٦\٧\٢٠٢٥
سیزیف لە هەولێر - فەلسەفەی کارکردن بۆ هیچ.

ئەرسەلان مەحمود
ئەوەی لە نێوان هەرێم و عیراق ڕوودەدا، "قەیران"ی تێپەڕاندوە،
دیاردەیەکی بوونیادی فەلسەفی و کۆمەڵایەتییە، سەیرکە: ١.٢٥ ملیۆن کەس،
واتە نزیکەی یەک لەسەر چواری دانیشتووان، دوو مانگ زیاترە مووچەکەیان
زەوتکراوە، ئەمە ڕووبەڕووی شتێکمان دەکاتەوە، کە لە نێوان واقیع و
خەیاڵدا دەجووڵێتەوە.
بیر لەو کارمەند، مامۆستا، فەرمانبەر و مووچەخۆرەی کەرتی گشتی بکەوە،
ڕۆژانە بەرەو دامەزراوەی کارکردنەکەی دەڕوا، ئەرکەکانی بە تەواوی
جێبەجێ دەکات، لە کاتێکدا دەشزانێت کە کۆتایی مانگ هیچ زەمانەتێک بۆ
وەرگرتنی مووچە و ماف لە ئارادا نییە، ئەمە چ جۆرە بوونێکە؟ ئەمە
نموونەیەک لە بێ وێنەیی "کاری بێ ئەنجام" نییە، پێچەوانەکەیەتی: کارێک
کە ئەنجام دەدرێ بەڵام ئاکامەکەی ونە، چالاکییەک کە بوونی هەیە، بەڵام
هیچ مەعنایەکی نییە.
هەرێم لەسەر دەریای نەوتە. بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، دەبوایە لە
دەوڵەمەندترین ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت. کەچی دەرگیری
دیاردەیەکی پارادۆکسی سەیرە: نەوت هەیە بەڵام ناتوانێ بیفرۆشێت، داهاتی
هەیە بەڵام مووچەی پێنادرێت، دەسەڵاتی هەیە بەڵام بڕیاری پێنادرێت.
ململانێکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر دەسەڵات، نەوت و داهات بە گشتی
زیاتر لە کێشەیەکی یاسایی یان ئابوورییە - ململانێیەکە داڕێژەرەکانی
کەوتوونەتە دەرەوەی سنوورەکان و لەسەر چەمکی "واقیع" بیناکراوە، بەژێر
لێوی ئەمەوە بەغدا و هەولێر رەفتار دەکەن، دوێنێ کێشەکە بەرگ یان
فۆڕمێکی تری پۆشیبوو و هەبوو، ئەمڕۆ بەغدا پێداگری دەکات هەموو نەوتێک
دەبێت لە ڕێگەی کۆمپانیای بازرگانی نەوتی دەوڵەت (SOMO) بفرۆشرێت، لە
بەرامبەردا هەرێم پێداگری لەسەر مافی خۆبەڕێوەبەری دەکات. هەردوولا بە
ڕواڵەت ڕاست و هەڵە دەردەکەون، بەڵام لە کرۆکدا کارەکتەری جێبەجێکاری
ئەجێندای ئەودیوو سنوورەکانن - ئەمەیە سەیر و سەمەرە و تراژیدیای
دۆخەکە.
بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە
"نایاساییە". بەڵام خۆ نەوتەکە ماوەیەکی درێژ هەناردە دەکرا، کەچی
ئاسایی بوو، ئایا نەوت تەنها ئەو کاتە "نایاسایی" دەبێت کە هەرێم
ڕاستەوخۆ کۆنترۆڵی بکات؟ ئەمە وەک ئەوە وایە بڵێیت: پارەکەت حەڵاڵە
هەتا ئەو کاتەی من کۆنترۆڵی دەکەم!
لەم شانۆ گەورەیەدا، هەموو ئەکتەرێک ڕۆڵی خۆی بە وردی دەگێڕێت:
ویلایەتە یەکگرتووەکان "گەورەترین کۆنسوڵخانەی جیهان" لە هەولێر دروست
دەکات. بیرێکی خێرای لێبکەوە: بۆچی گەورەترین کۆنسوڵخانە لە بەغدا نییە
و لە هەولێرە؟ ئەمریکا دەیەوێ کوردستان بەهێز بێ، بەڵام نەک زۆر بەهێز.
دەیەوێ سەربەخۆ بێ، بەڵام نەک بە تەواوی. دەیەوێ نەوت هەناردە بکات،
بەڵام لە چوارچێوەی عیراقدا. ئەمە سیاسەت نییە، ئەمە هونەری باڵانس
ڕاگرتنە لەسەر تیغ.
ئێران موشەک دەنێرێتە ناو هەرێم و دەڵێت "دژی بنکەکانی مۆساد"ە. تورکیا
زیاتر لە ٨٠٪ی سنورەکان کۆنترۆڵ دەکات و دەڵێ هەموو ئەوە دژی "پکک"یە،
لە کاتێکدا هەردوولا و هەر کەسێک دەزانێت ڕاستییەکە چییە: ترسە لە
هەرێمێکی سەرکەوتوو و گەشەکردوو، ئەمە نە لەبەر ئەوەی سبەی دەبێتە
هەڕەشە، بەڵکو لەبەر ئەوەی سبەی نەبێتە نموونەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ
کوردانی نیشتەجێی ناو سنوورە دەستکردە نێودەوڵەتییەکان و جێ سەرنجی
جیهان.
هەرێمێکی ئارام و گەشەکردوو مانای چییە بۆ ملیۆنان کورد لە تورکیا،
ئێران، سووریا و عیراق؟ ئەمە پرسیارێکە کە وەڵامەکەی لە ناو خۆیدا
هەڵگری ڕوونکردنەوەی زۆرێک لە سیاسەتەکانی ناوچەکەیە. بۆیە پێویستە
هەرێم لە دۆخی نا جێگری هەمیشەییدا بمێنێتەوە - نەمر نەژی بژی بۆ ئەوەی
وەک هەمیشە پارچەیەک یان کەرەستە و ئامرازێک بێت لە یارییەکە، نەک
دیفاکتۆی سەرمەشق.
ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە لەم دۆخەدا، گونجانی خەڵکە لەگەڵ ئەم واقیعە
نامەعقوولەدا. مووچەخۆران بەردەوامن لە کار: پزیشک نەخۆش چارەسەر
دەکات، ئەندازیار دیزاینی پڕۆژەکان دەکات، مامۆستا وانە دەڵێتەوە،
کارمەندان و فەرمانبەران لە ئەرکدان، هەموو ئەمانە بەبێ دڵنیایی لەوەی
کە کەی مووچەکەیان وەردەگرن. ئەمە چییە ڕوودەدات؟
وەڵامەکە لە سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیدایە. کاتێک سیستەمێک بە درێژایی
دەیان ساڵ لە قەیراندا دەژی، قەیران دەبێتە "نۆرماڵ". خەڵک فێر دەبن
چۆن لەگەڵ نادڵنیاییدا بژین، چۆن پلان بۆ داهاتوویەک دابنێن کە بوونی
نییە، چۆن پشت بە شتێک ببەستن کە دەزانن ڕوونادات. ئەمە هەمان ئەو
دیاردەیەیە کە "کامۆ" لە "بێگانەی سیزیف"دا باسی دەکات - قبووڵکردنی
بێمەعنایی وەک بەشێک لە مەعنای ژیان.
لە هەرێم، ئابووری بووەتە شتێکی میتافیزیکی. پارە هەیە (نەوت دەفرۆشرێ)
پارە نییە (مووچە نادرێت). بودجە هەیە (لەسەر کاغەز) بودجە نییە (لە
واقیعدا). حکومەت هەیە (دامەزراوەکان کار دەکەن) بەڵام (ناتوانێت
کارکردەی سەرەکی خۆی جێبەجێ بکات). لێرەدا کێشەکە تەنها دابەشکردنی
ناعادلانەی سامان نییە، نەبوونی خودی چەمکی "سامان"ـە بە مانا
کلاسیکییەکەی. نەوت، کە دەبوایە سەرچاوەی دەوڵەمەندی بێت، بۆتە
سەرچاوەی سەرگەردانی.
چوار سیناریۆ بۆ داهاتوو - لە خەیاڵەوە بۆ تراژیدیا
سیناریۆی یەکەم، چارەسەری ڕێکەوتن: ئەم سیناریۆیە، کە زۆرترین باس و
گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، کەمترین ئەگەری ڕوودانی هەیە. بۆچی؟ چونکە
ڕێکەوتن مانای ئەوەیە یەکێک لە لایەنەکان تەنازول بکات، بەڵام لە
یارییەکدا کە هەر شتێک لەسەر "دۆڕاندن و بردنەوە" بنیات نراوە، تەنازول
یەکسانە بە مردن. بەغدا ناتوانێ کۆنترۆڵی نەوت لەدەست بدات چونکە ئەمە
مانای لەدەستدانی کۆنترۆڵی سیاسییە. هەولێر ناتوانێ خۆبەڕێوەبەری
ئابووری لەدەست بدات چونکە ئەمە تاکە گەرەنتی مانەوەیەتی.
سیناریۆی دووەم، بەردەوامی قەیران: ئەمە سیناریۆی "دیفاکتۆ"ـییە -
ئەوەی کە ئێستا ڕوودەدات و ئەگەری زۆرە بەردەوام بێت. قەیران بۆتە
"چارەسەر" بۆ هەموو لایەنەکان. بەغدا دەتوانێ بەردەوام بێت لەوەی
"هەولێر سەرپێچی دەکات"، هەولێر دەتوانێ بەردەوام بێت لەوەی "بەغدا
ستەم دەکات"، دەوڵەتانی دراوسێ کە داڕێژەری یارییەکەن و شتێک بە ناوی
عیراق و عیراقی لەو دیوی دیارەوە بوونی نیە، دەتوانن بەردەوام بن لە
دەستێوەردان بە بیانووی "نیگەرانی" و ئەمریکا دەتوانێ بەردەوام بێت لە
یاری "ناوبژیوانی بێ ئەنجام". لێرەدا هەموو کەس سوود دەبینێ جگە لە
هەرێم، جگە لە عیراق، جگە لە عیراقی و کوردستانی و خەڵکی ئاسایی.
سیناریۆی سێیەم، قەیرانی دەستووری: گەڕانەوە بۆ دادگای فیدراڵی،
هەوڵدان بۆ "چارەسەری یاسایی"، گفتوگۆ لەسەر ماددەکانی دەستوور...
هەموو ئەمانە وەک گفتوگۆی چەند فریشتەیی لەسەر دەرزییەک وایە کە خودی
دەرزییەکە لەسەر ئاگرە. دەستوور لە عیراقدا نەبۆتە ڕێنمایی بۆ واقیع،
بەڵکو پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی ئامانجی بنەڕەتی یارییەکان، هەر
سیناریۆیەک جوان دەردەکەوێ، بەڵام کۆنفرانس و سیمینار و دیدارەکان هیچ
کاریگەرییەک لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دروست ناکەن، بوونیادەکە قۆڕە.
سیناریۆی چوارەم، چارەسەری ڕیشەیی: ئەمە خۆی لەخۆیدا پارادۆکسە!
چارەسەری ڕیشەیی واتا گۆڕینی بنەڕەتی هەموو سیستەمەکەیە - گۆڕینی یاسا،
گۆڕینی دەستوور، گۆڕینی مێنتاڵیتی، گۆڕینی پەیوەندییە ناوچەیی و
نێودەوڵەتییەکان. بەڵام کێ ئەم گۆڕانکارییە بکات؟ ئەی کێ ئەم
گۆڕانکارییەی دەیەوێ؟ بە دڵنیاییەوە ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان نا،
چونکە سیستەمی ئێستا، بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە، گەرەنتی مانەوەیان
دەکات لە دەسەڵاتدا.
هەرێم، گیرۆدەی دۆخێکی کافکایی بووە - بوونێک لە نێوان مردن و ژیاندا،
واقیعێک لە نێوان خەون و کابووسدا. ئەوەی ڕوودەدات، نە تەنها کێشەی
ئابووری، بەڵکو سیمبولی قووڵی کەلتوورێکن کە تێیدا "بوون" بۆتە هونەرێک
بۆ خۆڕاگری لە بەرامبەر نەبوونیدا. ڕەنگە ڕاستترین وەسف بۆ دۆخی هەرێم
ئەوە بێت کە بڵێین: زیاد لە پێویست ئامادەیە بۆ ئەوەی بمرێ، زۆر نا
ئامادەیە بۆ ئەوەی بە ڕاستی بژی. ئەمە کۆمیدیا نییە، تراژیدیایەکە کە
تێیدا هەموومان ئەکتەر و بینەرین لە یەککاتدا.
دواجار ئەوەی ڕوودەدات تەنها قەیرانی ئابووری یان سیاسی نییە - قەیرانی
بوونیادییە. قەیرانێک کە تێیدا پرسیاری "چۆن دەژین؟" بۆتە "بۆچی هێشتا
دەژین؟" و وەڵامەکەش، وەک هەمیشە، لە بێدەنگی و بەردەوامبوونی ئەو
ملیۆنانەدایە کە ڕەتیانکردووەتەوە تەسلیمبن، لەکاتێکدا حکومەتەکانیان
تەسلیمبوون بەوانی تر، بەڵام بۆ تەسلیم نابن بە خۆیان؟ چونکە شتێک
بەناوی "خۆ"وە نەماوە، "خۆ" بۆتە یاریکەرێکی بەوەکالەت، لە یارییەکدا
بەوەکالەت، کێ دەیباتەوە؟ دیار نییە، بەڵام دۆڕاو دیارە کە عیراقە،
عیراق وەک دەوڵەت - عیراقی ئێستا کراوە بە مەیدانی دوورخستنەوەی چاوی
گۆڕانکاریی جیۆپۆلەتیکی لەسەر تورکیا-ئێران.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|