١\٩\٢٠١٢
سوریا و دوایین
پێشھاتەکانی!

نوری بەشیر
بەو جۆرەی کەسوریا بۆتە مەیدانی شەڕو کێشمەکێشی نێوان چەند ھێزی ناوخۆ
ودەرەکی، بەھەمان شێوەش سات لەدوای سات، ڕوداو وپێشھاتی نوێ دێنێتە
کایەوە. جگەلە دەخاڵەتە سیاسیو سەربازیو دیبلۆماسیەکانی ئەمریکاو
ڕۆژئاوا، لەلایەکو سوریاو چین لەلایەکی ترەوە، وڵاتانێکی وەک تورکیا،
سعودیە وئەردەن وئێران، تەنانەت پارتیو پەکەکا و حکومەتەکەی مالیکیش
ڕۆڵدەگێڕن لەخوڵقاندنی کارەسات و پێشھاتە سیاسەکاندا. شەڕی ئێستای
نێوان ھێزەکانی بەشار ئەسەدو سوپای ئازاد، سات نییە کارەساتی کوشتارو
ئاوارەبونی ھەزاران کەس وکاول کردنی شارەکانی بەدواوەنەبێت. سەرگەردانی
و ئاوارەبوونی خەڵک وسەختی مەوادی خۆراکی و دەرمانی بەھۆی ھەردوو لای
شەڕەکەوە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاستی قوربانیانی بەرەوسەرەوە بردووە
و تەنھا لەناوچەی داریای نزیک دیمەشقدا، نزیکەی ٥٠٠ کەس لەژن ومناڵ
وگەورە، تەرمی کۆمەڵکوژیان لەمەیداندا جێماوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا
ئاستی کێشەکان و ھەلومەرجی سوریا چۆتە ئاستێکی ترەوە:
لەسەر ئاستی ناوخۆو دنیادا، ئەگەرچی باس لەچارەسەری ئەم کوشتارە دەکرێ،
بەڵام واقعیەت پێچەوانەی ئەوانە نیشاندەدات. ھەوڵەکانی حکومەتەکەی
ئەسەد لەژێر فشاری ڕوسیادا، بەوەی کەئامادەیە بۆ دانوسان لەگەڵ
ئۆپۆزسیۆندا، بەمەرجی لاچوونی ئەسەدوە، ھێشتا نەیتوانیوە دڵی ئەمریکاو
ڕۆژئاوا ڕازی بکاتو بێئەنجام ماوەتەوە. چونکە ھێشتا ستراتیژی بەرەی
ئەمریکا بەلاچوونی ئەسەد ئەنجامی خۆی ناپێکێ وڕوسیاو چین وەک دوو ھێز
لەسوریای دوای ڕۆیشتنی ئەسەد دا دەھێڵێتەوە. لەولاشەوە مەسەلەی
بەکارھێنانی چەکی کیمیایی بۆتە بەھانەیەک بۆ ئەمریکا تاھێزەکانی وەک
چاودێر بەسەر سوریاوە ڕابگرێ وھێزی دەریای بھێنێتە ناوچەکەوە. ھەروەھا
لەدوایین باسە سێقۆڵیەکانی نێوان ئەمریکاو بەریتانیا وفەرەنسادا، زیاد
کردنی کۆمەکەکان بە ئۆپۆزسیۆن وتەرحی حکومەتی ئینتقالی، ھەرچی زیاتر،
دانوسانەکانی نیوان ئەسەد وئۆپۆزسیۆنی پەکخستووە وبۆتەمایەی
قوڵبوونەوەی شەڕ لەناوخۆدا.
لە راستیدا کێشەی ئەمریکا ئەوەی نیە بەشار
ئەسەد بەزەمانەتێکەوە لەسەرکار لاببرێ وحکومەتێکی تێکەڵ لەسەرانی
حکومەتی ئێستای بەشار ئەسەدو ئۆپۆزسیۆن تەشکیل بدرێت، بەڵکە کێشەکە بۆ
ئەمریکاو ھاوپەیمانانی لەوەدایە، کەدەستی ڕوسیاو چین ببەستێ ولەداھاتوی
سوریادا ڕۆڵێک نەبینن ومل کەچبن بۆ سیاسەتە جیھانیو ناوچەییەکانی دواتر.
لەئاستی ناوچەکەشدا، جمھوری ئیسلامی ئێران وحکومەتەکەی مالیکیو حزبوڵا،
لەوە زیاتریان پێنەکراوە کەدەرگای سنورەکان لەخەڵکی ئاوارە ببەستن،
وەیان مەیدانی شەڕ بگوێزنەوە بۆ نێو کەمپەکانی لوبنانو ھێندەی بۆیان
بکرێ بەربەست لەبەردەم سیاسەتەکانی ئەمریکادا دروست بکەن. ھەر بۆیە
ئێران لەکۆبونەوەی سەرانی ولاتانی بێلایەندا خۆی لەقەرەی قسەکردن
لەبارەی سوریاوە نەدا. تورکیا لەڕیگای بەدەستەوەگرتنی کەیسی ئاوارەکانی
سوریاوە، کەوتۆتە فشارھێنان بۆ نەتەوە یەکگرتوەکان، تا ناوچەی دژە
فڕێن دامزرێنێ، چونکە ئەمە ڕێگایەکی سەربازیە بۆ بەرگرتن
بەھاتنەناوەوەی ھێزەکانی پەکەکا وبەستنی ڕێگای دەخالەتکردنی. بەڵام
ترسی فراوانبونەوەی دەسەڵاتی پەکەکا لەسوریاو ناوچە کوردنشینەکاندا،
نیگەرانیەکی گەورەیە، ھەر بۆیە ھەردولایانی خستۆتە ھاوپەیمانێتیەکی
ھەمەلایەنەوە، بەتایبەتی ڕزگار کردنی ناوچەی بوکەمال لەلایەن
ئۆپۆزسیۆنی کوردەوە، فاکتۆرێکی تری بۆ نیگەرانیەکانی تورکیاو بەرزانی
زیاد کردووە.
ئەوەی لە تابلۆی بارودۆخەکانی ئێستای سوریا
و ھاو کێشەی ھێزەکاندا تازەیەو وەک خاڵێک ماوەتەوە، جێگا و رێگای
خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشە کەلە ھەژدە مانگی ڕابردوودا ھێزی سەرەکی و
قوربانیدەری ئەساسی ناڕەزایەتیەکانی دژی دەسەڵاتەکەی بۆرژوا قەومی
بەشار ئەسەد بوون، بەڵام ئێستا بێئاسۆ کراون وبەدەم تۆپبارانو
کاولکاریەوە ڕیگای ئاوارەیی و دەربەدەریان کراوەتە نسیب. تەنانەت
بەھەموو قوربانیەکانیانەوە لەحساباتی ھیچ لایەکدا نین وئەو ڕیگایەشیان
لێبەستراوە، کەلەسبەی داوای ڕوخانی ئەسەد دا، دەورێکیان پێبدرێ وھەموو
ئەو خوێنەی لەبەریان ڕۆیشت، بۆ قەرەبۆ بکرێتەوە. ئەمەش ئەو کارنامەیەیە
کەئەمریکاو ولاتانی ناوچەکە وھێزە قەومی و ئیسلامیەکانی ناوخۆ
بەشوێنیەوەن.
٢٨\٨\٢٠١٢
ماڵپهڕی نوری بهشیر
|