په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٢\٢٠٢٣

    تا!

دارا خونچە

جیهان خڕی نیشتیمانمە ١

               زێدەکەی من پایتەختیەتی

                            ئەتووش شارە شیرینەکەم!

تا تووم هەبی ٢

هەرگیز شنە و بۆنوبەرامە و شەبەنگی خونچە گوڵان

                      وە هیچ کەس نادەم وە دیاریی! ٣

تا تووم هەبی

          گشت پەیامە ئاوییەکان و ئاورینەکان ٤

          هەمیشە هەر

          وە زوانی گوڵ و پەپوولان یاداشت دەکەم! ٥

تا تووم هەبی

لەسەر دوندی دڵ و دەروونم  وەستابی و

        ئاڵای ئازادیی دەربڕین بەرز راگری

        وە هەژموونی بیر و هزری

              ژنگەرایە رووکەشەکان راناچڵەکێم..

              لەبەر دامەنی هیچ ژنەک داناچەمێم! ٦

تا تووم هەبی

لەسەر بەزمی ''گورگ و مەڕانێ'' و ''چاوشارکێ'' ٧

لەسەر رەزمی قوتەقوتی مەمکۆڵانت کە دەکەونە باڵەفڕکێ ٨

         وازی دەگەڵ پەیڤەکان و رازی زوان و زاران بکەی ٩

ئەز هەمیشە وە زوان زەنگین و رەنگینی کوردەواری

                بەستە و لاوک و سیاچەمانە و حەیرانانت

                                              لۆ دەچڕم!

هەر دەمەکیش

جێیەک نەما وەک شارۆمەند ١٠

لەسەر نەخشەی سۆز و ئەندێشەی ئازادت

                             ئاکنجیم کەی ١١

ئیدی ئەوپەڕی رەوایە

وەک پەنابەر داوای مافی نیشتەجێبوون

         لە شارە خوەش شیرین و گۆرینەکەی خۆمدا بکەم ١٢

                            هەمدیس دەستبەردارت نەبم!

______________________________________________________

١- خڕ: هەموو، تەڤ، تێکڕا، سەرجەم.
٢- توو: تۆ، ئەتوو، ئەتۆ، تە.
٣- وە: بە.
٤- ئاورین: ئاگرین.
٥- زوان: زمان، زبان.
٦- دامەن: دامێن، کەنار، دەو، لێوار.
٧- بەزم: ئاواز.
٨- رەزم: ریتم.
٩- زار: شێوەزار، شێوە ئاخافتن، زاراوە.
١٠- شارۆمەند: هاوڵاتی.
١١- ئاکنجی: نیشتەجێ.
١٢- گۆرین: ئەو کەسەی ناوی دەبردڕێ کە پێشتر ناسرایە و زانیاریی دەربارەی هەیە.

 

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک