په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٦\٢٠١٤

کەمپه‌ینی چاو هەر چاوە بۆ وەزیری تەندروستی:

سووکایەتی بە پزیشکان بەسە!

 


دوای ئەوەی کە لە زۆرێک لە ڕاگەیاندراوەکانی پێشووماندا هۆشیاری ئەوەماندا وەزیری تەندروستی شایانی پۆستەکەی نیە و تەنها لە بەرئەوەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەو، ٩ هاونیشتیمانی چاویان لە دەستداوە، بەڵام کایەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە تەندروستی هاونیشتیمانیان نەبوو، دووبارە دەنگی متمانەیان دایەوە بە هەمان وەزیر کە دەبوایە نەک هەڵبژێردرابایەتەوە بەڵکو دادگایی کرابا.


لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونەوەی جەنابی وەزیر، د. ڕێکەوت حەمە ڕەشید بەردەوامە لەسەر کارە نایاسایيه‌کانی و لە بەرامبەردا نەک پەشیمان نیە، بەڵکو ئیهانە و سووکایەتی بە توێژێکی گرنگ و گەورەی ناو سیستمی تەندروستی دەکات کە پزیشکانی دەرمانسازین.


پزیشکانی دەرمانساز لە رۆژی ١٩/٦/٢٠١٤ سەردانی وەزیر دەکەن بۆ گفتگۆکردن لەسەر بڕیارێکی نایاسایی کە بوار بە کردنەوەی کۆگای دەرمان دەدات بۆ کەسانێک کە لەڕووی یاساييه‌وە ناتوانن ئەو کارە بکەن. هەر لە سەرەتای کۆبوونەوەکە وەزیر بە توڕه‌ییەکی نەشیاوەوە بەرپه‌رچی پزیشکە بەڕێزەکان دەداتەوە و داوایان لێدەکات ئەگەر بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە هاتوون ئەوا ئەو ئامادە نیە گوێیان لێ بگرێت، بەڵام دوای ئەوەی کە پزیشکەکان بۆی ڕوون دەکەنەوە کە ئەو بڕیارە نایاساییەی وەزیر تەنها بابەت نیە، ئەویش ڕازی ئەبێت کە بەردەوام بێت لە کۆبوونەوەکە.


لە میانی گفتوگۆکەدا وەزیری تەندروستی بەردەوام دەبێت لە سووکایەتیکردن بە پزیشکانی دەرمانساز وەکو ئەوەی کە ئەوان تاوانبار بن و ئەو وەکو وەزیری تەندروستی هیچ بەرپرسیارێتیەک هەڵنەگرێت لە بەرامبەر کەموکورتیەکانی وەزارەتەکەی بە گشتی و دۆخی دەرمان بە تایبەتی. لە کۆتايی کۆبوونەوەکەدا دەرمانسازان بە توڕه‌ییەوە کۆبوونەوەکە بەجێدەهێڵن و لە حاڵی حازردا لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوە و کاری مەدەنی تر وەکو بەرزکردنەوەی سکاڵای یاسایی دژی وەزیری تەندروستی.


ئێمە لە کەمپه‌ینی چاو هەر چاوە دڵنیا بووین کە زۆر ناخایەنێت ئەو هەڵە کوشندەیە دەردەکەوێت کە هەموو لایەنە سیاسیەکان کردیان بە هێشتنەوەی به‌رپرسەکانی وەزارەتی تەندروستی و میکانیزمی کارکردنيان بە هەمان شێوەی جارانیان، بەڵام هه‌رگيز لەو بڕوایە نەبووین کە تەنها رۆژێک بخایەنێت بۆئەوەی توێژێکی گرنگی سیستمی تەندروستی ئەو ڕاستیانە بە چاوی خۆیان ببینن.


ئێمە وەزیری تەندروستی ئاگادار ئەکەینەوە کە دەبێت بوەستێت لە سووکایەتیکردن بە خەڵک و هاونیشتیمانیان بە گشتی و پزیشکان و پزیشکانی دەرمانساز بە تایبەتی. دڵنیاشی ئەکەینەوە کە ئەم کارە نابەجێ و نایاسایيانەی زۆر ناخایەنێت و خەڵک و لایەنە سیاسیەکان سەقەتی وەزارەتەکەیان بۆ دەردەکەوێت.

 


كه‌مپه‌ينى چاو هه‌ر چاوه‌

٢٠\٦\٢٠١٤

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک