په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

تێبینیی:/ ئێمه‌ وه‌ک (ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی ئه‌مڕۆ) ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و را و بۆچوونانه‌ی نێو بابه‌تی خواره‌وه‌ی به‌ڕێز (نه‌جات حه‌مید ئه‌حمه‌د) ین، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ روانگه‌ی باوه‌ڕمان به‌ ئازادیی راده‌ربڕین و کۆششکردن بۆ به‌رجه‌سته‌کردن و سه‌قامگیرکردنی راگه‌یاندنێکی ئازاد که‌ هه‌رگیز ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ کۆنه‌په‌رست و دواکه‌وتووه‌ی کوردستان و ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌ توندڕه‌و و تیرۆریسته‌کانی جیهان له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ملهوڕی ئه‌مه‌ریکا که‌ هزر و تۆتالیتاریه‌تی بۆشه‌کان له‌ پۆپه‌یدایه‌ رێگای پێ ناده‌ن.. هه‌رده‌م ئه‌م ده‌رفه‌تی ئازادیی بڵاوکردنه‌وه‌ فراوان و فراوانتر ده‌که‌ینه‌وه‌.

_________________________________________________

 

سوپاس بۆ گەلى ئەمریکا

کە جۆرج بوش و کوڕەکەیان بە مرۆڤایەتى بەخشى.

((بەرەو حکومەتێکى گەردوونى فیدرالى))

نەجات حەمید ئەحمەد

 

لە گەڵ هاتنى جۆرج بوشى گەورە بۆ حوکم مێژووى سێ سەد ساڵى ئەمریکا بۆ یەکەمین جار گۆڕانکارى بە خۆوە بینى ..ئەو حکومەتانەى کە هەمیشە بە کۆمارى و دیموکراتەکانیەوە لە خەمى ئەوەدا بوون کە چۆن ئەمریکا بپارێزن لە نان و خوێن بەرامبەر بە ڕژانى ڕۆژانەى خوێنى مرۆڤایەتى لە هەموو پارچەکانى زەویدا و هەر لە گەڵ ئەواندا سەردەمێکى نوێى مرۆڤایەتى و مێژووەکەى دەستى پێکرد کە دەتوانین بە مێژووى بە یەکتر گەیشتنەوەى گەلان ناوى بنێین لە گۆشەنیگایەکى نوێوە کە تایبەتمەندیى گەلان و خاوەن ئایدیاو باوەڕو بۆچوونى جیاواز لە نێو هەناوى مێژوودا دەرفەتێکیان هەیە بۆ دەربڕین لە خۆکردن و بەشدارى کردن .هەربۆیە هەموو دکتاتۆرو مرۆڤ کوژەکانى سەر زەوى لە گەڵ هاتنى جۆرج بوشدا شەوو ڕۆژیان لە نێو ترس و دوودڵیدا دەبردە سەر هاکا باوەڕەنوێیەکانى سەردەمێکى نوێ تەخت و تاراجیان تێک دەشکێنێ و ڕێگە لە بەردەم جیاوازیەکاندا دەکاتەوە کە بە ئازادى و بوونى سروشتیى خۆیانەوە بڵێن ئێمەش هەین لە کاتێکدا کە گۆى زەوى پیربوبوو لە زۆردارى کردن و سەرکوت کردن و یەکتر لە ناوبردن ..چونکە پێش ئەوان سیاسەت بریتى بوو لە براوە بەدەر لە هەموو بەرچاو گرتنێکى مرۆڤایەتى و بیر کردنەوە لە داهاتوو کە دەشێ هەموو بە ئاستى جیا هاوبەش بین بە بێ ئەوەى کەسمان بیر لەوە بکاتەوە لە مافى خۆى زیاتر بوونى هەبێت یاخود بۆى بلوێ لە ڕێگەى هێزەوە ئەوى دى لە ناو بەرێ و سەرکوتى کات ..مێژووى تێکەڵ بوون و هیواى ئێمەى کورد لە گەڵ ئەمریکا زۆر کۆنەو بۆ ساڵانى شەستەکان دەگەڕێتەوە کە ئەمریکا وەکو ئەو خەونە بوو کە ئێمە لە ژیانى داهاتووماندا دەتوانین پێى بگەین ..ئەمریکا ئەو کەشتیەیە کە دەشێ بەرەو زەویەکى پڕ لە ئاسایش بمان گوازێتەوە چونکە باوەڕەکانى ئەو گەلە لە سەر ئازادى و مافى مرۆڤ دامەزرابوو ..زۆر بوون ئەو سیاسەت مەدارانەى ئەمریکا کە گەلانیان تووشى نائومێدى کرد کاتێک ئەو مافانەیان تەنها لە کیشوەرى ئەمریکادا دەبینیەوەو گەلانى دنیا تەنها مافێکیان خەون بینین بوو ..دەبوایە لەگەڵ هاتنى جۆرج بوش و کوڕەکەى ئەم ترسە دێرینەى مرۆڤایەتى بڕەوێتەوە دەبوایە لە گەڵ هاتنى ئەواندا بیرى فریاد ڕە سێکى گەردوونى ببوایەتە واقیع نەک خەون چونکە زۆردارەکانى مێژوو بە جیاوازیى ڕەگەزى و ڕەنگیانەوە هەڵگرى هەمان خەسڵەتى خۆپەرستى بوون کە ئەوان لە پێناوى خۆیاندا بکوژن ..ئێمەش لە هەڵەى هەندێک لەو سیاسەت مەدارانەى ئەمریکا نەک تەنها زەرەر مەندبووین بەڵکو بۆ چەندین ساڵ ئەو ئاگرەى لە ماڵمان بەربوو کەس نەیتوانى لە هەموو دنیادا بیکوژێنێتەوە کە گەورەترین ئاگربەردان لە خەفڵەتى سیاسەت مەدارانى کلاسیکیى جیهانى کۆنى ئەمریکا چاو پۆشینیان بوو بە فرۆشتنى چارەنووس و داهاتووى نەتەوەیەک بەرامیەر بە بڕێک ئاوو زەوى کە قەتاو قەت ئەو خەونەشیان بەدى نەهات و چەندین نەوەى لە ژیان بڕیەوە بۆ هەتا هەتایە ..وانەى گەورەى مێژووییشیان لەلاى نەوەکان ئەوە بوو کە هێزو لەناوبردن دەتوانێت ڕووناکایى ئازاد بوون لە شەیدایانى سەربە خۆیى بکوژێنێتەوە ....لە گەڵ هاتنى ئەواندا جۆرج بوش و کوڕەکەى ئیتر چاوپۆشین کۆتایى هات ..چونکە ئەو چارەنووسەى کە مرۆڤى لە ناودەبردو ئازادى خوازانى سەرکوت و تێرۆر دەکرد ڕۆژێک لە ڕۆژان لە دەرگەى هەموان دەدات دەبوایە جیهان گۆڕانکاریى گەورەو دان پێدا نانى گەورە بە خۆیەوە ببینێ دەبوایە ئەو جیهانەى کە لە نێوان دوو هێزدا دابەش بووبوون چاو بە مێژووى خۆیاندا بگێڕنەوە چونکە مێژووى مرۆڤایەتى لە ڕوویەک لە ڕووەکانەوە مێژوویەکى هاوبەشەو بە قەد یەکیش لێپرسراوە بەرامبەر بە باوەڕە مرۆڤایەتیەکان گەڕانى ئەوان لە کرانەوە بە ڕووى دنیادا گەڕان بوو بە دواى کردنەوەى هەموو ئەو پەنجەرانەى کە سەدان ساڵ بوو بە داخراوى مابوونەوە تاکو مرۆڤە سەرکوت کراوەکانى میژووش ئەو مافەیان هەبێ بەیانیان چاو لە خۆرى ژیانێکى ئازاد بگێڕن ..دەستى ئەوان یەکەمینى ئەو دەستانە بوون کە پەنجەرەکانیان بە ڕووى مرۆڤایەتیدا کردەوە کە ئێمەى کوردیش کە هێشتا خوێنى ڕژاوى خەونەکانمان لە بەردەم کۆڕەوێکى سەرتاسەریدا خەریک بوو ووشک بێتەوە ئەوان هاتن و هێلانەیەکیان بۆمان دروست کرد کە تیایدا خەون بە داهاتوەوە ببینین کە هەموو مرۆڤایەتى نەیان توانى چاو لە کوشتنمان نەپۆشن ..هەر بۆیە هێزى ئازادیى جیهانى نوێى ئەوان پێیەکیان لە بۆسنیاو ئەوى تریان لە ئەفریقا بوو پێیەکیان لە ئەفغانستان و ئەوى دیکەشیان لە عێراق تاکو ژیانێکى نوێ لە سەرفرازى و ئازادیمان بۆ بکەنەوەو تەخت و تاراجى ئەو دکتاتۆرانە تێک و پێک دەن کە وا تێگەیشتبوون دەتوانن مێژوو لە شوێنى خۆیاندا ڕاگرن ..جۆرج بوش و کوڕەکەى بۆ هەموو دنیایان سەلماند کە سەردەمى بە جیهانیبوونى دەسەڵات خەون نیەو نزیک بۆتەوە ..سەردەمێک کە ئازارەکانى مرۆڤایەتى دەبنە یەک ئازار سەردەمێک کۆتایى بە ململانێَ و شەڕ دێنێ لە پێناوى ژیان و ناندا کە هەموو مرۆڤایەتى تیایدا هاوبەش دەبێت و هەموو مرۆڤ لێپرسراوى چارەنووسى یەکتر دەبن ..مێژووى گەلان خاک و سنوورى دیارى کردو نەتەوەکانى دابەش کردو مێژووى گۆى زەوى و خاکەکەى هەروەها مرۆڤەکان لە گەڵ یەکتر کۆدەکاتەوە تاکو لە ژیان و ناندا هاوبەشیان کات چونکە هەموو لە مێژوودا لە یەک بزربووین و هەر دەبێ لە مێژووشدا یەکتر ببینینەوە ..زەمەنەکان زۆر لە یەکتر دوورن ..خەونى گەورە زەمەنى درێژى دەوێ ..لەگەڵ ئەواندا بیرى یەک بوونى جیهان زیاتر بەرەو پێش چوو ئەوان توانیان بیسەلمێنن کە دەشێ جیهان بەرەو یەک دەسەڵاتى گەردوونى بچێت کە هەموومان بڕیاردەرو هاوبەش بین لە چارەنووسى مرۆڤ بە گشتى ..گوتارەکانیان بیرکردنەوەکانیان هەموو سروودێکى خەمگین بوون لە هیوا بوون بە داهاتووى ئازادیى مرۆڤەوە ئەوان لە مەیداندا سەلماندیان کە هاوپەیمانێتى لە بەرەیەکى گەورەى جیهانیدا مەرجى سەرکەوتنى ئازادى و دیموکراتیەتە لە هەموو جیهاندا ..کە کۆتاییەکى ڕەش دەبێ بۆ تێرۆرو بکوژان .لە دنیایەکدا کە تەنها لە سنوورەکەى خۆى ناتوانێ ئەودیوى خۆى ببینێ ..ئەوان نیشانى دنیایان دا کە مرۆڤ بەبێ چارەنووسێکى هاوبەش هیچ ئایندەیەکى گەشى لە داهاتوودا نابێت و ئەوان دەریان خست هێزى بە گەردوونى بوونى مرۆڤ تا چ ڕادەیەک دەتوانێ هەموو سنوورەکان تێک بشکێنێ ..ئێمەى کوردیش بەر ئەو بەخشندەییانەى جیهانى نوێ کەوتین کە ئەمریکا لە گەڵ هاتنى جۆرج بوشدا سەرکردایەتیى کرد و ئەو پەڵە ڕەشەى کە بەڕووى مێژووى ئەمریکاوە بوو لە کوشتنى کوردو لەناو بردنى سپیى کاتەوەو مێژوویەکى پڕ لە هیوامان پێ ببەخشێ ..ئەمڕۆکە دژایەتى کردنى ئەمریکا وەکو باوەڕێکى نوێى مرۆڤایەتى و سوپایى و زانستى تەنها لە بەرەکانى مرۆڤ کوژو دکتاتۆرەکاندا قەتیس ماوە چونکە جۆرج بوش بە ڕاشکاوى گوتى ئەوەى لە گەڵ دیموکراتیەتدا نەبێت لە جیهاندا ئەوا لە بەرەى تێرۆرەو دژى دیموکراتیەتە ئەوەشى خۆى ساغ نەکاتەوە ناتوانێ لە یەک کاتدا لە هەردوو بەرەدا بێت ..ئەمە باوەڕێکى نوێى جیهانى بوو کە کرانەوەى ئەمریکاى بە گەلان نیشان دا کە ئەمریکا دەتوانێ بە سەرکەوتوویى بە پاڵپشتى گەلانى چەوساوەو زوڵم لێکراو کۆتایى بە دکتاتۆریەت بێنن ..لە گەڵ جێهێشتنى کۆشکى سپیدا جۆرج بوش جیهانێکى نوێى لە دواى خۆیەوە جێهێشت کە سیاسەت مەدارانى نوێى دەسەڵات لە ئەمریکا دەبێ بە ڕووى ئەو جیهانەدا بکرێنەوەو دەرگاکانى دانەخەن چونکە ئەم دەرگایە بەتەنها دەرگایەکى ئەمریکى نیە بە قەد ئەوەى دەرگایەکە هى هەموو مرۆڤایەتیەو هەر ئەوانیش یەکەمینى ئەو گەلانەن کە ئەم دەرگایەیان لە مرۆڤ کردەوە تاکو لێیەوە بەرەو ژیانێکى نوێ بڕۆن گەر نەخوازەلا پاشەکشێ لەم باوەڕانەدا ڕووبدات ئەوا وڵاتێک مێژووى سێ سەد ساڵ لە خەباتى خۆى لە پێًناوى ئازادیدا لە دەست دەدات و لە هەمووى ترسناکتر دەستى دکتاتۆرەکانى جیهان دەکاتەوە ئەم هەنگاوەى بوش گەڕانەوەى بۆ نیە چونکە پەیوەستە بە چارەنووسى جیهانێکى نوێوە کە مرۆڤایەتى بە خۆوەى نەبینیوە و ئەمریکاش لە گەڵ ئەو دوو سەرکردەیەدا سەلماندیان دەشێ ئەمرۆکە بیر لەوە بکرێتەوە کە سەرەتاى حکومەتێکى گەردوونى کە ئەمریکا سەرکردایەتیى بکات و هەموو جیهان تیایدا بەشدار بن و دەنگى بۆ بدن یەکەمین هەنگاوەکانى لەم سەردەمەدا هاویشتران و هەر لەوێوەش ئەو جیهانەى سەرجەمى مرۆڤایەتى گۆرانیان بۆ گوت و هیوایان پێى خواست دێتە دى کە تیایدا هەموو مرۆڤ بە حیاوازیى خاک و داهات و بوونیانەوە هاوبەش دەبن و پێکەوە کار بۆ داهاتووى خۆیان دەکەن ..ئەم بیرە دەشێ تا ڕادەیەک ئاستەم بێت لە بەردەم هەستى نەتەوەیى و نیشتیمانى و ئینتیماى مرۆڤ بۆ زێدو نەتەوەى خۆى هەروەها گرفتى پێشکەوتن و دوا کەوتنى زۆر لە میللەتان لە نێوانى خۆیاندا ،جیاوازیى میللەتان لە داهات و سەرچاوەکانى خۆیاندا بەڵام لە کۆتاییدا بیرى گەردوونى بوونى مرۆڤ ئەو بیرەیە کە سەرجەمى مرۆڤایەتى کۆدەکاتەوە کە مرۆڤ هەر خۆى لە ڕێکخراوە گەردوونیەکانى وەکو نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجومەنى ئاسایشدا پەیڕەوى ئەو بیرەى کردووە هەروەها لەڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و گەشەسەندن و بنیات نانەوەدا ..جۆرج بوش ئەو سەرکردەیە بوو کە هەنگاوى گەورەى لەم بە گەردوونى کردنەى سیاسەت و سوپاو ئابووریدا هاویشت و ئەو هاوپەیمانێتیە گەورەو بەر فراوانەى کە لە جیهاندا هێنایە کایەوەو کوڕەکەى گەشەى پێدا لە دواى شەڕى دووەمى جیهانیەوە بووونى نەبووە لە مێژووى مرۆڤایەتیدا چونکە ئەوان سەلماندیان بۆ هەموو مرۆڤایەتى کە دەشێ و دەلوێ لە سەر کۆمەڵە باوەڕێکى هاوبەش و بەرژەوەندیى هاوبەشدا مرۆڤایەتى کار بۆ ڕێکخستنى جیهانێکى نوێ بکەن ..جیهانێک کە لە دواى شەڕو شۆڕەکانەوە ئەوە فێربووین کە ئێمە لەم زەویەدا هاوبەشین ..کولتوورى پشتگیرى کردن لەوانەى چاویان لە ئازادیە بۆ یەکەمین جار جۆرج بوش بانگەشەى بۆ کردو بە کردارو قوربانیدان خەباتى بۆ کرد لە جیهانداو ئەمەش یەکەمین هەنگاوەکانى بەرەو گلۆبالیزمێکى نوێى سیاسەتى ئەمریکا بوو کە سەرکەوتنى تێدا بینى و هیوایەکى نوێى بۆ گەلان گەڕاندەوە کە مرۆڤایەتى دەشێ پەلە بکات لە چەسپاندنى داد وەرى و گەشەپێدان چونکە لە نێو شەڕو دکتاتۆریەتدا هەمیشە زوڵم و نایەکسانى لە جیهاندا بەرهەم دەهێنرێ و هەمیشە مرۆڤایەتى لە نێو خۆیدا لە نێو ناکۆکى و زۆرداریەکاندا نقوم دەبێت ..ئەمەش لێپرسراوێتیەکى گەردوونى بوو نەوەک بەتەنها لێپرسراوێتیەکى ئەمریکى بەڵام ئەو جیکمەتەى کە دەوڵەتێکى وەکو ئەمریکا دەکاتە دەوڵەتێکى گەورە بەتەنها پەرەسەندن و گەشە پێدانێکى سەرتاپا گیرى وڵاتێک نیە بەڵکو ئەمانە بەبێ فەلسەفەیەکى مرۆڤایەتى خوازو مرۆرڤ دۆست بێهوودە دەبێ ئەمەشە نهێنینیى گەورەیى ئەمریکا لە جیهاندا کە توانیى شکست بە زۆر لە گەورەییە دەوڵەت داریەکانى تاک ڕەوى و دکتاتۆریەتى جیهانى بێنێت و وەکو دەوڵەتێکى گەورەى فشار توانیى دکتاتۆرەکانى جیهان بهەژێنێ و گەلان بەرەو هیواى ئازادى و سەربەستى ڕێنمایى بکات وەکو هێزێکى مانەوى ..لە گەڵ جێ هێشتنى کۆشکى سپى جۆرج بوش لێپرسراوێتیەکى گەورەى مرۆڤایەتى و گەردوونیى بۆ ئۆباما جێ هێشت کە بیرى بەرەو گەردوونى بردنى مرۆڤایەتیە کە سەردەمێکى نوێ دەنوێنێ و گوتەکانى ئۆباما لە گرتنە بەرى ڕێى تازەو گەورەبوونى ئەمریکا لە ئاهەنگى سوێند خواردندا گەر بەرجەستەى ئەم بیرانە نەکات ئەوا سەردەمێکى نوێى مرۆڤایەتى کۆتایى دێت ..

 


bawagorgor@yahoo.com