٢٣\٧\٢٠٢٠
سوڵتان ھاشم
ئەحمەدی بەعسی و سیخوری ئەمەریکا مرد.

ئهحمهد رهجهب
لە ٢٠ـ٧ـ٢٠٢٠ لە زیندانی ئەلحوت لە ناسرییە سۆڵتان ھاشم ئەحمەد وەزیری
بەرگری پێشووی عێراق مردو ئەم وەزیرە سەرکردایەتی یەکەمین پرۆسەی
ئەنفالی چەپەڵی کردو بەشداربوویەکی ئەکتیڤ بووە لە ئەنجامدانی تاوان و
شان بە شانی دیکتاتۆری فاشییست سەدام حوسەێن وەستاو سەدام بە
قیزەوەنترین شێوازو ستەمکاراننەو بە سەرکوتکردنی خوێناوی خەڵک و
ئۆپۆزیسیۆنەکانی لەناو ئەبردو زۆر رقی لە کوردو ھەموو پێکھاتەو
نەتەوەبراکانی عێراق بوو مۆرکی فاشییەت بە زەقی لە رەگەزپەرستی و
شۆڤەنیستی دوژمنکارانەی دیار بوو بۆ تواندنەوەی ھەموو نەتەوەکان لە
پێناو نەتەوەیەکدا.
ریک فرانکۆنا سیخوری (سی ئای ئەی) و لێکۆلەری سیاسی لە تۆری (ئێن بی
سی)ی ئەمەریکایی ئەڵێت لە رێی سەرۆک جەلال تاڵەبانی ئاژانسی ھەواڵگیری
ناوەندی ئەمەریکا جەنەراڵ سوڵتان ھاشم ئەحمەد وەزیری بەرگری پێشووی
عێراق لە حکومەتەکەی سەدام حوسەێن ناسیوە وبە ئاشکرا وتی : وەزیری
بەرگری بە شێوەیەکی زۆر باش ھاوکاری کرد لە ئامادەکردنی نەخشەی رۆخانی
رژێمی سەدام حوسەێن و، شایانی ئاماژەیە لە ئازاری / مارس ١٩٩١ سوڵتان
ھاشم جێگری سەرکردەی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای عێراق بووەو بەڵگەنامەی
خۆبەدەستەوەدانی سوپاکەی لە گەڵ جەنەراڵ نۆرمان شوارزکۆف واژووکردووە.
سەدام حوسەێن و تاقمەکەی تاوانبارن بە گرتنی ھاوڵاتیان و ئازاردانیان و
کوشتنیان و رەوانەکردنیان بۆ گۆرە بە کۆمەڵەکان و، ئەو کەسانە ھاوکار
بوون بەرزان ئەلتکریتی ، عەلی حەسەن ئەلمەجیدو سوڵتان ھاشم ئەحمەدو
ئەمانە دران بە دادگایەکی دادپەروەرانە بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن
بەڵام تەنھا ھەر ئەو دوو سێ ناوە نییە بەڵکو لەلایەن ھاوڵاتیان و گەل
لیستێکی دوورودرێژ ناوی ژمارەیەکی زۆری تیادایە تاوانی وەحشیانەیان
ئەنجامداوەو لەوانە ناوی وەزیری بەرگری سوڵتان ھاشم ئەحمەد لە پێش
ھەموو ناوەکانە.
بێشک گەلی کوردستان تامەزرۆی ئاشتی و ئازادییەو ھەمیشە شۆرشگێرانی
ھۆررەکان و قوربانیانی کوشتن و برین وچەوساندنەوەی لە عێراقدا لە بیرەو،
ھەروا خوێرێژەکانی لە بیرە کە کوردستانیان سووتاندو ھاوڵاتییە
بێتاوانەکانییان کوشت و، دەسەڵاتی خوێرێژی رژێمی سەدام حوسەێن درندانە
لە گەڵ عێراقییەکان بە گشتی و کورد بەتایبەتی رەفتاری کردووەو، ئەو
جانەوەرو درندانە ئاگری توورەیی و رق و کینەیان دژ بە تێکۆشەرانی عێراق
وکورد بەکارھێناوە و، ھەموو لایەک پرۆسەکانی ئەنفالی چەپەڵ و دێزی لە
بیرەو، ئەزانن ھێزە چەکدارەکانی سوپای عێراق گوندو خانووی جوتیارانی
رووخاندوەو لە گەڵ زەویدا تەختی کردوون و ماڵ وسامانیان براوەو و زیاتر
لە چوار ھەزار گوندی کوردستانیان سووتاندوەو، ھەرچی ھاوڵاتییە بە منداڵ
و ژن و پیرو پەککەوتە گیراون و ھەزاران خێزان بێسەرو شوێن کراون و، ئەو
ھێزانە توانیویانە ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە کە ھەوڵیانداوە لە دۆزەخی
ئەنفال قووتاریان بێت بگرن و، ھەموو لایەکیش شەھیدانیان لە بیرە کە
بەخوێنی پاکیان خاکی کوردستانیان نەخشاند.
لە رۆژی گرتنی سوڵتان ھاشم لەلایەن ھێزی ئەمەریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا
رۆژی مردنی لە رۆژی ١٩/٧/٢٠٢٠ ژمارەیەکی زۆر لە بەعسییەکان وتاقمی
ئەلعروبە داوایان کرد سوڵتان ھاشم ئازاد بکرێت لەوانە : جێگرەکانی
سەرۆک کۆمار : تارق ئەلمەشھەدانی ھەڵاتوو، ئەیاد عەلاوی و ئوسامە
ئەلنوجەیفی و، سەرۆکەکانی پەرلەمان : سلیم ئەلجبوری و محەمەد
ئەلحەڵبوسی و ژمارەیەکی تریش وەک : ساڵح موتڵەگ و رافع ئەلعیساوی
ھەڵاتوو بەڵام ھەرھەموویان دۆران و سوڵتان ھاشم ئازاد نەکراو لە زیندان
مرد.
گەلی کوردستان لە بیریانە تاوانبار سوڵتان ھاشم ئەحمەد برۆسکەی بۆ
سەرۆکەکەی قارەمانی شوڤەنیستە عەرەبەکان و دوژمنانی گەلی کوردستان
ناردو، کوردی بە داوێنپیس و بە کرێگیراوی ئێران ناوزەد کردو وتی:
( پشت بە خوای گەورە توانیمان ھێزەکانی چەتەکان و دوژمن لە ناوچەکانی :
دۆڵی جافایەتی ، سەرگەڵو، بەرگەڵو، چوخماخ، ھەڵەدن، یاخسەمەر، زێوە.
کانی توو قزلەر) و، ناوچە و پەرزایەکانی تر دەر بکەێن و، لەویش بەڵێنی
نوێ کردەوە کە بەردەوام ئەبێت و، ھەرچی سەرلێشێواوە مەبەستی
ھاوڵاتیانی کوردە لە ناو ئەبات و لە درێژەی برۆسکەکەیدا وتی : بەڵێنتان
پێ ئەدەێن بەردەوام ئەبین و سەری ئەم تاقمە سەرلێشێواوە ئەکوتین تاوەکو
بگەرێنەوە بۆ رێی راستو، لە خوارووی پروسکەکە واژووی کرد : لیوا روکن
سوڵتان ھاشم فەرماندەی پرۆسەی ئەنفال.
لێرەدا بەو درندانە ئەڵێن :کوشتنی (٨٠٠٠) ھەشت ھەزار بارزانی و، (١٨٢)
سەدو ھەشتاو دوو ھەزار ھاوڵاتی لە گەلی کوردستان تاوانێکی نێودەوڵەتییە،
تاوانی قرکردنی خەڵکە ( جینۆساید) ە، تاوانێکی ئاسایی نییە وەک دزینی
ئۆتۆمبێلێک یان دەمە قاڵەی دوو نەفەرو یەکێکیان بریندار بێت ، ئەوە
قرکردنی بەکۆمەڵە.
.ئەیاد عەلاوی زۆر کەرەت باسی ئازادکردنی سوڵتان ھاشم کردووە بۆ نموونە
لە ٣/١١/٢٠١٥ وتی : سوڵتان ھاشم دەستی بە خوێنی عێراقییەکان سور نەبووە.
عەلاوی لە پەیامێکی تەلەفزیۆنی ئەڵێت : زۆر کەرەت باسی ئازاد کردنی
سوڵتان ھاشمان کردووەو دووا کەرەت لە کۆبوونەوەی ھەرسێ سەرۆکاییەتییەکە
بوو.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق و نوێنەر لە پەرلەمان ئەیاد عەلاوی
نامەی نارد بۆ : جۆرج بۆش وسەرۆکی حکومەتی ئەو کات نوری ئەلمالکی و
داوای کرد بریاری لە سێدارەدانی وەزیری بەرگری پێشووتری عێراق سوڵتان
ھاشم رابگرن و ھاوکات دادگای بەرزی عێراق بریاری دابوو لە سێدارە بدرێت
و، عەلاوی نووسیبووی تکایە نامەکەم بەھەند وەربگرن و بریاری لە
سێدارەدانی رابگێرێت چونکە پیاوێکی پیشەییە. لە رۆژی مردنەکەی عەلاوی
ئەڵێت / سوڵتان ھاشم پیاوێکی پێشەیی و پاک بوو !
پێش ھەموو شتێک بۆ وەبیرخستنەوە ئەیاد عەلاوی لە دایکبووی ساڵی ١٩٤٥ و
ئەندامی جزبی بەعس و قوتابییەکی تەمەڵ بوو بە فەرمانی سەرەوە کۆلیجی
پزیشکی تەواو کردووە و، لەلایەن حزبی بەعس نیردراوە بۆ بریتانیا بە
مەبەستی سیخوری لە سەر قوتابیان و رەوەندی کوردی و، بە نھێنیش پەیوەندی
ھەبووە لە گەڵ تاقمێکی ھەواڵگێری سەدام ولە لایەکی ترەوە پەیوندی بە
دەزگای ھەواڵگێری ئەمەریکاوە ھەبووە، لە گەڵ راگەیاندنی شەر دژ بە
سەدام لە گەڵ ھێزی ئەمەریکا گەراوەتەوە بۆ عێراق و، بە پێی خواستی
حاکمی عەسکەری ئەمەریکا پۆل برێمەر بووە بە سەرۆک وەزیران.
کاتێک بۆ بە سەرۆک وەزیران دژ بە خواستی ھاوڵاتیان کاریکردو زۆر لە
ئەفسەرو فەرمانبەرە بەعسییەکانی گەراندەوە بۆ ناو سوپاو دامەزراوە
مەدەنیییکان و بەوکارەش عێراقی دووچاری گیروگرفت و کێشە کردەوەو
بەعسییەکان بە لێشاو گەرانەوە بۆ کاروباری پێشوویان لە کاتی رژێمی
سەدام حوسەێن و، بەو کردەوەیەش رێیان بۆ توندرەوو بکوژان خۆش کرد.
سەبارەت بە فیدرالییەت ئەیاد عەلاوی ئەڵێت : ئەوەی لە سەر زاری من
سەبارەت بە فیدرالییەت بڵاوکراوەتەوە درۆیە و بازدانە بە سەر
راستییەکاندا. ئەیاد عەلاوی نامەی ئاراستەی سەرۆکی وڵاتانی عەرب و
دونیا کردو داوایکرد بەعسییەکان لە زیندان رزگارو ئازاد بکرێن و،
زۆربەی ئەو بەعسییانە دەستیان بە کوشتن و خوێنی ھاوڵاتیان بە تایبەتی
کورد سورە.
بەرامبەر بەم ھەڵوێستە دوژمنکارانە لەلایەن کەسێکی کورسی پەرست،
ئامادەیە (کەرامەتی) خۆی بفۆۆشێت ھەموو جۆرە فێڵ و تەڵەکەبازی ئەکات و،
خەڵک پرسیار ئەکات و ئەڵێن : بۆچی ئەیاد عەلاوی بەرگری لە قوربانیانی
سیاسەتەکەی سەدامی تاوانبار نەکرد؟ بۆ بەرگری لە ئەنفاکراوان ولە
ناوبردنی { کوردە فەیلییەکان} ورشتنی کەرەستەی کیمیاوی و گاز بە سەر
ھەڵەبجە نەکرد ؟ بۆ دژ بە بەعسیکردن ونەعریب نەوەستا..
ناوی ئەیاد عەلاوی و کارکردنی لە گەڵ دامودەزگاکانی ھەواڵگیری سەدام و
پاشان ھەواڵگیری ئەمەریکا جێی شەرمەزاری و ریسواییەو، ئەیاد عەلاوی تا
ماوە وەک کاسەلێسێک ئەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا ئەیاد عەلاوی بەرامبەر وتەکانی چی ئەڵێت : دەستی بە خوێنی
عێراقییەکان سور نەبووە ، چونکە پیاوێکی پیشەییە ، پیاوێکی پیشەیی و
پاکە.
٢٢\٧\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ئهحمهد رهجهب
|