په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠٢٣

سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ ماڵپەڕی ئەمـڕۆ.

 

رەزا ساڵح


بە بـۆنەی گەیشتـنی ژمـارەی نووسـینە بڵاوکـراوەکـانـم بە (٥٠٠) بابـەت، لە ماڵپەڕی (ئەمـڕۆ) دا. زۆر زۆر سوپاسی بەڕێـوەبەری ماڵپەڕی ئەمـڕۆ هـاوڕێی بەڕێـزمـان کاک (دارا خـونچە) دەکەم. کە هەچ نووسینێکم بۆیان ناردووبێت رەتینەکردەوە و هەمووی وەکو خۆی بڵاوکردوونەتەوە و لە ماڵپەڕەکەم (ماڵپەڕی رەزا ساڵح) دا دایگرتووە، لە هەمـان کاتیشدا وێنەیەکی نووسینە بڵاوکـراوەکەشـمی لە رێی ئـێـمایـلەکەمەوە بـۆ نـاردووم.


لە ساڵێ (٢٠١٠) ەوە کە ئاشـنای ماڵپەڕی ئەمـڕۆ بووم. هەفـتانە بەسەری دەکەمەوە و نووسینە تازە بڵاوکـراوەکانی دەخوێـنمەوە. لە راستیـدا زۆر سـوودم لە ماڵپەڕی ئەمـڕۆ وەرگرتـووە. خوشک و برا نووسەرانێکی ناسراوی ئازاد نووسینی بابەت هەمەڕەنگە لە ئەمڕۆدا بڵاودەکەنەوە. چەند سەد پەرتووکێکی بابەت هەمەجۆرەش لە ئەمڕۆدا بۆ خـوێندنەوە دانـراون. وەک مـن ئاگادارم ماڵپەڕی ئەمـڕۆ خوێنەرانێکی زۆری هـەیە.

زۆر جـار پێـویستیم بە نووسینـێکی پێشتری خـۆم هەبـووە، لە ماڵپەڕە تایبەتەکەی خۆم لە ماڵپەڕی ئەمڕۆدا، کـردوومەتەوە. تا ئێـستاش زیـاتر لە (١٠) خوشـک و برای خوێنـدکاری باڵا لە زانکۆکانی کوردستان، کە ماستەرنامەکانیان دەربارەی وێـژەی منـداڵان و پەروەردە و راگەیانـدنی منـداڵان نووسیون. داوای یارمەتییان لێکردووم. ناونیشانی ماڵـپەڕەکەم لە ماڵپەڕی ئەمـڕۆ داونەتێ و کە لە چی بابـەتـێکی مـن سـوود وەردەگـرن ئازادم کـردوون.


شایەنی باسیشە من بابەتی هەمەجۆرە دەنووسم. بەڵام زۆربەی نووسینەکانم دەربارەی وێـژەی منـداڵان و نووسـەرانی کورد و جیهـانی بـواری وێـژەی منـداڵان و پەروەردەی منـدڵان و ئـەو بابەتـانەی کە پەیـوەنـدییـان بـەم دوو بـوارەوە هـەیە. نەک هـەر لە ماڵپەڕەکاندا، بەڵکو لە بەشێکی زۆری گۆڤارە کوردییەکان کە لە کوردستاندا بۆ منـداڵان و بۆ گەورەکان دەردەچـن، نووسـینـێکی زۆرم بـڵاوکـردوونـەتەوە.


تا ئێستا (١٠) پەرتـووکی چاپـکراوم هـەیە کە حەوتیان پەیـوەندییان بە رۆشـنبیری و بە وێـژەی منـداڵانەوە هـەیە.


من پێموایە کە خزمەتی منداڵە چاوگەشەکانمان، پیـرۆزتـرین ئەرک و بەرپرسیارێتییە. چـونکە داهـاتووی کورد و کوردسـتان، لە دەسـتی منـداڵانی ئەمـڕۆمـان دایـە. کەواتـە گرنگیدانمان بە منداڵانی ئەمڕۆمان.. گرنگیدانمانە بە داهاتوومان. دوارۆژێکی گەش و شـیاوتر بۆ کورد و کوردستان، لە سایـەی پەروەردەکـردنی دروسـت و ئاراستەکـردنی راسـتی منـداڵانی ئەمـڕۆمانـدا دێتـەدی. ئەمـەش ئەرکی جارەنـووسازی هەمـوومـانە.


بە داخەوە تا ئێستا، چەند کەسانێکی دەروون نزم، لە چەنـد ماڵپەڕێک و لە فەیسبووکـدا دەقی چەند نووسینێکی منیان بەبێ دەستکاری بە ناوی خۆیانەوە بڵاویان کردوونەتەوە. بە رێـکـەوت تەنهـا یەکـێکـیانـم لە سـاڵی (٢٠٢١) دا لە خـەتـدا گـرت. کە بەبێ شـەرم لە ماڵپەڕی (کوردستانپۆست) دا، بابەتـێکمی بە نـاوی خـۆیـەوە داگـرت. کە لـە ماڵپەڕی ئەمـڕۆوە وەریگـرتبوو. کە بینیم یەکسەر دەقـی نووسـینەکەم بۆ کوردستانپـۆسـت نارد کە لە ئەمـڕۆدا، لە سـاڵی (٢٠١٠) بـڵاوم کـردۆتـەوە. سـتافی کوردسـتانپـۆسـت داوای لـێبووردنیـان لێکـردم. یەکسـەر نووسـینەکەی منیـان دانـا و لـۆمـەی ئـەو دزە بە نـاوە نووسـەریـان کـرد و تەریـقـیـان کـردەوە، بۆ یەکجـاری لای خـۆیـان ناویـان سـڕیـیەوە. بەڵێنیان دا کە هـێچ نووسینێک بە ناوی ئـەو دزەنـووسـەرەوە بڵاونـەکەنەوە.


هـەروەهـا کەسـێکیش لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان دەقـی ئـەم نووسـینەمی (دەربـارەی ئەدەبی منداڵان) وەکۆ خۆی، بە ناوی خۆیەوە بڵاوکردۆتەوە. لە (ماڵپەڕی هەولێر) یش چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، کەسێک (بەشی چوارەم ـ لە مێژووی ئەدەبی منـداڵان) بە ناوی خۆیەوە بڵاوی کـردۆتەوە. چەنـد نووسەرێکیش لە بـواری منداڵان، بڕگە و دوو بـڕگەیان لە نووسینەکانمی مـن وەرگرتوون و ئاماژەیان بەوە نەداوە کە لە نووسـینی منەوە وەریان گرتـووە. هـیوادارم ئەم کارە قـێزەوەنانە نەمێنێت. چونکە ئاشکرادەبن.


دووبـارە زۆر سوپاس و پـێـزانینـم بۆ ماڵپەڕی ئەمـڕۆ، بۆ لە باوشگـرتنی ئەو هـەموو نووسـینانەم. نووسینی ئەم هەفـتەیەم (ریالـیزمی لە وێـژەی منـداڵان) پێـنج سەدەمـین نووسـینمە لە ماڵپەڕی ئەمـڕۆدا. (٥٠٠) گـوڵی رێـز و خۆشـەویستـیم بۆ ماڵپەڕی ئەمـڕۆ.

تا پێم بکرێت و پەنجەکانم پێنووس بگـرێت درێـغی ناکەم. هـیوادارم بە دەیان نووسینی تـرم لە ماڵپەڕی ئەمـڕۆدا بـڵاوبکەمەوە و ژمـارەی نووسـینەکـانم زیاتـر و زیاتـر بـکەم. مـن بە بێ خوێنـدنەوە و نووسـین.. ناتوانـم بـژیـم و چـێژ و خۆشی لە ژیـان وەربگـرم.


٢٠٢٣ - نەرویـج

ماڵپه‌ڕی ره‌زا ساڵح
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک