١١\٨\٢٠١١
سۆشیالیزم،
ئەنارکیزم و فێمینیزم.
کارۆڵ ئیرڵیک -
Carol Ehrlich
و. لە فارسییەوە هەژێن
- بەشی
دووه‌م -
فێمینیزمی ڕادیکاڵ و فێمینیزمی ئەنارکیست.
گشت فێمینیسته ڕادیکاڵەکان و فێمینیسته
سۆشیال-ئانارکیسته‌کان [ئەنارکۆ فێمینیستەکان- و.ک] سه‌رقاڵی کۆمه‌ڵێک
کاروباری هاوبه‌شن: لەدەستخۆدابوونی جەستەی خود [سه‌ربه‌ستی هه‌ر تاکێک
به‌سه‌ر جه‌سته‌ی خۆیدا]؛ جێگره‌وه [ئەڵتەرباتیڤ] بۆ نێوکە-خێزان و
پەیوەندی سێکسی ناهاوجۆر [heterosexuality] ؛ شێوازگه‌لی نوێی په‌روه‌رده‌کردنی
منداڵ، که به‌خێوگه‌ران و خودی زاڕۆکانیش ڕزگار ده‌کات؛ ئابووری
خۆ-دیاریگەر [self-determination]؛ کۆتاییهێنان بە چوارچێوە
ڕەگەزییەکان لە پەروەدەدا، لە ڕاگەیاندنەکان و لە شوێنی کاردا؛ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
یاسا سەرکوتگەرەکان،کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتداری پیاو، خاوه‌ندارێتی و
چاودێری به‌سه‌ر ژناندا؛ خستنه به‌رده‌ستی ئامرازگه‌لێک بۆ ژنان به
مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به شاره‌زایی و بەها پۆزه‌تیڤه‌کانیان؛
کۆتاییهێنان به په‌یوه‌ندی سۆزیی سەرکوتگەرانە؛ ئه‌وه‌ش که
سیتواتسیۆنییستەکان (Situationist) نێویان ناوه: “تازەکاری لە ژیانی
ڕۆژانەدا".
به‌م پێیه، شتگه‌لێکی فره هه‌ن، که فێمینیسته ڕادیکاڵه‌کان و
فێمینیسته ئه‌نارکیسته‌کان له‌سه‌ریان کۆکن. به‌ڵام فێمینیسته ئه‌نارکیسته‌کان
سه‌رقاڵی شتێکی زیاتر له‌وه‌ن. له‌بەرئەوەی که ئه‌نارکیستن، ئامانجیان
کۆتاییهێنانه به هه‌موو په‌یوه‌ندییه ده‌سه‌لاتییەکان، به هه‌موو
پرسێک که تێیدا که‌سه‌کان ده‌توانن ستەم لە یه‌کتر بکه‌ن.
بەپێچەوانەوەی هه‌ندێک له فێمینیسته ڕادیکاڵه‌کانەوە که ئه‌نارکیست
نین، ئەنارکیستەکان باوه‌ڕیان به‌وه نییە، که ئەگەر ده‌سه‌ڵات له ده‌ستی
ژناندا بێت، بتوانرێت کۆمه‌ڵگه به‌ره‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ناسه‌رکوتگەرانە
به‌ره‌وپێش ببڕێت. هه‌روه‌ها بە پێچەوانەی زۆرێک له فێمینیسته
سۆشیالیسته‌کانەوە، باوه‌ڕیان به‌وه نییە، که له بزاڤگەلە جه‌ماوه‌رییەکانی
ژێر ڕابه‌ری ده‌سته‌بژێردا، شتەکان بەرەو باشە بڕۆن. به‌کورتی، نه ''دەوڵەتی
کرێکاری'' و نه ''دایکسالاری''دا، کۆتایی به ستەمکاری بەسەر
هەموواندا نایێت. کەواتە، ئامانج به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات نییه، بەو
جۆرەی سۆشیالیستەکان پێی لەسەر دادەگرن، به‌ڵکو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته.
به پێچه‌وانه‌ی باوه‌ڕی باوەوە، گشت ئه‌نارکیسته کۆمەڵگەراکان،
سۆشیالیستن. بەو واتایەی، کە ئه‌وان ده‌یانه‌وێت سامان له ده‌ستی که‌مایه‌تیدا
ده‌ربهێرێت و له‌نێو گشت تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا دابه‌ش بکرێتەوە. هه‌روه‌ها
پێیانوایە، که کەسەکان لە بری ژیان وەک تاکی لەیەک دابڕاو، پێویستیان
بە هاریکاری یەکدی هەیە وەک کۆمەڵ. سەرەڕای ئەوە بۆ ئه‌نارکیسته‌کان،
هەردەم پرسە سەرەکییەکان بریتین لە ده‌سه‌ڵات و پله‌بەندی کۆمه‌ڵایه‌تی
(social hierarchy). ئه‌گه‌ر دەوڵەت - ته‌نانه‌ت دەوڵەتی نوێنه‌رانی
کرێکارانیش- بەردەوام شێوه‌کانی زاڵبوون به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه و
هەندێک لە سایەیدا ئازاد نابن. ئەوە ئازادی کەسەکان ناگەیێنێت، تەنیا
لەبەرئەوەی کە لە ژیاندا بن یا لە ڕووی ئابوورییەوە ئاسوودە بن. ئه‌وان
ته‌نیا کاتێک ئازاد ده‌بن، که دەسەڵاتیان بەسەر ژیانی خۆیاندا هەبێت.
ژنان، ته‌نانه‌ت زۆرتر له زۆرینەی پیاوان، کەمترین دەسەلاتیان به‌سه‌ر
ژیانیانی خۆیاندا هەیە. به‌ده‌ستهێنانی وه‌ها سه‌ربه‌خۆییەکی لەو جۆرە
و دڵنیایی له‌وه‌ی که هه‌موو که‌سێک لێی به‌هره‌مه‌نده، ئامانجی
بنەڕەتی فێمینیسته ئه‌نارکیسته‌کان [ئەنارکۆ-فێمینیستەکان]ە.
ده‌سه‌ڵات بۆ هیچ که‌س و بۆ هه‌مووان: بۆ هه‌ر که‌سێک دەسەڵات به‌سه‌ر
ژیانی خۆیدا [چ ژن/ چ پیاو]، نه‌ک بەسەر که‌سانی دیکەدا.7
له پیادەکردندا.
ئه‌مه تیئۆرییە. ئەی لە پیادەکردندا چۆنه؟ دیسانەوە، لەمەشدا
فێمینیزمی ڕادیکاڵ و فێمینیزمی ئەنارکیست خاڵی هاوبه‌شی فره‌تریان له‌ته‌ک
یه‌کدا هه‌یه، تاوه‌کو ئەوەی له‌ته‌ک فێمینیزمی سۆشیالیستدا 8 هەیانە.
هه‌ر دووکیان بۆ چێ‌کردنی ڕێکخراوگه‌لی جێگره‌وه [ئەڵتەرناتیڤ] کار ده‌که‌ن
و هه‌ر دووک ڕامیارییه تاکەکەسییه‌کان فره‌تر په‌یگیرانه ده‌گرنەبەر.
فێمینیسته سۆشیالیسته‌کان به زۆری پێیان خۆش نییه، ئه‌م کارانه وه‌ک
یه‌کێک له پێداویستییه‌کانی شۆڕش لەبەرچاو بگرن.
په‌ره‌پێدانی شێوه جێگره‌وەکانی ڕێکخراوه‌کان به واتای پێکهێنانی
نەخۆشخانە (کلینکە) خۆ-کۆمەکییەکان له بری مشت‌ومڕ له سه‌ر هه‌بوونی
ته‌نیا یەک نه‌خۆشخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی و ململانێ لەسەر لێژنە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکەی.
واته گروپه هه‌واڵیی و ڤیدیۆیی و ڕۆژنامه‌ییه‌کانی ژنان له بری
کەناڵی تێله‌فزیۆن و ڕۆژنامه بازرگانییه‌کان؛ ژیانی به کۆمه‌ڵ له
بری خێزانی دابڕاوی نێوه‌کی، نێوه‌ندەکانی پێڕاگه‌یشتن و وەستانەوە دژ
به لاقەکردن، هەرەوەزییەکانی که‌رەسته خۆراکییه‌کان، نێوه‌نده‌کانی
چاودێری ڕۆژانه‌ی به‌رچاوی دایکان و باوکان، فێرگه ئازاده‌کان، چاپه‌مه‌نییە
هەرەوەزییەکان، گروپه ڕادیۆییه جێگره‌وه‌کان و هیدیکەش...
به‌ڵێ. پێکهێنانی ڕێکخراوه جێگره‌وه‌کان به پێکهاته‌گه‌لێک که
لاسایی له سه‌رمایه‌داری و نموونە قوچکەییەکان دەکەنەوە و بۆ ئێمه
ناسراون، ئه‌وه‌نده به که‌ڵک نین. زۆرێک له فێمینیسته ڕادیکاڵه‌کان
پێشتر ئه‌م بابه‌ته‌یان ده‌ستنیشان کردووه: هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که
ئه‌وان بۆ به‌دیهێنانی گۆڕان له ڕوانگه‌ی ژناندا بەرامبەر جیهان و
خۆیان ( له ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی هوشیارگه‌ره‌وه) کار ده‌که‌ن و هەروەها
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، که ئەوان بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ له شێوه‌ی په‌یوه‌ندییەکانی
کار و په‌یوه‌ندی به‌رامبه‌رانه و هاریکاری نێوان کەسەکان ( له ڕێگه‌ی
ده‌سته گچکه بێ سه‌رکرده‌کانه‌وه، که تیایاندا هاوشان ئه‌رکه‌کان
به‌ڕێوه ده‌چن و شاره‌زایی و زانین هاوبه‌شیی دەکرێتەوە) چالاکی ده‌که‌ن.
ئه‌وان هه‌وڵیان ده‌دا، که وه‌ها کارێک له کۆمه‌ڵگه قوچکەیی (هەرەمیی)یەکاندا،
که بێجگه له نایه‌کسانی بواری هیچ شێوازێکی دیکە نادەن، پیاده بکه‌ن.
به دڵنیاییەوە، زانینی تیئۆری ئه‌نارکیستی و شێوازەکانی ڕێکخراوبوونی
یارمه‌تیده‌ر ده‌بن. چه‌کداربوون به‌م زانینانه، فێمینیسته ڕادیکاڵه‌کان
له هه‌ندێک هه‌ڵه، که ئه‌نجامیان داون، دوور دەخاتەوە و لەوانەیە
باشتر بتوانن له دەست دژوارییگه‌لێک که له هه‌وڵەکانیاندا بۆ گۆرانی
خۆیان و کۆمه‌ڵگه، ڕووبه‌ڕوویان ده‌بنه‌وه، ڕزگارییان ببێت.
بۆ نموونه، مشتومری هه‌نووکه‌یی له سه‌ر ''ژنانی به‌هێز-strong
women'' و بابەتگەلی زۆر نزیک و په‌یوه‌ست به ڕابه‌ری له‌به‌رچاو بگرن.
دەتوانرێت هەڵوێستی فێمینیستانی ڕادیکاڵ به‌م جۆره کورت بکرێته‌وه:
1- ژنان ژێرچەپۆک ماونەتەوە، لەبەرئەوەی لەیەکدی دابڕاون و له په‌یوه‌ندییەکی
ده‌سه‌لاتخوازیی و ملکەچانەدا لەتەک پیاواندا یەکانگیر بوون.
2- پیاوان، ژنان ئازاد ناکه‌ن. ژنان به‌خۆیان ده‌بێت خۆیان ئازاد بکه‌ن.
ئەم کارە مه‌یسه‌ر نابێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر ژنێک بیه‌وێت به ته‌نیا بۆ
ئازادبوونی تێبکۆشێت. له‌به‌رئه‌وه پێویستە ژنان به‌یه‌که‌وه له‌سه‌ر
شێوازی یارمه‌رتی هەرەوەزییانە کار بکه‌ن.
3- “خوشکایه‌تی هێز بەخشە”، به‌ڵام ژنان ناتوانن خوشک بن، ئەگەر شێوازە
پیاوانییەکانی زاڵبوون و ملکەچی کۆپی و دووبارە بکەنەوە.
4- شێوه‌کانی ڕێکخراوبوونی نوێ پێویسە پێشکەوتوو بن. سه‌ره‌تاییترین
شێوه‌یان، ده‌سته‌ی گچکه‌ی بێسه‌رکرده‌ن؛ بنەما سەرەکییەکانیان یەکسانی
(egalitarianism)، هاریکاری و پشتیوانی هەرەوزییانە و هاوبه‌شکردنی
شاره‌زایی و زانینن.
ئه‌گه‌رچی زۆرێک له ژنان ئه‌م بابه‌تانه‌یان په‌سه‌ند کردوون، به‌ڵام
هاوکات ژنانێکی زۆرتر هه‌بوون، که په‌سه‌ندیان نه‌کردوون. هه‌ندێک له
هه‌نگاوی سه‌ره‌تاوه دژ بوون؛ ئەوانی دیکە دەستبەجێ پێیانوابوو پیاده‌کردنیان
دژوارە و بەداخەوە بەو سەرەنجامە گەیشتن، که ئاوا ئامانجگەلێکی جوان،
هیچ کات کردەیی ناکرێنەوە.
پشتیوانەی ئایدیۆلۆجی بۆ ئه‌وانەی، کە بنه‌ماگەلێکی سه‌ره‌تایی کە
“ئه‌نارکیسته ناهوشیاره‌کان ”پێشنیاریان کردبوون، ڕه‌ت کرده‌وه، لە
دووتوێی دوو به‌ڵگه‌نامەدا پێشکەش کرا، کە به خێرایی له ڕێی ڕۆژنامه‌کانی
ئازادیی ژنان (women's liberation) و ڕێکخراوه‌کاندا گشتیی (تعمم)
کرایەوە. یەکەم بەڵگەنامە قسه‌کانی ئانسێلما دێڵ ئۆلیۆ (Anselma
dell`Olio) بوون بۆ دووه‌م کۆنگرێسی ژنانی یه‌کگرتوو (United Women)،
که له مانگی مای 1970دا له نیویۆرک سیتی به‌رپا کرا. قسەکانی به
نێونیشانی “ جیابوونەوە و خۆوێرانی له بزاڤی ژناندا: وازنامه،
خستنەڕووی به‌ڵگه‌کانی دێڵ ئۆلیۆی بۆ خۆکێشانه‌وه‌ی له بزاڤی ژنان.
دووه‌مین بەڵگەنامە “سەرکوتگەریی بێپەیکەرە”ی جۆرین (Joreen) بوو، که
سه‌ره‌تا له ساڵی 1972دا له شه‌پۆڵی دووه‌م (The Second Wave)دا
بڵاوکرایه‌وه. هه‌ر دووکیان کاراییان لەسەر بابه‌تگەلی پراکتیکە
ڕێکخراوه‌یی و که‌سییه‌کان، کە هێشتاکەش بۆ بزاڤی ژنان زۆر گرنگن، دانا.
“من هاتووم، که دوا قسه‌کانی خۆم له‌ته‌ک بزاڤی ژنان بکه‌م [هاتووم
گۆرانی قازی قوڵنگ بۆ بزاڤی ژنان بچڕم]... من وێران بووم... لە سێ ساڵ
و نیوی ڕابوردوودا بۆم دەرکەوت، که ژنان هه‌رده‌م له دژی یەکدی
دابەشێنراون، خۆوێرانگه‌رن و لێوانلێون لە توڕەیی ناکارا. من هیچ کات
بیرم لەوە نەکردووەتەوە ، ڕۆژگارێکی ئاوا ببینم، ئه‌م توڕەییە، ئەوەی
کە خۆی له شێوه یه‌کسانگه‌رایی ڕادیکالیزمی درۆینە له ژێر ئاڵای ''لایەنگری
ژنان''دا، وەرگێڕێتە سەر دەنگی ترسناکی فاشیستیی دژەڕۆشنگەریی چەپ و
لەنێو بزاڤەکەدا بۆ بۆ تێکشکاندنی خوشکانێک که کشاونه‌ته دواوه،
سوود لە هەموو وردەکاریی و دادوەرییەکانی دادگەی کانگرۆو [دادگەی نهینی
و.ک]ی کو کلاکس کلان (Ku Klux Klan) وه‌ربگرێت. بە دڵنیاییەوە پەنجە بۆ
سه‌ر هێڕشگه‌لێکی که‌سیی چ ئاشکرا و چ نه‌فره‌تێنه‌ر ڕادەکێشم، کە
دەکرێنە سەر ژنانێک له نێو بزاڤەکەدا، ئەوانەی به ڕه‌نج و
ماندووبوون هەر پلەیەکی بەئامانجگەیشتنیان به‌ده‌ستیان هێناوه... ئه‌گه‌ر
تۆ … کەسێکی سه‌رکه‌وتوو بیت، دەستبەجێ ناتۆره‌ی هه‌ڵپه‌رستی فریودەرت
دوا ده‌خه‌ن، کرێگرته‌یه‌کی بێ‌ویژدان، که بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ و
سامان، به‌سه‌ر جه‌سته‌ی بێ‌گیانی خوشکانی له خۆبوردوودا، که
توانایییه‌کانی خۆیان خستووه‌ته لاوه و ئاره‌زووه‌کانی خۆیان کردوووه‌ته
قوربانی وەدیهاتنی سه‌رفرازی فێمینیزم ... باز دەدەیت. ئه‌گه‌ر بەخت
یارت نەبێ ، نەترسانە و بێپه‌رده خۆت دەرببڕیت، به شەیدای ده‌سه‌ڵاتداری،
دەستەبژێریی، نه‌ژادپه‌رستی و سەرەنجام دزێوترین جنێو بەرامبەر گشت
تۆمەتبارکراوان: پیاوانی بوونت دەدەنە پاڵ.” 9
کاتێک که ئانسێڵما دێڵ ئۆلیۆ ئەم ماڵئاواییە توڕەییەی له بزاڤه‌که
کرد، دوو شت ڕوویان دا: بۆ هه‌ندێک له ژنان ئه‌م پرسیارەی وروژاند،
ژنان چۆن ده‌توانن، کۆتایی به په‌یوه‌ندی نایەکسانانەی ده‌سه‌ڵات له
نێوان خۆیاندا بهێن، به‌بێ ئه‌وه‌ی یەکدی تێکبشکێنن. ئه‌وانی دیکە ڕێک
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه ڕەفتاریان کرد: بیانوویەکی ئاسان بۆ ئه‌و ده‌سته
له ژنان، که ژنانی دیکەیان به شێوه‌یه‌کی زۆر ناخوشکانه خستبووه
ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. هه‌ر که‌سێک که له‌و کاته‌دا له بزاڤی
ئازادیخوازانه‌ی ژناندا به‌شداری هەبوو، ده‌یزانی، که ده‌ربڕینه‌کانی
دێڵ ئۆلیۆ له‌لایه‌ن هه‌ندێک له ژنانه‌وه به‌م مۆدەوە وه‌رگێڕدران:
خۆت به پەیگیر، یا به‌هێز ، یا بەهرەدار ناوبهێنە و ئه‌و کات ده‌توانی
ناپەسەندی، بێهەستی و ڕه‌فتاری سته‌مکارانه به باش ناو بهێنی. ژنانێک
کە خۆیان وەک پاڵه‌وانانی تراجیدییەکان ناساند، گوایە به ده‌ستی
خوشکانی چاوتێبڕ (حسود) و ناحەزکار ( هه‌ڵبه‌ته کەم بەهرەتر)ی خۆیان
تێکشکێنراون، ده‌یانتوانی چاویان لە ده‌ربڕینی هاوده‌ردی هه‌ندێک له
ژنانی دیکە بێت.
به هەمان شێوە، ژنانێک که له‌و کاته‌دا له بزاڤه‌که‌دا به‌شداربوون،
ده‌زانن که زۆرێک له‌و جۆرە شتانەی که دێڵ ئۆڵیۆ وەک ڕوودراو
لەبارەیانەوە قسەی کرد، نه‌ده‌بوو ڕوو بده‌ن. هه‌ڵبه‌ته ته‌نیا هه‌بوونی
دانشی تیئۆرییە ئه‌نارکیستییەکان، بۆ به‌رگرتن له هێڕشه کوێرانەکان
بۆ سه‌ر ژنان، به‌س نیین. به‌ڵام له تێکۆشانی فێربوونی رێگه نوێیه‌کانی
په‌یوه‌ندی و له‌ته‌ک یه‌کدی ڕەفتارکردن، وه‌ها دانشێک لەوانەیە (ته‌نیا
لەوانەیە) بتوانێت به‌ر به هه‌ندێک له هه‌ڵه وێرانگه‌ره‌کان بگرێت.
لە بەدبەختیدا [بەتوانجەوە]، هاندەری ئه‌و هه‌ڵانه، بێزاری فێمینیسته
ڕادیکاڵه‌کان بوو له شێوه باوەکانی ده‌سه‌ڵات و په‌یوه‌ندی
نامرۆڤانەی،که‌سیی، که دەبنە هۆی زاڵبوونی ده‌سته‌یه‌ک کەس به سه‌ر
ده‌سته‌یه‌کی دیکە. کاتێک که فێمینیسته ڕادیکاڵه‌کان و ئه‌نارکیسته‌کان
قسه له له‌ناوبردنی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن، مه‌به‌ستیان له لەناوبردنی
هه‌موو ڕێکخراوه‌کان، هه‌موو فۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، هه‌موو ئه‌و
شێوازانەی کە بە هۆیانەوە که‌سه‌کان ناچار دەکرێن، دژی یەکتر بن و
ناچار دەکرین مل بەو ناچارییە بدەن.
گرفتێکی گەورە له‌مەڕ پێناسه‌کردنی سروشتی کینە له بزاڤی ژناندا سه‌ری
هه‌ڵدا. دوژمنایەتی بەرامبەر ژنی ''به‌هێز'' پەرەی سەند، چونکه ئەو
کەسێک بوو، لایەنی که‌م دەیتوانی ژنانی دیکه، کە به به‌راورد به خۆی
کەمتر توانای دەربڕیناین هەبوو، کەمتر هوشیاربوون، که‌متر پشتبه‌خۆبەستوو
بوون، ناچار بکات. ناچارکردن زۆر له هێزی جەستەیی یا ئابلۆقەی
ئابووریی، ورد و زیرەکانترە. کەسێک ده‌توانێت کەسێکی دیکە، به‌بێ ئه‌وه‌ی
کارەکەی لێبسێنێت، یا ئازاری بدات، یا بیخاتە زیندانەوە، ناچار بکات.
پرسی ژنانی به‌هێز لەتەک بەرتەرییەکی سەرنجڕاکێش دەستی پێ‌کرد. به زۆری
فرەتریان ده‌زانی، بێگومان دەمێک بوو، که توانیبوویان به‌سه‌ر
پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی تێکشێنەر [گەوجکەر]دا زاڵ ببن؛ ئەوەی که
دەستەمۆیی و ناده‌ربه‌ستبوون، که‌م ڕوویی و گوێڕایه‌ڵی دەکردە ڕەوشتی
نموونەیی-ڕەوشتێک که ژنانی فێر دەکرد، ئەگەر شتێک سه‌رقاڵی نه‌کردوون،
پێبکه‌نن، کاتێک که هاوار له گه‌رویاندایه، چپەچپ بکه‌ن و کاتێک که
که‌سێک بێشەرمانە مۆڕه‌یان لێ ده‌کات، چاوانی خۆیان خوار بکه‌ن. ژنانی
به‌هێز ترسیان له قسه‌کردن له نێو خەڵکدا نەبوو، هیچ ترسیان له ئه‌نجامدانی
کاری پیاوانه، یا تاقیکردنەوەی شتی تازه نه‌بوو. یا به‌و جۆره
دەردەکەوتن.
له ده‌سته‌یه‌کی [گروپێکی] بچووکدا ژنێکی ''به‌هێز'' له‌ته‌ک ژنێکی ''بێهێز-لاواز''
دابنێ، ئەو لەتەک گرفتدا ڕووبەڕوو دەبێت: چۆن دەبێت خۆی نەسەپێنێت؟ چۆن
شارەزاییەکانی که به دژواری بەدەستیهێناون و پشتبەخۆبەستنەکەی له‌ته‌ک
خوشکه‌که‌ی به‌ش بکات؟ له لایه‌کی دیکه‌وه - ژنێکی ''لاواز'' چۆن فێر
ده‌بێت، که بەنوێنەری خۆیەوە ڕەفتار بکات؟ کەسێک چۆن ده‌توانێت ته‌نانه‌ت
وێنای کۆمەکی ''ئالوێرانە'' له ڕێوشوێنێکی یه‌ک لایه‌نه‌وه بکات؟
کاتێک که لەو ''خوشکایەتی''یەدا، ئه‌ندامی ''لاواز'' هه‌ست بە یه‌کسانبوون
له‌ته‌ک ئه‌ندامی ''به‌هێز''دا ناکات؟
ئەمانە پرسگه‌لێکی ئالۆز هه‌ن، وێرای نەبوونی وه‌ڵامی ئاسان بۆیان. له‌وانه‌یه
نزیکترین وه‌ڵامێک که ده‌کرێت به‌ده‌ست بێت ئەو دروشمە ئه‌نارکیستییە
بێت ''کەسانی به‌هێز، پێویستیان به ڕابه‌ر نییه''. هەندێک له ئێمه،
ئەوانەی که فێربوون، مانه‌وه‌ی خۆیان له زاڵبوون به‌سه‌ر که‌سانی
دیکەدا ده‌بیننه‌وه، هه‌ر وه‌ک هەندێکی دیکەمان، ئەوانەی که مانه‌وه‌ی
خۆیان له ملدان به ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بیننه‌وه، پێویستمان بە سەرلەنوێ
کۆمەڵایەتییبوونەوەی خۆمان هەیە، به‌وەی خۆمان بەهێز بکەین، بەبێ ئەوەی
یاری زاڵبوون و ملکەچبوون بکه‌ین، بەوەی ئەوەی بەسەرمان دێت بگرینه ده‌ست،
به‌بێ کۆنترۆڵکردنی کەسانی دیکە. ناتوانرێت کارێکی وا بە هەڵبژاردنی که‌سانی
شیاو بۆ کارگێڕیی یا به په‌یڕه‌ویکردن له هێڵ و ڕێڕه‌وی پارتێک
ئەنجام بدرێت: هەروەها بە دانیشتن و بیرکردنەوە لە تاوانەکانمان ئەنجام
بدرێت. ئێمە بەخۆمان، خۆمان و دونیاکەمان سەرلەنوێ لە ڕێی
چالاکییەکانمانەوە، لە ڕێی سه‌رکه‌وتنە بچووکەکانمان و هەڵه و
سەرکەوتنە هەرە گچکەکانمانەوە، چێ دەکەینەوە. هەموو ئەمانە لە کاتێکدا
ڕوودەدەن، کە ئێمە به‌هێزتر و بەخۆمان پشتئەستووتر بین.
ئه‌گه‌ر ئانسێلما دێڵ ئۆلیۆ، ڕه‌خنه‌ی لە ئه‌زموونی کەسیی فێمینیسته
ڕادیکاله‌کان گرت، جورین چەند پرسیارێکی سەختی له‌مه‌ڕ پەیکەرەی
ڕێکخراوەیی ورووژاند. سەرکوتی بێ پەیکەرە10 [Structurelessness] نیشانی
ده‌دات، که هیچ گروپێکی بێ پەیکەرە ناتوانێت بوونی هه‌بێت و که‌سانێک
که ئه‌و پاگه‌نده‌یه ده‌که‌ن، خۆیان فریو ده‌ده‌ن. هه‌موو گروپه‌کان
پەیکەرەیان هه‌یه؛ جیاوازی له ئاشکرابوون و ئاشکرانەبوونیدایە. ئه‌گه‌ر
شاراوه بێت، دەستەبژی شاراوە بوونیان هه‌یه و گروپه‌که کۆنترۆڵ ده‌که‌ن
- هەروەها هه‌ریەک لە ڕابه‌ران و ڕابەرییکراوان، نکۆڵی له بوونی ئه‌و
کۆنترۆڵه دەکه‌ن یا به درۆی دەخه‌نه‌وه. بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو
گرفتەدا، پێویستە گروپه‌کان کراوە پێکبهێندرێن، پەیکەرەیان بۆ
دەستپێڕاگەییشتنی ئه‌ندامه‌تی ئاشکرا بێت.
به بۆچوونی من، هه‌ر فێمینیستێکی ئه‌نارکیست شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌کەی
ئەوی، تا ئەم خاڵە، لەوە بەولاوەتر نا، لا پەسەند دەبێت. چونکه به‌و
جۆره‌ی جورین وتی ''گروپه بێپەیکەرە بێڕابه‌ره‌کان» له کرداردا
ناتوانن واوه‌تر له قۆناخی قسه‌کردن، بەرەو کردەوە بڕۆن. نه‌ک ته‌نیا
کراوەنەبوونی پەیکەرەی گروپەکان، به‌ڵکو بچووکنه‌بوونیان و پێدانه‌گرتنیان
له سه‌ر بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری، ناکارای ده‌کردن.
جورین نه‌یگوت که گروپه‌کانی ژنان ده‌بێت پەیکەربەندییان به شێوه‌ی
قوچکەیی بێت. له ڕاستیدا، ئەو بانگه‌وازی بۆ رابه‌ری دەکرد، ئەوەی که
''نانێوه‌ندییانه، کێشهاتەنی، کراوه و کاتی'' بێت؛ بۆ ڕێکخراوگه‌لێک
بوو، که وەک وەڵامدانەوەی ڕێکخستن، دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان
زۆرێنه‌ی کەسەکان، نۆرەییوونی ئەرکەکان، هاوبه‌شیکردنی شاره‌زاییه‌کان
و بڵاکردنه‌وه‌ی زانیاری و سه‌رچاوه‌کان، بنیات بنرێن. گشت بنچینە
ڕێکخراوەییە باشه‌کانی ئه‌نارکیسته کۆمەڵگەرا (سۆشیالیستە)کان! به‌ڵام
نکۆڵیکردنی ئەو له‌مه‌ڕ ڕۆشنگه‌ری و حه‌زی ئەو بۆ ڕێکخراوه هەرێمی و
سه‌رتاسه‌رییە گه‌وره‌کان له بنه‌ڕه‌ته‌وه زۆر جەڕدراوانە بەشێک بوون
لە شێوازە کۆنەکانی ئەنجامدانی شتەکان و به شێوه‌یه‌کی نائاشکرا به‌ردوامی
پەیکەرەی قوچکەیی لە لا پەسەند بوو.
گروپه گه‌وره‌کان به شێوه‌یه‌ک ڕێکده‌خرێن، که ده‌سه‌ڵات و بڕیاردان
-به که‌مایه‌تییه‌ک ده‌سپێردرێن – هه‌ڵبه‌ته، مەگەر ئەوەی کەسێک قسه
له تۆڕێکی ئاسۆیی هاوئاهەنگ له هەرەوەزییە بچووکه‌کان بکات، ئەوەی کە
ئەو ناوی نەهێناوە. گروپێکی وه‌ک (NOW) بەشەست هه‌زار ئه‌ندامه‌وه له
ساڵی 1975دا، چۆن ده‌توانێت به‌و جۆره ئه‌رکەکان بە نۆرەیی هه‌ڵسوڕێنێت،
شاره‌زاییه‌کان هاوبه‌شیی بکات و مسۆگەر بکات، که هه‌موو زانیارییه‌کان
و سه‌رچاوه‌کان له‌به‌رده‌ستی هه‌موواندا بن؟ بەدڵنیاییەوە که
ناتوانێت. وه‌ها گروپگه‌لێک پێویستیان به سەرۆک و لێژنه‌یه‌کی به‌ڕێوه‌به‌رایەتی
و نووسینگه‌یه‌کی سەرتاسەری و ئه‌ندامه‌تییان هەیە، هه‌ندێک له ئه‌ندامه‌کان
لە گروپە خۆجێیەکاندان و هه‌ندێکی دیکەیان ئەندامی دابراو. هەژمارێکی
کەم لە گروپگه‌لی ئاوا، دێمۆکراتی ڕاستەخۆی زۆریان تێدایە و زۆر کەمیان
ئه‌ندامه‌کانیان فێری شێوازی نوێی کار و پەیوەندیگیری لەتەک یەکدی،
دەکەن.
کارایی داخاوییانە (ئەفسوسانە)ی سەرکوتی بێپەیکەرە ئەوە بوو، کە
ڕێکخراوە گەورەکان و پەیکەرەی فەرمی و کاری ڕاستەوخۆ (direct action)
سەرکەوتووانەی پێکەوەگرێ دا، به‌جۆرێک کە ئه‌و په‌یوه‌ندانه‌ی له هۆشی
زۆرێکدا جێگیر کرد. زۆرێک له ژنان پێیانوابوو، که بۆ خەبات دژی ستەمی
کۆمه‌ڵایه‌تی، بوونی ڕێکخراوێکی گه‌وره پێویسته و هه‌رچی گه‌وره‌تر
بێت، باشتره. وێناکردنەکە ئەوەیە هێز له به‌رامبه‌ر هێزدا بەرەنگاری
دەکات: به چەکی دژە ئاسمانی فیل ناکوژی و میرییه‌کی باوکسالاریش به
گروپێکی بچووک ناڕوخێت. بۆ ژنانێک که بەڵگەهێنانەوەی ''هه‌رچی گه‌وره‌تر
به‌کارتر'' په‌سه‌ند دەکه‌ن، هه‌ڵبژێری ڕێکخراوه‌ییان به گەورەیی
گروپگه‌لی لیبراڵی وه‌ک NOW یا ڕێکخراوه سۆشیالیستییه‌کان که
ڕێکخراوەی جەماوەردارن، سنووردار کراوە.
وەک لە زۆر شت‌دا، ئاوا بەرچاو دەکەوێت، کە لۆجیک هەڵەیە. ''ستەمی کۆمه‌ڵایه‌تی''
ئامرازێکە، توندڕەوییەکی ترسناک و گەوجکەرە، دەزگەیەکی ڕۆنراوە، به
شێوەیەکی فراوان لە واتادا، هەمان ستەمە کە بەسەر زۆرێکماندا ڕوودەدات
. به‌ڵام ئەوە گرنگ نییه، ستەمەکان تا چ ڕاده‌یه‌ک گشتگیر بن، یا تا چ
ڕاده‌یه‌ک شیاوی پێشبینی بن، به زۆری هه‌میشە له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه،
بەرامبەرمان دەکرێت - ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سە وەک نوێنەری دەوڵەت،
یا وەک ئەندامی نەژادی سەروەر، ڕەگەز یا چینێک دەستبەکار بێت. هێرشە
گەورەکانی پۆلیس بۆ سەر کۆبوونەوەی هێزە کەمەکانی ئێمە، تەنانەت
ئەفسەری پۆلیس یا سەرۆک (boss) یا هاوسه‌ر که بە ڕەگەزە پێشتر
زاڵکراوەکەیەوە یا ڕۆلە ده‌سه‌ڵاتگه‌رایانەکەیەوە لە ساتە
دیاریکراوەکانی ژیانی ڕۆژانه‌دا له‌ته‌ک ئێمه سه‌روکاری هه‌یه.
سەرکوتی ڕێکخراو (دەزگەییکراو) له پێوانەیەکی فراوانتردا بوونی هه‌یه،
به‌ڵام به ده‌گمه‌ن پێویستی بە هێڕشکردته‌سه‌ر له‌لایه‌ن گروپێکی گه‌وره‌وه
هەیە (له راستیدا به ده‌گمه‌ن ده‌توانرێت هێرشتی بکریێه سه‌ر).
تاکتیکه‌کانی جه‌نگی گەریلایی لەلایەن گروپە بچووکه‌کانەوە - هه‌ندێک
جار ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن تاکە که‌سێکه‌وه - له‌م باره‌وه زۆر بە
جوانی تۆڵە دەکەنەوە.
کاراییه‌کی نه‌خواستراوی دیکەی ئاوەزی سەرکوتی بێپەیکەرە، دانەدان (تغژیە)
بوو بە ئه‌نارکیسته کڵێشه‌ییه‌کان stereotypes (خه‌ڵکی تا برسی نه‌بێت،
هیچ قوت نادات). ( بێگومان، لە باری ئاسایی‌دا خه‌ڵکی تا برسی نه‌بێت،
هیچ قوت نادات.)، له ڕاستیدا سۆشیال ئه‌نارکیسته‌کان دژی پەیکەرە (
structure) نین: ته‌نانه‌ت دژی ڕابه‌ریش نین، به‌مه‌رجێک هیچ بەرتەری و
پاداشتێک له ئارادا نه‌بێت،کاتیی بێت، سنووردار بێت، بۆ ئه‌رکێکی
دیاریکراو بێت. سەرەڕای ئەوەش، ئه‌نارکیستەکان که‌سانێکن، کە ده‌یانه‌وێت
پێکهاتەی قوچکەیی هەڵوەشیننەوە، به زۆری هەمیشە کلێشه‌یی بوون، که
هیچ پەیکەرەیەکیان ناوێت. به‌داخه‌وه ژنانی ئه‌نارکیست بە
بێسەرەوەبەرەیی دەستەیەک، کە بەبێ ئاراسته‌ی دیاریکراو ده‌ڕۆن، وێنا
کراون. بۆ نموونه له ساڵی 1976دا، کوێست «Quest» چەند پەرەگرافێکی لە
هه‌ڤپه‌یڤینێک، کە له‌ته‌ک شا‌رلۆت ببەنج «Charlott Bunch» و بێڤێرلی
فیشه‌ر «Beverly Fisher» تۆڕی ڕادیۆیی فێمینیست له ساڵی 1972 دا ئه‌نجامی
دابوو، دووباره بڵاوی کرده‌وه. بە شێوەیەک، کە سه‌رنجراکیشترین به‌شی
هه‌ڤپه‌یڤینه‌که ئه‌وه بوو، که دەرهێنەرانی کوێست هه‌ستیان کرد، که
هێشتاکه له ساڵی 1976دا پرسەکان بابه‌تی ڕۆژن. 11 (“ئێمه هه‌مان
تێکشکانی ڕابه‌ری و پیاهەڵدانی بێپەیکەرەیی پێنج ساڵ له‌وه‌وبه‌ر
دەبینین” ل. 13). به‌ڵام ئه‌وه‌ی که بەنج Bunch لەو بارەوە له‌و سه‌رده‌مه‌دا
وتی، زۆر سه‌رنجڕاکێشیش بوو: بەپێی قسەکانی ئەو، پێداگرتن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری
گرفتی پەیکەرە و ڕابه‌ری “ئارەزوویەکی به‌هێزی ئه‌نارکیستی،
ئارەزوویەکی باش بوو، به‌ڵام ناکه‌تواری (ناواقیعی) بوو” (ل. 4). ئه‌نارکیستانێک
که خەریکە بە ''ناکه‌تواربین'' ناو ببرێن، تێده‌گه‌ن که ناکه‌توارییبوونەکە
سەراپا له‌و گرفتانەدایە، که بزاڤی ژنان له خۆڕێکخستنی خۆیدا له‌ته‌کیان
ڕووبه‌ڕوو بووە: گرفتەکانی ڕابه‌رایەتی شاراوە، گرفته‌کانی هه‌بوونی ''ڕابه‌رەکان''
کە لەلایەن ڕاگه‌یانده‌کانەوە دەسەپێندرێن، دژواری پەیوەندیگرتن لەتەک
ژنانێکی هۆگر، به‌ڵام ناوابەستە (غیر ملتزم)، لە زۆری نوێنەرایەتی ژنان
چینی نێوه‌نجیدا، که کاتی زۆریان بەدەستەوە هەبوو، گرفتی بێ فۆرمی
بزاڤه‌که، گرفتی که‌مبوونی گروپه‌کانی کار، که ژنان ده‌یانتوانی پێوه‌یان
په‌یوه‌ست بن، گرفتی دژایه‌تی له‌ته‌ک ژنانێک که حەزیان دەکرد خۆیان
وه‌ک ڕابه‌ر یا پێشڕه‌و نیشان بده‌ن. تۆمه‌تنامه‌یه‌کی قورس! تاکو
هەنووکە ئه‌م گرفتە زۆر کەتوارییانە، نه ئه‌نارکیزم بووته هۆی
سەرهەڵدانیان، نه له‌لایه‌ن پێشڕەوایەتییەوەAvantgardism یا
ریفۆرمیزمه‌وه چارەسەر نەکراون. بە لێدانی له‌زگه‌ی ''ئه‌نارکیزم'' له
گرفتە ڕێکخراوه‌ییەکان، فێمینیستەکان چاوپۆشی‌یان لە سوونەتە
(tradition) دەوڵەمەندەکانی ئه‌نارکیزم کردووه ، ئەمە له کاتێکدا، کە
هاوکات چارەسەرگەلێک پێشنیار دەکەن که ئه‌نارکیستین- هه‌رچه‌نده له
رواڵه‌تدا وا دەردەکەوێت کە نازانن -. بەنج و فیشه‌ر شێوەیەک (مۆدێلێک)
له ڕابه‌رایەتیان هێناوه‌ته پێشه‌وه، که تێیدا هه‌موو که‌سێک له
بڕیارداندا به‌شداره و ڕابه‌رایەتی بۆ بارێکی دیاریکراو
دەستنیشانکراوە و لە ڕووی کاتەوە سنوودارە. فیشه‌ر له‌سەر ''ڕابه‌رایەتی
قوچکەیی که له‌به‌رامبه‌ر ئه‌ندامگیری فراواندا وه‌ڵامده‌ره‌وه نییه»ڕه‌خنه
لە «NOW» ده‌گرێت (p. 9)، هەروا بەنچ ڕوونی دەکاتەوە: ''ڕبه‌رایەتی
واته که‌سەکان دەستپێشخەری دەکەن، کاروبارەکان دەگرنە ئەستۆ، بۆ
دەستپێکردنی شتێک بۆچوون و وێناکردنیان هه‌یه، هەروەها لە بواری
جۆراوجۆردا شاره‌زایییان نیشاندەدەن» (ل.8) چۆن پێشنیار دەکەن، ئێمە
بەر بگرین لە بێده‌نگی ژنان له چوارچێوەی تێگەیشتنە هه‌ڵه‌کاندا لە یه‌کسانیخوازی؟
''ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ک که ژنان ده‌توانن هێنانه‌خواره‌وه‌ی ژنانێک که به‌هێزن،
ڕابگرن، ئه‌وه‌یه که خۆیان به‌هێز بکه‌ن» (ل.12). یا به‌و جۆره‌ی که
پێشتر وتمان کەسانی به‌هێز، پێویستیان به ڕابه‌ر نییه.'' بۆ پێشه‌وه!
________________________________________________________________
پەراوێز:
7. Lilith's Manifesto، from the Women's Majority Union of Seattle،
1969. Reprinted in Robin Morgan (ed.)، Sisterhood is Powerful. N.Y.:
Random House، 1970، p.529.
8. The best and most detailed description of the parallels between
radical feminism and anarchist feminism is found in Kornegger، op
cit.
9. The speech is currently available from KNOW، Inc.
10. The Second Wave، 2:1، 1972.
11. "What Future for Leadership?"، Quest، 2:4، Spring 1976، pp.2-13.
بۆ خوێندنەوەی
سەرچاوە ئینگلیزییەکەی:
http://www.anarcha.org/sallydarity/CarolEhrlich.htm
ئەم بابەتە لە سایتی (خوشە) وەرگیراوە و
بەداخەوە چەند ساڵە لە ئارادا نەماوە.
ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن
|