١٥\٨\٢٠٢٤ سۆز .
دارا خونچە لە چلچرای چاوانتەوە چرۆدەکەم چۆڕ چۆڕ وە چڕیی دادەچۆڕێم لەبەر چۆڕاوگەی چۆمانت ١ دادەچەمێم! چەند بالکێشە کە دەزانی ٢ گوڵ لە کنە من ئیدی گوڵەو پڕمدەکا لە هەرچی جوانیی کە هەیە! هەر هۆزانێ هەر دیوانێ هەر رۆمانێ لە راژەی واژەی گوڵاندا بمورژێنێ ٣ ئەز سەر سەر و سەرچاوانم وە چاوچوقان واژۆی دەکەم! ٤ خونچەکانیش هەر مەپرسە چم پێدەکەن! ٥ کوو وەک چرایێ پێمدەکەن! ئاخر ئەوان بەو حەمکە جوانیی و ناسکییەوە ٦ دەستبەرداری راز و ناز و نیازی ناوازەی خۆ دەبن ''واو''ێ بزۆز دەخزێننە نێو ٧ ''گاف و ڵام''ێ ''گوڵ'' بەو پڕییەوە چێدەکەن! ئێ خۆ ئەتووش.. ئەز دڵنیام هەر وە هەمان هاوکێشەوە بەچەیێ بووی چوون خونچەیێ ٨، ٩ ئێستا سۆزێ پڕ لە ورشەی تک تک جوانییت لێدەچۆڕێ وەک هەر گوڵ و گوڵاڵەیێ! بۆنوبەرامەت دەپڕژێ! لە چلچرای چاوانتەوە چرۆدەکەم چۆڕ چۆڕ وە چڕیی دادەچۆڕێم لەبەر چۆڕاوگەی چۆمانت نێرگز ئاسا دادەچەمێم! ١٠ __________________________________________ ١- چۆم: چەم، جۆم، رووبار. ٢- بالکێش: سەرنجڕاکێش، دڵفێڕێن. ٣- واژە: وشە، دەستەواژە، پەیڤ، گوزارشت. ٤- چاوچوقان: چاونوقان، چاوداخستن، چاوخستنەسەریەک. ٥- چ: چی (چم = چیم). ٦- حەمکە: زۆر، هەموو، گشت، خڕ. ٧- بزۆز: بزێو، بزوێن، وە جوولە. ٨- بەچە: بەچکە، منداڵ، ساوا، بێچوو، زارۆ. ٩- چوون: وەک، وەکو، مینا. (چوون لە وشەی ''وێکچوون یان پێکچوون'' چێبووە و زۆر جودایە لە ''چون'' کە لە ''چونکە'' چێبووە، لێ وە داخەوە کەم نووسەر هەن لە یەکیان جودا بکاتەوە وە تایبەتییش ئەوانەی لە زمان کۆلەوارن وە تایبەتییتریش ئەوانەی وە کاغەزەکی بێ نێوەرۆک بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرایان لە زمان هەیە و جوایەزیی لە نێوان ''ی'' و ''یی'' هەروا ''و'' و ''وو'' ناکەن!). ١٠- نێرگز: ئەو ئەفسانە نەرێنییەی گوڵی نێرگز وە کەسی خۆپەرست و لەخۆڕازیی دەچووێنی زۆر دوورە لە راستیی؛ گوایە ئەو گوڵە لەبەرئەوەی وە جوانیی خۆی سەرسامە و زۆر لەخۆڕازیی و خۆپەرستە هەر خەریکی خۆداچەماندنە تا وێنەی خۆی لە نێو ئاو ببینی! هەڵبەتە زانست فشەی بەو تێڕوانینە دێ و ئەوە سروشی نێرگز خۆیەتی کە خۆی دادەچەمێنی. تا ئێستا مرۆڤ زۆر ستەمگەر و نیاز خراپە بەرانبەر رووەک و ئاژەڵ و گشت ژینگە، دەکرێ کەسانی پێشڤەڕۆ و ژینگەدۆست وە شێوەیەکی ئەرێنیی تێڕوانینی ئەفسانەیی بەو جۆرە لەسەر ئەو گوڵە چێبکەن؛ خۆ داچەماندنی نێرگز لە پێناو ئەوەیە تا سۆز و خۆشەویستیی لە بەرانبەر ئاو بنوێنی کە پەروەردەی کردیە و بێ ئەو هەرگیز ژیانی نەدەبوو!
نێوەڕاستی ئابی ٢٠٢٤ - لەندەن
|