په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٨\٢٠١١

سۆشیالیزم، ئەنارکیزم و فێمینیزم.

 

کارۆڵ ئیرڵیک - Carol Ehrlich                                                                                             و. لە فارسییەوە هەژێن

- بەشی سێشه‌م -


بارگەرایی* (Situationism) و ئانارکۆ - فێمینیزم.
 

گۆڕینی جیهان و ئاڵوگۆڕی پێکهاته‌ی ژیان یەکن و هەمان شتن.12
که‌سایەتی بۆخۆی ڕامیارییە.13


ئەنارکیسته‌کان ڕاهاتوون لەتەک گوێراگرتن له‌وەی گوایە ڕوانگه‌یه‌کیان نییە، که‌ بتوانێت له‌ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌ی نوێدا یارمەتیدەر بێت. له‌ باشترین باردا، ڕەخنەگرانیان بەڕێزەوە دەڵێن ئەنارکیزم پێمان ده‌ڵێت، که‌ چی نه‌که‌ین. بواری بیروکراسی یا دەسەڵاتی قوچکەیی (hierarchical authority) نەدەن ، مۆڵەت به‌ پارتە پێشڕه‌وه‌کان نەدەن، تا بڕیارەکان لە بری ئێوە بدەن، من پێشێل مەکە، هیچکه‌س پێشێل مەکە. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م ڕوانگه‌یه، ئەنارکیزم بە هیچ شێوەیەک تیئۆری نییە. به‌ڵکو بریتییە لە کۆمه‌ڵه‌ پراکتیکێکی وریاگەراوانە (زەنگدەرانە)، دەنگی ویژدانی ئازادیخواز - هه‌رده‌م ئایدیالیست، هه‌ندێک کات که‌مێک بێبەزەیی و جار جار فره‌تر نابه‌جێ، به‌ڵام یادهێنەرەوه‌ییه‌کی پێویست.

له‌م ورده‌گیرییه‌دا زۆر کرۆکی ڕاستیی هەن. به‌ هه‌مان شێوه‌، له‌ هزری ئەنارکیستیدا جۆری زۆر بوونیان هه‌یه‌، که‌ دەتوانن چوارچێوه‌ی تیئۆری بۆ لێکدانەوەی جیهان و ده‌ستبەکاربوون بۆ گۆڕینی ده‌سته‌به‌ر ده‌کەن. لەوانەیە بۆ فێمینیسته‌ ڕادیکاڵه‌کان، ئەوانەی کە دەیانه‌وێت “هه‌نگاو بۆ پەرەپێدانی تیئۆری خۆ-هوشیاری'' 14 بنێن، له‌ بارگەراییدا وزه‌یه‌کی به‌هێز به‌ده‌ست دێنن.

گرنگی بارگەرایی (Situationism) بۆ لێکدانه‌وه‌یه‌کی ئەنارکۆ- فێمینیستی ئه‌وه‌یه‌، که‌ هوشیاری سۆسیالیستی لەمەڕ سەروەریی سەرکەوتگەری سه‌رمایه‌داری و پێداگری ئەنارکیستی له‌سه‌ر گۆرانی سه‌راپای کۆمه‌ڵگه‌ و ژیانی تایبەتی و جڤاکی پێکەوە کۆدەکاتەوە. ئەم خاڵە له‌مه‌ڕ سەرکوتگەریی سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ گرنگی هه‌یه‌: زۆر جار ئاوا نیشان دراوە، کە ئەنارکیسته‌کان له‌وە بەئاگا نین، کە سیسته‌می ئابووری زۆرینەی خەڵک بەهرەکێشی دەکات. به‌لام زۆرینەی سۆشیالیسته‌کان ( به‌تایبه‌ت مارکسیسته‌کان) لە ئاستی ئەو ڕاستییەدا نابینان، که‌ خه‌ڵکی له‌ هه‌موو بوارەکانی ژیانیاندا دەچەوسێندرێنەوە؛ کار، به‌سه‌ربردنی کاته‌کانی دەستبەتاڵی، کولتوور، په‌یوه‌ندییه‌ که‌سییه‌کان و هیتر و هیتریش. ئەوە ته‌نیا ئەنارکیسته‌کانن پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرن، که‌ خه‌ڵکی دەبێت به‌خۆی هه‌لومه‌رجی ژیانی خۆی بگۆڕێت – کەس ناتوانێت ئەمەی ئەنجام بدات. نه‌ پارت و نە سەندیکا و نە “ڕێکخەرەکان”، نه‌ لەلایەن هیچکه‌سی دیکه‌وه‌، ناتوانرێت ئەنجام بدرێت.

دوو چه‌مکی بنه‌ڕه‌تی بارگەرایی بریتین لە ''کاڵا-commodity'' و ''خستنه‌ڕوو- spectacle ''ن. سه‌رمایه‌داری گشت په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی گۆڕیون بە په‌یوه‌ندی کالایی. بازار بەسەر هەموویاندا زاڵە. کەسەکان تەنیا بەرهەمهێنەر و بەکاربەر نین بە واتا ئابوورییە بەرتەسکەکەی، بەڵکو زۆرێک لە پێکهاتەی ژیانی ڕۆژانەیان لەسەر بنچینەی پەیوەندی کاڵایی دامەزراون. کۆمه‌ڵگه‌ بەکاربەرە وەک گشتێک- کۆمه‌ڵێک لە په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییەکان و پێکهاته‌کانیان، بەرهەمی سەرەکی ئابووری کاڵایین.15 ئەمە بە ناچاری نەک تەنیا خەڵکی لە کارەکەی، بەڵکو لەتەک سەراپای ژیانی نامۆ کردووە؛ بەهۆی بەکاربەریی (بە کاڵاکردنی) په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانەوە، تاک بووەتە بینه‌رێکی ناکارای ژیانی خۆی. به‌م جۆرە، خستنه‌ڕوو، کولتووره‌، که‌ له‌ ئابووری کاڵاییەوە هەڵدەقوڵێت - شانۆکە ئامادەکراوە، ڕۆڵه‌کان دەگێڕدرێن، چه‌پڵه‌ لێده‌ده‌ین، کاتێک پێمانوایە کە خۆشحاڵین، دەم دادەڕین، کاتێک پێمانوایە که‌ وەڕسین، به‌لام ناتوانین لە شانۆکە بچینە دەرەوە. چونکه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شانۆکه‌، جیهانێکی دیکە نییە، تا بۆی بچین.

له‌م دواییانه‌دا، سەرەرای ئەوەش، خەریکە شانۆی ‌کۆمه‌ڵایه‌تی دەستی بە داڕوخان کردووە و بەو جۆرە ئەگەری توانای بنیاتنانی جیهانێکی دیکە له‌ ده‌ره‌وه‌ی شانۆکه‌ بوونی هه‌یه‌ - ئه‌م جاره‌، دونیایه‌کی کەتواری، دونیایەک که‌ تێیدا هه‌ر یه‌ک له‌ ئێمه‌ ڕاستەوخۆ وەک بکەرێک (subject) بەشداری تێدا بکات، نەک وه‌ک بەرکارێک (object). ده‌ربڕینی بارگەرایی (situationist) بۆ ئه‌م ئەگەرە ''نۆژەکردنه‌وه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌''یە.

چۆن ژیانی ڕۆژانه‌ نۆژەن دەکرێته‌وه‌؟ به‌ ئافراندنی بارودۆخگەلێک، کە ئەوەی وەک سیستەمی سروشتی شته‌کان دەردەکەوێت، تێکدەدات – ئەو بارودۆخانەی کە مرۆڤەکان لەنێو شێوازە خوپێوەگرتووەکانی بیرکردنەوە و رەفتاکردن دەهێنێتە ده‌ره‌وه‌. کەسەکان ته‌نیا له‌و باره‌دا توانای ئەنجامدانی ئەوەیان هەیە، تێکدانی شانۆ ساختەکە و ئابووری کاڵایی – واتە لەناوبردنی سەرمایەداری بە هەموو شێوەکانییەوە. ته‌نیا له‌و بارەدا دەتوانن، ژیانی ئازاد و دوور لە نامۆیی چێ بکه‌ن.

یەکانگیری (وێکهاتنەوەی) تیئۆری ئه‌نارکیزمی کۆمەڵگەرا له‌ته‌ک فێمینیزمی ڕادیکاڵ، لەسەر ئەم چالاکییە سه‌رنجڕکێشه‌. چه‌مکی کاڵا و خستنه‌ڕوو به‌ دیاریکراوی لە ژیانی ژناندا دەگونجێت. له‌ ڕاستیدا زۆرێک له‌ فێمینیسته‌ ڕادیکاڵه‌کان بە دوورودرێژی و وردەکارییەوە ئەمەیان ڕوون کردووە، بەبێ ئەوەی بیخەنە چوارچێوەی بارگەراییەوەSituationist 16 . بۆ شیکردنەوەی قوڵ و نیشاندانی ستەمکاریی لە ژنان وه‌ک بەشێکی ئۆرگانیک لە کۆمه‌ڵگه‌ وه‌ک گشتێک، مەرج نییە ژنان سەر بە چین و توێژی کۆمەڵایەتی دیاریکراو بن. ستەم له‌سه‌ر ژنان وەک بەشێک له‌ ستەم بەگشتی له‌ سه‌ر هەموو خەڵک بەهۆی ئابووری سه‌رمایه‌دارییەوەیە، به‌ڵام که‌متر له‌ ستەم لەوانی دیکە نییه‌. بەپێچەوانەی – ڕوانگه‌ی بارگەراکانەوەSituationist –، بۆ ئەوەی چەوساوە بیت، پێویست نییە بەشێکی دیاریکراوی ژنان بیت؛ بۆ ئەوەی ستەم لێکراو ناو ببرێیت، پێویست نییە بەشێک بیت لە پرۆلیتاریا، بە شێوەی پیشەیی، وەک کرێکاری پیشه‌سازی، یا وەک که‌سێک ناسەربەخۆی ئابووریی بیت. ئه‌نگۆ پێویستان بەوە نییە، که‌ بەتامەزرۆیی چاوه‌ڕێی مانیفێستی سۆشیالیسته‌کان بمێننه‌وه‌، تا دیکته‌تان پێ بکه‌ن، کە لێهاتوویتان هه‌یه‌؛ وه‌ک کابانی ماڵ (بارهێنانه‌وه‌ی نه‌وه‌یه‌کی دیکە له‌ کرێکاران)، وه‌ک کرێکارێکی نووسینگه‌، وه‌ک خوێندکارێک یا فەرمانبەرێکی مامناوه‌ندیی ده‌وڵه‌ت ( بۆ ئەوەی به‌شێک بیت له‌ ''چینی کرێکاری نوێ''). ئه‌نگۆ پێویستان بەوە نییە، به‌شێک بن له‌ جیهانی سێیه‌م، یا هاوڕەگەزباز یا ژنێکی به‌سالاچوو یا وەرگری کۆمەکی کۆمەڵایەتی بن. هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ له‌ ئابووری کاڵاییدا به‌رکارن (objects)؛ هه‌موویان بینەرانی ناکارای -شانۆکەن. ئه‌وە ئاشکرایە، کە ژنان له‌ هه‌ندێک باردا بەبەراورد بە ژنانی دیکە له‌ ڕێوشوێنی زۆر خراپتردان، به‌ڵام، لە هەمان کاتدا هیچ کامیان له‌ هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانیاندا ئازاد نین.
________________________________________________________
* Situationism ، بەداخەوە لەبەر جێکەوتەنەبوونی ئەم واژەیە لە زمانی کوردیدا و نەبوونی هاوواتای کوردیی واژەکە، ناجاربووم ئەم واژەیە پێشنیار بکەم بارگەرا، چونکە خودی واژەی (Situation) بە واتای : ڕێوشوێن، بابەت، بار، هەڵکەوتەی بار (موقع، موچوع، حالە، وچع) دێت و لەم بارەدا لە زمانی فارسیدا بە (موقعیت‌باوری) وەرگێڕدراوە. کە لە کوردییەکەیدا دەکاتە (باوەڕداریی بە دەستبەکاربوون لە کات و وشوێنی خۆیدا =بارگەرایی).


پەرواێز:

12. Strasbourg Situationists، Once the Universities Were Respected، 1968، p.38. 13. Carol Hanisch، "The Personal is Political"، Notes from the Second Year. N.Y.: Radical Feminism، 1970، pp. 76-78.
14. Leighton، op cit.
15. Point-Blank!، "The Changing of the Guard"، in Point-Blank، October 1972، p.16.
16. For one of the most illuminating of these early analyses، see Meredith Tax، "Woman and Her Mind: The Story of Everyday Life"، Boston: Bread and Roses Publication، 1970.


ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک