په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٦\٢\٢٠٢٠

سوکایەتی بە ژنان چ کەلتورێکە؟


گۆنا سه‌عید و ئاسۆ کەمال           


مەلا مەزهەر و مەلا هەڵۆ و مەلاکانی هاوشیوەیەیان سوکایەتی بەژنان بە کارێکی ئاسایی دەزانن ،چونکە بەپێی کەلتوری ئیسلامی ژنان پلەیەکی نزمیان هەیە و جەندین ئایەت و حەدیسیان هەیە کە ژنان بە ئینسانی کامڵ نازانێ و هەمان پلەوپایە و مافیان نیە کە پیاوان هەیەتی.

بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەی ئەم کەسانە دەتوانن بە ئاسانی لە کوردستاندا سوکایەتی بکەن ، جگە لە کۆنەپەرستی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی لە پاراستنی سیستەمی پیاوسالاری و عەشیرەتگەری و یاسای فرەژنی و پشت بەستن بە شەریعەتی ئیسلامی، سەرچاوەکەی لە مانەوەی کەلتوری کۆمەڵگەی کوردستانە لە سایەی کەلتورێکی ئیسلامی و خۆپارێزدا.

شەریعەت و یاسا ئیسلامیەکان لەگەڵ کۆمەڵێک دابونەریت و هەست و نەستی گشتی کە ژن بە چاوێکی کەم سەیر دەکا و جیاکاری بەرامبەر بەژنان لەباری کۆمەڵایەتیدا قبوڵ کراوە و ئەمە بوەتە ئەو کەلتور و فەرهەنگ و زانیاریانەی کە زۆربەی کۆمەڵگە هەیانە دەربارەی ژن.

هەربۆیە هەرچەند چینی دەسەڵاتدار و پارتی و یەکێتی لە سێ دەیەی دەسەڵاتیاندا ئەم کەلتورە پیاوسالاری و دژی ژنەیان پاراستوە و گەشەیان پێ داوە، بەڵام کەلتور و دابونەریت لەبەر ڕیشەی مێژووییان لای خەڵکیش دەپارێزرێ و هەربۆیە دەبینین زۆربەی پیاوان و بەشێکی زۆری ژنانیش بەرگری دەکەن لەوەی ئەم کەلتورەیان بمێنێتەوە.

مانەوەی ئەم کەلتورە دواکەتوانە لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا فرسەتی بە مەلا و ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتیش داوە کە هێرش و سوکایەتی بۆسەرژنان بکەنە کارێک کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا دژ بەژنان ئاسایی بکرێتەوە.

هاتنە مەیدانی ژنان و پیاوانیکی ئازادیخواز لەدژی مەلا مەزهەر و ڕاپێچکردنی بۆ دادگا و خستنە قەفەسی تاوانباریەوە کارێکە دژی کەلتوری زاڵی کۆمەڵگە ، هەربۆیە دەبینین کە مەلا مەزهەر بە پشتیوانی لایەنە کۆنەپرستەکانی هەولێر دەتوانێ خەڵک کۆبکاتەوە کە پارێزگاری لە سوکایەتی بەژنان و فرەژنی بکەن بە ئاشکرا.

بێ دەنگی بەشێکی زۆری کۆمەڵگە بە بیانوی جۆراوجۆری وەک ئەوەی ئێستا کاتی مەسەلەی ژن نیە و ئەمە بۆ لەبیربردنەوەی ناڕەزایەتیە بە دەسەڵات، یاخود ئەوەی شکات و دادگایی تەنیا مەلایەک سودی نیە و ئەوە مەلا گەورە دەکات و بیانوی ئەوەی ڕێکخراوەکانی ژنان گەندەڵیان تێدایە، یاخود دادگا گرنگ نیە و هیچی پێ ناکرێ، ئەمانە هەمووی نیشانی دەدا کە کەلتوری سوکایەتی بەژنان و ترس لە گۆڕینی ئەم کەلتورە ئەوەندە بەهێزە کە هەر ناڕەزایەتیەکی ڕەوا و پێشکەوتوانە دەخرێتەژێر پرسیارەوە تاکو لە بەرپرسیارێتی بەشداری لە گۆڕینی کەلتوری دواکەتوانەی دژی ژن خۆبدزنەوە.

ژنان و پیاوانێکی ئازا و جەسور کە نوێنەرانی کەلتوری سوکایەتی بەژنان ڕاپێچی دادگا دەکەن ، کارێکی گرنگ دەکەن بۆ تێکشکاندنی کەلتوری سوکایەتی بەژنان و ئەمە بەشێکی لە خەباتێکی ئاشکرا دژی کەلتوری زاڵی کۆمەڵگە. بێگومان هەر ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ لە شوێنە گشتیەکانیشدا کۆڕوکۆبونەوە بگرێ و بانگەشە بۆ ئازادی و یەکسانی ژنان بکا.

هاتنە مەیدانی ئەم ژن و ڕیكخراوانەیان دژی سوکایەتی و فرەژنی درێژەی ئەو هەوڵانەیە کە بزوتنەوەی ژنان لە سێ دەیە دژی کوشتنی ژنان لە کوردستان دەیکەن. بەشێکی ڕیکخراوەکانی ژنان بەردەوام خەریکی پاراستنی ژنان بون لە شێلتەرەکان و بەهانا چونی ئەو ژنانەی لە توندوتیژی خێزانی هەڵاتون و بەشێکی تریشیان لەبەرئەوەی بەشیکن لە دەسەڵاتێکی گەندەڵ بێگومان گەندەڵی ئەوانیشی گرتۆتەوە و کاریگەری خراپی لەسەر ناوی ڕیكخراوە پارێزەرەکانی ژنانیش داناوە. بەڵام بەجیا لەم جۆرە ڕیکخراوانە ئەوەی دەبینین لە کوردستاندا کۆمەڵێک ڕیکخراو و چالاکی ژن هەیە و لە خەباتی بەردەوامدان بۆ پارێزگاری لە مافەکانی ژنان ئەمە مەلا و لایەنە ئیسلامیەکانی هەراسان کردوە و بە هەڕەشەیان دەزانن بۆ سەر کەلتورێکی دواکەوتوانە کە ئەوان لەسایەیدا دەتوانن ڕاوی دەنگی خەڵکی پێ بکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆست و شەریک بون لە تاڵانی داهاتی کۆمەڵگە.

حزبە دەسەڵاتدارەکان لە پاراستنی کەلتوری دژی ژندا دەتوانن سود و قازانجێکی مادی زۆر بەدەست بێنن، کە بەپێی بانکی جیهانی ١٤٪ ژنان لەسەر کارن.* ئەم ڕاپۆرتەی ٢٠١٩ ڕادەی بەشداری ژنانی کوردستان لە کاردا بە نزمترین ئاست دەزانێ لە جیهاندا. واتە ٨٦٪ ژنان بێکارن و ئەم ملێون ژنە بێکارەش دەبێ لەباری کۆمەڵایتیەوە لە دۆخێکدابن کە فرسەتی ناڕەزایەتیان بەم ژیانە سەختەیان نەبێ و داوای بیمەی بێکاری و بیمەی کۆمەڵایەتی نەکەن و لە ماڵەوە وەک ژنی بێکار خزمەتی خێزان و پیاو بکەن تاکو وەک ژنی ماڵەوە پێناسە بکرێن و هیچ بەرپرسیاریەتیەکی مادی و مافیاکیان لەلایەن حکومەتەوە بۆ حساب نەکرێ. هەربۆیە کەلتورێک کە دەتوانێ ژن بە ژێردەستەی پیاو و کەم بایەخ و سوک سەیر بکا دەبێتە مایەی قبوڵکردنی بێ مافی نیوەی کۆمەڵگەی کوردستان و بەمەش دەسەڵات لە ناڕەزایەتی نیوەی کۆمەڵگە ڕزگاری دەبێ. هەربۆیە دەبینین بودجەیەکی زۆر بۆ دەزگا ئیسلامیەکان سەرف دەکرێ تا هەڕۆژەی فەتوایەک دژی ژنان بدەن و هەوڵ دەدەن یاسای فرەژنی و دژی ژن زیاتر پەرەپێ بدەن.

بەڵام واقعیەتی قەیرانی ئابوری و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی کرێکار و هەژار کاریگەری هەیە لەسەر ئەوەی ئەم ژنانی چینە هەژارە بەشداری سیاسی دەکەن و لەڕیزی پێشەوەی ناڕەزایتیەکانن. ئەمەش پێچەوانەی کەلتوری زاڵی پیاوسالاری و بەکەم گرتنی ژنان کاردەکا. هەربۆیە ئەم چینە فێردەبێ کە بە خۆڕایی کارکردنی ژنان بەکاری ماڵداری و ڕیگەنەدان بە ئازادی ژن لە کارکردن و حسابکردن بۆ مافی بێکاری و بیمەی کۆمەڵایەتی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەشی ئەم چین هەژارە لە داهاتی کوردستاندا کەم دەکا و چینی دەسەڵاتدار ئەم بەشە لە کرێ و بیمە دەخاتە سەر ملیار دۆلارە کەڵەکەبوەکانی خۆی. هەربۆیە هاتنە دەرەوەی ژنان بۆ داواکاری مافە ئابوریەکانیان لەهەمان کاتدا زەمینە ئەوە فەراهەم دەکا کە داوای مافە زەوتکراوەکانیان وەک ژنیش بکەن، وەک مافی نەهێشتنی سوکایەتی بەژنان و نەهێشتنی فرەژنی، مافی میراتی یەکسان، مافی ئازادی جلوبەرگ پۆشین و هاوسەرگیری وهتد.بەم پێیەش شەڕ دژی کەلتوری دواکەوتوانە بەرامبەر بەژنان دەبێتە پێویستیەکی ئەم چینە خەباتگێڕە.


هاتنەمەیدانی ئێستای ژنان دژ بە سوکایەتی و دژی فرەژنی بەشێک لەو شەڕە کەلتوریەیە کە دەتوانێ بەهەر سەرکەوتنێک لە دادگا و یاساکاندا نیشانەی گۆڕانکاری ڕادیکاڵانە بێ لە کەلتوری کۆمەڵگەدا بەرامبەر بەژنان. ژنان کاتێک دەتوانن کەلتوری کۆنەپەرستی بخەنە قەفەسی تاوانباریەوە بەمە نیشانی کۆمەڵگەی دەدەن کە کەلتوری دواکەوتوانە و دژی ژن دەبێ بگۆڕدرێ. هەرچەندە ئەم بزوتنەوەیە لە ئێستادا لاواز بێ و نەتوانێ خەڵکێکی زۆر کۆبکاتەوە ، هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەم بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەی ژنان شەڕێکی گرنگ و چارەنوسازدەکا لەگەڵ کەلتوری کۆنەپەرستی و ڕەمزەکانیدا کە بەهەموو شێوەیەک لە لایەن دەسەڵات و ئیسلامیەکانەوە پشتیوانی دەکرێن.


گرنگە هەموو کەسێکی ئازادیخواز و یەکسانی خواز بزانێ کە پشتیوانی ئەم بزوتنەوەی ژنانە ڕێگای بەهێزکردنی ئەم کەلتورە پێشکەتنخوازی و مرۆڤدۆستانەیە لە کۆمەڵگەدا و بە هەوڵی هەمو ئازادیخوازان سەرکەوتودەبێ.

* www.worldbank.org/en/news/feature/2019/03/21/helping-women-in-kurdistan-region-of-iraq-to-find-jobs
 

ماڵپه‌ڕی گۆنا سه‌عید

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک