٢\١٠\٢٠١٣
سوریا و گه‌مه‌ی
سیاسیی نێوان ئەمەریکا و رووسیا!

نوری به‌شیر
خۆشبه‌ختانه هاتوهاواری به‌ڵای جه‌نگی
کۆمه‌ڵکوژیی ئەمەریکا له‌سه‌ر سه‌ری خه‌ڵکی سوریا به هۆی بزووتنه‌وه‌ی
ناڕه‌زایه‌تی جیهانیی دژی جه‌نگه‌وه دوورکه‌وتۆته‌وه، به‌ڵام
ساتوسه‌دا و مامه‌ڵه‌کانی ئەمەریکا و رووسیا له ژێر ناوی چه‌کی
کیمیایی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌دا درێژه‌ی به هه‌لومه‌رجێکی دوو
ساڵه‌ی دێوزمه‌ی جه‌نگێکی خوێناویی داوه. جه‌نگێک که رۆژانه له
لایه‌ن هیزی سوپای به‌شار ئه‌سه‌د و چه‌ند تاقمێکی مرۆڤکوژییە‌وه له
ناوخۆدا بەڕێوەدەبردرێ به هه‌مان شێوه‌ش جه‌نگه‌که‌یان له رەهەندی
ناوچه‌یی و جیهانیدا راگرتوه. له لایه‌کی ئه‌م جه‌نگه‌دا،
جەمسەرێکی ناوچه‌یی له وڵاتانیکی وه‌ک سعودیه و قه‌ته‌ر و تورکیا
وئیسرائیل، تا ده‌گات به مه‌سعود بارزانی و ده‌سه‌لاته‌که‌ی، نوێنه‌رایه‌تی
سیاسه‌تی ئەمەریکا و رۆژئاوا ده‌که‌ن و له پاڵ ئۆپۆزسیۆنێکی
کۆنه‌په‌رست و مرۆڤکوژدا ڕاوه‌ستاون، له سه‌رێکیتری ئه‌م جه‌نگه‌دا
ئێران و حیزبوڵا و حکومه‌ته‌کی مالیکی، ڕاوه‌ستاوه که نوینه‌رایه‌تی
بردنه‌پێشه‌وه‌ی سیاسه‌تی رووسیا ده‌که‌ن و له‌پاڵ رژێمی به‌عسی به‌شار
ئه‌سه‌ددا، بۆ ئامانجی پاراستنی ناوچه‌ی پێگەیان، سه‌رێکیتری ئه‌م
کوشتارگایه‌یان به‌ده‌سته‌وه‌گرتوه. جه‌نگێک که رۆژانه
قوربانیه‌کانی خۆی له خه‌ڵکی کریکار و زه‌حمه‌تکیش و منداڵان و ژنان
ده‌سێنێ و کاولکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی به دوای خۆیدا هێناوه، هێشتا
ئاسۆیه‌ک له‌به‌رده‌م راوه‌ستانیدا نییە و له گه‌مه‌یه‌کی سیاسی‌دا
دێت و ده‌برێت.
ئەمەریکا و هاوپه‌یمانانی که به گوشاری ناره‌زایه‌تی به‌ره‌ی
کۆمۆنیستی و رادیکال و مرۆڤدۆست، پاشه‌کشه‌یه‌کی کاتییان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا
و نه‌یانتوانی به ئاسانیی سیاسه‌تی جه‌نگخوازیی و په‌لاماری سه‌ربازیی
بۆ سه‌ر سوریا، به بیانووی به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی به‌ڕێبخه‌ن و
به هه‌مان شێوه‌ی سیناریۆی سه‌پاندنی جه‌نگ له دژ خه‌لکی عێراق،
دووباره‌بکه‌نه‌وه، له ئێستادا که‌وتونه‌ته گه‌مه‌یه‌کی سیاسییه‌وه
و نایانه‌وێت ئه‌م جه‌نگه ته‌واوکه‌ن. له‌ولاشه‌وه دەستتێوەردانی
رووسیا هه‌م له گوشارهێنانی به‌رده‌وام و هه‌م له خستنه‌به‌رده‌می
رێگاچاره بۆ پارێزگاری بەرژەوەندییەکانی خۆی و هاوپه‌یمانانی، له
لایه‌نێکیتری ئه‌م گه‌مه سیاسیه‌یه. ڕاکێشانی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو
دانیشتنه‌کان نێوان به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن و حکومه‌ته‌که‌ی ئه‌سه‌د یه‌کێک
له نێشانه‌کانی ئه‌م گه‌مه سیاسییە‌یه.
ئاخرین هه‌واڵ و دانیشتنه‌کانی جۆن کیری و سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری
ده‌ره‌وه‌ی ئەمەریکا و رووسیا و گه‌یشتن به رێگاچاره بۆ کارکردن له‌سه‌ر
چه‌که کیمیاییه‌کان، که بڕیارە به دوای خۆیدا کۆبوونه‌وه‌ی ژنێڤی
دووی له ناوه‌ڕاستی مانگی نۆڤه‌مبه‌ری داهاتودا بۆ سازبدرێ و له‌وێشدا
نوێنه‌رانی رژێمی ئه‌سه‌د و ئۆپۆزسیۆنی تێدا به‌شداربێت، خۆی به‌رئه‌نجامیکی
لۆژیکیی ئه‌م گه‌مه سیاسییە‌یه و هه‌ردوو به‌ره‌که‌ش نایانه‌وێت
ئاوێک بکه‌ن به‌م ئاگره‌دا.
ئه‌وه‌ی له‌م هاوکێشه‌یه‌دا دیاره، ئەمەریکا و رووسیا هیچ
بەرژەوەندییه‌کی خه‌ڵکی سوریایان له‌به‌رچاودا نییه، به‌ڵکو چاویان
له ناوچه‌ی پێگه‌ی سیاسیی و ئابووریی خۆیانه. ته‌نانه‌ت دواخستنی
بڕیاری لێدانی سه‌ربازی له سوریا نه‌ک هیچ پره‌نسیپێکی مرۆیی
له‌پشته‌وه نه‌بوو، به‌ڵکو هۆکاره‌که‌ی بۆ به ته‌نیا مانه‌وه‌ی
ئەمەریکا له ئاست هاوپه‌یمانه‌کانی وه‌ک به‌ریتانیا و ئیتالیا و
به‌شێکیتر له وڵاتانی رۆژئاوا و ناکۆکییه‌کانی نێوخۆی کۆنگرێسی
ئەمەریکا و ناڕه‌زایه‌تیه‌کی جیهانیی به رووی جه‌نگدا ده‌گه‌ڕیته‌وه.
رووسیاش ئه‌گه‌رچی رۆڵی میانگەریی ده‌بینێت به هۆی نه‌بوونی توانای
سه‌ربازیی گه‌وره له باری لێدانی ئەمەریکادا، پێشنیاری داماڵینی چه‌کی
کیمیایی سوریای، وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی نێوده‌وڵه‌تیی، به‌ده‌سته‌وه‌گرت
و هه‌م ئەمەریکای له‌و ته‌نگانه‌یە ده‌رکێشا و هه‌م وه‌ک کارتێک به‌ده‌سته‌یه‌وه
گرت له‌م گه‌مه سیاسییه‌دا. به تایبەتیی که له باری لێدانی سوریا و
رەوخانی به‌شار ئه‌سه‌ددا، پشێوییەکی گه‌وره‌ی له ناوچه‌که به‌دواوه
ده‌بێ و به ئه‌گه‌ری زۆریش رووسیا یه‌کێک له‌پێگه‌کانی خۆی که
سوریایه له‌ده‌ست ده‌دات. که بێگومان کۆماری ئیسلامی ئێران و
حیزبوڵای لوبنانیش یه‌کێک له زیان لێکه‌وتوانی سیاسیی ئه‌م ئه‌گه‌ره
ده‌بێت و رووبه‌ڕووی شکست و لاوازبوەنێکی سیاسی له ئاست ناوچه‌که‌دا
ده‌کاته‌وه.
هه‌ر بۆیه رووسیا له لایه‌ک به‌ژه‌وه‌ندییە‌کانی ده‌پارێزێت و له
لایه‌کی که‌وه هاوپه‌یمانه‌کانیشی رزگار ده‌کات و پرۆسه‌ی درێژه‌کردنه‌وه‌ی
هه‌لومه‌رجی جه‌نگی ئێستای سوریا تا کۆنگره‌ی جنێڤی ٢ که ئاماده‌کاری
بۆ ده‌که‌ن له قازانجی خۆی ده‌بینێ.
ئه‌مه له کاتێکدایه که پێده‌چێت رێگاچاره‌یه‌ک که بڕیاره له
کۆنگره‌ی جنێفی ٢دا په‌یگیری له‌سه‌ر بکرێت، هه‌مان رێگاچاره‌ی یه‌مه‌ن
بێت، که وه‌ک ئەزموونێکی باش له لایه‌ن ئەمەریکا و رووسیاوه، چاوی
تێبڕدراوه.
ئه‌وه‌ی له هه‌لومه‌رجی دوای زیاتر له دوو ساڵ، پاشه‌کشه به شۆڕش و
کاولکاریی و شه‌ڕ و کوشتار و ئاواره‌یی و نه‌مانی هیچ جۆره ئارامییه‌ک
له کۆمه‌ڵگای سوریادا، خۆی ده‌رخستوه، ئه‌وه‌یه که بارودۆخی سوریا
کێشراوه‌ته نێو چوارچێوه‌ی گه‌مه‌یه‌کی سیاسییه‌وه که له لایه‌ن
ئەمەریکا و رووسیا و ده‌وله‌تانی ناوچه‌که‌وه، به‌ده‌سته‌وه‌گیراوه.
تێپه‌ڕین له‌م بارودۆخه تراژیدیایه‌ی جه‌نگی سوریا، ته‌نها به
راگرتنی ئه‌م جه‌نگه و گێرانه‌وه‌ی پڕۆسه‌یه‌کی سیاسییه که تێدا خه‌ڵکی
سوریا به‌شداربن له دیاریکردنی داهاتوی خۆیان و سیسته‌مێکی حکومڕانی.
به تایبه‌تیی که جه‌نگ و کوشتارێک که له ئارادایه، نه‌ک هه‌ر
رێگایه‌کی له‌به‌رده‌م کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان و بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کاندا
نه‌هێشتۆته‌وه تا له خه‌باتێکی سیاسیی‌دا کێشه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ ڕژێمی
ئه‌سه‌د یه‌کلابکه‌نه‌وه، به‌ڵکو ده‌رگای به رووی چه‌ند گرووپێکی
مرۆڤکوژدا کردۆته‌وه، تا به ئاره‌زووی خۆیان ژیانی هاوڵاتیان له نێو
ئاگری شه‌ڕ و کوشتار و کاولکاریی و ئاواره‌ییدا رابگرن.
هه‌ر بۆیه ده‌بێ خواستی راوه‌ستانی ده‌ستبه‌جێی جه‌نگ وه‌ک خواستێکی
مرۆیی و به‌رهه‌ق هه‌م له لایه‌ن خه‌لکی سوریاوه و هه‌م له لایه‌ن
به‌ره‌ی ئازادیخوازی جیهانییه‌وه به‌ده‌سته‌وه بگیرێ و به گوشاری
ناڕه‌زایه‌تیه‌کانیان به‌سه‌ر هه‌موو لا‌یه‌نه‌ککانی به‌شدار له‌م جه‌نگه‌دا
دایسەپێنن.
ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر
|