بە کۆیلە، هەرێمی کوردستان بە دامەزراوەیی و
پەرلەمان ئەکتیڤ دەکات، مافی هاوڵاتی دەپارێزێ و جیاوازیەکان بنبڕ
دەکات، ئەی کەواتە بۆ نانەکە بە یەکسانی دابەش ناکەن و سیاسەت و
ئایدۆلۆژیای رق لە گۆڕ نانێن؟!
پێویستە لەسەر پارتە سیاسیەکان دەسبەرداری ئەو فۆڕمە لە بیرکردنەوە
بهێنن کە بۆ وەڵامدانەوەی بەرانبەر بیری خۆیان دەکووژن و بەکاریدەهێنن،
چونکە هیچ حیکمەتێک لە شەڕە قسەدا بەدیناکرێت، بۆیە باشترین چارەسەر
ئەوەیە بیر بکەنەوە بۆ ئەوەی بیری نوێ و میکانیزمی نوێ بۆ چارەسەرکردنی
کێشەکان بدۆزنەوەو هۆشیاری نوێ بەرهەم بهێنن و بە جیهانێکی نوێ
بمانناسێنن!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|