١\٦\٢٠١٣
سوپاسنامەیەک بۆ
بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەکان.

هیوا رەش
دەمێکە کەڵکەڵەی سوپاسنامەیەکم بۆ ئەوەی ئاراستەی جەنابتانی بکەم، چی
لە تۆ شاراوە بێت؟ لە ترسی ئەم خەڵکە بێ ویژدانەی لای خۆمان نەمدەوێرا
و دەترسام تۆمەتم بۆ هەڵبەستن و وا بزانن پشکم هەیە لەو چۆڕە نەوت و
غازەی ئێوە بە کولەمەرگی بەڕێوەی دەبەن.
بە هەر حاڵ کە دەڵێم خەڵک بێ ویژدانە ڕەنگە هەندێک دۆست و ئەحباب لۆمەم
بکەن و وا بزانن ١٨٠ پلە بام داوەتەوە و بە دژە سەنگەری گەل وەسفم بکەن،
نەخێر قوربان مەسەلەکە لەوەدا نیە ، بەڵکو دەمەوێ ئەوە وەبیر خەڵک
بهێنمەوە ئەگەر ناهەقی نەکەن ، ئەوا دەبێ هەموو بە یەک دەنگ هوتافی (ئاشتی
هەورامی، تۆ دیدە و گلارامی) بکێشن و بڵێن : (کێتان دەوێ کوردەکان ،
وەزیری سامانە سروشتییەکان). چونکە تۆ:
١ - دۆمەڵان
٢ - قارچک
٣ - ڕێواس
٤ - کاردو
٥ - بەڕەزا
٦ - کنگر
٧ - لووش
٨ - قوڕادە
٩ - پەڵپینە
١٠- گۆیژ
١١- مەندێ
١٢- کوزەڵە
١٣- هۆزەلاو
١٤- تۆڵەکە
١٥- ئاڵەکۆک
١٦- بەڕوو
١٧- مازوو
١٨- قەزوان
١٩- چاوبازە
٢٠- ترشۆکە... زۆری تریش.
کە ئەمانە دوا بە یەکی سامانی سروشتیین؟ لە
سایەی سەخاوەت و فەخامەتی بەڕێزتانە کە هەر هەمووی فری و خۆڕایی کراوە
کەچی ئەو خەڵکە هیچی لەبەر چاو نیە و لە هیچ و خۆڕا قسە و قسەلۆک دەکەن
، ئێوە تەنها بە نەوت و غازەکە ڕازین و ئەوانیش هێندە بەدنمەکن باسی
ئەو هەموو گژ و گیایە ناکەن کە تۆ دەستیانت بۆ بە کار بردنیان واڵا
کردووە ، بێ شەرمانە بە ڕۆژ لە (جادە، کوچە، کۆڵان، چاخانە، چێشتجانە،
لە بازاڕ و ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن) ەکانەوە و بە شەویش بەدەم
خەوەوە دەڵێی نەوتفرۆشەکانی جارانن هەر بانگ دەکەن: (نەوت، نەوت!)،
سەیرە ئەم خەڵکە چاو و ڕوویان نیە! نازانم بۆچی بۆ ئەو هەموو سامانە
سروشتییەی بە خۆڕایی خراوەتە بەردەستیان شوکرانەت ناکەن و نمەک نایان
گرێ و بۆ دوو بەرمیل نەوت و دوو بوتڵە غازی حیز کە تۆ بۆ پارتی و
یەکێتی دەیفرۆشیت ئاوها چاویان چووە؟ بە مەرجێک ئەو دوو حزبە یان
جوانترە بڵێین: (ئەو دوو بنەماڵە) قوڕبەسەرە نیو بە نیو لە نێوان
خۆیاندا وەکو دوو برا حەپەلووشی دەکەن ، هەرچەندە نازانم زەکات و
سەرفترەی بۆ کەسانی وەکو ئێوەومانانی لێ دەردەکەن یان نا؟! ئەگەر بەشی
ئێوەی لێ بدەن و پشکی کۆمپانیا بیانیەکان بدەنە لاوە و خوا دوایان بڕێ
خۆشیان ڕەوەیەک مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەنجومەن و مەنجومەنیان
بە دواوەیە و دیوەخانانەی ئەنفالچییەکانیش لەولاوە بوەستێ ، ئیتر دەبێ
چییان بۆ بمێنێتەوە؟!
دەتوانم دەست بە قوڕئاندا بدەم ، بەو پێغەمبەرە نازدارەیش کە قوڕئانی
بە خەڵات بۆ هاتۆتە خوارەوە ، بە ڕیشی پان و درێژ و کورت و تەنک و
قەوارە جیاوازی ئیسلامییە پەپکە خواردووەکانی کوردستان قەسەم ، کە بە
پارەی نەوتی حەرام دەیانەوێ دەوڵەتی ئیسلامیی کوردستان وەسەر پێ بخەن و
شەریعەتی ( وآمر بالمعروف و انهی عن المنکر ) پیادە بکەن و نەوتی
مونکەر بۆ خۆیان بە مەعروف دەکەن . بەسەری ئەو سەرکردانەی کە ناتوانن
گٶڕان لە خۆیاندا بکەن و دەیانەوێ گۆڕان لە کوردستاندا بکەن ! لەو
هەموو نەوتەی جەنابت بۆ مەلایی و جەلالی هەڵیدەهێنجیت ، یەک قەترە نەوت
لە ماڵەکانیاندا نیە و هەمووی بەسەر ئەملاولادا دابەش دەکەن ، بەڵام
جگە لە میللەتی ڕەش و ڕووت و قوڕ بەسەر کە خەون بە پارەی نەوتەکەوە
دەبینن.
کاکە ئاشتی، دەزانی مەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میللەت بێبەش تر
و قوڕ بەسەر تر و داماو تر بێ، سەرباری ئەو هەموو نەوتەی دوژمنان
لەبەری حەساونەتەوە، بەم ڕۆژگارە حکومەت و میللەت داڵدەیەک شک نابەن و
سایەیەک نیە تیایدا بحەسێنەوە، پێکەوە بە جووتە بە دوای خانووی کرێدا
دەگەڕێن!
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|