په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠١١

سۆشیالیزم، ئەنارکیزم و فێمینیزم.

 

کارۆڵ ئیرڵیک - Carol Ehrlich                                                                                             و. لە فارسییەوە هەژێن

- بەشی یەکەم -


گریمان تۆ ژنێکی لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەداریدا. لە گشت لایێکەوە سەرقاڵیت: کار، لیستی بژاردن، هاوسەر (یا هاوسەری پێشین)، وانە و خوێندگەی مناڵان، کاری نێوماڵ، جوان بوون، ناشیرینی، مەیسەربوون، مەیسەرنەبوون (جۆرێک لە پشتگوێ خستن) و ... ئەگەر لەمەڕ هەموو ئەمانە و ئەوەی چۆن له‌ته‌ک یەک پێکهاتوون و گونجاون و ئەوەی دەبێت چ شتێک بگۆڕدرێت، بیرت کردووەتەوە و بۆ دەربڕینی بابەتە سەرەکییەکە بە دوای واژەگەلێکدا دەگەڕێی، ئەگەری ئەوە هەیە ''فێمینیزمی سۆشیالیستی'' بخەیتەڕوو.1

هەموو نیشانەکان ئەمە پشتراست دەکەنەوە، کە ''رابوون''ی زۆرێک لە ژنان لەبەرامبەر گرفتی هەڵاواردنی ڕەگەزی، فێمینیزمی سۆشیالیستی وەک ڕێگەچارەیەک لەبەرچاو دەگرن. ئەوڕۆکە ''سۆشیالیزم'' (لە نموونە سەرنجڕاکێشە جۆراوجۆرەکانیدا) بۆ زۆرێک لە خەڵک ناسراوە، چونکە قسەی فرەی بۆ کردن پێیە: ئاوڕدانەوە لە کارگەران، خەروارێک لە تیئۆرییە شۆڕشگێڕەکان، کە خەڵکی دەتوانن پشتیان پێ ببەستن ( چ خوێندبنیانەوە یا نەیانخوێندبنەوە) و وەها نموونەگەلێکی بەردەست لە ولاتانی پیشەسازییکراو، کە بە شیوەیەکی جیاواز لە ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بنیاتنراون.

بۆ زۆرێک لە فێمینیستەکان، سۆشیالیزم لەو ڕووەوە کە بەڵێنی کۆتاییهێنان بە نایەکسانی ئابووریی بە ژنانی کارگەر دەدات، سەرنجڕاکێشە. له‌ته‌ک ئەوەشدا، سۆشیالیزم لە هەمانکاتدا لە بەرامبەر کاڵبوونەوەی ڕوانگە ڕادیکاڵەکانی خۆی هەڵوێست وەردەگرێت، بەو بەشە لە ژنان کە پێیانوایە لێکدانەوەیەکی تەواو فێمینستی ناتوانێت گشت نایەکسانییەکان بگرێتەوە، بەڵێنی تێڕوانینێکی کراوەتەر دەدات.

بەم پێیە بەپێی ئەو بەڵگانە، ژنان بیر لەوە دەکەنەوە کە ئایا ''فێمینیزمی سۆشیالیستی'' وەک ڕوانگەیەکی ڕامیاری، بەکەڵک دێت یا نا. لەوە دەچێت فێمینیستە سۆشیالیستەکان هەم ئاوەزگیر و هەم ڕادیکاڵ بن؛ لایەنی کەم ئەوەندەی بزانرێت زۆربەیان لە بەرامبەر داوی سازان و خۆپەرستی، کە ژمارەیەکی بەرچاوی ژنان تێی دەکەون، هەستێکی نەرێیی بەهێزیان هەیە.

بۆ زۆرێک لە ئێمە کە کەمتر خەیاڵیین، وێناکردنی خێڵی ئامازۆن، بە سوپایەک لە ژنانی بەهێزی خێڵ، کە بەرەو ئاوابوونی خۆر بجەنگن، لەوانەیە ناکەتواری و بێسوود بێت. بابەتێکی پەیگیرانەتر، گریمانەی هۆشیی زاڵ بەرامبەر بە خواوەندە گەورەکان و نیشانەکانی دیکەی هاوجۆرپەرستی، جادوو، بانگکردنی گیانە. من وەک فێمینیستێک کە خەمی گۆڕینی پێکهاتەی کۆمەڵگەمە، ئەم بابەتە بێزیان نابینم.

بابەتی یەکەم: زیاتر لە چوار سەد (400) ژن لە ئاپریلی 1976دا چوونە بۆستن، تاوەکو لە کۆنفرانسی گیانیی ژنان (women's spirituality conference) کە بەشێکی زۆری بۆ لێکۆڵینەوە لەو بابەتانەی باسکران تەرخان کرابوو، بەشدارییان کرد. ئایا نەدەکرا وزەی سرودەکان، کە جێگەی دوایین ئاوازەکانی سەرکەوتنیان دەگرتەوە و کارگەگەلی فێربوونی سەمای زگ و بەرپاکردنی بۆنەی ئایینی مانگانە، لە کارێکی باشتر و ژنانەتردا خەرج بکرایە؟

بابەتی دووەم: لایەنی کەم بەپێی ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەیەکی فێمینیستی، دەستەیەک لە ژنانی لەشفرۆش هەوڵیان دا کە (Susan Saxe) لە زیندان دەرکەن. ئەگەر ئەوان راستگۆیانە پێیانوابوو، کە وەها کارێک ئەو ئازاد دەکات، کەواتە بەگشتی لە کەتواری سەرچاوەگرتوو لە فشارەکانی کۆمەڵگەی پیاوسالارەوە دوور بوون. هەروەها ئەگەر بڕیار بوو ، کە ئەوە گاڵتەیەکی دڵخۆشکەر بێت، ئەی بۆچی هیچ کەس بەوە پێناکەنێت؟

مەترسییەک کە لەلایەن ریفۆرمیزمەوە هەڕەشە لە هۆگری ژنان دەکات، لە یارییەکانی بانگکردنی گیان فرە گەورەترە. من دەزانم کە ''ریفۆرمیست'' دەربڕینێکە دەتوانرێت لە زۆر ڕێگەوە بەکار ببرێت، کە هیچکامیان نە بەڕێزن و نە ئەوەندەش بەسوود. بە گشتی بۆ دەربڕینی نیازپاکی تاک، یا بۆ دەربڕینی ئەوەی هەر جۆرە چالاکییەکی رامیاری چون یەک، بێ نرخە، لەبەر ئەوەی کە کاری رامیاری لە خودی خۆیدا شیاوی ئاڵوگۆڕە. لە وەلامدا، هەندێک لە فێمینیستەکان بە شێوەیەکی باوەڕپێهێنەرانە دەریانخستووە، کە جۆرە دروستەکانی ریفۆرم دەتوانن بزاڤێکی رادیکاڵ بنیات بنێن.2

بەم شێوە هەندێک لە هەڵوێستگیرییەکانی ڕیفۆرمیستەکان وزەی ژنان بە فیڕۆ دەدەن، چاوەروانی ئاڵوگۆڕی گەورە دروست دەکەن و لەوێوە کە نایتوانن، فریودەرانە و تێکدەرانەیە. باشترین (یا خراپترین) نموونە، تێکۆشانی هەڵبژاردنەکانە. هەندێک لە سۆشیالیستەکان لەژێر کارایی نیشانەگەلی''پێشکەوتنی هەنگاو بە هەنگاو'' دەکەونە ئەم داوەوە. تۆ ناتوانیت بە ئامرازی نائازادیخوازانە خۆت ئازاد بکەیت. هەڵبژاردنی گروپێک لە رامیارکاران (چەندی خوشکانەش بێت) بۆ بەرێوەبردنی ڕێکخراوە کۆنە بێکەڵکەکان، کە دواجار ئێوە بەرێوە دەبات، شتێک نابێیتە پێشەوە. کاتێک کە ڕێکخراوی نیشتمانی کۆبوونەوەی زۆرینەی ژنان(National Organization of Women’s Majority Caucus) باڵی گەورەی ئەو ڕێکخراوە بە هەمان ئامرازگەل کە رامیارییەکانی هەڵبژاردن دەگرێتەوە، داوا لە ژنان دەکات، کە پەیڕەوی لەوان (لە دەرچوون لە ڕەوتی بنەڕەتی شۆڕش) بکەن، هەمووان لە قولایی ویدا، چ ئەوەی کە پێشتر هەبووە و چ ئەوەیش کە هەنووکە هەیە، ڕۆ دەچن.

شێوەکانی هەڵبژرادن داوگەلێکی ئاشکرای ڕۆژانەن. تەنانەت هەندێک لە نارادیکاڵەکان فێربوون دوورەپەرێزیان لێ بکەن. شتێکی زیرەکانەی دیکە، دەرکەوتنی سەرمایەداریییە لە لێژنەکانی توانای ئابووری ژنانە. بۆ نموونە تۆڕی ئابووریی فێمینیستی (Feminist Economic Network) لەبەرچاو بگرن. ئەم ناوە بە ئاسانی دەتوانێت فریوتان بدات. لە رواڵەتدا تۆڕێک بوو لە چالاکییە بازرگانییە جێگرەوەکان بە مەبەستی لابردنی سەرمایەداری لە رێگەی پێکەوەنانی ئابووری خۆبەسێتی بۆ ژنان. ئەمە باوەڕێکی فریودەرانەیە. له‌ته‌ک ئەوەشدا یەکەمین پرۆژەی گەورە (FEN) لە ئەپریلی 1976دا لە دیتۆریت (Detroit) کرایەوە. بە بژاردنی ساڵانە 100 دۆلار وەک ئابوونەی ئەندامەتی، ژنانی ئەندام دەیانتوانی لە مەلەوانگەی تایبەتی مەلە بکەن، لە باری تایبەتیدا خواردنەوە بخۆنەوە و لە لە کۆمەڵێک لە کۆگاکاندا بە داشکاندنەوە شتومەک بکڕن. FEN بە فەرمانبەرانی خۆی بۆ هەر کاتژێرێک کار 2.5 دۆلاری دەبژارد. لاورا براون، بەرێوەبەری FEN ئەم هەنگاوەی بە ''سەرەتای شۆڕشی ئابووری ژنانە'' ناوبرد.3

لەو کاتەوەی کە لەزگەی ''شۆڕش» بەو تەڵەکە کۆنەوە ( شێوە هەڵبژاردنەکان و سەرمایەداری)ەوە نراوە، واژەی شۆڕش پێچەوانە بووەتەوە. جێی سەرسوڕمان نییە، بۆ زۆرێک لە ژنان کە نایانەوێت لەشفرۆش، جەنگاوەرانی سەرەتایی، سیناتۆر یا گچکە سەرمایەدار بن، بەلام دەیانەوێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئاڵوگۆڕ کردوو، هەڵاوەردنە ڕەگەزییەکان کۆتایی پێبهێنن، باڵی ئەنارکیستیی فێمینیزم بکەنە سەرچاوەی زولاڵی شۆڕش. ''فێمینیزمی ئه‌نارکیستی» دەیتوانی چوارچیوەیەکی تیئۆری بە پیت بخاتەڕوو، بەڵام زۆرێک لە فێمینیستەکان تەنانەت ناویشیان نەبیستووە یا ئەگەریش بیستبێتیان بەهەڵە وەک ڕێکخراوی هاوپشتی پیاوانی نارنجۆکهاوێژیان داناوە.

فێمینیزمی سۆشیالیستی، بووەتە خۆراکی کۆمەڵێک لە ڕێکخستنە رامیارییەکان، لەلایەکەوە لە گروپە چەپە سونەتییەکانەوە، گروپگەلی وەک پارتی کۆمونیستی شۆڕشگێڕ (Revolutionary Communist Party) یا هەمان یەکێتی شۆڕشگێری پێشوو (Revolutionary Union)، یەکێتی ئۆکتۆبەر (October League) و پارتی کارگەرانی جیهانی (International Party Workers) نزیکە و هەندیک جار ئامێتەیان بووە، کە ژنانێکی فرە کەمیان تێدایە. لەلایەکی دیکەەوە، ژنانێکی زۆر بەرەو ڕێکخستنە هەڵبژاردنییە چەوتوچەوێڵەکان، کە لەلایەن گروپە چەپە نوێیە تازەسەرهەڵداوەکانی وەک بزووتنەوەی نوێی ئەمێریکایی (New American Movement) یا لە ڕێگەی یەکێتیگەلە سەربەخۆکانی ژنانەوە راکێش دەکرێن.

فێمینیستە سۆشیالیستەکان نوێیەکان دەستیان داوەتە بانگەوازێکی پەیگیر و شیاوی دەرککردن بۆ پەیوەستبوونی ژنانی بێلایەن بە ڕیزەکانی خۆیانەوە. لە بەرامبەردا، گروپە چەپە کۆنە پەڕگیرەکان بیرۆکەی پێکەوەکارکردنی ژنانی هاڕەگەزباز، جیاخوازەکان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی دیکە و فێمینستە ناوازەکان له‌ته‌ک میراتبەرە ڕەسەنەکانی مارکس، ترۆتسکی (هەرچەند ترۆتسکیستەکان شیاوی لەبەرچاوگرتن نین)، ستالین و ماوۆ بە شێوەیەکی گشتی، ڕەتدەکەنەوە. زۆربەیان بیرۆکەی پەرژانە سەر گشت پرسەکانی ژنان لەلایەن بزاڤی ژنانی سەربەخۆوە، ڕەتدەکەنەوە. بە تێڕوانینی ئەوان، ئەم بزاڤە تایبەتە بە ژنانی بۆرژوا (دزێوترین واژەی مارکیستەکان)ە، کە سەرگەرمی "کاری خۆیان"ن و ئەمە "چینی کارگەر دابەش دەکات". چونکە بەپێی بنەمای تێڕوانینی باویان، لەناو چینی کارگەردا، مێشک لاوازترین کەسان هەن. هەندێکیان هەستێکی هێستریانەیان بەرامبەر ژنانی هاوڕەگەزباز هەیە: دیارترینیان (یەکێتی ئۆکتۆبەر) و (پارتی کۆمونیستی شۆڕشگێڕ)ن، کە هەڵبەت تەنیا ئەمانە نەبوون. لەم ڕامیارییەشدا وەک زۆرێکی دیکە، هێڵی دژە ژنانی هاڕەگەزبازی ولاتانی کۆمونیستی دەگیردرێتەبەر. بۆ نموونە پارتی کۆمونیستی شۆڕشگێڕ (R.C.P) لە ساڵەکانی سەرەتای 1970دا، لە بەیاننامەیەکدا ( کە بۆ ڕۆژانی پێش پێکهاتنی پارت دەگەڕێتەوە ،کاتێک کە هێشتا یەکێتی شۆڕشگێڕی جاران بوو) بۆچوونەکانی خۆی بڵاوکردەوە و لەوێدا ڕایگەیاند هاوڕەگەزبازان "لە قوڵایی زەلکاوی بۆگەن و نزمیی بۆرژوازیدا ڕۆچوون" و ئازادی هاوڕەگەزبازان "دژی چینی کارگەر و دژی شۆڕشە". هیچکام لە گروپە چەپە کۆنەکان له‌ته‌ک ئەم پرسەدا، کە ژنان لە دەرەوەی چوارچێوەی پرۆلیتاریاش لەژێر فشاردان، بەئاسانی پێیان قوتنادرێت. هەڵبەتە چینی کارگەر بۆخۆی چەمکێکی سەرنجڕاکێشە: لە کێشمەکێشە هەنووکەییەکانی نێوان چەپەکاندا ئەم چەمکە لە کارگەرانی بەرهەمهێنەرەوە دەستپێدەکات، تا دەگاتە هەر کەسێک کە هێزی کاری لە بەرامبەر کرێیەکدا دەفرۆشێت یا هەرکەسێک کە گوزەرانی بە کەسانی دیکەوە بەسترابێتەوە. ئەمە نزیکەی هەموومان دەگرێتەوە. ( دی باشە، ئەگەر لەسەدا نەوەدی دانیشتوانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشڕەون، بۆچی تائێستاکە شۆڕش ڕووینەداوە؟)

فێمینیسته‌ سۆشیالیسته‌کان نوێیەکان لە هەموو ڕێگەیەکی داهێنەرانەوە هەوڵدەدەن هەستەیەکی ناوەندی لە بیرکردنەوەی مارکسیست- لینینیست پێکبهێنن، لە ئەمڕۆدا بیپارێزن و بە فێمینیزمی ڕادیکاڵی خۆیانەوە موتوربەی بکەن. هەندێکجار سەرەنجامی نائاسایی له‌ته‌ک خۆیدا دەهێنێت. لە جولای 1975دا، ژنانی بزووتنەوەی نوێی ئەمریکایی و ژمارەیەک لە گروپە سەربەخۆکان، یەکەمین کۆنفرانسی نیشتمانی (سەرتاسەری)یان لەمەڕ فێمینیزمی سۆشیالیستی خۆیان بەست. بەتایبەت ئەوەی کە بەشێوەیەکی فراوان لەبارەیەوە پاگەندە نەکرابوو، بەلام هەمووان لە دیتنی زۆری کۆمەڵی ژنان (زیاتر لە شەسسەد کەس و ژمارەیەکی فرەتر گەرانەوە) کە دەیانەویست پشووی کۆتایی هەفتەی 4ی جولای لە (Yellow Spring )ی ئۆهایۆ بەسەر بەرن، سەریان سوڕمابوو.

بەخوێندنەوەی دەقی وتارەکانی کۆنفرانس و هەروەها بۆچوونگەلی جۆراوجۆر کە لەلایەن ژنانی ئامادەوە نووسرابوون، 4 ڕوون نییە کە وێناکردنی ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە لە خستنەرووی ناونیشانەکە “فێمینیزمی سۆشیالیستی” چی بووە. بنچینەکانی یەکپارچەیی کە پێش کۆنفرانسەکە ئامادە و ڕێکخراو بوون دوو شتیان دەگرتە خۆ، کە هەردەم له‌ته‌ک فێمینیزمی ڕادیکاڵ دەهاتنەوە و لە ڕاستیدا نیشاندەری بیروبۆچوونی تەواو ناکۆک بە روانگەی سۆشیالیستیین. بنچینەی یەکەم دەڵێت : "ئێمە پێداویستی بوونی بزووتنەوە سەربەخۆکان دەرک دەکەین و لەنێو بزاڤی شۆڕشگێڕانەدا پشتیوانییان لێ دەکەین". بنچینەی دووەم دەڵێت "ئێمە دان بەوەدا دەنێین، کە جۆرەکانی فشار، چە نەژادی، چینایەتی، ڕەگەزی، یا هاوڕەگەزبازی[ژنان/ و.ک] له‌ته‌ک یەک سەروکاریان هەیە و خەبات بۆ ئازادبوون لەژێر ئەو فشارانەدا، دەبێت پێکەوە و بە هاریکاری ئەنجام بدرێت". بنچینەی سێیەم، تەنیا پەنجە بۆ ئەوە ڕادەکێشێت ''فمینیزمی سۆشیالیستی ستراتیژێکە بۆ شۆڕش'' و چوارەمین بنچینە بانگەوازکردنە بۆ دیالۆگکردن ''بە نێوەڕۆکی تێکۆشان و یەکێتییەوە''.

هه‌ڵبه‌ته‌، ئه‌مه‌ تێکەڵەیەکی باوەڕنەکەردەنییە لە کۆمەلێک بنەمای سەرنجڕاکێش- لیستێکه‌ کە بە کردەوە بانگەوازی هەمووان دەکات. به‌ڵام کاتێک فێمینیسته‌ سۆشیالیسته‌کان، بە شێوەیەکی سەرەکی لەپێناو بزاڤی ژنانی سه‌ربه‌خۆدا دەبێت و کاتێک که‌ ده‌ڵێن ستەمی چینایەتی یه‌کێکه‌ له‌ سەرکوتگەرییەکانی دیکە، نه‌ک گرنگتر له‌ ئەوانی دیکە، ئیتر (به‌و جۆره‌ که‌ ڕه‌خنه‌گرانی مارکسیست ده‌ڵێن) چیدیکە ئه‌مه‌ به‌ سۆشیالیزم دانانرێت.

سەرەڕای ئەوەش، فێمینیسته‌ سۆشیالیسته‌کان تا کۆتایی ڕێ هاوڕای به‌رنامه‌کانی فێمینیزمی ڕادیکاڵ نین. ئه‌گه‌ر هاوڕا بووایێن، ده‌بوو ئه‌م بنه‌مایه‌ی دیکەیش قبوڵ بکه‌ن که‌ : پێکهاته‌ نا- قوچکەییەکان بۆ کرده‌ی فێمینیستی پێویستن. هه‌ڵبه‌ته‌ گرتنەبەری ئەمە بۆ هەندێک لە سۆشیالیستەکان زۆر سه‌خته‌. به‌ڵام ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، که‌ فێمینیزمی ڕادیکاڵ له‌ته‌ک یه‌کێک له‌ جۆره‌کانی ئه‌نارکیزم زۆر نزیکتره‌ تا له‌تەک سۆشیالیزم. ئه‌و جۆره‌ش، سۆشیال ئه‌نارکیزمه‌ (هەروا به‌ ئه‌نارکیزمی کۆمونگه‌راش ناسراوە) نه‌ک له‌تەک جۆرەکانی دی وەک تاکگه‌را یا ئه‌نارکۆ – کاپیتالیست.

ئه‌مه‌ بۆ ئه‌و فێمینیستانه‌ی که‌ له‌ته‌ک بنه‌ما ئه‌نارکیستییه‌کان ئاشنان، بابه‌تێکی تازه‌ نییه‌. بێجگە لە هه‌ژمارێکی که‌م له‌ فێمینیسته‌کان. له‌مه‌ شیاوی تێگه‌یشتنە، که‌ ئه‌نارکیزم له‌ نێوان ڕۆژنامەگەریی بەد و پەردەپێدراویدا شێوێنراوە. ئه‌گه‌ر فێمینیسته‌کان له‌ته‌ک ئه‌نارکیزم ئاشنا بووایێن، وه‌ها په‌یگیرانه‌ وه‌ک ئامرازێک بۆ خه‌بات دژی ستەمی ژێنده‌ری نه‌یانده‌ڕوانییه‌ سۆشیالیزم. فێمینیسته‌کان ناچارن، به‌رامبه‌ر هه‌ر تیئۆرییه‌کی کۆمەڵایەتی که‌ له‌ته‌ک کۆمه‌ڵێک ڕابه‌ر و په‌یڕه‌وگەر لێکدراوە ، گومانی خراب بکه‌ن، ئەوە گرنگ نییه‌ که‌ ئه‌و پێکهاته‌ ناوه‌ندگەرایییه‌ تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ک هەوڵدەدات دێمۆکراتانە ڕه‌فتار بکات. ژنانی هەموو چینەکان، هه‌موو نەژادەکان و هه‌موو بارەکانی ژیان، دەمێکە به‌ خواستی کۆتاییهێنان بە زاڵبوون گەیییشتوون، که‌ چیدیکە ئاماده‌ نین جێگه‌ی رابه‌رانی هه‌نووکه‌یی به‌ ده‌سته‌یه‌کی دیکە بگرنه‌وه‌. ئێمه‌ ده‌زانین که‌ ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی کێدایه‌ و (که‌مۆکەیەکی ناوازه‌ نەبێت) کە لە ئێمە نییە.

زۆرێک له‌ فێمینیستانی ئه‌نارکیستی هاوچه‌رخ ڕۆشناییان خستووه‌ته‌ سه‌ر په‌یوه‌نییه‌کانی نێوان ئه‌نارکیزمی کۆمەڵگەرا و فێمینیزمی ڕادیکاڵ. لاین فارۆو (Lynne Farrow) لەم بارەوە وتویەتی: فێمینیزم ئەوە کردەیی دەکاتەوە، کە ئه‌نارکیزم بانگەوازی بۆ دەکات. پێگی کۆرنگه‌ر (Peggy Kornegger) لەو بڕوایەدایه‌، که‌ '' سالانێکە فێمینیسته‌کان چ له‌ تیئۆری و چ له‌ کرداردا به‌ شێوه‌یه‌کی نائاگانه‌ ئه‌نارکیستن''. هەروەها ماریا له‌یتن(Marian Leighton) ڕادەگەیێنێت، ''ئامانجی خۆپاڵاوتن لە فێمینیستی ڕادیکالەوە بۆ فێمینیزمی ئه‌نارکیستی، خۆی لە خۆیدا هه‌نگاوێکی گەورەیە له‌ به‌ره‌وپێشبردنی هوشیارانه‌ی تیئۆریدا.
 

 

ئێمه‌ خۆموختاری بنیات ده‌نێین
ڕەوتی هەردەم ڕوو لە گەشەی دژەباو
بۆ هەموو گیانلەبەرێک.
ئێمە بڵاودەکەینەوە
خۆبەخۆیی و داهێنان
ئێمە فێر دەبین خۆشی ئازادی
خۆشی پەیوەندی
بەبێ زاڵبوون
له‌نێو خوشکاندا.
ئێمه‌ زاڵبوون هەڵدەوەشێننیەوە
لە هەموو شێوەکانیدا.

We build autonomy

The process of ever growing synthesis

For every living creature

We spread

Spontaneity and creation

We learn the joys of equality

Of relationships

Without dominance

Among sisters

We destroy domination

In all its forms.

ئه‌م سرووده‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی فێمینیستی ڕادیکاڵ ''ئه‌وه‌ من نیم خۆشه‌ویستم''6 ده‌رکه‌وت، که‌ سەردێڕی هه‌موو لاپه‌ڕه‌کانی ''کۆتایی به‌ پله‌وپایه‌ بهینن'' ده‌خاته‌ ڕوو. هه‌رچه‌نده‌ نیشانیی ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌نارکیست (یا ئه‌نارکۆ-فێمینیست)ی لێ نەدرابوو، به‌ڵام پەیوەندییەکان بەرچاون. ئه‌و ڕۆژنامه‌ بەڵگەیەک بوو لەسەر بزاڤی ئازادیبه‌خشی ژنان له‌ سالانی سه‌ره‌تای بوژانه‌وه‌یدا، هەروا ئه‌مه‌ هه‌مان کرۆکی بەهادارە، که‌ ئه‌گه‌ر تێکەڵەی فێمینیسته‌ سۆشیالیسته‌کان، ڕیشه‌ دابکوتێت؛ ئەگەر پەرستنی خوداوەند یا نەتەوەی ژنانی هاوڕەگەزباز، ژنان ببەنە سەر ئەو بڕوایەی، که‌ پێشوازی له‌ شێوه‌ تازه‌کانی زاڵبوون (dominance) و ملدان بکه‌ن.
______________________________________________________
پەراوێزەکان:

1.Barbara Ehrenreich، "What is Socialist Feminism?"، Win Magazine، June 3، 1976، p.4.
2. The best of these arguments I've encountered are "Socialist Feminism; A Strategy for the Women's Movement"، by the Hyde Park Chapter، Chicago Women's Liberation Union، 1972; and Charlotte Bunch، "The Reform Tool Kit"، Quest، 1:1، Summer 1974، pp.37-51.
3. Reports by Polly Anna، Kana Trueblood، C. Corday and S. Tufts، The Fifth Estate، May، 1976، pp. 13، 16. The " revolution" failed: FEN and its club shut down.
4. People who are interested in reading reports of the conference will find them in almost every feminist or socialist newspaper that appeared in the month or so after July 4th. Speeches by Barbara Ehrenreich، Michelle Russell، and the Berkeley-Oakland Women's Union are reprinted in Socialist Revolution، No. 26، October-December 1975; and the speech by Charlotte Bunch، "Not for Lesbians Only"، appears in Quest، 2:2، Fall 1975. A thirty-minute audiotape documentary is available from the Great Atlantic Radio Conspiracy، 2743 Maryland Avenue، Baltimore، Maryland 21218.
5. Farrow، "Feminism as Anarchism"، Aurora، 4، 1974، p.9; Kornegger، "Anarchism: The Feminist Connection"، Second Wave، 4: 1، Spring 1975، p.31; Leighton، "Anarcho-Feminism and Louise Michel"، Black Rose، 1، April 1974، p. 14.
6. December، 1، 1970، p.11.

بۆ خوێندنەوەی سەرچاوە ئینگلیزییەکەی:
http://www.anarcha.org/sallydarity/CarolEhrlich.htm

ئەم بابەتە لە سایتی (خوشە) وەرگیراوە و بەداخەوە چەند ساڵە لە ئارادا نەماوە.

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک