په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 سیاسەت و رۆشنبیری ئەنفلەوەنزای بەراز!

سەلام عەبدوڵا 


لەناو تەنگەژەو تاوان و جەنگی دەسەڵاتی سەرمایەی جیهانگیر، یەدەکەکانی و ئیسلامییەکان گەلەکۆمەی قینئامێز، چەکدار بە ژەهری هزری نیتشەوی بۆ دژایەتیکردنی شیوعییەت لە کوردستانە نەگبەتەکەیشم، خۆی قیت کردووە و وەک ئەنفلوەنزای بەراز، دەرخواردی خەڵکی دەدرێ.


ئەو رۆژە بەرپرسێکی باڵا لە تەلەفزیونی گەلی کوردستان و لە مەیدانی قسەکانی لەبارەی مەسعود محەمەد، پێیوا بوو کە بۆچوونی ناوبراو دژ بە مارکسییەت برەوی بردووە؛ گۆڤاری لڤین بەناو سەربەخۆو بێلایەن و ئازادەوە، دوو وتاری رسوا بڵاودەکاتەوە؛ بەختیار عەلی بە ئاوازە بەدناوەکەی برا ئەمریکییەکەی(فۆکۆیاما)، مەرگی شیوعییەتی راگەیاندو لە گفتوگۆکەی هاوڵاتی هەفتەی رابردوو، سەلماندی کە تەنها ژێر پێڵاوەکەی لە ئەڵمانیا بووە. چەند کەسێکی تریش لەناوەڕاستی تاوان و باری لێژی سەرمایەو دامودەزگاکانی، دەست بۆ شیوعییەکان درێژ دەکەن. کورد وەتەنی: ئاو لە کوێ رژاوە، کونە لە کوێ دڕاوە! ئەوەی ئەم بەڕێزە حزبی و بەناو"ناحزبی و بێلایەن" کۆدەکاتەوە بریتیە لە: وەهم، بۆچوونی خواروخیچ و بێ بنەماو نەزانی و راگەیاندنی جاهیلانەی مەرک و بێکەڵکی شیوعییەتە و ئیمڕۆ کۆێردەبن بینینی ئاڵای سووری خۆپیشاندەرانی دژ بە جیهانگیری و بێکاری و جەنگ و ماڵوێرانی و برەوی مارکسیزم.


ئەوی ئەو پلەیەی هەبێت، دەبێ باش ئاگای لەسیاسەتی جیهانی هەبێت، لێ ئەو برادەرە لە درێژەی قسەکانی لەبارەی مەسعود مەحەمەد، وتی: لەدواییدا دەرکەوت کە رەخنەکانی مەسعود محەمەد لە مارکسیزم و شیوعییەکان راست دەرچوو. ئەو بەڕێزە دەتوانێ بە ئارەزووی خۆی ئەو خەوە ببینێ، بەڵام دڵنیای دەکەمەوە کە مرۆڤایەتی هەرگیز جەنگ و بێکاری و قەیرانی کاولکارانەو حەقارەتی سەرمایەو دەزگاکانی قبووڵ ناکات و کات پێگەییووە بۆ لەشکری سووری بەشمەینەتەکان و: شیوعییەت بە داخوازی و گەشبینی و نیازەکانی لە ئێستاو داهاتویشدا وەک موتەکە لەسەر دڵی هەموو دوژمنانی رزگاری ئینسان لەم زەلکاوە بۆگەنە، دەمێنێتەوەو وەک تاقە هێزی رێکخراو تا دوا هەنگاو، بۆ جیهانێکی مرۆییانە کارو قوربانی دەداو سەرمایە بە ئابووری و سیاسەت و ئەدەب و رەوشت و جیهانبییەکەی لەسەر دەستی کرێکارو بێکارو ژنان و جووتیارانی ژێردەست(ئەوانەی مەسعود محەمە بە شایانی حکومڕانیان نازانێ)، کۆتایی پێ بێت ئەگەر(خۆیی لەگۆڕ نەنا)!...ویژدان و کەرامەتی مرۆیی بۆ جیهانی دادوەری کۆمەڵایەتی زیندووە...هەمیشە بە زیندووییش دەمینێتەوە! .


برا چاوت هەڵبڕەو بڕوانە چۆن کیشوەرێک لەودیوی ئەتلەنتیک، سوور هەڵگەڕاوەتەوەو لەو ئاراستەیەشدا هەنگاوی زیاتر دەنا: هەنگاوی براو خوشکەکانم لەودیوی ئەتلەنتیک...هاوڕێکانی گیڤارای کۆمونیست کە نازناوی(پیاوی سەدە)ی پێدرا!


لەبیرت نەچێ: ئەوەی لە حەفتا ساڵی رابردوو بەسەر گەلی کوردستان هاتووە، بە پلەی یەکەم وەڵاتانی سەرمایەداری لەئاستیدا بەرپرسیارەو هێشتا دوا(لەقە)کەشیان ماوە.


ئێستا مەسعود محەمەد لەژیان نەماوە، بەڵام لەبارەی بۆچوونەکانیەوە دەبێ بڵێم تاقە هێز کە شایەنی دەسەڵاتڕانی بێت هەر کرێکارو جووتیارانە کە ئەو زاتە لە ژیانیدا گاڵتەیانی پێدەکرد: ئیمڕۆ شیوعی وچەپ تاقە هێزی ئومیدبەخشن بۆ ئیمڕۆ و دواڕۆژ. ئەو رۆیشت، بەڵام لەئاستی فکر، نووسراوی ژەهراوی بەدوای خۆی بەجێهێشت و لەوانەیە هەندێ کەس لەو سەرچاوە لێڵە بخۆنەوە و مرۆڤ ناتوانێ ئێرەییان پێ ببات!


لەلایەکی ترەوە، بەختیار عەلی کە ئەمیش لەبەر کاڵفامییەکەی، مەرگی شیوعییەتی دا بە گوێی هەندێ نەزان و سەرتاپای لەناو وەهەم نغرۆ بووە، لە گفتوگۆکەی هاوڵاتی هەفتەی رابردوو، شانازی بە هەڵبژاردنەکەی تورکیا و ئێراق کردو بۆ نموونە پاش چەندین ساڵ لە ژیانی ئەڵمانیای، پێمان دەڵێ: (بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی دیموکراسی هەبێت، دەبێت کۆمەڵگایەک هەبێت لە هەموو ئاستێک و هەموو جومگەیەک و هەموو ساتێکدا دیموکرات بێت)، بەڵام ئەم پیاوە"حەکیمە"بۆ نموونە پێمان ناڵێت: سیاسەتی داگیرکردنی گەڵان، بێکارکردن و دەرکردنی ملیونان کرێکارو پەنابەر و چەکدرووستکردن چەندە دیموکراسین. هەروا چەندین بۆچوونی ئەوپەڕی نامەنتیق و پێکەنیناوی تر دەربڕی کە شایانی ئەوەش نین دووبارە ئاماژەیان بۆ بکەم. بەختیار بەو قسانە بۆمان سەلماندی کە تەنها ژێر پێڵاوەکەی لە ئەڵمانیا بووەو هیچ ئاگای لە بارودۆخی ئەو وەڵاتە نییە. خۆش ئەوەیە ئەگەر رۆژنامەیەک وتارێکی رەخنەگرانە لەسەری بڵاوبکەنەوە، لێیان عاجز دەبێ و پێیوایە بەهۆی کێشە یان بەدحاڵی بوونی شەخسی رەخنەی لێدەگیرێ، ئەگەر وا نەبووایە، چەند وتارێکی رەخنەگرانەی من لە هەندێ رۆژنامە بڵاودەکرایەوە و ئەمەش لە دوو لاوە ناحەقییەکە لەگەل خوێنەران ئەوجا لەگەل من ئەنجامدەدرێ!


ئەم بەسەرهاتە رێک وەک بەسەرهاتە گاڵتەجاڕییەکەی هەڕاجخانەی بیروباوەڕی حوکمڕان و بەناو ئۆپۆزیسیونە لە کوردستان: سۆسیالدیموکرات بە بۆیاخی رەشی قەترانی، سۆسیالدیموکرات سەر گردەکە، سۆسیالدیموکراتی بە گۆچانەوە، سۆسیالدیموکراتی کەلاوە شڕەکەی بڕاون، سۆسیالدیموکراتی هۆزی هارۆنی، سۆسیالدیموکراتی دوو باڵ شکاو، عەشرەتی(...)پێشوازی لە سۆسیالدیموکرات دەکات، سۆسیالدیموکراتی براژنەکەی سەرۆک. ئەمانە لەسەر ئاستی تاکتیک یان بەرنامەی لایەنی کەمیش بێت، دەتوانن بەرەی سۆسیالدیموکراتەکان پێکبهێنن یان ئینتەرناسیونالیزمی نوێی ئەم رەوتە لەناو تەلارو گردەکانیانەوە، رابگەیەنن! لەولاوە شەمشەمە کوێرەکانی مێژوو بە چیرۆکی کۆمەڵگای بیابانەوە لە بۆسەدان!


ئەم بەڕێزانە بێباکانە گەمەی خۆیان دەکەن و نایانەوێ گوێ لەم راستییە بگرن: بە سەلماندنی دادوەری کۆمەڵایەتی بەر بە دوژمنانی گەل و نەتەوەو نیشتمان دەگیرێت. ئەوە نییە دنیای سیاسەت و رۆشنبیری کوردی پڕە لە سەیرو ئاجباتی: سەرمایەداری و ئاینەکان باری خەڵکیان وێران کردووەو لەراستیدا دەبێ ئەو بلیمەتانە سەری رمەکانیان ئاراستەی ئەو بکەن، کەچی دەبینین سەرمایەیان لەبیرچووەو هەوڵدەدەن بەر بەو شیوعییەتە بگرن کە خۆیان پێش ماوەیەکی کورت، مەرگیان راگەیاند: ئەمریکا کە لەناو گەورەترین قەیرانی ئابووریە، توشی پەتای ئەنفلەوەنزای بەرازیش بووەتەوە(مەیمون زۆر جۆان بوو، ئاوڵەیشی گرد)،بڵاوبۆتەوەو لەلای ئێمە ئەنفلەوەنزای ئەدەب و سیاسەتی دژ بە شیوعییەت کە تەنها شایانی پێکەنینن و گەرەترین بڵاوترین گاڵتەجاڕی و درۆ ئەمەیە: گۆڕان بەڕێوەیە... بەڵام خاوەنەکانی لەبیریان دەچێت وەک ئۆباما بڵێن: (بەڵێ، ئێمە دەتوانین)!

 

تێبینی: هیچ حزب و لایەن و گروپێک بەرپرسیار نییە لەم بۆچوونانە.
 

خانەقین