٨\١\٢٠١٣
سونەکان بەھار
دێنن بۆ عێراق یان وێرانی دەکەن؟
پێشڕەو حەمید
سێبەری شۆِرشی سونەکانی سوریا لە بیابانی پاریزگاری "ئەنبار"وە بەھیمنی
ناوچە سونە نشینەکانی ناو عێراق دائەپۆشێت و ئەوەی ناوی بەھاری عەرەبی
بوو دەبێتە بەھاری سونی و بەخێرای ناوەڕاست و باشوری عێراق وێران دەکات
، وێران بونییەک بەمانای ئیفلیج کردنی کاری حکومەت و ھەڵوەشاندنەوەی
دەسەڵاتی ئیستا حکومەتەکەی مالکی.
ئەوەی سونەکان دەیکەن لەئێستایا خەباتێک نیە بۆبەھێزکردنی عێراق و
بۆڕاگرتنی پایەی بڵندی دیموکراسیەتی عێراق وەک ئەوەی خۆیان ئیدیعای
بۆئەکەن ؟ بەڵکو زیندوکردنەوەی جیاوازی و دوژمونایەتی مەزھەبییە کە
ڕەگێکی قوڵی ھەیەو بەئاسانی لەناخی ھیچ شیعە مەزھەبێک و ھیچ سونی یەکدا
وشک نابێت.
زۆرن ئەو چاودێرەسیاسییانەی کە ئەم ڕەوشە وەھا ئەبینن کە پەیوەندی بە
دیکتاتۆریەتی مالکی و پارتەکەیەوە ھەیە لەناو سیستەمی بەرێوەبردندا،
بەڵام بەبڕای من ئەوە بینینێکی لاواز و تاک ڕەھەندی ھەیە و
ھەڵەتێگەیشتنە لە ھەوڵە دەرەکی و ھەرێمایەتییەکان.
ئیستا ئەوەی لەعێراق و بەتایبەت لەناوچە سونیەکاندا ڕوئەدات ھەمان ئەو
ڕودانەیە کە لەسوریا گوزرەدەکات ، سونەکان ھەرچەندە لەھەوڵی سەرخستنی
پرۆژەکەی خۆیاندان لەناو عێراقدا بەڵام فاکتێکی ھاندەرو کاریگەریشە
بۆسەرکەوتنی شۆڕشی سونەکانی سوریا لەدژی عەلەویەکانی تری ناو ھەمان
وولات ؟ چونکە داخستنی ئەو سنورانەی کە زۆرجار کۆمەکە لۆجستیەکانی پێدا
دەگەیەنرایە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لەئێستادا لەقەیراندایە و لەڕوی
ستراتیژی سەربازی و بەرگری کردنەوە گورزی کاریگەری لەدەسەڵاتی بەشار
ئەسەد وەشاندوە ، ھەربۆیە ھێزو تەوژمی مەھزەبی شیعی بەھەر نرخێک بوە
دەیەوێت ئەو ھەڵچونە دابمرکێنێتەوەو کۆمەکەکان بگاتەوە بە دەسەڵاتی
ئەسەد.
سونەکانی عێراق ئەگەر پێشتر لەرێگەی رێکخراوە جیھادیەکانەوە مەرامی
پەکخستنی ھەستانەوە و خۆدروستکردنی حکومەتی زۆرینەی شیعەکانی ھەبوبێت ،
ئەوا لەئێستادا بەفۆرمێکی تر کاربۆئەو پرۆژەیەدەکات کە بە " بینینی من
" تورکیاو سعودییە و قەتەری لەپشتەوە ، وەستاوە کە بەھەمو شێوەیەک
ئەیانەوێت عێراق ھەمیشە لە کێشەی ناوخۆیدا بەجێبھێڵن و ئەو وڵاتانەیش
ویستگەی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بن بۆ پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و
ئابوریەکانی خۆیان کە ترسی ھەرسێ وڵاتی تر، ترسێکی گەوریە لە بەھێزبونی
ھەیمەنەی ئێرانی بەسەر تەواوی عێراقدا!!
دەرئەنجامی ئەم کێشانە بۆ کورد:
حکومەتەکەی مالکی یان دەسەڵاتی شیعە لەعێراقدا کە ئێستا خودی مالکی
سەرکردایەتی دەکات باشترە بۆکورد و دەسەڵاتەکەی لە دەسەڵاتێکی سونی
ھەناودار بە بەکولتوری بەعسیزمەوە ؟ چونکە سونەکانی عێراق بەباشترین
سیاسیانەوە ھاویەکسانە بەخراپترین سیاسیانەوە بۆ ئێمەی کورد ؟! چونکە
سونەکان پەروەردەی کولتورێکن کە مێژویەکی ڕەش و تاریکیان لەگەڵ
بیرەوەری ئێمەدا ھەیە و پەروەدەی ھەمان ئەو سیستەمەن کە پێشتر عێراقیان
پرکردبوو لەخوێن و ڕق و یەکتر کوشتن ، سونەکانی عێراق ئەگەر چی لەناو
خۆشیاندا جیاوزیان ھەبێت و نەرمی بنوێنن ئەو کات بۆمەسەلەی نەتەوەی
خۆیان وەک عەرەب لەبەرامبەر ئێمەدا وەک نەتەوەی کورد تائەوپەڕی
بەعسیانەو شۆڤینیزمانە ڕەفتارئەکەن و بۆساتێکی باڵادەستی دەگەرێنن تا
بمان خەنەوە ژێر دەسەڵاتی سەرکوتکەرانەی خۆیان ، بەڵام شیعەکانی عێراق
ھەمان کارەکتەرن کە وەک ئێمە لەژێر چەپۆکی ئەواندا بون و کۆمەڵکوژکراون
، ھەربۆیە یە یەک پارچەی خاکی عێراق بۆئەوان ئەوەنەی سەرکەوتنیان لەڕوی
مەزھەبیەوە بەسەر سونە مەزھەبەکاندا بۆگرنگ نیە.
ھەرگۆِڕانکاریەک لەئێستای عێراقدا بکرێت بۆچارەنوسی ھەرێمەکەی ئێمە
گرنگی خۆی ھەیە ، بەڵام ئاخۆ تائێستا دەسەڵاتی کوردی و سیاسیەکانی کورد
بەتایبەتی سەرۆکایەتی ھەرێم تاچەند ئامادەسازییان کردوە بۆ ئەگەری ھەر
ڕداوێکی پێش وەخت ، لەئەگەری تەقینەوی ململانی مەزھەبی و سیاسی
ناوعێراق کە بەم حاڵەی ئیساوە ھیچ ئەگەرێک دورنیە ؟ سەرکردایەتی کورد
ھیچ پلانێکی ھەیە و ئامادە سازە بۆ گۆڕانکاریەکان ؟ یان ھەروەک بەھاری
٢٠٠٣ سەرکردایەتی کورد پێش ھەموو لایەنەکان دەکەوێت و دەڕواتەوە بەغداد
تـا سەرلەنوێ پایەکانی دەسەڵاتی ئەوان لەدژی خۆمان بە ھێزتر بکاتەوە؟!
ماڵپهڕی پێشڕهو حهمید
|