په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٧\٢٠١٢

سیاسەت و زانیاریی!

جەمالی عەلیالی    


بە پێی ئاڵوگۆڕەکانی کۆمەڵگە لە کۆنەوە تا ئێستا، واتای زۆر چەمک و وشە، گۆڕانکاریی بەسەرا هاتووە. یەک لەوان "دەوڵەمەندیی"یە. ڕووداوەکانی سەدەی دووایی ئەوە دەسەلمێنن کە دەوڵەمەندیی لە چۆنیەتی بەکارهێنانی هەواڵ و زانیارییدایە. ئەو ڕۆژانە چەند هەواڵ و زانیاریی بە چڕیی لە سەر مێدیای کوردی بە تایبەت و جیهان بە گشتیی هاتنە بەر چاو. ئەو بابەتە هەوڵێکە بۆ لێکدانەوەی ئەو زانیاریی و هەواڵانە.


بە گۆێرەی هەوڵەکان، بە پێی بەڵگەنامەکانی "ویکی لەیکس" هەوڵی هێندێک لە داگیرکەرانی کوردستان (بە بڕوای نووسەر گشت داگیرکەران) ئەوەیە کە کۆمەڵکووژی کورد وەکوو چارەسەری کۆتایی پرسی کورد، بە دەستی کورد پێک بێنن. بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەو مەبەستە چەپەڵە جگە لە هاندانی لایەنێکی کوردی دژی لایەنێکیتر، چ ڕێگەیەک نییە. لەو بوارەدا مەسعوود بارزانی و جەلال تالەبانی بەرپرسیارێتی سەرەکییان هەیە، یەکەم بە هۆی ستاتۆی ناودەوڵەتییەوە، دووهەم بە هۆی ئەوە کە دەوری سەرەکییان لە ئاراستە کردنی هێزەکانی کۆمەڵگای باشووری کوردستان هەیە.


هەواڵەکان باس لە تێوەگلانی زیاتری کوردەکان لە پڕۆسەی سیاسی سووریاوە دەکەن. بەڵام بەشێکی ئەو تێوەگلانە کاراکتەری ناخوازراوی هەیە، داگیرکەری توورک دەخوازێ کوردەکان بکاتە "ماڵی" خۆی، واتە کوردی "بێ زەرەر". ئێمە بینیمان ئەوە هاوکات بوو دەگەڵ بەرزکردنەوەی دەنگی ساویلکەی چەکدانانی پ ک ک. دیسانەکە هەر لەو دووڕۆژەی رابوردوودا بینیمان کە عەرەبەکانی سووریا بە هیچ شێوەیەک دان بە ماف و "هەبوونی" کورد دانانێن. لە کاناڵی ئەلجەزیرە بینیمان کە نۆێنەرێکی عەرەب وتەی "سووریا! یەک نەتەوە! یەک زمان! یەک وڵات!"ی کاوێژ دەکرد. ئەو وتەیە لە لای هیچ کوردێک نامۆ نییە و کەس پێویستی نییە ژیر و بلیمەت (عبقری، نابغە) بێت بۆ ئەوەی کە لە ناوەرۆکی وەتەکە تێبگات.


هەواڵێکیتر باسی جەموجۆڵی سیاسی زیاتر لە وێنەی چاوپێکەوتنەکاندا دەکەن. لەیلا زانا دەگەڵ ئەردۆغان چاوپێکەوتنی هەبوو. نۆشیروان مستەفا بە بانگێشتی سەرۆکی ئێران سەفەری تارانی کرد. نەتەوەی کورد ئەزموونی تاڵی لە سەر پێوەندی "لایەنێک" ی کوردی دەگەڵ داگیرکەراندا هەیە. ئەو ئەزموونە تاڵانە لە هەر چوار پارچە بە دەیانجار و بە درێژایی مێژوو تاقی کراونەتەوە، هەر ئەوەندە بەسە کە ساڵەکانی " ١٩٢٢، ١٩٢٥، ١٩٣٨، ١٩٤٦، ١٩٦٣، ١٩٦٦، ١٩٧٤، ١٩٨٠، ١٩٨٣، ١٩٩٠" و کۆمەڵە ساڵێکی تر لەو شێوازە بخەینەوە بیرمان. لای نووسەری ئەو بابەتە خۆێندنەوەیەکی نەک نۆێ، بەڵکوو لە ڕوانگەی جیاواز بۆ شڕۆڤەکردنی گشتی ئەو هەواڵانە پێویستێکی تایبەتیە.


بە هۆی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەی کە بە خێراییەکی زۆر تێپەڕ دەبن، لە هەل ومرجی هەنووکەییدا چەک دانانی هەر لایەنێکی کوردی، جگە لە "گەوجێتێکی میژوویی" لە خانەی هیچ خۆێندنەوەیەکیترا جێ ناگرێ. بە پێچەوانە، نەتەوەی کورد پێویستە بکەوێتە هەوڵی خۆپڕچەک کردن بۆ ئەوەی کە لە ئەگەری دەسپێکی شەڕێکی ناوچەیی، توانایی بەرەنگاری داگیرکەرانی هەبێ. وەکی دەبینین ڕەوتی ڕووداوەکان باس لەوە دەکەن کە ناوچەکە خەریکە خۆی بۆ شەڕێکی کوورتخایەن بەڵام تووند ئامادە دەکات.


پانتایی کوردستان بە گشتی سێ باڵی تێدا سەقامگیرە، نۆێنەرایەتی ئەو سێ باڵە لە "پارتی، یێکێتی و پ ک ک"ەدا پەند دەخواتەوە. هەوکات لەگەڵ ئەوەدا پێویستە لە بیر نەکەین کە بزاوی باڵی سێهەم هێندە لاواز نییە کە بە دوو باڵەکەیتر لە ناو بچێت، ئەو سێ باڵە دەتوانن بە پێچەوانەی ویست و داخوازی داگیرکەران، خەبات و تێکۆشانیان پێکەوە بەرەو ئامانجێکی سەرەکی وەگەڕ خەن. ئەو کاتەی کە دۆخەکە پێویست بکات، نەتەنیا هیچ لایەنێک لە داگیرکەران بەڵکوو گشتیان پێکەوە لەو سێ باڵە (ئەگەر یەکگرتوو بن) بەهێزتر نابن.


ڕاستییەک ئەوەیە کە نەتەوەی کورد ئێستاشی دەگەڵ بێ، رادەی "هۆشیاری نەتەوەیی" کەمە، ئەوە کە سازەکانی سیاسی کورد بە گشتی ناتوانن لە سەر هێندێک خاڵی هاوبەش لێک نزیک بنەوە و لە بڕی ئەوە بە زۆر، خۆ بە ئۆپۆزیسیۆنی داگیرکەران هەڵداوەسن، سەرچاوەکەی دەگەرێتەوە سەر کەمی رادەی هۆشیاری نەتەوەیی. ئەو کەموکۆریە لە سەرکردایەتی سازەکانی سیاسی کورد بەرچاوترە، بەڵام ئەوە نابێ ببێتە بە پاساوێک بۆ ئەوەی کە لایەنی کوردی بە پێی خواستی داگیرکەران هەڵکوتێتە سەر لایەنێکیتری کوردی، ئەوش تەنیا لە خانەی گەوجێتی مێژووییدا جێ دەگرێ بە هۆی ئەوەکە جگە لە نەتەوەی کورد کەس لە کردەوەی ئەوتۆ زەرەرمەند نابێ. بەڕای نووسەر ئیتر پێویست بەوە نییە کە شڕۆڤەی هاتنە دەری نۆێنەرانی کورد لە کۆبوونەوەکەی قاهیرە بکەین، خۆێنەر خۆی دەتوانێ هەر بەو پێوەرە ڵێکیبداتەوە و دادوەری لەسەر بکات.


چاوپێکەوتنی لایەنی کوردی وەک تاک، وەک سازە، دەکەوێتە خانەی "ژیری سیاسی". پێویستە نەتەوەی کورد لە گشت تریبونێک کەلک وەربگڕێ، پێویستە نەتەوەی کورد لە هەر شۆێنێکی بتوانێ، دەنگی خۆی بەرز کاتەوە و داوای مافی خۆی بکات. بەڵام هاوکات پێویستە توانایی و زەرفییەتی لایەنی بەرامبەر بخرێتە بەر چاو. ئایا توورکیا و ئێران تواناییی ئەوەیان هەیە کە دان بە مافی کورد بنێن؟ ئەویش ئێستا کە ئاراستەی ژێئۆپۆلیتیکی ناوچەکە لە حاڵی گۆڕانکاریدایە؟


مرۆڤەکان لەگەڵ هەر "شتێکی" نۆێ کە چ زانیاریی و ئەزموونێکی لە سەر نییە، ناموویی دەکەن، ئەوە زۆر سرووشتییە. بەڵام خۆێندنەوەی ئەزموونی ساڵانی ڕابوردوو ئەوە دەسەڵمێنێ کە هیچ یەک لە داگیرکەرانی کوردستان مەبەستی خێرخوازانەیان لە چاوپێکەوتنی یەک لایەنە دەگەڵ "نۆێنەرانی" کورد نییە، ئەو ساڵانەی لە سەرەوە هاتوون، شایەتی ئەو حاڵەن. بەتایبەت کە هاوکاتی هێندێک ڕووداوی وەکوو "پشت ئاشان"ی ٨٣ دەگەڵ ڕووداوەکانی ئێران و توورکیای ٨٣ لە لایەک و ناشتنی تەرمی مەلا شیخ عیزەدینی حوسەینی دەگەل دەسپێکی ڕووداوەکانی ئەو کاتی سولەیمانی لە لایەکیترەوە، مرۆڤ تووشی دڵەخورپە دەکات. لەیلا زانا و نۆشیروان مستەفا دەگەڵ داگیرکەران چاو پێکەوتن پێک دێنن، ئەوە هەڵبژاردەی خۆیانە، خێری تێدادەبێ! بە ڕای نووسەر لانی کەم مەبەستی چەپەڵی داگیرکەران بۆ خەڵکانێک کە لایان وایە خێر و بێر لە ئاسمانەوە دەبارێ ڕوون دەبێتەوە.


ڕێگەی دەوڵەمەندبوون بە "چۆنیەتی بەکار هێنانی زانیاریی"ەوە دەست پێدەکات، لە جیهانی ئەمڕۆ دا هەر تاک و سازەیەک دەتوانێ خۆی دەوڵەمەند بکات، کوردیش لەو پرینسیپە جیاواز نییە، بەڵام هەستی بەرپرسیارێتی لای تاک و سازە ڕۆڵی سەرەکیی لە خۆ بە دەوڵەمەندکردندا دەگێڕێ.


 ٥\٧\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی جه‌مالی عه‌لیالی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک