سووکایەتی بە مرۆڤ
مانشێتی پڕفرۆشی زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانە.
-
لە پەراوێزی ڕەوشی پڕسوکایەتی میدیا لە کوردستاندا
-

عەبدولا مهحمود
بەدوای بڵاوبونەوەی چەند بابەتێکی ڕوشێنەرو پرسوکایەتی کە لەهەر یەک لە
گۆڤارەکانی و جیهان و بەڵگەدا بڵاوکرانەوە، ڕاچەنێنێک هاتە ئاراو دەنگ
گەلێک بەرزبوونەوەو کەوتنە ڕەخنەگرتن لە هەردوو سەرنوسەری گۆڤار و
جیهان و بەڵگە و هێماکردن بۆ بێمۆراڵکردنی پیشەی ڕۆژنامەگەرێتی کە
هەندێک نوسەرو ڕۆژنامەنوس و ڕۆژنامەو گۆڤار دەستی بۆدەبەن .
بەدوای ئەمەدا سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان! نیگەرانی خۆی ڕاگەیاند،
و لە کۆبونەوەیەکدا ئەمەیان بەیان کرد کە پرۆژە یاسایەکیان
ئامادەکردووە کە پێداگری دەکات تامیدیاکان و ڕۆژنامەنوسان پابەندی
ڕەوشت و پیشەی ڕۆژنامەگەری و ئازادیەکان بن.
هەروەها هەندێک ڕۆژنامەنوسی تر سازکردنی ژینگەی ئەم ڕەوشتەیان گێرایەوە
بۆ ڕەوشتی خراپی میدیاو نوسەری حزبی....تاد.
لەهەموو حالەتێکدا ئەم ڕەوشتە پڕسوکایەتی و بریندارکەرە، ئەم ڕەوشتی
هێرشکردنە سەرتاک و ئازادییەکان، ئەم ڕەوشتەی خەریکی بێبەهاکردنی
حورمەتی ئازادی و پیشەی ڕۆژنامەگەرێتییە، جێگەی ڕەخنەی جدیی و بێئەمماو
ئەگەرو پاکانە هینانەوەیە.
بەڵام سەیر ئەوەیە ئەوانەی کەدێن ڕەخنە لەو شێوازە لەکاری نووسەران و
ڕۆژنامەنوسان و ڕۆژنامەگەری دەگرن، بێباکانە خەریکن تیۆری دائەرێژن،
بێباکانە دابەشکاری لە نێوان ڕەوشتی میدیای حزبی و ئەهلی دەکەن.
بێگومان میدیای حزبی و میدیای لاحزبی یان سەربەخۆ و نیمچە سەربەخۆ،
میدیای حزبی دەسەڵات بەدەست و حزبی ئۆپۆزیسۆن، جیاوازیان هەیە.
میدیای حزبی، زمان حاڵی حزبە. حزب لە ڕێگایەوە سیاسەت و ڕوانین و
هەڵوێست و بۆچونەکانی ئاراستە دەکات، نوسەرەکان و کارمەندەکانی
زوربەیان موچەخۆی حزبن. میدیای لاحزبی و سەربەخۆ و نیمچە سەربەخۆش
میدیایەکە پابەندی حزب و سیاسەتی حزب نابێت، حزب ئاراستەی ناکات،
ڕۆژنامەنوس و نوسەرەکانی موچەخۆری حزب نین، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستیە
جێگیرە سادەیە کەم ناکاتەوە، کە هەم میدیای حزبی وهەم میدیای غەیرە
حزبی دەکرێت سنوری کاری ڕۆژنامەگەری تەندروست تێپەڕێنن و پیرۆزیەکانی
مرۆڤ و کاری ڕۆژنامەنوسی قەڵب و ناشیرن بکەن. ئەم ڕاستیە ئەگەر
پرانسیبێکی گشتی بێت ئەوا بۆ میدیا لە کوردستان سەد بەرابەر ڕاستە.
میدیای بەربڵاو کە شەقامی کۆمەڵگای لە کوردستان داپۆشیوە، بەحزبی غەیرە
حزبیەوە سەر بەیەک بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسین، ئەویش بزوتنەوەی
کوردایەتیە. نووسەران و قەڵەم بەدەستان و میدیا بەهەموو جۆرەکانیەوە لە
دەزگا تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیەکانەوە تا ماڵپەرەکان و بەڕێوەبەرو
سەرنوسەرو ستافی سەرجەم ڕۆژنامەو گۆڤار و هەفتەنامەو.... بە حزبی غەیرە
حزبیەوە، سەر بەو بزوتنەوەیەن. ڕۆژنامەنوس و نوسەرانی ڕادیکاڵ و چەپ و
مەدەنی و پێشکەوتنخواز لە چاو ئەم دەریایە لە میدیای ڕاسترەوی
کوردایەتی، بەپەنجەکانی دەست ئەبژێردرێن.
بزوتنەوەی کوردایەتی، بزوتنەوەیەکە تا سەر مۆخ کۆنەپەرست و دژه
مرۆییە. مرۆڤ لەدیدی ئەم بزوتنەوەیەدا، تاک لە پێناسەکردنیدا، هاوڵاتی
بوون لە فەرهەنگیدا، جێگای خۆیداوە بە شوناسی قەومیگەرایی و
ناسیۆنالیزمء ڕاسیزم و شوناسە دژه مرۆییەکانی دیکەی باوی ناو کۆمەڵگا.
کە ئەم دیدە هەمووی لەدەرەوەی چوارچێوەی بەڕەسمی ناسینی چەمکی" هاوڵاتی"
بوون و عەلمانییەتدایە و تەنانەت دژیەتی.
بۆ ئەوەش بزانین ڕیشەی ئەم کەلتورە سوکایەتی ئامیزە لە کاری
ڕۆژنامەگەرێتی کوردیدا، لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، ناکرێت تەنها
لەمیدیاو ڕۆژنامەنوسانیەوە بۆی بڕوانین بەڵکە پێویستە بچینە قوڵایی
دیدی ناسیونالیزم قەومگەرایی کەبزوتنەوەی کوردایەتیەو بەرهەمەکەی و
نوسەران و میدیاش چواچیوەی پیداوە.
ئەوەی کە جەمال عەبدولاو نەبەز گۆرانەکان دەیکەنە بابەتی کاری
رۆژنامەگەرییان لە کوردستان ، نە شتێکی سەیرەو نەنامۆیەو نەجێگای
راچەنینە و نە تازەیە. هیچ لەوە سادەتر نییە کاتێک شوناسی کۆمەڵایەتی
مرۆڤ پێچرا لەشوناسی ئایینء ناسیۆنالیزم و قەومیگەراییءدەستە چێتی و
حزبی و لاحزبی .....ئەم فەرهەنگ و کەلتوەر لە کاری ڕۆژنامەنوسدا ئەبێتە
ڕەواڵی ئاسایی کاری میدیایی و ڕۆژنامەنووسی.
سوکایەتیکردن، ڕوشاندن، ژێرپێخستنی حورمەتی تاک، تۆڵە، پەنابردن بۆ ناو
ژیانی تایبەتی تاکەکان، بەکاربردنی زمانی زبر و نامۆ بە پیرۆزی مرۆڤ،
بەر لەنەبەز گۆران و جەمال عەبدولاکانی ناو پانتایی ڕۆژنامەنوسی شەقامی
کوردی، لەدڵی بزوتنەوەی سیاسی دایکەوە، دەکێشراوە. بزوتنەوەی قەومی
کورد.
ئاماری ئەو مرۆڤانەی کە لایەن ئەم بزوتنەوەیەوە بە دیلی لە جەنگە
ناوخۆیەکاندا کوژراون، ئاماری ئەوانەی بە هۆی بیرورای جیاوازەو بە ڕۆژی
ڕوناک یان لەتارێکی شەودا خەڵتانی خوێن کران، ئەوانەی لە زیندانەکانی
ئاکری و قەلاچوالاندا تەمەنیان هەڵوەرێندران و بێچارەنووس مانەوە.
ئاماری ئەوانەی کەسایەتیان شکێنرا، ئاماری ئەوانەی دەست و قاچ شکاو
کراو کران، ئاماری ئەوانەی لەجێگای براو کەس و کاریان زیندانی کران و
کوژران، ئاماری فایلە دەستبەسەرەکانی بێڕێزی و پیلانگیری و کوشتارو
سوکایەتی پێکردن و جاسوسی کردن و ..کە لای بەرپرسە حزبیەکانە بەسە بۆ
نیشاندانی ماهیەتی ئەم بزوتنەوەیە.
ڕاگەیاندنی سەردەمی شەڕی ناوخۆی نێوان حزبەکان، ڕاگەیاندنی سەردەمی
هەڵبژاردنەکان، ڕاگەیاندنی سەردەمی قوڵبونەوەی ئەزمەی باڵەکانی نێو
حزبەکان.... لێوان لێون لەم فەرهەنگەی بزوتنەوەی کوردایەتی بە حزبی
غەیرە حزبیەوە، بە ئۆپۆزیسۆن و دەسەڵاتداریەوە، بە میدیای حزبی و
ئەهلیەوە.
ئەم کەلتورە داهێنانی جەمال عەبدولاکان و نەبەزگۆرانەکان نییە،
داهێنانی بزوتنەوەیەکە کە هەزاران جەماڵ و نەبەزی بەرهەم هێناوە.سەدان
ڕۆژنامەو دەیان کەناڵ و سەدان پرۆژەی ڕۆژنامەگەرێتی و میدیایی
خوڵقاندووە.
ئەمرۆ سوکایەتی بە مرۆڤ مانشێتی پڕفرۆشی زوربەی ڕۆژنامەو گۆڤارو
ماڵپەرەکانە، بەرامبەرکێ بۆ دەستخستنی ئەم مانشێتە پرسوکایەتیانە،
پسوڵەی پڕۆفیشناڵبوونی کاری ڕۆژنامەگەرێتی یە لە کوردستان!!.
سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، نیگەرانی دەردەبڕێت و ئەیەوێت پرۆژە
یاسا بۆ بەرگرتن بەم کەلتورە باوەی بزوتنەوەی قەومی کورد دەربکات
تاسنور بۆ بێڕێزی لە زمینەی کاری میدیاو ڕۆژنامەنوسدا دابنێت. ئەمە
لەکاتێکدایە ئەم کەلتورە تایبەتمەندیتی ڕەوتی کاری رۆژنامەنوسی
بزوتنەوەی کوردایەتیییە. بزوتنەوەی کوردایەتی چونکە خۆی بزوتنەوەیەکی
کۆنەپەرستە ناکرێت چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت لەوە باشتر بێت، ئەوانەی
پێیان وایە ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێت ئەم سنورە تێپەڕێنێت وەهمە، مەگەر
لە ژێر گوشاری ڕادیکالیزم و و چەپ و بزوتنەوەی پێشکەوتخوازی کۆمەلگادا.
ئەوەی کەدەوترێت ئەم ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنوسە حزبین و ئەم رۆژنامەو
رۆژنامە نوسانە ئەهلی و سەربەخۆن، درۆیەکە هەندیک نوسەر دەرخواردی
کۆمەڵگای ئەدەن، ڕۆژنامەو میدیا، نوسەرو ڕۆژنامەنوسی سەر بەبزوتنەوەی
کوردایەتی لە کوردستان، حزبی بن یان نەبن، رۆڵەی بۆرژوازی کوردن. هیچ
جیاوازیەکی ڕیشەییان لەگەڵ یەکتری نییە. سەرئەنجام ئەمانە هەموویان
خەریکی خزمەت بە بزوتنەوەیەکن، کە دژی مرۆڤە، پیاوسالاو دژی ژن و ژن
کوژە، دژی خستنەگەری ئیرادەی ئازادانەی خەڵکە، مافی تاک لای تابووە،
مەلا ئەتوانێت ڕێنشاندەر بێت، شوناسی مرۆڤ و هاوڵاتیبوون قوربانی
شوناسی قەوم و ناسیونالیزم دەستەگەرێتی و حزبچێتییە.
abdulla.mahmud@gmail.com
|