په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠٢٤

    سۆز یبەر یی!١

دارا خونچە

‎ئەز بەها.. وە دەم.. وە جەم ٢

‎              وە جێ.. وە رێ دەبەخشم

‎چون دەمێکە هەر واتا ٣

‎         وە دایسانی دەمولێوە رۆشنەکان ٤

‎            دەمودووە ئاورینەکان دەدەم. ٥، ٦

‎ئەوانژی ٧

‎   دەمهەراش و دەمەوەر ٨، ٩

‎         هەردەم دەمدەمیین ١٠

‎         دەماودەم لە سەردەم لەسەر دەم ١١

‎                              دادەمرن!

‎نەمگەرەکە یارۆکەی خۆم ١٢

‎         لە دەم دەمێ هەدابدا ١٣

‎         بێ سێ و دوو.. هەر دەمودەست

‎                وە تەنیا ماچێ گیانبدا!

‎دەمگەلێ هەن بێ جێدەم ١٤، ١٥

‎     لە ماچ دەموجەمیان نییە ١٦

            رایانمووسن یان رامووسن

‎            لە نوچدان یان لە عینگدان ١٧، ١٨

‎                      بێ جێ.. بێ رێ

‎                        هەر چێژدەبەن!

‎ئەو دەمانەی.. لەو دەمانەی

‎سەردەمی وەیە سەربدەن.. سەرهەڵبدەن ١٩

‎ زوو هەڵوەدا و سەوداسەری خۆیان دەبن ٢٠، ٢١

    وە ئاماژەی ئەو پەنجانەی

‎    تەنێ ختووکان دەناسن ٢٢

‎    تەنێ میتکان.. لاملی چووکان ٢٣، ٢٤

              دەورژێنن

              ‎لەبەردەمیاندا چۆكدەدەن

‎                        جا سۆزدەدەن!

‎ئەز تاتایێ بەها.. واتا ٢٥

‎        وە دەم.. وە جێ

‎               وە جەم.. وە رێ دەبەخشم

‎           دەمنادەمێش

‎           یەک ماچی تەڕ و پڕ وە دەم

‎              لەسەر دەمی یار دەمدەدەم ٢٦

   لێ هەرگیز ناشێ ملبدەم ٢٧

   لە بەردەمی سەرگوزشتە و سەربرداندا

                             دابچەمێم!

   لە دوڕ ئاوری یادەوەریی و سۆزیبەریی ٢٨

                          هەڵکڕووزێم!

______________________________________________

١- سۆزیبەریی: سۆزی بەریی، سۆز لۆ پێشان، رابردییخواز، گەڕانەوە لۆ مێژوو و ئەو سەرهات و سەربردانەی کە لە یادەوەریی هەر کەسەک هەن جا چ وەک نازپێوەکردن و چێژلێدیتنیان چ وەک سۆزداریی و غەم و حەسرەت لە بەرانبەریان. (نۆستالژیا).

٢- وە: بە.

٣- چون: چونکە، چونکێ، لەبەرئەوەی، لەبەرهەندێ.

٤- دایسان: داگیرسان، ئاورگرتن، پێبوون، ئاورتێبەربوون، ئاگرکەوتنەوە.

٥- دەمودوو: دەمولفت، گفتوگۆ، گفتولفت، دوان، ئاخڤین 

٦- ئاورین: ئاگرین - ئاگراویی، ئاورین - ئاوراویی، ئاورینگ.

٧- ئەوانژی: ئەوانیش.

٨- دەمهەراش: هەر تشتەک دەبێژی، هیچ تشتەک لە دەو ''دەم''ی راناوەستی، وە دەنگەگەدەنگ و هەراوهۆریا و زۆرگۆ.

٩- دەمەوەر: زۆربڵێ، زۆرگۆ، هەڵەوەڕ، چەنەباز، زۆروەڕ، چەنەدرێژ، دەمدرێژیی، زماندرێژ.

١٠- دەمدەمیی: جارجارە، ناوەناوە، دەمنادەم، تاوتاو، راڕا، شەتوپەت، بێسەروبەر، جینگز، جینگەنە.

١١- دەماودەم: لێرە وە واتای وەسەردەوداکەتن یان وەسەرڕووداکەتن دێ. واتای گەیشتن یان بڵاوبوونەوەی ئاخافتنەک لە دەوەکەوە لۆ دەوەکی دیکەش دەدا.

١٢- نەمگەرەکە: نامەوێ، پێویستم نییە، ناخوازم، ناخازم.

١٣- هەدا: هەدادان، ئارامگرتن، ئۆقرەگرتن، مۆڵەتدان، هێوربوونەوە، هێدیبوون، بێدەنگبوون، متبوون.

١٤- دەمگەل: لێرە وە واتای کۆمەڵە دەم ''دەو''ەک دێ. واتای کۆمەڵە کاتەکیش دەدا.

١٥- جێدەم: شوێنکات، جێ و دەم. وە واتای جێی دەم ''جێی دەو''یش دێ.

١٦- دەموجەم: هەمیشە، هەرکات، هەردەم، ''دەموجەمی نییە لە خواردن، واتە هەردەمەک لۆی بگونجێ دەخوا''.

١٧- نوچدان: خۆ خوارکردنەوە یان خۆچەماندن لۆ گان یان هەر کار و بارەک، خۆلارکردنەوە، خۆخستنەسەرچۆک، کڕنۆشبردن.

١٨- عینگدان: چەندبارەکردنەوەی خۆبردنەپێش و خۆبردنەپاشی نێر یان مێ وە مەبەستی گانکردن.

١٩- وەیە: ئەوەیە.

٢٠- هەڵوەدا: گەڕان لەدوو ئارامنجەک بێ ئەوەی هیچ کیشە و گرفتەک لەبەرچاوبگری، تاربووون، تەرەبوون، دەربەدەربوون.

٢١- سەوداسەر: کەڵکەڵە کەتنە سەر، ئەوداڵ، دێوانەیی، دینبوون، ماخولیا.

٢٢- تەنێ: تنێ، بەتەنێ، تەنیا، تەنها.

٢٣- میتکە: قیتکە، دەمار و پارچگۆشتەکی گچکەیە لە سەرێی قوزی ژن کە لە کاتی ئارەزووی گانکردنی ژن رەپدەبی و وە لێخشاندنی کیر یان پەنجە ژنەکە دەگاتە ترۆپکی چێژوەرگرتن و گانکردنەکەی کۆتایی دێ.

٢٤- چووک: کیر. لاملی چووک ئەو بەشەی خوار سەری کیری پیاوە کە لە کاتی رەپبوون وە لێخشاندن دەگاتە ترۆپکی چێژوەرگرتن و گاکردنەکەی کۆتایی دێ.

٢٥- تاتایێ: هەتاهەتایێ، تاسەر، بێکۆتایی، هەمیشەیی، جاویدان.

٢٦- دەمدان: کردنەوە و خۆشکردنی ئاور، دەمدانی ئاوردان یان کوورە، کرانەوە و گەشانەوەی خونچە و گوڵ. دەمدانەوە یان قلیشانی مێوە، دەمدانی چا، دەمدانەوەی برین.

٢٧- ملدان: دەستبەرداربوون لۆ کەسەک یان بارودۆخ و کارەک، خۆڕادەستکردن، وازهینان، لێگەڕان، کشانەوە، نزمکێشان، ملکەچبوون.

٢٨- دوڕ: هندوڕ ناو، نێو، ناخ، قۆڵایی زۆری هەر تشتەک.

 

لە نێوان هەولێر و لەندەن - ٢٢\١٠\٢٠٢٤

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک